سەردەمی کۆرۆنا

چ ساتێکی نیوە پڕە. ھەموو شتێک لەبەر چاومدا نیوەیە. کوپی فنجانەکەی بەردەمم، نیوەی تێدا ماوە؛ بۆنی قاوەکەش نیوەیە، ئاخر کیسە لوبنانییەکەم نەماوە، ئەم تورکییە کەمتر بۆنەکەی مەستت دەکات. نیوەی کتێبەکەی بەردەستم تەواو کردووە. بۆنی لاپەڕەکانی نیوەی بۆنی کاغەزی ساڵانی ھەشتا و حەفتای لێ دێ. من لەڕووی بۆنی لاپەڕەشەوە، سەر بە قوتابخانەی کتێبی کۆنم. کتێبەکانی ئەو سەردەمەی چاپی بەیرووت و قاھیرە، نازانم چ شووشە عەترێکیان پێدا ڕشتبوو، ھەر خۆی ئالوودەی دەکردیت و نەیدەھێشت سەری لێ ھەڵبگری. کتێبی ئێستە پێش ئەوەی دەستی بۆ ببەیت، خۆی نایەت باوەش بە دەستتدا بکات..

لەبەر بالکۆنەکە دانیشتووم، ئەودیو پەنجەرەی ژوورەکەم، باران دەنووکی بەسەر بەستی بالکۆن و دارەکانی ئەو دوورەوە نادا، قژی لوول، خاو ناکاتەوە، جەستەی ھیچ خانمێکی تەڕ نەکردووە و نەخشەی ھەوراز و نشێوی ئاشکرا نەکردووە. پاییزێکی نیوەیە، قاوەیەکی نیوە تام و کتێبێکی نیوە تەواوبوو، ژوورێکی نیوە خاڵی و گەڕەکەکەشمان نیوەی ماڵەکانی پڕ کراونەتەوە.

ئازارێک سنگمی داگرتووە، پزیشکەکان دەڵێن ئەویش نیوەیە، ئەوەندەش مەترسیدار نییە، بەڵام من ئەم ھەموو نیوەیە، لەگەڵ ھەزاران نیوەی دیکە، نیوەمی خواردووە.

ژیان بە پڕی یان ھیچ.

نیو پاییز و نیو عیشق و نیو قاوە و نیو شیعر و نیو مووچە و نیو تێربوون و نیو ھەوراز و نیو دەریا و نیو دەوڵەت و ھەزاران نا، ملیۆنان نیوی دیکە. نیو سەرۆکی حیزبیشی ھاتە سەر. ئێمە بەگشتی میللەتێکی نیوەین. ھیچ شتێکمان نەگەیشتووەتە ئۆرگازم، ھیچ کوردێک نەگەیشتووە بەو شتە، بە نیوەیی تەواو دەبین، بە نیوەیی سەر دەنێینەوە.

بڵاوکراوە لێکچووەکان

  • ژانی دوایین منداڵ

    چاوی پڕ بووە لە فرمێسک. ترپەکانی دڵی، خەریکە سنگی شەق دەکەن. ھەناسەبڕکێ زمانی لێ بڕیوە و ئارەق بە گیانیدا دێتە…

  • چێشتخانە

    یەکەم گەشتم بوو بۆ بەیرووت؛ ئەو شارەی پێش ئەوەی ھیچ یادەوەرییەکم لەگەڵیدا ھەبێت، خۆشم ویستووە و لە یادگەمدا، ھیچی لە…

  • شێتە

    ھێشتا مێرمنداڵ بووم، کچێک کە سەرسامم بووبوو (ھەڵبەت دوای کارەساتەکە زانیم حەزی لێم بووە) چەند جارێک پێمی گوت: “شێتە!” جاری…

  • قەرزاری مردوویەک بووم

    تەلەفۆنم کرد: سڵاو، من پارەیەکی ئێوە قەرزار بووم، ویستم بۆتان بھێنمەوە، دوکان داخرابوو. دەنگێکی پڕ و کامڵ و تووڕە وەڵامی…