به‌کارهێنانی پیتی “ی” له‌ ڕێنووسی کوردیدا

لە ڕێنووسی ئەلفوبێی ئارامیدا، دوو جۆر  پیتی “ی” ھەیە، بزوێن و سادە، بەڵام ھەردووکیان یەک وێنەیان ھەن. لە پیتی لاتینیدا، سێ پیتی “ی” ھەیە و ھەمووشیان وێنەکانیان جیاوازە (î، y، i). لە ڕێنووسی ئارامیدا،  بەھۆی ئەو یەک وێنەیییەوە، گرفتی دروست کردووە. لێرە لەسەر گرفتەکان بە خاڵ دەدوێین:

1-       دوو پیتی “ی” بزوێن لە تەنیشی یەکەوە نایەن، بۆیە کاتێک لەم نموونانەی خوارەوە لە تەنیشتی یەک دەیبینیت، دەبێت بزانیت یەکێکیان سادەیە. ھەندێک بە بیانووی ئەوەی نابێت دوو بزوێن لە تەنیشت یەکەوە ھەبن، تەنیا یەک “ی” دەنووسن.

ھەڵەکان: نیە، چیە، دیاریەکە، زەویەکە…

ئاوا ڕاستن: نییە، چییە، دیارییەکە، زەوییەکە…

2-       ھەموو پیتێکی “ی” سەرەتای وشە، سادەیە، بۆیە ئاسایییە لە تەنیشتییەوە پیتێکی بزوێن ھەبێ.

وەک: یار، یاسین، یووسف…

3-       ئەگەر پیتی “ی” لە کۆتاییی وشەیەکەوە ھاتبێت، زۆر جار لە کاتی نووسیندا “ی” بەستن فەرامۆش دەکرێت و وا دەزانن “ی” وشەکە لەجێی “ی” بەستنیشە.

ھەموو ساڵێک لە کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبدا، دەنووسن: نێودەوڵەتی کتێب. یان: ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە ھەڵە دەیکەنە ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. زۆر جاریش ئەگەر خۆی دوو “ی” ھەبێت، ھەرگیز “ی” بەستنی بۆ دانانێن. ئەمەیان لە خاڵی خوارەوە تەماشا بکە.

4-       یەکێک لە گرفتەکانی پیتی “ی” ئەو کاتەیە کە سێ دانە بە تەنیشت یەکەوە لە ناوەڕاست یان کۆتاییی وشەکە ھەبێت. ھەندێک بە بیانووی ئەوەی جوان نییە، یەکێکیان لا دەبەن، ھەندێکیش لەبەر ئەوەی نابێت سێ پیتی بزوێن پێکەوە بن، لە کاتێکدا ئەوەی ناوەڕاست سادەیە و دوانەکەی تر بزوێنن.

ھەڵەکان: ئاواییەکەمان، کۆتاییەکەی، بەدڵنیاییەوە، وەستاییەکی، سەربەخۆیی کوردستان، ڕووداوێکی مێژووییە.

بە ڕاستی ئاوان: ئاوایییەکەمان (ئاوایی+پاشگر)، بەدڵنیایییەوە، کۆتایییەکەی (کۆتایی+ پاشگر)، وەستایییەکی، سەربەخۆییی کوردستان، ڕووداوێکی مێژوویییە.

5-  ھەر پیتێکی “ی” کە دەکەوێتە کۆتاییی وشە، ئەگەر پیتی پێش خۆی سادە بێت، ئەوا بە یەک “ی” دەنووسرێت، بەڵام ئەگەر پێش خۆی بزوێن بێت، دەبێتە دوو “ی”. ئەو “ی”یەی دەکەوێتە نێوانانەوە، سادەیە نەوەک بزوێن. وەک ئەم نموونانەی خوارەوە:

سادە+ی: کوردی، پشتی، شووتی، ساردی…

بزوێن+یی: دڵنیایی، کۆتایی، مێژوویی، سەربەخۆیی، ئاوایی…

ئەمەش واتە لە نموونەی سادەدا، کاتێک وشەیەکی دەچێتە سەر، دەبێتە دوو “ی” لە تەنیشت یەکەوە. نموونە: شووتیی شیرین و سوور بە شەرت. هەروەها لە نموونەی بزوێندا وشەکە سێ “ی” دەچێتە سەر. نموونە: ئاواییی ئەحمەدئاوا.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • جووتەوشەی لێکدراو

    جووتەوشەی لێکدراو، یەکێکە لە تایبەتمەندییە جوانەکانی زمانی کوردی کە بە دەگمەن زمانی دیکە بەو شێوەیە بتوانێت دوو یان چەند وشەیەک…

  • ڕ یان ر

    “ڕ” و “ر” لە زمانی کوردیدا دوو پیتی جیاوازن. جوانیی ئەلفوبێی ئارامی لەوەدایە، ھەرچی دەنووسین، ئەوە دەخوێنینەوە، بۆیە ھەڵەیە، کاتێک…

  • کاتێک “بە” دەچێتە سەر وشەیەک

    کاتێک “بە” دەچێتە سەر وشەیەک و دەبێتە ئاوەڵکاری ڕوونکردنەوە بۆ کارەکە، ئەوا بە وشەکەوە دەلکێت. وەک: بەدڵنیایی، بەتووڕەیی، بەخێرایی، بەشادی،…

  • وشەی بیانی

    1-       ھەر وشەیەکی بیانی ھاتبێتە ناو زمانی کوردییەوە، دەبێت بە ئەلفوبێی کوردی بنووسرێت؛ نابێت وەک خۆی دابنرێتەوە، یان دەکرێت دەربڕینە…

  • پیتی “د”ی سه‌ره‌تای کار

    گۆڕینی پیتی “د”ی سه‌ره‌تای کار بۆ “ئـ”، له‌لایه‌ن ئه‌کادیمیای کوردییه‌وه‌، به‌ ته‌واوی قەدەغە کراوە و ده‌ربڕینێکی ناوچه‌یییه‌. وەک: ئه‌مه‌وێ، ئه‌ڕوانم،…

  • ڕێزمان چییە؟

    لە قۆناغی بنەڕەتییەوە تا دوایین پۆلەکانی خوێندنگە لە باشووری کوردستاندا، ڕێزمان دەخوێندرێت و لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە ئامادە کراوە، بۆیە گرفتی…