پیت

کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین، جۆری ئەلفوبێی  ڕێنووس، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕێزمان و زمانەکەوە نییە و دەکرێت بە ھەر جۆرە ئەلفوبێیەک، تەنانەت بە چینی، زمانی خۆت بە ڕێزمانێکی ساغ بنووسیت. واتە ئەلفوبێی ڕێنووس، کڵێشەیە؛ بەڵام کاتێک بە یەکێک لەو کڵێشانە دەنووسین، دەبێت بە تەواوی پێوەی بەند بین. ناتوانین پەیامەکەمان بگەیەنین، تەنانەت ئەگەر ڕێزمانێکی جوانیش بزانین، بەڵام لە ڕێنووسدا گرفتمان ھەبێت.

زمانی کوردی، به‌ چه‌ندان ڕێنووسی جیاواز نووسراوه‌ و له‌ کۆتاییدا، ئێسته‌ ته‌نیا دوو جۆر باون‌: ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی یان ئارامی، له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌گشتی و شێوه‌زاره‌کانی کرمانجیی ناوه‌ند، کرمانجیی خواروو، هه‌ورامی و لووڕی پێی ده‌نووسن؛ دووه‌میش ئه‌لفوبێی لاتینییه‌، خه‌ڵکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان به‌گشتی و شێوه‌زاره‌کانی کرمانجیی سه‌روو و زازایی، بەهۆی هەژموونی دەسەڵاتەکان و هۆکاری دیکەوە، بە ناچاری پێوەی بەندن.

ئەم دوو ئەلفوبێیەی ئێستە ماون، بۆ زمانی کوردی باشترین و گونجاوترینن. ئەدی لە بەراوردی نێوانیاندا، کامیان باشترە؟ زۆر جار باس لەوە دەکرێت، ئەم ئەلفوبێ ئارامییە بگۆڕین و بیکەین بە لاتینی، گوایە بۆ دەنگەکانی زمانی کوردی باشترە؛ لە بەرانبەریشدا دەگوترێت، نەخێر، ئارامییەکە باشترە و با ھەمووی ببێت بەم. ئەگەر جوان لێیان ورد ببینەوە، ھیچیان بێ گیروگرفت نین و ھەریەکەیان کەموکوڕیی خۆی ھەیە. ئەمە شتێکی ئاسایییە؛ زمانە زیندوووەکانی دیکەی وەک ئینگلیزی و عەرەبییش ئەو کێشانەیان هەن و بە پیتەکانیان ناتوانن ھەموو دەنگێک دەرببڕن.

پێم وایە ئەمەی ئێستە ھەیە، با دەستکاری نەکەین و ھەر شێوەزارە لەسەر ئەلفوبێی خۆی بڕوات. بۆ نموونە، لە شێوەزاری کرمانجیی خواروودا، پیتە قەڵەوەکانی وەک “ڵ” و “ڕ” کە زۆر بەکار دێن، بە “حەوت”ێکی سەروو یان خوارووی پیتەکان چارە بوون، لە کاتێکدا هەمان ئەو پیتانە، بە ئەلفوبێی لاتینی، چارەیان بۆ نەدۆزراوەتەوە. لای ئەوان ئەو پیتە قەڵەوانە دەگمەنن، بۆیە کێشەیان بۆ دروست نابێت. لە بەرانبەردا، کێشەی پیتە بزوێنەکانی وەک: “و، ۆ، ی، ێ” لەگەڵ پیتە سادەکان (کۆنسۆنانت) لە ئەلفوبێی لاتینیدا بە تەواوی چارە بوون؛ لە ئەلفوبێی ئارامیدا، ھێشتا کێشەمان ھەیە، بەڵام زیاتر بۆ ئەوان گرینگە. ئێمە لە پیتی ئارامیدا کە چارەمان بۆ نەدۆزیونەتەوە (لە چەند شوێنێکدا نەبێت)، گرفتی هێندە ئاڵۆزیان دروست نەکردووە.

ئه‌م ئه‌لفوبێیه‌ی پێی ده‌نووسین، کورد و فارس له‌ عه‌ره‌بمان وه‌رگرتووه‌، سه‌رچاوەکه‌ی بۆ ئارامی و فینیقییەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌ سامییان وه‌رگرتووه‌؛ سامییش له‌ پیتی هیڕۆگلیفییه‌وه‌ هێناویه‌تی که‌ کۆنترین جۆری پیته‌، مرۆڤه‌ سه‌ره‌تایییه‌کان فێری بوون و بۆ زیاتر له‌ 3300 ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

زمانی کوردی، به‌ ڕێنووسی ئه‌لفوبێی ئارامی، بریتییه‌ له‌ 36 پیت و دوو به‌شه‌: پیته‌ ساده‌کان (کۆنسۆنانت)، له‌گه‌ڵ پیته‌ بزوێنه‌کان. به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

ساده‌کان (کۆنسۆنانت):

ئـ، بـ، پـ، تـ، جـ، چـ، حـ، خـ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، عـ، غـ، فـ، ڤـ، قـ، کـ، گـ، ل، ڵ، م، ن، هـ، و، ی.

بزوێنه‌کان:

ا، ـه‌، و، وو، ۆ، ی، ێ.

ئه‌گه‌ر تێبینی بکرێت، پیته‌کانی “و”، “ی” له‌ هه‌ردوو به‌شی ساده‌ و بزوێندا باره‌ بوونه‌ته‌وه‌. جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو جۆره‌ له‌ ئه‌لفوبێی ئارامیدا، لێهاتوویی ده‌وێت؛ هه‌ر بۆیه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی گرفته‌کان که‌ له‌ داهاتوودا پێی دەگەین، به‌هۆی ئه‌م بابەتەوە پەیدا بوون‌.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • جێناو

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    جێناو (ڕاناو)، بەشێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، لە جێی ناوی کەسێک یان شتێک دێت و دەبێتە جێگرەوەی ناوەکە. بە شێوەی کەسی…

  • جووتەوشەی لێکدراو

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    جووتەوشەی لێکدراو، یەکێکە لە تایبەتمەندییە جوانەکانی زمانی کوردی کە بە دەگمەن زمانی دیکە بەو شێوەیە بتوانێت دوو یان چەند وشەیەک…

  • قرتاندنی پیت

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    قرتاندنی پیت لە زمانی کوردیدا (لە کاتی دەربڕیندا) هەر لە کۆنەوە کورد بۆ خێراگۆیی، بەپێی دەڤەرە جیاوازەکان بەکاری هێناون و…

  • وشەیەک بە پیتی “ـە” بیناسێنین

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    هەر وشەیەک کە پێویستە بە پیتی “ـە” بیناسێنین، ئەگەر بە بزوێن کۆتایی هاتبوو، دەبێتە “یە”. نموونەکان:

  • پێشگر، پاشگر و لێکدراو

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    له‌ ڕێنووسی ئه‌لفوبێی ئارامیدا، به‌ ته‌واوی پێشگر، پاشگر و لێکدراو له‌گه‌ڵ ئه‌لفوبێی لاتینی جیاوازن‌ و جۆریشی زۆرن‌. ئه‌م به‌شه‌م بۆیه‌…

  • ئاوه‌ڵکار

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    ئاوه‌ڵکار (ئاوه‌ڵفرمان) به‌شێکی ئاخاوتنه‌، وه‌سفی کارێک له‌ ڕسته‌دا ده‌کات و کات، شوێن، چۆنییه‌تی، چه‌ندێتی و زۆر ڕوونکردنه‌وه‌ی تر ده‌ستنیشان ده‌کات….