ئەوینێک، نە دەستی پێ کرد و نە تەواو دەبێ

کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

لەناو یەکێک لە مۆڵەکاندا بینیم، پاڵ بە عەرەبانەی منداڵە ساواکەیەوە دەنێت، کچێکی شەش حەوت ساڵی، لە تەنیشتیدایە. لە یەکێک لە بازاڕەکانی مۆڵەکەدا، دیارە تەواو بوون و دەیانەوێت بچنە دەر. منیش لەو کاتەدا دەچمە ژوور. سەرم بەسەر مۆبایلەکەمەوە بوو. خۆم لە عارەبانەکە دا. بەپەلە سەرم بەرز کردەوە و داوای لێبوردنم کرد. بە ساردییەکەوە وەڵامی دایەوە.

لەو نیو چرکەیەدا کە ڕووم دەکەوێتە بەرانبەر ڕووی ئەو و چاومان لە ئاستی یەکدایە، دەبوو کۆتایی پێ بێت و بڕۆمە ژوورەوە. دوای ئەوەی سەری لا برد، شتێک بەبێ ئەوەی بزانێ چییە، ناچاری کرد دیسان سەر بەرز بکاتەوە و ئەم جارە لێم ورد ببێتەوە. خورپەیەک بە دڵی منیشدا ھات. ھەمان ئەو ھێزەی لێ دروست کردم و ڕووم بۆ سووڕان. بە وردی سەیری یەک دەکەین و دەمانەوێت شتێک بڵێین. ئێ چی بڵێین؟ نە من دەزانم، نە ئەو.

ھەریەکەمان ڕێی خۆمان گرت.

لە ماوەی سێ ھەنگاودا، تا گەیشتمە سەر یەکەم ڕیزە پانتۆڵ، ھەرچی لاپەڕەی یادگەی خۆمە، ھەڵدایەوە، داخۆ ئەو ژنە دەناسم، بەشێکە لە ڕۆژانێکی ژیانم؟

لەو کاتەدا، زەکەریا دەمی بە بڵندگۆی بازاڕەکەوە ناوە و ھاوار دەکات: “ھەر یادت ماوە، یادت ژیانە، لە یادنامەی تۆ…” بیرم نەبوو بیر بکەمەوە، ئەوە چۆنە گۆرانییەکی ناخۆشی تورکی لەسەر نییە، چۆنە سەریان لێ شێواوە و ئەم گۆرانییە کوردییەی دەخەنە سەر؟

لاپەڕەکانی ھەڵیان دەدەمەوە، ئەوەشیان بیر بردمەوە، ھاتووم کڵاوێک و تیشێرتێک بکڕم، سبەی دەچین بۆ سەیران!

ھێشوو..!!

بەڵێ ھێشوو، خۆیەتی!

نەخێر نابێت ئەو بێت. ئەی ئەو دوو منداڵەی بۆ پێ بوو؟

گاڵتەیەک بە خۆم دەکەم، بۆ پێی نەبێت، دواجار کە بینیومە، پێش ١٠ ساڵ بوو. ئەو ڕۆژەی پێیم گوت، دەمەوێت شتێکی گرینگت پێ بڵێم. پێش ئەوەی ھیچ بڵێم، لەبەر ڕێزی بۆ شکۆی من و نەدۆڕانی ھیچ وشەیەک، پێمی گوت: ئەم پێنجشەممەیە دەگوازرێمەوە.

بیر دەکەمەوە، بۆچی یەکسەر نەمناسییەوە، چی لە ڕووخساری گۆڕاوە؟

ڕەنگە تاکە گۆڕانکاری، ئەو منداڵانە بێت. ھەرگیز چاوەڕێم نەکردووە، ھێشوو بە دوو منداڵەوە بیبینم!

نەخێر، لەوانەیە بەھۆی ئەو سەرپۆشە توندوتۆڵەی سەری بێت. پێشتر لەچکی نەدەکرد. لەو کچانەش نەبوو کە چاوەڕێ بکەم، ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە سەرپۆش!

