خەونی ئەمەریکی” چییە؟

دەستەواژەی خەونی ئەمەریکی (The American Dream) لەلایەن ھۆڵیوود و ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتەوە بازاڕی بۆ خۆش دەکرێ و بووەتە ھۆی کۆچکردنی ملیۆنان خەڵک بۆ ئەوەی لەوێ بژین، تاوەکوو بگەن بەو خەونە و لەوێ ئەو ژیانەیان دەست بکەوێ کە لە ھیچ وڵاتێکی تری دونیا نییە. بریتییە لەو “ڕۆحە نیشتمانییە”ی کە بەندە بە کۆمەڵێ بەھای بەرز، گرینگترینیان: دیموکراتی، مافی مرۆڤ، ئازادی، ھەمەڕەنگیی ھەلی کار و یەکسانییە.
لە دوای ساڵانی پەنجای سەتەی ڕابردوو کە ئەمەریکا بە تەواوی بووە زلھێزی یەکەمی ئابووری و سیاسەت لە جیھان، دەستەواژەی “خەونی ئەمەریکی” زیاتر پەرەی سەند و یەکسان کرا بە ئاسوودەیی، بە شێوەیەک لە ھەر کەسێکی دونیا بپرسە، خەونی ئەمەریکی چییە، پێت دەڵێ، واتە کارێکی باش، خانوویەکی سەربەخۆ، ئۆتۆمبێلێکی جوان و خێزانێکی بەختەوەر.
بۆ یەکەمجار وەک دەستەواژە “خەونی ئەمەریکی” لەلایەن “جێمس تراسلۆ ئادەمز”ـەوە بەکار ھات، لە پەرتووکی “داستانی ئەمەریکی” ساڵی ١٩٣١ نووسیویەتی، تێیدا دەڵێ: “خەونی ئەمەریکی بریتییە لە خەونێکی تایبەت بە زەوی کە دەبێ ژیان باشتر بێت و خەڵکی زەنگین بن، بە شێوەیەک ھەموو کەسێک بەپێی توانا و کۆششەکانی، ھەلی زۆرتری ھەبێت، ئەمەش لە ئەمەریکادا جێی دەبێتەوە”.
ئادەمز دەڵێ، “خەونی ئەمەریکی تەنیا گەیشتن بە ئۆتۆمبێل و مووچەیەکی بەرز نییە، بەڵکوو ھەوڵی گەیشتنە بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ ژن و پیاو، بەم شێوەیەش خەڵکی دەتوانن ھەموو تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ و بەرھەمیان زیاتر بێت، بەم شێوەیە خەڵکی تەماشای ناسنامە نیشتمانییەکەیان دەکەن، بەبێ ئەوەی بایەخ بەوە بدەن لە کوێ لەدایک بوون یان لە چ پلەیەکدان”.
پەیکەری ئازادیی لە شاری نیویۆڕک، بەلای ئەمەریکییەکانەوە، ھێمای فیکری لیبراڵیی ئازاد و دیموکراتییە و بەرجەستەبوونی “خەونی ئەمەریکی”یە.
باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ و چەند سەرۆکێکی تری ئەو وڵاتە، ئەنجامی بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی “خەونی ئەمەریکی”ن، خانەوادەکەیان ڕوویان لەو وڵاتە کردووە و لە ئەنجامدا گەیشتوون بە بەرزترین پێگە.
بەڵام ئایا بەڕاستی خەونی ئەمەریکی، ئەو بەھەشتەیە کە ھەموو کەس کاتێک دەچێتە ئەو وڵاتە، دەگات بە ھەموو مافەکانی.. نەخێر.
خەونی ئەمەریکی لەکوێ و چەوسانەوەی ڕەشەکان بۆ ماوەی زیاتر لە سەتەیەک لە کوێ؟ یان چەوسانەوەی ئایرلەندی و چینی و زۆر نەتەوەی تر لەو وڵاتە، یان ڕەشەکوشکردنی سۆسیالیستەکان، یان بەرتەسکردنەوەی مافی موسڵمانان دوای ١١ی سێپتەمبەر و زۆر نموونەی تر. ئەی لە ڕووی ئابوورییەوە، ئایا ئەوەی دەگاتە ئەو وڵاتە، دەبێتە خاوەنی خانوو، ئۆتۆمبێل و مووچەیەکی بەرز؟ بە دڵنیایییەوە نەخێر، تەنانەت یەکەم وڵاتە کە زۆرترین خەڵکی ھەیە لەسەر شەقامەکان دەخەون و ھیچ مافێکیان نییە. ئەی ئەو ھەموو ھەڵمەتە ڕەگەزپەرستییەی تا ئێستەیش بەردەوامە و دادگەی وڵاتەکە ھیچ ناکات.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • دڕندەیی لە کوێوە ھاتووە؟

    دوای نیو سەتە لە پێشکەوتنی زانستی ئەنترۆپۆلیجیا و دۆزینەوەی دەیان بەڵگەی نوێ لەسەر مرۆڤی سەرەتا، دەرکەوتووە ھێشتا ئەڵقەیەکی بازنەکە بزرە…

  • قەیرانی نیوەی تەمەن چییە؟

    نیوەی تەمەن، دەستەواژەیەکە بۆ تەمەنێکی دیاریکراوی مرۆڤ کە ئیدی ھەست دەکات خاڵی وەرچەرخان و قۆناغبڕییە، تێیدا زۆر کەس پێی دەڕووخێن…

  • بۆچی مرۆڤ ناتوانێ بێلایەن بێت؟

    زۆربەی خەڵک کاتێک لەبارەی شتێکەوە دەدوێن، دەڵێن ئێمە بەبێ ھیچ کاریگەرییەک و دادپەروەرانە قسەی لەسەر دەکەین، نامانەوێ ھیچ لایەکی تەرازوو…

  • چۆن ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ بکه‌ین؟

    “ئه‌گه‌ر نه‌تتوانی ئه‌و کتێبه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌، جارێکی تر به‌ هه‌مان چێژه‌وه‌ بیخوێنیته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێویستی نەدەکرد بیخوێنیته‌وه‌.”ئۆسکار وایڵدبه‌رده‌وام چه‌ندان…