چێشتخانە

یەکەم گەشتم بوو بۆ بەیرووت؛ ئەو شارەی پێش ئەوەی ھیچ یادەوەرییەکم لەگەڵیدا ھەبێت، خۆشم ویستووە و لە یادگەمدا، ھیچی لە پیتەرسبۆرگ کەمتر نییە. چوومە چێشتخانەیەکەوە. ئێوارەیەکی سارد بوو، ناوەوە تەواو گەرم بوو؛ بەشێوەیەک، پێش ھەموو شتێک، پاڵتۆکەم داکەند. کیژۆڵەیەک لێی وەرگرتم، کورسییەکەمی ڕاکێشا تا لەسەری دابنیشم، ئینجا بەرانبەرم وەستا، بە لەخۆبوردەیییەکی ماقووڵ و زەردەخەنەیەکی لەو جۆرەی مرۆڤ ھێور دەکەنەوە، گوتی: بەخێر بێیت. سوپاس چێشتخانەکەی ئێمەت پێشنیاز کردووە. جارێ پشووەیەک بدە دێمەوە لات. من ستیڤانم، تا لێرەیت، بەردەوام لەگەڵت دەبم. نەمدەزانی ئەمە مانای وایە، ئیدی ئەو خانمە بە منەوە سەرقاڵ دەبێت تا لە خواردن تەواو دەبم.
کەمێکی دیکە بە کۆمەڵێک پرسیارەوە ھاتەوە. بە زەردەخەنەیەکی جیاوازتر، وەک بڵێی ئیدی بووینەتە ھاوڕێ: دەتەوێ جۆری خواردنەکانمانت پێ بڵێم، یان جارێ خواردنەوەیەکی گەرم دەخۆیتەوە؟ ـ سوپاس، یەکسەر نان دەخۆم. تکایە مینۆی خواردنەکانم بۆ بێنە، نەوەکا لە ناوی خواردنەکان تێ نەگەم. بەسەر چاو، پێشنیاز دەکەم بچن دەستتان بشۆن، تا دێنەوە لەسەر مێزەکەتاندا دانراوە.
دوای گفتوگۆیەکی چڕ، خواردنی بۆ ھێنام. بۆ ھەر خواردنێک کە ھەڵم دەبژارد، دەستخۆشیی دەکرد کە بژاردەکەم گونجاوە، ئینجا پێشنیازی خواردن یان خواردنەوەیەکی دەکرد کە لەگەڵیدا گونجاوە. خواردنەکانی دانا و قاپێکی خستە بەردەممەوە و خواردنەوەی تێ کرد. بەدیارمەوە ڕاوەستابوو، خوانەکا قومێکم لێ بدایە، یەکسەر تێی دەکردەوە. نان تەواو بوو. دانوستانێکی درێژی دیکە دەستی پێ کرد، تا بزانێت شیرینییەکەی دوای خواردن چۆن بێت. چاکە ھێلی تێدا بێت یان دارچینی، یان نازانم دەیان بژاری دیکە، ئێستەیش نەمزانی چیین.
بەھەر حاڵ، من و ئەو چێشتخانەیە و ستیڤان خان کە خوێندکاری دوا قۆناغی زانکۆ بوو، زیاتر لە دوو دەمژمێری خایاند. کۆتاییی گرێبەستەکەمان کە پارەدانە، بریتی بوو لە ٢٥ دۆلار، پێنج دۆلاریش بەخشش.
چێشتخانەکانی خۆمان، فێری ئەم شتانە نەبوون. دوو خاڵی تێدا ھەن، لای من زەقن: گرانن و لەجیاتیی میوان بڕیار دەدەن. دەچیتە چێشتخانەیەک کە گوایە چوار یان پێنج ئەستێرەیە. ھەر ئەوەندە دانیشتی، بەبێ ئەوەی بپرسێ چی دەخۆیت، ڕیزێک قاپە خواردن بەناوی پێشخوان (مقبلات) دەخەنە بەردەمت. کابرایەک بەھەڵەداوان سەفتەیەک مینۆ فڕێ دەداتە سەر مێزەکان. دوای نیو خولەک، بە قەڵەم و کاغەزەوە: چی دەخۆن؟ ھێشتا نوونی دەخۆن تەواو نەبووە، نەڕەی لێ بەرز دەبێتەوە: ئەو سێ نەفەر کەبابەی مێزی چواردە نەگەیشت؟ بەپێی مینۆکە داوا دەکەیت: کەڵەشێر. ـ ببوورە نەماوە. دەباشە نیو قۆزی بە برنجی کوردی. ـ برنجی کوردی نییە. بەھەرحاڵ ناچاریت شتێک داوا بکەیت. ھێشتا تیکەت لێ نەداوە، وەسڵەکە دەخاتە سەر مێزەکەت. کاتێک تەماشا دەکەیت، نرخێکی ھێندە گرانی بۆ داناویت، ڕێک نیوەشی زۆرە. لەبەردەم مێزی پارەدانەکە، ھەمووی خەریکی ددانپاکردنەوە و تفکردنەوەی گۆشتی نێوان ددانەکانیانن. ئاخر چیلکەکە لەوێیە. پیسوچەپەڵی خاڵی سەرەکیی ھاوبەشی زۆربەی چێشتخانەکانمانە.
چوومە چێشتخانەیەک، کابرا کە حەوت مێزی تری وەرگرتبوو، ھاتە لای منیش، کاکە فەرموو؟ چیتان ھەیە: بە خێرایییەکی پێوانەیی وەک گڤڤەی با: قۆزی، نیو قۆزی، تشریب، تککە، کەباب… لەسەرەی کەبابدا، بەپەلە: دوو شیش کەباب. ھەڵی دایە: نا یەک بەسە، دوو زۆرە. ـ کاکە تۆ حەقت چییە، بیھێنە و تەواو، فڕێی دەدەم. لەم ڕۆژانەشدا لە سلێمانی، چووینە دوکانێکی لەفە. پێنج کەس بووین، دواتر کە پارەم پێ دا، زۆر ھەرزانتری کرد. گوتم: کاکە ھەڵە نیت؟ ـ نەخێر، تۆ داوای لەفەی دەبڵت کردبوو، بچووکم بۆ دانایت، بەم شەوە خراپە! گوتم: ئاخر تۆ دایکمی، پزیشکی تەندروستیی خۆراکیت، چیت؟
نیسانی ٢٠٢١

error: Content is protected !!