نە دەستی پێ کرد نە تەواو دەبێ

پێشەکیی كتێبەكە

زمانی گێڕانەوە، ئەگەر بەرزترین ئاستی نووسین نەبوایە، کتێبە ئاسمانییەکان پڕیان نەدەبوو لە چیرۆکی جۆراوجۆری ئامانجدار.
ھەموومان، کۆمەڵێک چیرۆک لە ژیانماندا یان لە خەیاڵماندا ھەن، ھەندێکیان تەنیا بۆ خۆمانی دەھێڵینەوە و ھەندێکی دیکەیشی حەز دەکەین ببیسترێن. ئەو چیرۆکانە بەشێکن لە دروستبوونی کەسێتیمان، ئیدی ڕوویان دابێت، یان بەشێک بن لە زنجیرەی خەیاڵەکانمان. من وەک خوێنەرێک، ھەردەم ئەو بابەتانەی پشتیان بە گێڕانەوە بەستووە، زۆرتر سەرنجمیان ڕاکێشەوە، ئەوە بۆیە زۆر جاریش وەک نووسەرێک، بە تێکھەڵکێش لەگەڵ زمانی گێڕانەوە و چیرۆک، دەنووسم.
ناوەرۆکی ئەم کتێبە، بەشێکن لەو چیرۆکانەی لە ئەندێشە یان ژیانی مندا جێیان ھەبووە و توانیومە بیاننووسمەوە و سەدان چیرۆک و بەسەرهاتیش ماون، لەگەڵ تێپەڕینی کات، دەبێت ڕوو بدەن، یان بچنە ھزرەوە و دواتریش بنووسرێنەوە.
ئەگەرچی ئەوەی چیرۆکنووس دەینووسێ، باسی خۆی و دۆخی ڕاستیی ژیان نییە و زادەی خەیاڵن، بەڵام خەیاڵەکانی ھەر نووسەرێک، ھەڵێنجاوی ژینگەکەی خۆیەتی و لێی بەدەر نییە.
ئایا من چیرۆکنووسم؟ ئایا تەنیا ئەوانەی پیشەیان نووسینی چیرۆک و ڕۆمانە، دەبێت خۆیان لەو بوارە بدەن؟ نەخێرێکی گەورە بۆ وەڵامی ھەردوو پرسیارەکە. ئایا دەکرێ، ھەر نووسەرێک، جار جار بە شێوەی چیرۆک و گێڕانەوە بنووسێت، یان تەنانەت ڕۆمانی ھەبێت، بەبێ ئەوەی ئەوە پسپۆڕییەکەی بێت؟ بەڵێ. مێژوو، ناوی چەندان نووسەری گەورەی تۆمار کردووە کە بەھۆی ڕۆمانێک یان کۆمەڵەچیرۆکێکەوە، ناوبانگیان پەیدا کردووە و لە بنەڕەتدا، وەک نووسەر، ئەوە پیشە سەرەکییەکەیان نەبووە.
لەم ڕوانگەیەوە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوومدا، ژمارەیەک بابەتم لە شێوەی گێڕانەوە نووسیوە؛ ھەندێکیان بە تەواوی دەچنە ژێر خانەی کورتەچیرۆکەوە و ھەندێکی دیکەیشی ڕەنگە بچنە خانەی یاداشتنامەوە. من زۆر گوێ بەو پۆلێنانە نادەم. ئایا دەقێکی داھێنەرانەیە یان نا؟ تەنیا ئەوە گرینگە. لەم کتێبەدا، بەشێکی زۆری بەرھەمەکانم کە لە ڕابردوودا بەم شێوەیە نووسیوە، داناوە.
لەبەر ئەوەی مێژووی نووسینی بابەتەکان بۆ تەمەنی جیاواز دەگەڕێنەوە، بەلاتەوە ئاسایی بێت، ئاستەکانیشی جیاواز بن، یان تەنانەت بۆچوونی دژبەیەکیشی تێدا بێت. وەک نووسەرێک، پێم باشترە ئەرشیڤەکەم کۆ بکەمەوە و بڕیار بدەم کامەی بخەمە ناو کتێبەوە و کامەی تریان لا ببەم، ئاخر دوا جار، ھەر ئەوە دەبێتە پێناسەمان کە لە کتێبدا جێمان کردوونەتەوە، وێڕای بڵاوکراوە جیاوازە چاپکراو و ئەلیکترۆنییەکانی دیکە.

error: Content is protected !!