ئایا مەینەتی بزوێنەری داھێنانە؟

کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

ئایا بۆ ئەوەی لە بوارێکدا داھێنان بکەین، مەرجە کەسی خەفەتبار و شەکەت و ڕووخاوبین؟ یان بەختەوەری مەرجی داھێنانە؟
دالای لاما گەورە ڕێنیشاندەری بوداییەکان و رابەری رۆحی تبتییەکان، لە وانەیەکدا کە ساڵی ٢٠١٠ لە زانکۆی ئیمۆری لە ویلایەتی جۆرجیاری ئەمەریکا پێشکەشی کرد، باسی لە گەشتی نێوان ڕۆحانییەت و داھێنان و پێوەندی نێوانیان بە دۆخی دەروونییەوە کرد و وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە ئایا مرۆڤ دەبێ خەفەتبار و ماندوو و ڕووخاو بێت تا ھەستی داھێنانی بجووڵێ یان دەبێ ئاسوودە بێت؟
لاما دەڵێ: بەگشتی ڕۆژئاوا لەسەر ئەو بۆچوونەن، داھێنان لە ئەشکەنجەوە دروست دەبێ، بەڵام لە ڕۆژھەڵات بۆچوونێکی پێچەوانە باوە و ئەوان ھونەری باڵا و داھێنان بە سەقامگیری و ھۆشیاریی ناخی مرۆڤ پێوەست دەکەن. لێرەدا ڕوون دەبێتەوە، جیاوازیی دوو تێگەیشتنی سەرەکی لە جیھاندا ھەیە: ھەندێک مرۆڤ خۆیان دەخزێننە پاڵ نەگبەتی و مەینەتییەوە، بەو بڕوایەی ئەوە تایبەتمەندییەکە ھەلی داھێنانی زیاتریان بۆ دەڕەخسێنێ و ئاسوودەیی تەنیا ھەستێکی بێزارکەرە ھیچ بەرھەمێکی لێ نابێتەوە. لایەنێکی تریش وای بۆ دەچن ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی سەرچاوەی وزە و توانا و داھێنانن، چونکە بێھیوایی ھیچ بۆ دەربڕین ناھێڵێتەوە.

