دەبێ کەسێک خۆشی بوێیت

میلی ڕادیۆکەم سووڕاند، بە ھیوای ئەوەی بگاتە سەر فەیرووز. گەیشت. “أعطني الناي وغنّ فالغنا‌ء سر الخلود، و انین الناي یبقی، بعد ان یفنی الوجود” ڕێک ئەم گۆرانییەش کە جوانترینی خاتوونی دڵخوازمە و شیعری دڵخوازترەکەمە (ج. خ. جوبران). ئاخر ھەر بەیانییەک لەخەو ھەڵدەستم، تا خۆم ئامادە دەکەم، دەبێت فەیرووز بەدیارمەوە بێت.

ئەم بەیانییە دڕەنگ ھەستام، بۆیە ڤیتامینەکەم بۆ ناو ئۆتۆمبێل ھەڵگرت. ھەندێک ڕادیۆ، بەیانییان یەک دەمژمێر لەسەر “دراوسێی مانگ” دەبێت. ئەم ئێزگەیە  وا نەبوو. تەواو بوو؛ چووە سەر گۆرانییەکی فارسی. کزم کرد. کردی بە ئینگلیزی. دیار بوو لەو ڕادیۆیانەیە کە خۆیان موسەقەف دەکەن و گۆرانیی گەلان تێکەڵوپێکەڵ دادەنێن.

ئەمن چێژ لە گۆرانی و میوزیکی ڕۆژئاوایی ناکەم، جگە لە ھەندێک کلاسیکی و جاز، یان جار جار “پاڤاروتی” کە بەبێ ئەوەی ھیچ حاڵی بیت، دەتخاتە ئەو شوێنەی پێت خۆشە. جوانیی ئۆپرا لەوەدایە، تێگەیشتنی ناوێت، گوێی بۆ شل بکە و خەیاڵت ببە بۆ ھەر شوێنێک بخوازی. تاقی بکەنەوە. گۆشەنیگاکانی خەیاڵت زۆر فراوانتر دەکات. لە فیلمی “شاوشانک” قسەیەک لەسەر ئەمە دەکات، کەمێک لەمەی من دەچێت. بەتەوای بیرم نەماوە.

گۆرانییە ئینگلیزییەکەی ناو ڕادیۆ، سەرنجمی ڕاکێشا کە ئەمەش شتێکی دەگمەنە. دێڕێکی لەم شێوەیەی گوت: دوای چەندان ساڵ بە ڕێکەوت تۆم بینییەوە، ھەر وەک خۆت جوان بوویت. وەک بڵێی ئەستێرەیەکی ئاسمانیت کە ھەرگیز درەوشانەوەی کز نابێت. دەبێ کەسێک زۆر خۆشی بوێیت، بۆیە ڕووناکیت نەکوژاوەتەوە.

خەیاڵم بۆ ئەو پرتەوبۆڵەی گۆرانیی کوردی ڕۆیشت. خۆ ئەو کچە نەگبەتە کوفری نەکرد بە تۆ ڕازی نەبوو؛ لە شیعر و گۆرانییەکاندا جگە لەوەی دەیکاتە دڕندە، ھەرگیز ددان بەوەدا نانێن خاتوون پاش ویش ھەر جوانە و دەشێ زۆر جوانتریش بێت.

لە ڕێی فەیسبووکەوە، ھاوڕێیەکی قۆناغی منداڵی و مێرمنداڵیی خۆم دیتەوە کە ئەویش ڕێگەی ژیانی خۆی گرتووەتە بەر. لە چاوی مندا ھەر ھەمان کچی جاران بوو، ئەگەرچی منداڵەکانی لەوسای خۆی گەورەترن. بە خۆم گوت: شاعیر بوومایە، ھەرگیز وەک ئەو گۆرانییە ئینگلیزییە ددانم پێدا نەدەنا، بەڵکوو دەمگوت، لەوەتەی لێم دوورە، بووە بە پیرەژن و فەوتاوە.

حوزەیرانی ٢٠٢١

  

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • کێ ڕۆشنبیرە؟

    پیاوێک دانیشتووە، لەودیو چاویلکەکەیەوە خەریکی خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامەیەی دەستییەتی، ئەوانەی کە لە چواردەوری دانیشتوون، چاوەڕێن دەمنادەم، تێچینێکی خۆی لەسەر ئەو…

  • کوڕەکەی مەلا برایم

    ھەستە کوڕم. خێراکە بانگ بدە، دەقیقەیەکیش لای داوە. بۆ دیسان دواکەوتی قەببەحەکەڵڵا. گۆچانەکەی دەستی، ھەم چاویەتی، ھەم قاچێکی دیکەیە، پێش…

  • لا

    ماوەیەک لە دواناوەندییەکی کچان، مامۆستای عەرەبی بووم. ساڵێک لە ساڵانی گەنجی، ئەو کیژۆڵانەش جاحێل بوون. تاکە مامۆستای پیاوم لەو خوێندنگەیە،…

  • من کێم؟

    گوێم لە چرپە نییە، خۆمان وا بێدەنگ کردووە، وەک بڵێی ناو ئەم ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرە مرۆڤی تێدا نییە؛ ھەر کارتۆنی سابوونی…

  • سەردەمی کۆرۆنا

    چ ساتێکی نیوە پڕە. ھەموو شتێک لەبەر چاومدا نیوەیە. کوپی فنجانەکەی بەردەمم، نیوەی تێدا ماوە؛ بۆنی قاوەکەش نیوەیە، ئاخر کیسە…