یەکێک لەو شەوانەی خەیاڵەکانی مێشکم و بیرکردنەوەکان، ڕێگر بوون لەوەی وەنەوزێکیش بدەم. کەمێک بە تی ڤی و کەمێکی تر لەسەر نێت خۆم دەخافڵاند و جار جاریش بە خوێندنەوەی کتێبێک کە ھەر لەم گەشتەمدا کڕیبووم، ھەنگام بەکات دەنا، بەڵام ئەوەندەی تر سەرم قاڵ دەبو، درۆ نییە بڵێم باش تێشی نەدەگەیشتم.
کێشەیەک کەوتە گەشتەکەمانەوە و فڕۆکە نەفڕی. پێشتریش بە ھیچ جۆرێک ئاگەداریان نەکردینەوە. لە فڕۆکەخانەی “حەریری” سێ دەمژمێر دانیشتبووم، ئینجا ئەمەشیان پێ گوتم.
ئێمەی ڕۆژھەڵاتی، لە سووکایەتی بە کاتی زێڕینی یەکدی، لەسەر ئاستی بچووک تا باڵا، بەڵاین.
چی بکەم؟ گەشتی داھاتوو کەیە؟ گوتیان دوو ڕۆژی دیکە، دەمژمێر دوازدەی نیوەڕۆ، گەشتی داھاتووی بەیرووت- ھەولێرە، یان گەشتی ترانزێت بەیرووت- عەممان- ھەولیڕ ھەیە. ئەویان ئەم ئێوارەیەیە. لەبەر یادەوەرییەکی پێشتری ناخۆش لەگەڵ شاری عەممان، ئەویانم ھەڵنەبژارد.
دەستم برد بۆ گیرفانم، تەنیا سەت دۆلارم پێ ماوە. بە ھیچ شێوەیەک بەشی دوو ڕۆژ ناکات.
شۆفێرێکی تاکسیی سووری کە لە بەیرووت کاری دەکرد، بەھۆی زۆریی ھاتوچۆکانم لەگەڵی و داشکاندنی نرخەکەی لەبەر من، بووینە ھاوڕێ. تەلەفۆنم بۆ کرد: سڵاو حوزەیفە، دەتوانی بێیت بۆ فڕۆکەخانە بەشوێنما؟
– چما کەی چوویتە فڕۆکەخانە، بۆ پێمت نەگوت بتگەیەنم؟
– ئێستە کاتی ئەوە نییە، دێی؟
– سێ چارەکی تر لای تۆ دەبم.
ھات. چوومەوە بۆ ھۆتێلەکەی تا ئێستە تێیدا بووم. ھۆتێلێکی پێنج ئەستێرە بوو.
لەپێش دەرگەی ھۆتێل، پێش ئەوەی دابەزین، ئینجا بیرم ھاتەوە، خۆ من پارەم پێ نییە، نرخی شەوێکی لەوە زیاترە کە ئێستە لە گیرفانمدایە.
دانەبەزیم. ھاوڕێ شۆفێرەکەم تێ گەیاند. گوتی: بڕۆ دەچینە ھۆتێلێکی دیکە. سێ ئەستێرەیە، بەڕێوەبەرەکەیان خزممە، دەتوانین پارەی نەدەینێ؛ کاتێک گەڕایتەوە بۆ ھەولێر، بۆم ڕەوانە بکە.
وام کرد. ھۆتێلێکی کۆنە، بەڵام ڕازاوەیە. ڕەنگە لە سەردەمی خۆیدا پێنج ئەستێرە بووبێت. لەوانەیەئ تەمەنی پەنجا ساڵ زیاتر بێت.
ھەرچیم دەکرد، نە کاتم لێ دەڕۆی، نە خەوم لێ دەکەوت. ھۆدەکەم جێ ھێشت، تا بچمە ھۆڵی پێشوازیی ئۆتێلەکە، بەڵکوو کەسێک ببینم، کەمێ گوتووێژ بکەین.
مرۆڤ تا تەنیا نەبێت، نازانێت چەندە کارەساتە، کەسێک نەبێت لەگەڵی بدوێی. یان چەند کارەساتە، لە غەریبیدا بیت و نەتوانی بە زمانی خۆت وشەکانی ناخت بخیتە سەر لێوتەوە.
کاتێک ھاتمە خوار، لە لۆبیی ھۆتێلەکە، ھێندەی تەواوی کورسییەکانی دانراوە، شتێک کەمتر، ژنی تەمەنی خوار بیست ساڵ بۆ سەروو چل ساڵ دانیشتوون. کەس نادوێت. چاو جەنجاڵی دەبینێت، بەڵام گوێ ھەست بە کپییەکی ناخۆش دەکات. تەنانەت لە دانیشتنی پرسەشدا، دەنگی گریان، زیندوێتی دەردەخات. لەم دانیشتنە، ھەموویان ڕەنگی مردوویان لێ نیشتووە، ئەگەرچی بە تەواوی خۆیان ڕازاندووەتەوە و دیسان ئەگەر ھەر چاو بڕیار بدات، وا دەزانی بۆ ئاھەنگ ھاتوون.
جلە نیمچە ڕووت و ماکیاجە تۆخەکەیان، گومانێکی تێمدا دروست کرد. ئەگەرچی جێی دوو کورسی مابوو، بەڵام لەناویاندا دانەنیشتم.
یەک کارمەندی ھۆتێل، لە پێشوازییەکەدا مابوو. سڵاوم لێ کرد، بە نیازی ئەوەی ھۆی دانیشتنی سامناکی ئەو ژنانەم لەوێ بۆ ڕوون بکاتەوە.