“داھێنان لە ھەناوی مەینەتی دروست دەبێ”
ئەمە یەکێکە لە باوترین دێر و دەربڕینی کڵێشەیی و ھەردەم بەر گوێمان دەکەوێ و ئەستەمیشە بزانین سەرچاوەکەی یان مێژووەکەی بۆ کێ و کەی و کوێ دەگەڕێتەوە، چونکە ھێندە بە فرەوانی لە ناو ھەموو میللەتاندا بڵاو بووەتەوە، بەڵام ھەردەم ئەوانەی بڕوایان بەو گوتەیە ھەیە، پێوەستی دەکەن بەو زانا و ئەدیب و فەیلەسووفانەی زنجیرەیەک نەھامەتییان لە ژیانیاندا بینیوە و دۆخێکی گرانی دەروونی و تەنانەت جەستەییان ھەبووە و بۆیان بووە بە ھاندان تا بەرھەمی زیاتر بڵاو بکەنەوە.
ئەم گوتەیە لایەنێکی ڕاستی تێدایە کە نابێ فەرامۆش بکرێ، بەڵام لایەکی تریش لەو ڕاستییەدا ھەیە و زۆر جار ئەویان بزر کراوە.
کاتێک بیر لەو داھێنەرانە دەکەینەوە کە ژیانێکی ناھەموار و پڕ لە ئازاریان بووە، نابێ ئەو ڕاستییەش لەبیر بکەین، ھەندێکیش لە داھێنەرەکان لەوپەڕی خۆشیدا ژیاون و بەختەوەر بوون. ھەڵبەت ھیچ ڕێگەیەکی تازە نادۆزینەوە تا بزانین ئەگەر ئەو دوو جۆرە، دۆخەکەیان جیاواز بوایە دەیانتوانی داھێنان بکەن یان نا، بەڵام ھەر ئەو پرسیارە دەمێنێ، کێ ناڵێ ئەگەر ئەو کەسانەی لە دۆخێکی ژیانی ئاڵۆزدا بوون و داھێنانیان کردووە، لە ژیانێکی باشتردا بوونایە، داھێنانی گەورەتریان نەدەکرد؟
ھەر ئەم گوتەیە “داھێنان لە ھەناوی مەینەتی دروست دەبێ” ھەندێ پرسیاری تر دروست دەکات و دەمانخاتە گومانەوە، باشە ئەگەر وا بوایە،؟ لەو وڵاتانەی ڕێژەی ھەژاری و کێشە ئابووری و سەقامگیری و تەناھییەکانیان زۆرە، بۆ نموونە وڵاتە عەرەبی و وڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەبوو ھەموویان داھێنەر بوونایە، بەڵام ڕاستییەکە ڕێک پێچەوانەیە. ھەندێک پێیان وایە و ڕەنگە لە ھەندێ شوێنیش ڕاست بێت، گوایە حکوومەتەکان خۆیان بە مەبەست ئەو پەندە بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵکی داوای ژیانێکی باشتر نەکەن و ھەردەم خەونی داھێنان ببینن بەبێ ئەوەی ھیچ بنەمایەکی خۆشگوزەرانییان لەلایەن دەسەڵاتەکانیانەوە بۆ فەراھەم کرابێت.
سەرەنجام دەتوانین بڵێین، گەیشتن بە داھێنان پێوەستی بە کۆمەڵێ ئەگەرەوە کە ھەندێکیان تایبەتن بە کەسەکە و ھەندێکیشی دۆخی شوێن و سەردەم دەیگۆڕێ. بۆ نموونە کەسێک لە ناخیدا بەھرەیەکی ڕاستی تێدا نەبێ، لە خراپترین دۆخیشدا بێت، نابێتە داھێنەر، ئەوانەش کە پێوەستی دەکەن بە خۆشگوزەرانییەوە دەبێ بزانن، خەڵکێکی زۆریش ھەیە بەختەوەرن، بەڵام لەبەر ئەوەی ناخیان ھیچی تێدا نییە، ناتوانن داھێنەر بن.
دالای لاما نموونەیەک دەھێنێتەوە و دەڵێ، کەسێک تووشی ڕووداوێکی ھاتوچۆ بووە و پێیەکی شکاوە، ئایا ئەم ئازارەی دەیچێژێ، شیعری پێ دەخوڵقێنێ و خەریکی داھێنان دەبێ، یان دەچێ بۆ لای پزیشک تا چارەسەری بکات؟ ئازار بە مانا فرەوانەکەی پێویستی بە کاتێکی زۆرە تا شیکردنەوەی بۆ بکرێ و بتوانی لەگەڵیدا بژیت. ئەو ئازارەی دەبێتە ھۆی داھێنان، ئازارێکە کاریگەری لەسەر کرداری سەقامگیری ناکات.
ئەوانەی لەسەر ئەم بوارە گفتوگۆیان کردووە جگە لەوەی لایەنی بەرھەمی مرۆڤەکان بە ھەند وەردەگرن، گرینگی بە کەشی کۆمەڵایەتیش دەدەن کە ئەویش کاریگەری لەسەر داھێنان دروست دەکات. ئەمە جگە لەوەی بیری ناکەن، داھێنانەکانیش بەپێی بوارەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بۆ نموونە ڕەنگە ئەو کارانەی پێوەست بن بە ھەست و سۆز و ویژدانەوە، بۆ نموونە شیعر، ڕەنگە لە مەینەتیدا باش دروست بکرێن، بەڵام ئەو کارانەی پێویستییان بە زانست و لۆژیکە، پێویستییان بە کەشی ئارام و خۆشگوزرەرانی و دەرفەتی باش ھەیە و بەڵگەش وڵاتە پیشەسازییە گەورەکانە.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • بۆچی ناچارین مێژوو بخوێنینەوە؟

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    مێژوو بخوێنەوە و لەگەڵ ئەو جیهانەدا گەشت بکە، ئەمە ڕێگەیەکی ئاسانە تا گەشتێک بۆ ڕابردوو بکەیت، دوور لەو خەیاڵە زانستیانەی…

  • ھاوڕێی ڕاستی کێیە؟

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    ھاوڕێیەتی، پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو کەس یان زیاترە، کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ھاوبەش دروست دەبێت و ئەو دوو کەسە وێڕای…

  • سپیکردنەوەی پارە چییە؟

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    کابرایەک، مارکێتێکی لە گەڕەکێک داناوە، پاش ماوەیەک دەبینی خۆی ڕەنج ڕۆڤەری پێیە و کوڕەکەی جاگوار. تۆیش زەوییەکت ھەیە، دەیفرۆشی و…

  • ئایا منداڵەکەت درۆزنە؟

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    ڕەنگە شۆک بیت کاتێک دەبینی منداڵەکەت چیرۆکێکی خۆیت بۆ دەگێڕێتەوە و تۆش دەزانی ئەوەی دەیڵێ سەرلەبەری درۆیە، خۆ ڕەنگە زۆر…

  • دڕندەیی لە کوێوە ھاتووە؟

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    دوای نیو سەتە لە پێشکەوتنی زانستی ئەنترۆپۆلیجیا و دۆزینەوەی دەیان بەڵگەی نوێ لەسەر مرۆڤی سەرەتا، دەرکەوتووە ھێشتا ئەڵقەیەکی بازنەکە بزرە…