تاوانی پیرۆز، نۆیەم كتێبی نووسەرە و سێیەم كاری ئەدەبیی چاپكراوییەتی پاش كۆمەڵەچیرۆكی “نە دەستی پێ كرد، نە تەواو دەبێ” و وەرگێڕان بۆ ڕۆمانی “ئەوان چاوەڕێی كازیوەن” كە ژاندۆست، ڕۆماننووسی ڕۆژئاوای كوردستان نووسیویەتی.
ئەم ڕۆمانەی كوردۆ شابان، ماوەی شەش ساڵ بە شێوەی پچڕ پچڕ كاری تێدا كردووە و خۆی لە دووتوێی 592 لاپەڕە دەبینێتەوە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زینەوە چاپ كراوە.
ڕۆمانی تاوانی پیرۆز، ڕیالیزمە و پشتی بە تەكنیكی نوێ و فۆرمی مۆدێرن بەستووە و باس و خواسەكانیش بۆ ساڵانێكی زۆر نزیک دەگەڕێتەوە و كە لە نێوان كۆمەڵایەتی، ئەڤین، سیاسی، نەتەوەیی و بیری فەلسەفیدا ڕووداو و ئەندێشەكان جێیان بووەتەوە. ڕۆمانێكی فرەپاڵەوانە، سێ پاڵەوانی سەرەكی و چەند پاڵەوانێكی لاوەكی تێدان.
ڕۆمانەكە لەلایەن دلاوەر ڕەحیمی، نووسەر و ڕەخنەگر ئیدیت كراوە و بە ڕای بەشێک لە ڕەخنەگران كە بابەتی ڕەخنەیی جۆراوجۆریان لەسەر نووسیوە، بەرهەمێكی چڕ و پڕە و جێی بایەخە.