– ببوورە ئەوانە ھەموویان داوا کراون. ئەگەر دەتەوێ، ئێستە تەلەفون دەکەم بۆت بێننن. حەز دەکەی تەمەنی چەند بێت؟ ئەسمەر بێت یان سوورە؟ لاواز بێت یان خڕتەڵە؟ مەمکی گەورە بێت بێت یان تازەپێگەشتوو…؟
بەو وەڵامەیدا کە زانیارییەکانی زۆر زیاتر بوو لە پرسیارەکەی من، ھەموو شتێکم بۆ ڕوون بووەوە.
– دەتوانم پرسیاریان لێ بکەم؟
– کەیفی خۆتە، بەڵام ناتوانی رێکەوتنی ژوان لەگەڵ ئەوان ببەستیت. ئەوان تەنیا ئیش دەکەن، بۆیان نییە خۆیان ژوان ببەستن. ئەگەر ویستت، بەخۆم دەڵێی.
نەمزانی کوردی ڕۆژئاوایە. تا ئەو کاتەی گوتی: پسمام ئەز دێ ب کەیفا تە کچکەکا لاو دینم.
تێیم گەیاند نامەوێ و تەنیا وەک ڕۆژنامەنووسێک حەز دەکەم ھەندێک پرسیاریان لێ بکەم.
چوم لە لۆبییەکە، لە ڕیزی ئەوان دانیشتم.
وردە وردە لەناو ئۆتێلەکەوە، میوانەکان (بە رەشتاڵەیییەکەیاندا دیار بوو، خەڵکی کەنداو بن) یەک یەک دەھاتن. ھەر یەکەیان، ئەو خاتونەی داوای کردبوو، پێشی خۆی دەخست و دەچوونە سەرەوە.
لە نزیک خاتوونێکیان کە تازە جگەرەیەکی تەواو کردبوو، ھەر بەو، دانەیەکی دیکەی داگیرسان و زۆر بە قووڵی ھەڵی دەمژی. بەتیلی چاو (زۆر بێبایەخانە) سەیری کردم، پێش ئەوەی چاوی لابات، لێم پرسی:
– خۆشحاڵی بەم کارەت
بەپێکەنینێکی دروستکراوەوە کە منداڵێکی بێئەزموونیش دەیزانی ئەوەی دوای پێکەنینەکە ڕاست نییە،گوتی کێ ھەیە پێی خۆش نەبێ، ھەر شەوە لەگەڵ چەندان پیاودا بێت؟
-کەس نییە ئەوەی پێ خۆش بێت، تەنانەت تۆش. (ویستم ئاوا بە ڕاستەوخۆیی، پێی بڵێم باوەڕ بە قسەکەت ناکەم.)
دیسان ئاوڕی بۆ دامەوە. قوومێکی قووڵی لە جگەرەکەی دا، بە کزی چاوی ترووکاند و بە قووڵتر سەیرمی کرد. ئەو ژنانە، لە ڕووی ناسینی کەسێتییەوە، ڕەنگە لە پسپۆڕێکی دەروونشیکاری زیرەکتر بن، ھەڵبەت بۆ ناسینی جۆری پیاو. منی ناسییەوە لە کام جۆرەم، پێ دەچێت لەو جۆرە بم کە شتێکی دیکەم پێ ببەخشێت جگە خوارووی ناوکی، بەڵکوو سەرترین شوێنجی جەستەی، ئەویش فرمێسکەکانی بوو، دڵۆپ دڵۆپ ھاتنە خوار و کۆنتڕۆڵی چاوی ئیدی لەدەست دا.
دەمی پڕی قسە بوو. ھیچیانی نەگوت. چەندان جار حەزی دەکرد بیڵێ و دەمی دادەخستەوە.
زۆری نەبرد، کارمەندی ئۆتێلەکە پێی گوت: حازر بە، ھاتەخوار. خێرا پەڕۆیەکی دەرھێنا و فرمێسکەکانی سڕی. سوراوەکەی تازە کردەوە و بۆنێکی زۆر تیژی لەخۆی دا.
پێش ئەوەی بڕوات، ڕووی لە من کرد: تۆ کوردی؟
– بەڵێ، بەڵام…
نەیھێشت بەڵامەکە تەواو بکەم کە دەمویست بڵێم: چۆن دەزانێ کوردم، پەنجەی بۆ ڕاوەشاندم و گوتی: “تەنیا لای ئێوە ماوە” و ڕۆیشت.
دونیایەک پرسیاری لە مێشکمدا دروست کرد. نەمزانێ چۆن لە کورد تێ گەشتوە. ھەستم کرد ئەرێیی بێت.
لە بێزاریدا ھاتە خوار، بە بێزارتر ھەستام تا بڕۆمەوە بۆ ژوورەکەی خۆم. ڕوو کردە کارمەندی ھۆتێلەکە و گوتم: تاوانە بەم سێی شەوە، سەیریان بکە، ھەموو خەویان دێ بۆ ئیشیان پێ دەکەن.
– پسمام، ڕزقی خوا ھات، تاوان نییە بە دەستی خۆمان دەرگای لەسەر دابخەین؟ خوا بەندەی خۆی فەرامۆش ناکات بەڵام بەندەش دەبێت کەمێک ماندوو ببێت.
خوا..
ئەوەی لە مزگەوت، کڵێسا و تەواوی پەرستگەکاندا رووی تێ دەکەن؟ ئەوەی دۆزەخی دروست کردوە بۆ ئەوانەی نایناسن و، باوەڕیان پێی نییە. ئەمان ھەموویان خوا دەناسن. نوێژخوێنەکانیش. ئەم ھەموو ڕێگەیە چییە خوا بۆ گەشتنی لای خۆی دروستی کردووە.
ئاداری ٢٠١٢