خەیاڵ بردمییەوە بۆ ئەو ڕۆژەی دەمویست پێی بڵێم: خۆشم دەوێی و ڕێگەی لێ گرتم. نەیھێشت بۆ یەک ساتیش ئەو وشەیە نائومێدم بکات.

ئایا مانای ئەوە ناگەیەنێت، ئەو لە لووتکەی خۆشەویستیدا بووە بۆم؟ بەڵام چ خۆشەویستییەک و چ لووتکەیەک؟ پێش ئەو چەند ڕۆژەی ھاتن بۆ ماڵمان و جارێکی دیکە سەرسامی بووبوومەوە، ١٠ ساڵ بوو نەمدیبوو.

لە پۆلی سێی سەرەتایی بووم، ماڵیان ھاتە گەڕەکی ئێمە و لە قوتابخانەش لە یەک پۆلدا بووین. عەجوول و ھاروھاج بوو، بەپێچەوانەی منەوە. لە منداڵییەوە کچی عەجوول سەرنجم ڕادەکێشن. ئەو لە ھەموویان زیاتر. بەھۆی ئەم کزی و شەرمنییەمەوە، ھیچ ئومێدێک نەبوو، کچێکی ئاوا کە مانشێتی سەرەکیی گفتوگۆی کوڕانی پۆل و ئێرەییی یەکەمی کچان بوو، ببێتە ھاوڕێم.

شەوێکیان، لە بەردەرگە یاریم دەکرد؛ ھاتمەوە، دەبینم میوانمان ھەیە. ھێشو لەگەڵ دایک و باوکی ھاتووە. باوکی ھاوڕێی نزیکی باوکم بوو. ئەمە گەورەترین و زێڕینترین ھەلی ژیانم بوو، تا لێی نزیک ببمەوە.

ھەر نزیک نەبوومەوە.

 ئەو ھات و قسەی لەگەڵ کردم: تۆش ڕقت لە مامۆستا ئەحمەدە؟ پێکەنیم: بەڵێ، زۆر تووڕەیە، ئەگەر شتێک نەزانیت، قەڵەم دەخاتە نێوان پەنجەکانتەوە.

ھەلەکەم قۆستەوە و ھەموو ئەو زانیارییانەی لەسەر مامۆستا و قوتابییەکان ھەمبوو، پێیم دەگوت. لە دۆخێکی زۆر چێژبەخشدا بووم، چونکە بە ھەموو ھۆشیارییەکەوە گوێی بۆ ھەڵخستبووم و چاوەڕێی یەک بە یەکی وشەکانم بوو. جار جار ھەوڵم دەدا قسەیەک بکەم، بکەوێتە پێکەنین. لە باسی کوڕەکانی پۆلیشدا درۆم دەکرد، تا سەرنجی بۆ کەسیان ڕانەکێشێت. ئەمەیان چڵمنە، ئەمەی تریان شەڕانییە، ئەوەی دیکە لە خوشکەکەی دەدا و قژبژەکەش خەتخەتێنی کچان تێک دەدات.

ئیدی بووم بە ئەستێرەی پۆل.

پێشتر کەس لە تەنیشتم دانەدەنیشت؛ ھیچ ھاوڕێیەکم نەبوو. کاتێک گاڵتەشیان پێ دەکردم، توانای وەڵامدانەوەم نەبوو. ئەو شوێنی خۆی گۆڕی و ھاتە تەنیش منەوە دانیشت. ڕێک لە ڕەحلەی ڕیزی دووەم. ئەو لای پەنجەرەکەوە بوو. کاتێک خەیاڵ دەیبردەوە و ڕووی لە پەنجەرە و سەیری قوتابییەکانی دەکرد کە لە دەرەوە یاری دەکەن، سەرنجی سەرنجەکانیم دەدا و لە قژە خاوە درێژەکەی ورد دەبوومەوە.

دوو ساڵمان ئاوا بەڕێ کرد.

ماڵمان لەوێ نەما و ئیدی ھێشووم نەدییەوە.

