کێ ڕۆشنبیرە؟

پیاوێک دانیشتووە، لەودیو چاویلکەکەیەوە خەریکی خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامەیەی دەستییەتی، ئەوانەی کە لە چواردەوری دانیشتوون، چاوەڕێن دەمنادەم، تێچینێکی خۆی لەسەر ئەو زانیاری و ھەواڵانە بدات کە دەیانخوێنێتەوە. ئەمە دیمەنێکی باوی کەسێکی ناسراو بە “ڕۆشنبیر”ـە لەنێو خەڵکیدا.

دیمەنێکی دیکەش، بریتییە لە گفتوگۆی نێوان چەند کەسێک، تەمەنیان جیاوازە، بەڵام ھەرکەسە بە پێی تێگەیشتنی خۆی، لەسەر کتێبێک دەدوێن. یان لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر خەریکی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ڕاکانیانن لەسەر بابەتێکی ھزری و کۆمەڵێ دەستەواژە بەکار دەھێنن کە دەبێ لە فەرھەنگەکاندا بۆی بگەڕێی تا بزانی باسی چی دەکەن.

لەنێوان ئەم کەسانەدا، کەسێکی سادە دەپرسێ: من چۆن لەو بازنە ڕۆشنبیرییانەدا جێم ببێتەوە؟ زۆر جار لە گفتوگۆکاندا نادوێ، نەبادا قسەکانی شایەنی گوتن نەبن و لەناو ئەو چواردەورە ڕۆشنبیرەدا، تەریق ببێتەوە؛ ھەروەھا ناتوانێ یاری بە وشەکانی بکات، تا ئەگەر لە شتێک شارەزاییشی نەبوو، بتوانێ قسەیەکی ھەر لەسەر بکات، بەڵام بۆچوونی خۆشی بۆ شتەکان ھەیە و بەشی خۆی زانیاری پێیە؛ بیرۆکەی تایبەتیشی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێ لایە. کەواتە،‌ بۆ ئەوەندە گرانە وەک ئەوان قسە بکات؟ ئایا ئەمیش دەتوانێ بە خۆی بڵێ ڕۆشنبیر؟

ھەردەم کەسە سادە و ئاسایییەکانی کۆمەڵگە، ئەوانەی وتار و ڕاپۆرتەکانیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو نابنەوە، یان لە تەلەڤزیۆنەکان دەرناکەون و لە گفتوگۆی فیکری بەشداری ناکەن، پرسیار دەکەن: چی بکەن بۆ ئەوەی ببن بە ڕۆشنبیر؟

خۆی جارێ ئەوەش یەکلا نەبووەتەوە، ئایا وشەی “ڕۆشنبیر”، ھەمان واتای وشەی “مپقف”ی عەرەبی و “Cultured”ی ئینگلیزی دەدات؟ بەڵام لە کۆی گشتی ئەوەیان گرینگە، کام پێناسەیە بۆ ڕۆشنبیر دروستە؟ ڕەنگە خێراترینیان ئەوە بێت کە دەگوترێ: ڕۆشنبیر بە شێویەیەکی شارستانی دەدوێ، بیر دەکاتەوە و ڕەفتار دەکات.

پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە، چی دەگەیەنێ ئەگەر تۆ کەسێکی ڕۆشنبیر بیت؟ ئایا پێوەندی بەوە ھەیە، زۆر بخوێنیتەوە؟ یان لەسەر کتێب و بڵاوکراوەکان زۆر شارەزا بیت؟ تەنانەت ئەوانەی تەنیا ناونیشانەکانیانت لەبەرە و لەو ڕۆژەی کڕیوتن، لە ماڵەوە داتناون و لاپەڕەیەکیت ھەڵنەداوەتەوە؟ یان ئەوەیە کە تێگەیشتنێکی گشتیی خۆت بۆ بۆچوونە فیکرییەکان ھەیە؟

