بەکارهێنانی پیتی “و” لە ڕێنووسی کوردیدا

کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

وەک پێشتر باسم کرد، سێ جۆر پیتی “و” لە زمانی کوردیدا ھەن، دوویان بزوێنن: “و”ـی بزوێن، “وو”ـی بزوێن، لەگەڵ “و”ـی سادە، بەڵام یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە “و”ی سادە و “و”ی بزوێن، بە ھەمان شێوە دەننووسرێن. لە پیتی لاتینیدا، ھەریەکەیان پیتی خۆی ھەیە (w,û, u) بۆیە ئەو گرفتەیان بۆ دروست نابێت.

 له‌ ڕێی ئه‌م خاڵانه‌وه‌، ڕاستنووسیی بەکارهێنانی “و” ڕوون دەبێتەوە:

1-       ئامرازی “و”ی بەستنی نێوان دوو وشەی لێکجیا، ھەر یەکەیان بە سەربەخۆ دەنووسرێت و لێک جیا دەکرێنەوە.

          وەک: من و تۆ، ھەوری بەرز و ئاسمانی شین، من ھاتم و تۆ ڕۆیشتی، چاو و برۆ

2-       ھەر وشەیەک بە پیتی “و” دەست پێ بکات، بە یەک “و” دەنووسرێت. ڕوونتر: ھیچ وشەیەک بە “وو” دەست پێ ناکات. ئەو “و”ـەی سەرەتای وشە، سادەیە نەوەک بزوێن. [1]

وەک ئەم نموونانە:

ھەڵە: ووشە، ووریا، وورچ، ووێنە، ووردبینی، ووتار…

ڕاست: وشە، وریا، ورچ، وێنە، وردبینی، وتار…

3-       ھەموو “و”یەک کە دەکەوێتە کۆتاییی وشەوە، پیتی پێش خۆی سادە بێت، ئەوا بە “وو” دەنووسرێت، بەڵام ئەگەر پیتی پێش خۆی بزوێن بوو، دەبێتە یەک “و”. وەک ئەم نموونانەی خوارەوە:

سادە+وو: سەرکەوتوو، دوو، فوو، چوو، جوو، خەوتوو، وەکوو، ڕۆیشتوو، دانوو، خانوو، ماندوو..

بزوێن+و: ئاو، داو، چاو، لێو، سێو، کێو، شەو، کەو، دەو، نیو، شیو، زیو…

4-       ئەگەر “و” لەناو وشەدا بوو، پیتی دوای خۆی بزوێن بوو، “و” وەک سادە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نابێت بڵێین دوو پیتی بزوێن لەتەنیشت یەکەوەن، ئەمەیش واتە پێش پیتێکی بزوێن “وو” نایەت، ھەردەم یەک “و”ی سادەیە.

بەم نموونانە باشتر ڕوون دەبێتەوە:

شوان، جوان… ئەگەر سەرنج بدەیت، بەپێی دەنگەکەیان ھەست دەکەیت “وو” گونجاوە، بەڵام بەپێی یاساکە، نابێ بنووسین شووان یان جووان. ئەگەر بکرێتە پیتی لاتینی، باشتر ڕوون دەبێتەوە.

کێوان: لەم وشەیەدا سێ پیتی بزوێن لەتەنیشت یەکەوە نەھاتوون، ئەوەی ناوەڕاست سادەیە، چونکە ھەرگیز لە زمانی کوردیدا، دوو یان سێ پیتی بزوێن پێکەوە لە وشەدا نایەن.

5-       کاتێک وشەیەکی عەرەبی وەردەگرین، دەبێ بزانین، ھەموو “و”یەک لەو زمانەدا، بە کوردی بە “وو” دەنووسرێت و ھەموو “زەممە”ـیەک واتە ئەو بۆرەی بەسەر پیتەکەوەیە (ــُ)، دەبێتە یەک “و”.

نموونەی “وو” کە خۆی بە عەرەبی “و” دەنووسرێت: حوکوومەت[2]، سووریا، ڕووسیا، سعوودیە…

نموونەی “و” کە خۆی بە عەرەبی “زەممە ــُ”یە: دونیا، ترابلوس، تورکیا، قورئان، کورسی، بورھان…

6-       بەگشتی، یەکێک لەو گرفتانەی بۆ زۆرینە بووەتە کۆسپ، جیانەکردنەوەی “و” لەگەڵ “وو” لەناو وشەدا (نەوەک سەرەتا یان کۆتاییی وشەکە) و هەموو دەیانەوێت بە یاسایەک ئەوەیان بۆ چارە ببێت. ھیچ یاسایەکی کۆنکرێتی نییە، زیاتر ناسینەوەکەی دەنگییە و ھەر وشەیەک لە کاتی پیتی “و”دا لێوەکانت کۆ کردەوە، ئەوا دەبێتە “وو”. ئەگەرچی دەبێت ئەوە بزانین، لە زۆربەی دۆخەکاندا، پێش “و” ئەگەر پیتێکی سادە بوو، دەبێتە “وو”، ئەگەر پیتێکی بزوێن بوو، دەبێتە یەک “و”.

وەک: دوور، سوور، سەنتوور، مەستوورە، خاپوور، کووڕ…

ھەر وشەیەکیش لە کاتی دەربڕینی پیتی “و” لێوەکانت پێویستیان بە لوولکردن نەبوو، بە ئاسایی یەک “و” دەنووسی.

وەک: کوڕ، کورد، گوڵ…


[1] بگەڕێوە بۆ خاڵی یەکەم لە بەشی “ڕێنوێنی و یاسا” لاپەڕە:

[2]  وشەی “حوکوومەت” کە لایەنە فەرمییەکان دەنووسن: “حکومەت” دوو هەڵەی تێدایە.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • جێگۆڕكێ بە پیت لە وشەدا

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    گۆڕینی ھیچ پیتێک و جێگرتنەوەی بە پیتێکی دیکە دروست نییە. وەک جێگۆڕکێ بە پیتەکانی “ح” و “ع” لە بەشێکی ڕۆژھەڵاتی…

  • ڕێزمان چییە؟

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    لە قۆناغی بنەڕەتییەوە تا دوایین پۆلەکانی خوێندنگە لە باشووری کوردستاندا، ڕێزمان دەخوێندرێت و لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە ئامادە کراوە، بۆیە گرفتی…

  • ك یان ک؟

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    پیتی “ک”ی کۆتايیى وشە، دەبێت بەو شێوەیە بنووسرێت نەوەک “ك”؛ ئەمەیان عەرەبییە. ئەگەر بە کۆمپیوتەر دەنووسیت، هەوڵ بدە ئەو تەختەکلیلانە…

  • کار

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    کار (کردار، فرمان) بەشێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، ڕوودان و کاتی تێدایە. شتێک ڕووی دابێت و کاتەکەشی ڕوون بێت، ڕابردووە یان…

  • وشەی بیانی

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    1-       ھەر وشەیەکی بیانی ھاتبێتە ناو زمانی کوردییەوە، دەبێت بە ئەلفوبێی کوردی بنووسرێت؛ نابێت وەک خۆی دابنرێتەوە، یان دەکرێت دەربڕینە…

  • ژمارە لە ڕێنووسدا

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    1- نووسینی ژمارە بە پیت، دەبێت بە سەربەخۆ بنووسرێت و ژمارەکان نەکرێنە یەک وشەی لێکدراو. بەم شێوەیە: 2- ژمارە لەگەڵ…