ژمارە لە ڕێنووسدا

1- نووسینی ژمارە بە پیت، دەبێت بە سەربەخۆ بنووسرێت و ژمارەکان نەکرێنە یەک وشەی لێکدراو. بەم شێوەیە:

  • یەک، دوو، سێ… تا نۆ.
  • دە، یازدە، دوازدە… تا نۆزدە. ئەمانە دوو ژمارەیین، بەڵام یەک وشەن.
  • بیست و یەک، بیست و دوو، سی و چوار، شەست و حەوت… (چلونۆ، پەنجاوچوار… ئاوا هەڵەن.)
  • سەت، دوو سەت، سێ سەت و حەفتا و چوار، شەش سەت و هەشتا و دوو…
  • هەزار، دوو هەزار، چوار هەزار و نۆ سەت و چل و پێنج…
  • سێ ملیۆن و حەوت سەت و نەوەت و دوو هەزار و چوار سەت و سی و سێ.

2- ژمارە لەگەڵ وشەیەکی دیکەی هاومەبەست کە بەیەکەوە وشەیەکی لێکدراو دروست دەکەن و بە جیا ماناکە نابەخشن، نابێت جیا بکرێنەوە.

وەک: سێبەردان، چوارباخ، چوارچرا، پێنجقۆڵی، سێگا، حەوتسەر، دووشەممە، پێنجشەممە…

3- دوو ژمارە لە تەنیشت یەک کە بۆ نزیکەیی دەنووسرێن، بەیەکەوە نالکێندرێن.

نموونەکان:

سی چل کەس دەبووین.

پازدە بیست ڕۆژی دیکەی ماوە.

چل پەنجا سەر مەڕ.

هەروەها ژمارەیەک دووبارە ببێتەوە، هەر بە جیا دەنووسرێت:

سێ سێ ڕیز بن.

یەک یەک وەرنە ژوور.

4- سەد یان سەت؟ ئێستە وشەی “سەد” باوترە. لە بنەڕەتدا وشەیەکی ئاڤێستاییی کۆنە: “SATEM – سەتێم” هەر بۆیە لە زمانە ئارییەکانی دیکەشدا هەیە. بۆ گەڕانەوە بۆ بناغەکەی، ڕاستترە بڵێین “سەت” جگە لەوەی لە زمانی فارسییش جیامان دەکاتەوە.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • هەموو خاڵبەندی بە كورتی

    زۆر به‌ ساده‌یی، خاڵبه‌ندی ڕازاندنه‌وه‌ و جوانکاریی نووسینه‌، به‌ڵام چ جوانکارییه‌ک، له‌و جۆره‌ نا ئه‌گه‌ر داشی نه‌نێیت، ڕسته‌که‌ت هه‌ر ده‌خوێندرێته‌وه‌،…

  • ك یان ک؟

    پیتی “ک”ی کۆتايیى وشە، دەبێت بەو شێوەیە بنووسرێت نەوەک “ك”؛ ئەمەیان عەرەبییە. ئەگەر بە کۆمپیوتەر دەنووسیت، هەوڵ بدە ئەو تەختەکلیلانە…

  • قرتاندنی پیت

    قرتاندنی پیت لە زمانی کوردیدا (لە کاتی دەربڕیندا) هەر لە کۆنەوە کورد بۆ خێراگۆیی، بەپێی دەڤەرە جیاوازەکان بەکاری هێناون و…

  • ڕێزمان چییە؟

    لە قۆناغی بنەڕەتییەوە تا دوایین پۆلەکانی خوێندنگە لە باشووری کوردستاندا، ڕێزمان دەخوێندرێت و لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە ئامادە کراوە، بۆیە گرفتی…

  • جێگۆڕكێ بە پیت لە وشەدا

    گۆڕینی ھیچ پیتێک و جێگرتنەوەی بە پیتێکی دیکە دروست نییە. وەک جێگۆڕکێ بە پیتەکانی “ح” و “ع” لە بەشێکی ڕۆژھەڵاتی…