“ئانتۆن چیخۆڤ” ئەدیبی مەزنی ڕووسی، ھەمان ئەو پرسیارەی لە “نیکۆلای” براگەورەی خۆی کرد، دواتر لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا نامەیەکی بۆ نیکۆلای نارد کە ئەو تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو، ئەو نامەیە و چەند نامەیەکی تر بۆ تەواوی خانەوادەکەی کە بە ناوی “چەند نامەیەک بۆ خانەوادە” بڵاو کراوەتەوە، یەکێکە لە کتێبە پر فرۆشەکانی دونیا. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٨٦ لە مۆسکۆ بڵاو کراوەتەوە. تێیدا چیخۆڤ، پاروویەکی چەوری لە خۆشەویستی ڕاستەقینە، پێشکەشی ھەموو ئەو کەسانە کردووە کە ناسناوی “ڕۆشنبیر”یان پێوەیە. پڕییەتی لە پێناسەی گرینگ و جوان.

“تۆ ھەردەم  گلەیی دەکەیت کە کەس تێت ناگات؟ بەڵام خۆ ھەرچیت پێ بێت لەوانەی “گۆتە” و “نیوتن” قورستر نین، بۆچی ئەوان ئەو گلەیییەیان نەبوو؟ تەنیا عیسا و پەیامھێنان ئەو گلەیییەیان کردووە کە خەڵک لێیان تێ نەگەیشتوون. ئەوەی ئەوان سەبارەت بە بیروباوەڕ و بنەڕەتییەکان بووە، نەوەک لەسەر خۆیان. دڵنیابە، ڕەنگە خۆت لە خۆت تێ نەگەی، بەڵام خەڵک باش تێت دەگەن، بۆیە ئەوە کێشەی ئەوان نییە”.

ھەروەھا چیخۆڤ بە نیکۆلای دەڵێ: وەک برا و ھاوڕێ، دڵنیات دەکەمەوە کە باش تێت دەگەم و لە ھەستەکانیشت شارەزام، ھەموو تایبەتمەندییە باشەکانت، وەک پەنجەکانی دەستی خۆم دەناسمەوە، ڕێزیشم ھەیە بۆ ئەو تایبەتمەندیانەت؛ ئەگەر دەشتەوێ بۆت بسەلمێنم کە ڕێزم بۆ ھەست و نەست و تایبەتمەندییەکانت ھەیە، دەتوانم ھەموویانت بۆ بژمێرم. دەزانم بە شێوەیەک بەبەزەیی و بەخشندەی، نەرمی لەگەڵ ھەموو شتێک دەنوێنی، کەسایەتییەکی بەرزت ھەیە، حەز لە جووڵاندنی ئەو شتانە دەکەی کە دەتەوێ بیورووژێنی، ئامادەی ھەموو شتێکیشت لەگەڵ بەرانبەرەکەتدا دابەش بکەیت، کەسێکی حەسوود و دووڕوو نیت، دڵپاکیت، تەنانەت بەرانبەر ئاژەڵیش بەزەیی دەنوێنی، شایەنی بڕواپێکردنی، ھیچ کینەیەک لە دڵ ناگری، ئەو خراپانەی بەرانبەرت کراون، لەبیری دەکەی… ئەمانە و زۆر بەھرەی ترت لە خواوە پێ بەخشراوە کە بە ھەموو کەس نەدراوە.

کاتێک خوا بەھرەت پێ دەبەخشێت، لە نێوان ملیۆنان مرۆڤدا جیا دەکرێیتەوە. لە نێوان ھەموو دوو ملیۆن کەسدا، یەک ھونەرمەندی ڕاستی ھەیە. بەھرەدار، تەنانەت ئەگەر بۆقێک یان جاڵجاڵۆکەیەک بێت، لای خەڵکی جێی ڕێزە. ئەمانە ھیچی گرفتی بۆ تۆ دروست نەکردووە، تاکە گرفت کە لە تۆدایە، کە ھۆکاری دڵتەنگییەکانتە و ھەردەم  ھەست دەکەی خەمباری. گرفتی تۆ تەنیا ئەوەیە، ھیچ ڕۆشنبیرییەکت نییە. براکەم، تکایە ببوورە کە وا دەڵێم، بەڵام وەک دەزانی، ژیان مەرجی خۆی ھەیە، بۆ ئەوەی بە دڵنیایی بژی، پێویستە فێر بیت، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لەگەڵ خەڵکیدا ڕەفتار بکەیت، پێویستە بەشی خۆت ڕۆشنبیریت ھەبێت.