دوای ١٠ ساڵ، من لە قۆناغی دووی زانکۆ بووم، لەگەڵ ماڵی باوکی ھاتن بۆ ماڵمان. سێ شەو لە ماڵی ئێمە مانەوە. ئەو خوێندنی تەواو نەکرد، ئەوەم زۆر پێ سەیر بوو. زیرەکترین قوتابیی پۆل بوو، منیش لە تەنبەڵەکان بووم. ئەوەی وای کرد من خوێندن تەواو بکەم، بۆ ئەو دوو ساڵە دەگەڕێتەوە کە پێکەوە بووین. بۆ ئەوەی سەرنجی ڕابکێشم، ھەموو شتێکم دەکرد، ھەر ئەمەیش وای کرد سەعی بکەم و لە قوتابییەکی گەلحۆوە ببمە قوتابییەکی نیمچە زیرەک و ھەموو قۆناغەکان ببڕم. پێم گوت، بۆ خوێندنی تەواو نەکردووە، وەڵامی نەدامەوە.

لە دوای ئەو ١٠ ساڵە، ١٠ ساڵ ڕۆیشتووە کە ئێستە لەم مۆڵە دەیبینمەوە و دوو منداڵی پێیە. ھەموو ئەم بیرکردنەوانەم، چەند ساتێکی کەمی خایاند. ئاوڕم دایەوە، دەبینم نەڕۆیشتووە، ئەویش ھەر وا ورد دەبێتەوە. کاتێک سەیرم کرد، یەکسەر پێکەنی. ئێستەیش ھەر ئەو ھەنگاوی نا، پێش ئەوەی لێم نزیک ببێتەوە: بە جووڵانی دەم، بەبێ دەنگ و شیوەی پرسیار گوتی: ئاری؟ بە سەرلەقاندن وەڵامیم دایەوە.

– سڵاو، چۆنی ھێشوو خان؟

– (بە پێکەنینەوە، ھەمان پێکەنینەکەی پێش بیست ساڵ و پێش دە ساڵ، ھیچ نەگۆڕابوو): ئەم خانە لە کوێوە فێر بوویت؟

پێم نەگوت بۆ ژنم نەھێناوە، ئەویش نەیپرسی. ھیچ پرسیارێکم لەسەر مێردەکەی نەکرد، ئەویش خۆی بەلای ئەو قسانەدا نەبرد. کەمێک لەسەر منداڵەکانی دوا.

منداڵی ناو عارەبانەکە ناوی “ئاری” بوو.

خواحافیزیمان کرد. نە تەلەفۆنیم وەرگرت، نە ئەکاونتی فەیسبووکەکەی. بەو ھیوایەی ١٠ ساڵی دیکە بیبینمەوە.

شوباتی ٢٠٢١

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • سەردەمی کۆرۆنا

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    چ ساتێکی نیوە پڕە. ھەموو شتێک لەبەر چاومدا نیوەیە. کوپی فنجانەکەی بەردەمم، نیوەی تێدا ماوە؛ بۆنی قاوەکەش نیوەیە، ئاخر کیسە…

  • تا ئێستە ھەموو شتێک خراپە

    کاتی خوێندنەوە: < 1 خولەک

    باپیرم، لە جەنگی ئینگلیز و عوسمانییەکان بەشداری کردووە. دەزانم بۆ تورکی خۆش دەویست، بەڵام نازانم بۆ ئەڵمانی خۆش دەویست. لەم…

  • کوڕەکەی مەلا برایم

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    ھەستە کوڕم. خێراکە بانگ بدە، دەقیقەیەکیش لای داوە. بۆ دیسان دواکەوتی قەببەحەکەڵڵا. گۆچانەکەی دەستی، ھەم چاویەتی، ھەم قاچێکی دیکەیە، پێش…

  • دەبێ کەسێک خۆشی بوێیت

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    میلی ڕادیۆکەم سووڕاند، بە ھیوای ئەوەی بگاتە سەر فەیرووز. گەیشت. “أعطني الناي وغنّ فالغنا‌ء سر الخلود، و انین الناي یبقی،…

  • ژانی دوایین منداڵ

    کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک

    چاوی پڕ بووە لە فرمێسک. ترپەکانی دڵی، خەریکە سنگی شەق دەکەن. ھەناسەبڕکێ زمانی لێ بڕیوە و ئارەق بە گیانیدا دێتە…