لا

ماوەیەک لە دواناوەندییەکی کچان، مامۆستای عەرەبی بووم. ساڵێک لە ساڵانی گەنجی، ئەو کیژۆڵانەش جاحێل بوون.

تاکە مامۆستای پیاوم لەو خوێندنگەیە، یەکێکیشم لە شەرمنترین مێرەکانی دونیا.  کاتێک دەکەومە بەرانبەر کچێک، دەلەرزم، ئەوجا ئەگەر سی و پێنج دانە بن؟ نابێژم ھەمووی، بەڵام زۆربەی بە داڵغەوە سەیریان دەکردم! زۆربەی سی و سێ دانەش لە پۆلی با. وەرە “لا الناھیة” و “لا النافیة للجنس”ـت لێ تێکەڵ نەبێت. ئەگەر کەمێک لەگەڵ خوێندکارێک لەسەر ڕاڤەی بابەتێک گفتوگۆم بکردایە، سێی دی لە پشتەوە، یەک لووتی دەکرد، یەک مۆن دەبوو، ئەوی دیکەیشیان “برۆی ھێنایە یەک وەک شکلی  لا  یەعنی کە بێزارم.”

ئەمە بۆ منێکی تەریقبۆوە، دەری نەدەھێنا.

چوومە لای بەڕێوەبەر، گوتم ئیدی بەردەوام نابم. “لا”ـەی ڕەتکردنەوەی ڕاستەوخۆی دامێ.

یەک ژووری مامۆستایان ھەبوو. ڕووم نەدەھات بچم. ئەدی لە نێوان وانەکان بچمە کوێ؟ بچوومایەتە حەوشە، کیژۆڵەکان وەک ئەوەی شەکریان دیبێت و ھەنگ بن، پێوەم دەنیشان. لە ژووری مامۆستایانیش، کێک و چەرەسیان سەر خاترا من دەھێنا.

بەڕێوەبەر چارەی دۆزییەوە، گوتی: وەرە ژوورەکەی من. وام کرد.

ژنێکی کامڵ بوو، شووی نەکردبوو. دوای چوار ڕۆژ، فێری کراسی سوور بوو. ئەم ھەموو قەڵەمەی لێ دەکەوت و لە بەردەمم ھەڵی دەگرتەوە.

کەوتمە بەرداشێکی ناخۆشەوە. ھاوڕێکانم ئێرەیییان پێ دەبردم و منیش شەرمم دەکرد پێیان بڵێم لەوێ چەند شەرم دەکەم و تەنانەت بێزارم.

بەڕێوەبەر نیشانەکانی ھەموو فڕێ دا. درەنگ تێی گەیشتم. چارەم نەما، “لا رافضة للجنس”ـم پێشکەش کرد و ھەڵاتم.

ئیتر گەنجی و ھەزار عەیب.

تەمووزی ٢٠٢١ 

 

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • ژانی دوایین منداڵ

    چاوی پڕ بووە لە فرمێسک. ترپەکانی دڵی، خەریکە سنگی شەق دەکەن. ھەناسەبڕکێ زمانی لێ بڕیوە و ئارەق بە گیانیدا دێتە…

  • تا ئێستە ھەموو شتێک خراپە

    باپیرم، لە جەنگی ئینگلیز و عوسمانییەکان بەشداری کردووە. دەزانم بۆ تورکی خۆش دەویست، بەڵام نازانم بۆ ئەڵمانی خۆش دەویست. لەم…

  • قەرزاری مردوویەک بووم

    تەلەفۆنم کرد: سڵاو، من پارەیەکی ئێوە قەرزار بووم، ویستم بۆتان بھێنمەوە، دوکان داخرابوو. دەنگێکی پڕ و کامڵ و تووڕە وەڵامی…

  • سەردەمی کۆرۆنا

    چ ساتێکی نیوە پڕە. ھەموو شتێک لەبەر چاومدا نیوەیە. کوپی فنجانەکەی بەردەمم، نیوەی تێدا ماوە؛ بۆنی قاوەکەش نیوەیە، ئاخر کیسە…

  • چێشتخانە

    یەکەم گەشتم بوو بۆ بەیرووت؛ ئەو شارەی پێش ئەوەی ھیچ یادەوەرییەکم لەگەڵیدا ھەبێت، خۆشم ویستووە و لە یادگەمدا، ھیچی لە…

  • کوڕەکەی مەلا برایم

    ھەستە کوڕم. خێراکە بانگ بدە، دەقیقەیەکیش لای داوە. بۆ دیسان دواکەوتی قەببەحەکەڵڵا. گۆچانەکەی دەستی، ھەم چاویەتی، ھەم قاچێکی دیکەیە، پێش…