ئەو بەھرانەی کە پێشتر بەشێکیم ڕیز کرد و لە تۆدا ھەن، لە بازنەیەک داتدەنێ، بەڵام ناتوانی سوودیان لێ بکەیت، چونکە تەنیا ڕۆشنبیرەکان سوود لەو بازنەیە دەکەن کە تێیدان.

بە بۆچوونی من، ڕۆشنبیر پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت:

یەکەم: ڕێزگرتنی لایەنی مرۆیی کەسایەتی، ھەر بۆیە ھەردەم  ڕۆشنبیران دەم بە خەندە و بەڕێزن و ھەردەم  ئامادەن بۆ بەخشین. ڕۆشنبیران بەھۆی چەکوچێک یان شتێکیان کە بزر کردبێ، ھاوار ناکەن و شەڕ ناکەن، کاتێک لەگەڵ کەسێک دەژین، وای نیشان نادەن کە ئەو کەسە دەبێ سوپاسگوزار بێت کە لەگەڵیاندا دەژی، کاتێکیش دەڕۆن، ناڵێن: کەس توانای نییە لەگەڵ تۆدا بژی. رۆشنبیران لەو وردە کێشە و ساردییانە، دوای ڕۆشتن دەبوورن.

دووەم: بەخشینەوەی بەزەیی. ئەمە تەنیا بۆ سواڵکەر یان پشیلەیەک نییە، بەڵکوو ڕۆشنیران، ئامادەن بێداریی شەو ببینن، تەنیا بۆ ئەوەی ھاوکاریی کەسێک بکەن. ئامادەن تێچووی زانکۆی خوشک و براکانیان بدەن، جل بە دیاری بۆ دایکیان دەکڕن… چەندان نموونەی تر.

سێیەم: ڕۆشنبیران، ڕێز لە کەرەستەی تایبەتیی خەڵک دەگرن، کاتێکیش بە قەرز پارە یان شتێکی کەسێکیان دەکەوێتە لا، وەک خۆی دەیگەڕێننەوە.

چوارەم: رۆشنبیران دڵسۆزن، وەک چۆن لە پشکۆی ئاگر دەترسی، ئاوا لە درۆ دەترسن و توخنی ناکەون؛ تەنانەت ئەگەر لە شتی زۆر بچووکیش بێت. کاتێک قسەکەر درۆ بۆ گوێگر دەکات، ئەوە سووکایەتی پێ دەکات و لە پلەیەکی خوار خۆی دای دەنێت. ڕۆشنبیران ڕووکەشیان نییە؛ لەناو خەڵکی گرینگ، خەڵکی سادە و لەناو ماڵیش، ھەر ئەوەن کە ھەن؛ خۆیان بەرانبەر ھاوڕێکانیان نمایش ناکەن، بەتایبەتی ئەوانەی پلە و پێگەیان لە خوار خۆیانە، زۆر بڵێ نین. ڕۆشنبیران، ھەرگیز ئەو ئەرکەی دەیخەنە سەر شانی خۆیان، نایخەنە سەر شانی ئەوی تر، لەوپەڕی ڕێزیشیانە بۆ بەرانبەرەکەیان کە ھەوڵ دەدەن زۆرترین کات بێدەنگ بن.

پێنجەم: ڕۆشنبیران خۆیان بچووک ناکەنەوە، تاوەکوو بەزەییی بەرانبەرەکەیان دەست ‌بکەوێ. لەسەر جووڵاندنی ھەستی ئەوی دیکە کار ناکەن تا توڕە و بێزاریان بکەن، بۆیە ناڵێن: تکایە قسەکەم بە ھەڵە تێ مەگە؛ ئەوە ھەوڵێکی نزمە بۆ دروستکردنی کاریگەری. بەدەست لووتبەرزییەوە ناناڵێنن. بە ڕووکەشی ساختەی کەسە ناسراوەکان ھەڵناخەڵەتێن. بێز لە تەوقەکردن لەگەڵ سەرخۆشێکدا ناکەنەوە.

