پیت

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین، جۆری ئەلفوبێی  ڕێنووس، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ڕێزمان و زمانەکەوە نییە و دەکرێت بە ھەر جۆرە ئەلفوبێیەک، تەنانەت بە چینی، زمانی خۆت بە ڕێزمانێکی ساغ بنووسیت. واتە ئەلفوبێی ڕێنووس، کڵێشەیە؛ بەڵام کاتێک بە یەکێک لەو کڵێشانە دەنووسین، دەبێت بە تەواوی پێوەی بەند بین. ناتوانین پەیامەکەمان بگەیەنین، تەنانەت ئەگەر ڕێزمانێکی جوانیش بزانین، بەڵام لە ڕێنووسدا گرفتمان ھەبێت.

زمانی کوردی، به‌ چه‌ندان ڕێنووسی جیاواز نووسراوه‌ و له‌ کۆتاییدا، ئێسته‌ ته‌نیا دوو جۆر باون‌: ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی یان ئارامی، له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌گشتی و شێوه‌زاره‌کانی کرمانجیی ناوه‌ند، کرمانجیی خواروو، هه‌ورامی و لووڕی پێی ده‌نووسن؛ دووه‌میش ئه‌لفوبێی لاتینییه‌، خه‌ڵکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان به‌گشتی و شێوه‌زاره‌کانی کرمانجیی سه‌روو و زازایی، بەهۆی هەژموونی دەسەڵاتەکان و هۆکاری دیکەوە، بە ناچاری پێوەی بەندن.

ئەم دوو ئەلفوبێیەی ئێستە ماون، بۆ زمانی کوردی باشترین و گونجاوترینن. ئەدی لە بەراوردی نێوانیاندا، کامیان باشترە؟ زۆر جار باس لەوە دەکرێت، ئەم ئەلفوبێ ئارامییە بگۆڕین و بیکەین بە لاتینی، گوایە بۆ دەنگەکانی زمانی کوردی باشترە؛ لە بەرانبەریشدا دەگوترێت، نەخێر، ئارامییەکە باشترە و با ھەمووی ببێت بەم. ئەگەر جوان لێیان ورد ببینەوە، ھیچیان بێ گیروگرفت نین و ھەریەکەیان کەموکوڕیی خۆی ھەیە. ئەمە شتێکی ئاسایییە؛ زمانە زیندوووەکانی دیکەی وەک ئینگلیزی و عەرەبییش ئەو کێشانەیان هەن و بە پیتەکانیان ناتوانن ھەموو دەنگێک دەرببڕن.

پێم وایە ئەمەی ئێستە ھەیە، با دەستکاری نەکەین و ھەر شێوەزارە لەسەر ئەلفوبێی خۆی بڕوات. بۆ نموونە، لە شێوەزاری کرمانجیی خواروودا، پیتە قەڵەوەکانی وەک “ڵ” و “ڕ” کە زۆر بەکار دێن، بە “حەوت”ێکی سەروو یان خوارووی پیتەکان چارە بوون، لە کاتێکدا هەمان ئەو پیتانە، بە ئەلفوبێی لاتینی، چارەیان بۆ نەدۆزراوەتەوە. لای ئەوان ئەو پیتە قەڵەوانە دەگمەنن، بۆیە کێشەیان بۆ دروست نابێت. لە بەرانبەردا، کێشەی پیتە بزوێنەکانی وەک: “و، ۆ، ی، ێ” لەگەڵ پیتە سادەکان (کۆنسۆنانت) لە ئەلفوبێی لاتینیدا بە تەواوی چارە بوون؛ لە ئەلفوبێی ئارامیدا، ھێشتا کێشەمان ھەیە، بەڵام زیاتر بۆ ئەوان گرینگە. ئێمە لە پیتی ئارامیدا کە چارەمان بۆ نەدۆزیونەتەوە (لە چەند شوێنێکدا نەبێت)، گرفتی هێندە ئاڵۆزیان دروست نەکردووە.

ئه‌م ئه‌لفوبێیه‌ی پێی ده‌نووسین، کورد و فارس له‌ عه‌ره‌بمان وه‌رگرتووه‌، سه‌رچاوەکه‌ی بۆ ئارامی و فینیقییەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌وانیش له‌ سامییان وه‌رگرتووه‌؛ سامییش له‌ پیتی هیڕۆگلیفییه‌وه‌ هێناویه‌تی که‌ کۆنترین جۆری پیته‌، مرۆڤه‌ سه‌ره‌تایییه‌کان فێری بوون و بۆ زیاتر له‌ 3300 ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

زمانی کوردی، به‌ ڕێنووسی ئه‌لفوبێی ئارامی، بریتییه‌ له‌ 36 پیت و دوو به‌شه‌: پیته‌ ساده‌کان (کۆنسۆنانت)، له‌گه‌ڵ پیته‌ بزوێنه‌کان. به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌:

ساده‌کان (کۆنسۆنانت):

ئـ، بـ، پـ، تـ، جـ، چـ، حـ، خـ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، عـ، غـ، فـ، ڤـ، قـ، کـ، گـ، ل، ڵ، م، ن، هـ، و، ی.

بزوێنه‌کان:

ا، ـه‌، و، وو، ۆ، ی، ێ.

ئه‌گه‌ر تێبینی بکرێت، پیته‌کانی “و”، “ی” له‌ هه‌ردوو به‌شی ساده‌ و بزوێندا باره‌ بوونه‌ته‌وه‌. جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو جۆره‌ له‌ ئه‌لفوبێی ئارامیدا، لێهاتوویی ده‌وێت؛ هه‌ر بۆیه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی گرفته‌کان که‌ له‌ داهاتوودا پێی دەگەین، به‌هۆی ئه‌م بابەتەوە پەیدا بوون‌.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • کاتێک “بە” دەچێتە سەر وشەیەک

    کاتێک “بە” دەچێتە سەر وشەیەک و دەبێتە ئاوەڵکاری ڕوونکردنەوە بۆ کارەکە، ئەوا بە وشەکەوە دەلکێت. وەک: بەدڵنیایی، بەتووڕەیی، بەخێرایی، بەشادی،…

  • چاوگ

    چاوگ، وشەیەکە بۆ دروستکردنی کار و ناو کە لە ڕستەدا کردەوەیەک پیشان دەدات، بەڵام ئەو کردەوەیە ناخرێتە پاڵ کەسێک یان…

  • ژمارە لە ڕێنووسدا

    1- نووسینی ژمارە بە پیت، دەبێت بە سەربەخۆ بنووسرێت و ژمارەکان نەکرێنە یەک وشەی لێکدراو. بەم شێوەیە: 2- ژمارە لەگەڵ…

  • کار

    کار (کردار، فرمان) بەشێکە لە بەشەکانی ئاخاوتن، ڕوودان و کاتی تێدایە. شتێک ڕووی دابێت و کاتەکەشی ڕوون بێت، ڕابردووە یان…

  • خوێندنەوەی کات

    خوێندنەوەی کات، یەکێکە لەو بابەتانەی هێشتا یەکلا نەبووەتەوە. کاتژمێر، ئامێرەکەیە کە کاتی پێ دەپێورێت. زۆرێک لە نووسەران، بە ناچاری لەبەر…

  • قرتاندنی پیت

    قرتاندنی پیت لە زمانی کوردیدا (لە کاتی دەربڕیندا) هەر لە کۆنەوە کورد بۆ خێراگۆیی، بەپێی دەڤەرە جیاوازەکان بەکاری هێناون و…