نووسەری گەورەی گەلەکەمان

کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

دەیناسم. ئەویش من دەناسێ. ھیچمان یەک ناناسین. ئەو بەرپرسێکی باڵایە، بەردەوام بە لێدوانی جیاواز دەردەکەوێ. ئاسایییە من بیناسم. ئەوە بۆم پرسیار بوو، ئەو چۆن من دەناسێ؟ من نووسەرم؛ ئەو پیشەیەی کەسانی وەک ئەمە، بە کاتکوشتن سەیری دەکەن. لە ڕێوڕەسمێکدا بەھۆی ناسیاوێکم کە ناسیاوی ئەوە، لووتمان بە لووتی یەکدی تەقی. ناسیاوەکەم ویستی من لای ئەو بناسێنێ. ھەوڵی نەدا ئەو لای من بناسێنێ، ئاخر وەک بڵێی چۆن دەبێت نەیناسم! بەرپرسەکە پێی بڕی: بەڵێ، چاک دەیناسم، نووسەرێکی گەنجی ھۆشیارە و لە داھاتوودا دەبێتە ناودارێکی گەورەی گەلەکەمان.

 ناسیاوەکەم لە خۆشیدا بسکەی سمێڵی دەھات، منیش تەقەی سەرم.

 لە ڕێڕەوەکەدا، جەنجاڵییەک دروست بووبوو، خواخوام بوو زوو تەواو بین، ناسیاوەکەشم درێژەی دەدایە. “سوپاس، لوتفان ھەیە. بەڕێزن” ئاوا وەڵامیم دەدایەوە کە نیمچە لەکۆڵخستنەوە بوو. یەکتریمان جێ ھێشت، ناسیاوەکەم گوتی: دەزانی زۆر شانازیت پێوە دەکەم؟

ـ بە مۆڕە و حەپەسانەوە: چونکە ئەمە ستایشی کردم؟

ـ زۆر نەزانی، دەزانی؟

گەیشتینە سەر مێزەکەی خۆمان. بە زەردەخەنەیەکەوە سەیرێکیم کرد و یەکسەر سەری دەبە ئاوێکم ھەڵپچڕی و نام بە سەرمەوە. وامزانی لەکۆڵی بوومەوە. دەبەکەم دانا، گوتی: بۆ گاڵتەت لەم شتانە دێت؟

زەردەخەنەی تەواونەکراوم  تەواو کرد و لەگەڵیدا گوتم: ئاخر چاوەکەم، بچم پێی بڵێم بتگرێت، چونکە تۆ بە گێلی دەزانی؟

ـ بە شڵەژانەوە: چۆن وا دەڵێی؟ ئێستە داوام لێ بکات، شەو و ڕۆژ خزمەتی دەکەم.

ـ ئێ کەواتە دوای یەک خوولەک کە ئەو ستایشی منی کرد، چۆن ڕێ بە خۆت دەدەی پێم بڵێی نەزان؟ تازە لەبەر قسەکەی ئەو، ناچاری بۆ ھەموو ژیانت بە شتزانم بزانی.

بەرپرسێکی دیکەی ھەمان پلە و پایە کە ئەویش لە پێشی پێشەوە مێزی بۆ دانرابوو، ئاپۆڕای فەروو فەرمووی ناو ڕێڕەوەکەی جێ ھێشت و بەرەو لای من ھات. ئەمیان من دەیناسم، ئەویش دەمناسێ، ھەردووکیشمان یەک دەناسین و کەیفمان بە یەک دێت. خاڵی ھاوبەشمان کتێبە. وەک بەرپرسەکەی دیکە نییە؛ خوێنەرێکی ڕژد و بەردەوامە. سەری بە گوێمەوە نا، گوتی: فڵان، پێتی گوت “لە داھاتوودا دەبێتە ناودارێکی گەورەی گەلەکەمان”؟

ـ بەڵێ!

ـ بە پێکەنینەوە. بۆ ئەوەی بڵێن نووسەران دەناسێت، ھەر کتێتان ببینێ، ئەوەی پێ دەڵێ. باوەڕت پێی کرد؟

ـ نەخێر.

کاتێک ڕۆیشت، ناسیاوەکەم دەمی ھەمووی بوو بە زەردەخەنە و شادی. زیاتر منی خۆش ویست، چونکە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵا، ناسیاوم.

ئابی ٢٠٢١

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • کێ ڕۆشنبیرە؟

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    پیاوێک دانیشتووە، لەودیو چاویلکەکەیەوە خەریکی خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامەیەی دەستییەتی، ئەوانەی کە لە چواردەوری دانیشتوون، چاوەڕێن دەمنادەم، تێچینێکی خۆی لەسەر ئەو…

  • سەردەمی کۆرۆنا

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    چ ساتێکی نیوە پڕە. ھەموو شتێک لەبەر چاومدا نیوەیە. کوپی فنجانەکەی بەردەمم، نیوەی تێدا ماوە؛ بۆنی قاوەکەش نیوەیە، ئاخر کیسە…

  • شەوێک لە بەیرووت

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    کاتێک دەچیتە کتێبخانە، یان پێشانگەی کتێب، نەریتێکی باوی جوانە، چیت کڕیوە، پیشانی ھاوڕێکانتی بدەیت. لەوەیش باشتر ئەوەیە، ھەر کتێبێکت کڕی،…

  • من کێم؟

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    گوێم لە چرپە نییە، خۆمان وا بێدەنگ کردووە، وەک بڵێی ناو ئەم ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرە مرۆڤی تێدا نییە؛ ھەر کارتۆنی سابوونی…