شەشەم: کاتێک گرێبەستێک واژوو دەکەن، یان لە شوێنێکی باش کار دەکەن، ئیتر لەخۆبایی نابن. ھەرگیز خۆیان پێش خەڵکی ناخەن. ھەردەم  بەھرەمەندی ڕاستی، خۆی دوور دەگرێ لە خۆھەڵکێشان. بیریشت نەچێ، بەرمیلێکی خاڵی، دەنگدانەوەی لە بەرمیلێکی پڕ زیاترە.

حەوتەم: کەسانی ڕۆشنبیر، ئەگەر بەھرەیەکیان ھەبێت، ڕێزی دەگرن، لەپێناو بەھرەکەیان، تێکەڵی ئەو دانیشتنانە نابن کە تەنیا لەبەر ئەوەیە،‌ پڕە لە ڕەگەزی بەرانبەر، یان مەی؛ بە ئاسانی ڕازی ناکرێن بچنە دانیشتنێکەوە.

ھەشتەم: ئەو ھەستە جوانەی لە ناخیاندایە، گەشەی پێ دەدەن. بە جلی درەوە ناچنە سەر جێگەی نوستن. ئامادە نین لە ژینگەیەکی پیسدا بژین، یان لەسەر ڕێگەیەک بڕۆن و پڕ بێت لەو شتانەی بە قاچدا دەنووسێ، یان قالۆنچەی لێ بێت، ئەمانە لەسەر رێگەیان ھەبێ، پاکی دەکەنەوە و نایھێڵن.

نیکۆلای برام، ڕۆشنبیران ھەست و حەزە سێکسییەکانیان کپ دەکەن؛ ناچن کەی حەزیان لێ بوو، یەکسەر ژنێک ببەنە سەر جێگەیان. لەو بوارەشدا، بە ئەتیکێت، ئەناقەت، ڕێز و ئینسانیبوونەوە مامەڵە دەکەن. رۆشنبیران بە ڕۆژ ڤۆدگا ناخۆنەوە، چونکە دەزانن بەراز نین، ھەر شتێک لووتیان بۆنی کرد، بۆی بچن. تەنانەت بەھۆی بۆنەیەکەوە نەبێت، مەی ناخۆنەوە.

براکەم، ئەمە بەشێکە لەو شتانەی کە پێم وایە دەبێ لە ڕۆشنبیردا ھەبێت. ھەرگیز پلەیەکی لەوە خوارتر بۆخۆت ھەڵمەبژێرە. بەوە ڕامەوەستە کە چەند دێرێک بخوێنیتەوە، یان چەند شیعرێکت لەبەر بێت.

ڕۆشنبیر دەبێ شەو و ڕۆژ کار بکات. لە خوێندنەوەی بەردەوامدا بێت. ھەردەم  لەسەر شتەکان لێکۆڵینەوە بکات، ئاخر ھەموو دەمژمێرێکی ئەو، گرینگە.

شووشە ڤۆدگاکەی بە دەستتەوەیە، بیشکێنە و وەرە بۆلامان، دەست بکە بە خوێندنەوە، لە بەرھەمەکانی “تۆرجینیف” دەست پێ بکە، ئەگەر دەتەوێ، چونکە تا ئێستە ھیچی ئەوت نەخوێندووەتەوە. دەبێ واز لەو دۆخە ناھەموارەت بھێنی، خۆ تۆ منداڵ نیت، بەم زووانە دەبیتە ٣٠ ساڵ، ئیتر کاتییەتی بگۆڕێی.

براکەم چاوەڕێتین.. ئێمە ھەموومان چاوەڕێین.

ئەمانەی سەرەوە، دیدی ئانتۆن چیخۆڤ بوون بۆ ناسینەوەی کەسی ڕۆشنبیر.

error: Content is protected !!