تەلەفۆنم کرد: سڵاو، من پارەیەکی ئێوە قەرزار بووم، ویستم بۆتان بھێنمەوە، دوکان داخرابوو. دەنگێکی پڕ و کامڵ و تووڕە وەڵامی دامەوە: کەی کاتی ئەوەیە، کوڕەکەم لە نەخۆشخانەیە!
ئەم دەنگە، ھەرگیز لەو پیاوە نەدەچوو کە شەوێکیان لە نیوەی مانگی سێی ئەمساڵ، تایەی ئۆتۆمبێلەکەمی گۆڕی! دەبێ ئەو کوڕەی لە نەخۆشخانەیە کێ بێت؟
جا چییە ئەوپەڕی نەخۆشە، ئەوەی دەویست! تۆ بڵێی بابەتەکە لەوە گەورەتر نەبێ، بۆ نموونە نەشتەرگەرییان بۆ کردبێ؟ بۆ کێ؟
چەند ڕۆژێکی دیکەی پێ چوو، تەلەفۆنم کردەوە، داخرابوو! بۆ نەورۆز، بە ھەمان ڕێگەدا ڕۆیشتم بۆ سلێمانی، ھەر نەکرابووەوە. لە ھاتنەوەش بە ھەمان شێوە. من کەس ناناسم، چۆن ئەو چل ھەزار دینارە بدەمەوە بەو کوڕە؟ دیسان پێوەندیم پێوە کرد، وەک خۆی بوو. ئیتر بە نائومێدی وازم ھێنا، ئەگەرچی لەسەر دڵم بووە گرێ، ئاخر من قەرزاری کەسێکم و دەبێ بیدەمەوە.
ڕۆژ و مانگ تێپەڕین. چوار مانگی بەسەردا چوو. سەرەتای ئەم مانگە، لە ڕێگەدا کە لە سلێمانییەوە بەرەو ھەولێر دەھاتمەوە، لە سماقۆڵی، دوای ئەوەی بەنداوەکە بەجێ دەھێڵی و بازگەکانی دیاریی شەڕی براکوژیی یەکێتی و پارتیش تەواو دەکەی، دوکانێکی فیتەریم لە ڕێگەدا بینی، لێم پرسی: ئەرێ ئەو دوکانەی تر بۆ داخراوە؟
– بڕۆ، ئێستە کراوەتەوە. ئەوە کوڕێکیان مردبوو!
دوکانەکەی دیکە کە ھەمان ئەم کارە دەکات، کەمێک لەم دوورترە، لەو ماوەیەدا تا گەیشتم، سەد پرسیارم لەخۆم کرد و تامەزرۆ بووم تا بگەمە لای.
– سڵاو، خوا قوەتت بدات. من پێش نەورۆز، بەم ڕێگەیەدا دەھاتم، لەپڕ تایەیەکی ئۆتۆمبێلەکەم تەقی، ھەرچۆنێک بێت گەیاندمە لای چایخانەیەکی نزیک ئاوەکە، لەوێ ژمارەی فیتەرێکیان دامێ، ھات و ئۆتۆمبێلەکەی بۆ چاک کردمەوە، بەڵام من پارەم پێ نەبوو، لەبری ئەوە، مۆڵەتی شۆفێرییەکەی لێ وەرگرتم. لەو کاتەوە دەمەوێ بێم، نە تەلەفۆن کراوە بوو، نە دوکان!
– ڕاست دەکەی، ئەو مۆڵەتە ھیی تۆ بوو؟ ئەوەتا لای پۆلیس
– بۆچی لای پۆلیسە؟
– ئاخر براکەم ڕووداوی ھاتوچۆی کرد، بەپەلە بردمان بۆ نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی ھەولێر، لەوێ پۆلیس ھەموو شتەکانی پشکنی، کاتێک ئەو مۆڵەتەی بینی، بردی.
– ئەی باشە براکەت کوا، با پارەکەی بدەمەوە و پێشم بڵێت لای کام بنکەیەیە تا مۆڵەتەکەم وەربگرمەوە؟
– براکەم گیانی سپارد!
تەزوویەکی سڕ بەگیانمدا ھات، لەجێی خۆمەوە شل بووم و ناوچاوانم گرژ بوو، نەمزانی چی پێ بڵێم! تۆ بڵێی ئیشی بەو پارەیە نەبووبێ؟ تۆ بڵێی ڕۆژێک نەبووبێ، منداڵەکەی پێویستی بە شیر بووبێ یان ھاوسەرەکەی نەخۆش نەبووبێ! تۆ بڵێی ئەگەر ئەو پارەیە لە گیرفانی بوایە، ئەو ڕێیە دوورەی بە خێرایی نەبڕیایە و تووشی ڕووداو نەبوایە؟
– خێزاندار بوو؟
– دەستگیراندار بوو!
٢٠١٧