به‌کارهێنانی پیتی “ی” له‌ ڕێنووسی کوردیدا

لە ڕێنووسی ئەلفوبێی ئارامیدا، دوو جۆر  پیتی “ی” ھەیە، بزوێن و سادە، بەڵام ھەردووکیان یەک وێنەیان ھەن. لە پیتی لاتینیدا، سێ پیتی “ی” ھەیە و ھەمووشیان وێنەکانیان جیاوازە (î، y، i). لە ڕێنووسی ئارامیدا،  بەھۆی ئەو یەک وێنەیییەوە، گرفتی دروست کردووە. لێرە لەسەر گرفتەکان بە خاڵ دەدوێین:

1-       دوو پیتی “ی” بزوێن لە تەنیشی یەکەوە نایەن، بۆیە کاتێک لەم نموونانەی خوارەوە لە تەنیشتی یەک دەیبینیت، دەبێت بزانیت یەکێکیان سادەیە. ھەندێک بە بیانووی ئەوەی نابێت دوو بزوێن لە تەنیشت یەکەوە ھەبن، تەنیا یەک “ی” دەنووسن.

ھەڵەکان: نیە، چیە، دیاریەکە، زەویەکە…

ئاوا ڕاستن: نییە، چییە، دیارییەکە، زەوییەکە…

2-       ھەموو پیتێکی “ی” سەرەتای وشە، سادەیە، بۆیە ئاسایییە لە تەنیشتییەوە پیتێکی بزوێن ھەبێ.

وەک: یار، یاسین، یووسف…

3-       ئەگەر پیتی “ی” لە کۆتاییی وشەیەکەوە ھاتبێت، زۆر جار لە کاتی نووسیندا “ی” بەستن فەرامۆش دەکرێت و وا دەزانن “ی” وشەکە لەجێی “ی” بەستنیشە.

ھەموو ساڵێک لە کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبدا، دەنووسن: نێودەوڵەتی کتێب. یان: ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ھەڵە دەیکەنە ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. زۆر جاریش ئەگەر خۆی دوو “ی” ھەبێت، ھەرگیز “ی” بەستنی بۆ دانانێن. ئەمەیان لە خاڵی خوارەوە تەماشا بکە.

4-       یەکێک لە گرفتەکانی پیتی “ی” ئەو کاتەیە کە سێ دانە بە تەنیشت یەکەوە لە ناوەڕاست یان کۆتاییی وشەکە ھەبێت. ھەندێک بە بیانووی ئەوەی جوان نییە، یەکێکیان لا دەبەن، ھەندێکیش لەبەر ئەوەی نابێت سێ پیتی بزوێن پێکەوە بن، لە کاتێکدا ئەوەی ناوەڕاست سادەیە و دوانەکەی تر بزوێنن.

ھەڵەکان: ئاواییەکەمان، کۆتاییەکەی، بەدڵنیاییەوە، وەستاییەکی، سەربەخۆیی کوردستان، ڕووداوێکی مێژووییە.

بە ڕاستی ئاوان: ئاوایییەکەمان (ئاوایی+پاشگر)، بەدڵنیایییەوە، کۆتایییەکەی (کۆتایی+ پاشگر)، وەستایییەکی، سەربەخۆییی کوردستان، ڕووداوێکی مێژوویییە.

5-  ھەر پیتێکی “ی” کە دەکەوێتە کۆتاییی وشە، ئەگەر پیتی پێش خۆی سادە بێت، ئەوا بە یەک “ی” دەنووسرێت، بەڵام ئەگەر پێش خۆی بزوێن بێت، دەبێتە دوو “ی”. ئەو “ی”یەی دەکەوێتە نێوانانەوە، سادەیە نەوەک بزوێن. وەک ئەم نموونانەی خوارەوە:

سادە+ی: کوردی، پشتی، شووتی، ساردی…

بزوێن+یی: دڵنیایی، کۆتایی، مێژوویی، سەربەخۆیی، ئاوایی…

ئەمەش واتە لە نموونەی سادەدا، کاتێک وشەیەکی دەچێتە سەر، دەبێتە دوو “ی” لە تەنیشت یەکەوە. نموونە: شووتیی شیرین و سوور بە شەرت. هەروەها لە نموونەی بزوێندا وشەکە سێ “ی” دەچێتە سەر. نموونە: ئاواییی ئەحمەدئاوا.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • ك یان ک؟

    پیتی “ک”ی کۆتايیى وشە، دەبێت بەو شێوەیە بنووسرێت نەوەک “ك”؛ ئەمەیان عەرەبییە. ئەگەر بە کۆمپیوتەر دەنووسیت، هەوڵ بدە ئەو تەختەکلیلانە…

  • هەموو خاڵبەندی بە كورتی

    زۆر به‌ ساده‌یی، خاڵبه‌ندی ڕازاندنه‌وه‌ و جوانکاریی نووسینه‌، به‌ڵام چ جوانکارییه‌ک، له‌و جۆره‌ نا ئه‌گه‌ر داشی نه‌نێیت، ڕسته‌که‌ت هه‌ر ده‌خوێندرێته‌وه‌،…

  • جێگۆڕكێ بە پیت لە وشەدا

    گۆڕینی ھیچ پیتێک و جێگرتنەوەی بە پیتێکی دیکە دروست نییە. وەک جێگۆڕکێ بە پیتەکانی “ح” و “ع” لە بەشێکی ڕۆژھەڵاتی…

  • چاوگ

    چاوگ، وشەیەکە بۆ دروستکردنی کار و ناو کە لە ڕستەدا کردەوەیەک پیشان دەدات، بەڵام ئەو کردەوەیە ناخرێتە پاڵ کەسێک یان…

  • ئاوه‌ڵکار

    ئاوه‌ڵکار (ئاوه‌ڵفرمان) به‌شێکی ئاخاوتنه‌، وه‌سفی کارێک له‌ ڕسته‌دا ده‌کات و کات، شوێن، چۆنییه‌تی، چه‌ندێتی و زۆر ڕوونکردنه‌وه‌ی تر ده‌ستنیشان ده‌کات….

  • ئاوه‌ڵناو

    ئاوەڵناو (ھاوەڵناو)، یەکێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، وەسفی ناوێک یان جێناوێک دەکات، بەھۆیەوە دەبێتە تەواوکەری ناو یان جێناوەکە یان تەواوکەری ئاوەڵناوێکی…