شەوێک لە بەیرووت

کاتێک دەچیتە کتێبخانە، یان پێشانگەی کتێب، نەریتێکی باوی جوانە، چیت کڕیوە، پیشانی ھاوڕێکانتی بدەیت. لەوەیش باشتر ئەوەیە، ھەر کتێبێکت کڕی، پێناسەیەکی بکەیت و دوای خوێندنەوەی، بە چەند پەرەگرافێک، قسەی لەسەر بکەی. ئەمە خۆدەرخستن و پۆزلێدان نییە، ھاندانە و ئەگەری ھەیە، کەسێک ھەبێ وەک تۆ عەوداڵی ئەو کتێبە بێت و نەزانێ لە کوێ ھەیە، لە ڕێی تۆوە پێی دەگات.

شەوێکیان لە شەقامی حەمرای بەیرووت، خۆم بە قاوەخانەیەکدا کرد، لە جامخانەکەیدا کتێب ڕیز کرابوون. نەمدەزانی نەریتی ئەوان چۆنە. ڕێکەوت وا بوو، دوای نیوەڕۆکەی ئەو ڕۆژە، لە کتێبخانەی ئەنتوان، کتێبی “مفھوم الحریە فی التٲریخ”م کڕیبوو، ئینجا بە پێ، بەرەو “ڕەوشە” ڕۆیشتم و لە کەنار دەریاکە، تا خۆر ئاوا بوو، لە کتێبەکەم دەخوێندەوە.

سەرتان نەیەشێنم، کاتێک ھاتمەوە، بە کۆڵانێکی جیاوازدا گەڕامەوە و ئەو قاوەخانەیەم بینی. بەبێ پلانی پێشوەختە، خۆم پێدا کرد. دوایی بۆم دەرکەوت، ئەگەر ئەو کتێبەم پێ نەبوایە، ھەر نەیاندەکردمە ژوورەوە.

کەمێک دانیشتم، دوای ئەوەی قاوەکەم بۆ ھات، یەکێ دەنگی بەرز کردەوە: فەرموو. ھەموو ڕوویان تێ کردم و منیش نازانم چ باسە!

جا لوبنانی شتێکی جوانیان ھەیە، ھەرگیز نایەڵن میوان بۆ ھیچ شتێک تەریق ببێتەوە و ھەست بە نەزانیی خۆی و نەشارەزایی و بێگانەیی بکات. خانمێک چرپاندی بە گوێمدا، گوتی: ئەم قاوەخانەیە یاسایەکی خۆی ھەیە، نابێ کەس بەبێ کتێب بێتە ژوور، ھەر کەسێکیش دێتە ئێرە، کەمێک باسی کتێبەکەی دەستی دەکات و ئەگەر پرسیاریان ھەبوو، دەیکەن، نەبوو، ھەر کەس دەست بە خوێندنەوەی خۆی دەکاتەوە.

منیش پابەندی یاساکەیان بووم و کورتەیەکم لەسەر کتێبەکەی دەستم باس کرد و چەند گفتوگۆیەکی خۆشیش دروست بوو، ئەمەیش وای کرد کۆمەڵێ ڕۆشنبیری زۆر باشی ئەو وڵاتە بناسم. لەوانەی خەریکی خۆیانن و بڕوایان بە خۆھەڵکێشان و خۆدەرخستن نییە.

کانوونی دووەمی ٢٠١٤  

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • کوڕەکەی مەلا برایم

    ھەستە کوڕم. خێراکە بانگ بدە، دەقیقەیەکیش لای داوە. بۆ دیسان دواکەوتی قەببەحەکەڵڵا. گۆچانەکەی دەستی، ھەم چاویەتی، ھەم قاچێکی دیکەیە، پێش…

  • سەردەمی کۆرۆنا

    چ ساتێکی نیوە پڕە. ھەموو شتێک لەبەر چاومدا نیوەیە. کوپی فنجانەکەی بەردەمم، نیوەی تێدا ماوە؛ بۆنی قاوەکەش نیوەیە، ئاخر کیسە…

  • شێتە

    ھێشتا مێرمنداڵ بووم، کچێک کە سەرسامم بووبوو (ھەڵبەت دوای کارەساتەکە زانیم حەزی لێم بووە) چەند جارێک پێمی گوت: “شێتە!” جاری…

  • من کێم؟

    گوێم لە چرپە نییە، خۆمان وا بێدەنگ کردووە، وەک بڵێی ناو ئەم ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرە مرۆڤی تێدا نییە؛ ھەر کارتۆنی سابوونی…

  • نووسەری گەورەی گەلەکەمان

    دەیناسم. ئەویش من دەناسێ. ھیچمان یەک ناناسین. ئەو بەرپرسێکی باڵایە، بەردەوام بە لێدوانی جیاواز دەردەکەوێ. ئاسایییە من بیناسم. ئەوە بۆم…