دەیان چیرۆکی کەسایەتیی مێژووییمان بیستووە، چۆن دوای ئەوەی چوونەتە دەسەڵاتەوە، بەتەواوی ھەڵوێست و ڕەفتارەکانیان گۆڕاوە. زانایانی کۆمەڵناس و زانایانی دەروونناس ھەوڵیان داوە ھۆکاری ئەو گۆرانکارییە ڕیشەیییە بزانن کە دروست دەبێ و زۆر جار بە شێوەیەکی دوور لە بەھا ئەخلاقییەکانی پێشتر بڕوایان پێ بووە، ھەڵسوکەوت دەکەن!
ئەوێ چ باسە و چی ڕوو دەدات، وا ئەوەی دەچێ دەگۆڕێ و وەک خۆی نامێنێتەوە! زانایان دەڵێن، ئەی بۆ بە شێوەیەکی تر پرسیارەکە نەکەین، ئایا دەسەڵات کەسەکان دەگۆڕێ، یان ناخی ڕاستیی کەسەکان پیشان دەدات، خۆیان پێشتر ئەو مرۆڤە باش و چاکە نەبوون، بەڵام دەرفەتیان نەبووە، ئێستە بە کەمترین دەرفەت گۆڕاون! ئەی ئەوە نییە، خەڵکانێکیش ھەیە، لە دەسەڵاتی بەرزدان و وەک خۆیان ماونەتەوە!
سالم قەموودی لە کتێبی “سایکۆلۆجیای دەسەڵات”ـدا دەڵێت: “ھەموو دەسەڵاتێک ڕوویەکی ئاشکرا و ڕوویەکی شاراوەی ھەیە. ئایدۆلۆجیا ڕووە ئاشکراکەیە و سایکۆلۆجیا ڕووە شاراوەکەیەتی.”
دوای ئەم دێرانەی سەرەوە وەک پێشەکی، با وردەوردە بێینە ناو ئەو ھۆکارانەی پسپۆڕان دۆزیویانەتەوە.
زانایانی دەروونناسی پێیان وایە، توانایی دەسەڵات بەسەر خەڵکیدا لەو شتانەی کە تایبەتە بەوان، ڕێگریکردن یان پاڵنانیان بۆ کۆمەڵێ کاری دیاریکراو، پارە، بوونی ھەندێ تایبەتمەندیی کە لە کەسی ئاساییدا نین، ئەو کەسە وا لێ ناکات بتوانێ ئازاری ئەوە بدات کە دەیەوێ، بەڵکوو تەنیا وای لێ دەکات ئازاری ئەوە بدات کە دەسەڵاتەکەی بەسەریدایە. ڕێک ئەمەش نھێنیی دەسەڵاتە. واتە، وەزیری تەندروستی، کەسێکی باش بێت یان خراپ، تەنیا دەتوانێ بەسەر پزیشک و کارمەندانی وەزارەتەکەیدا ئەو کەسێتییەی بسەپێنێ، ئەگەرچی حەز بکات بەسەر کەسێکی دیکەدا بیکات کە کارمەندی وەزارەتی پلاندانانە.
زیاد لە پێویست متمانەبەخۆبوون، ھەڵەشەیی و خێرا بڕیاردان، حەزی شێتانەی خۆبەزلزانین، چەند تایبەتمەندییەکن ئەو کەسانەی پێ دەناسرێنەوە کە دەچنە دەسەڵات و بە شێوەیەکی زانستیش لەسەریان گفتوگۆی ڕژد کراوە و لەپێش ھەمووشیانەوە “نیکۆلۆ مەیکاڤێلی” سیاسی و فەیلەسووفی ئیتاڵی باسی کردووە. ھەروەھا لە کتێبی “سایکۆلۆجیای جەماوەر”ـدا، گۆستاڤ لۆبۆن بنەماکانی پێوەندی تاکەکان و تاکی ناو دەسەڵاتی لە زۆربەی سیستەمەکاندا ڕوون کردووەتەوە.
گریکە کۆنەکان زوو ھەوڵیان دا بۆیان دەربکەوێ، بۆچی ئەوەی دەچێتە سەر کورسیی دەسەڵات، تووشیی ھەڵەشەیی و تووڕەبوون و شیزۆفینیا دەبێ! ھەڵبەت وەڵامەکەی ئەوان لۆژیکی نییە، ئاخر پێیان وایە، ئەوە سزای خواوەندە بەسەر خەڵکییەوە، چونکە کارەکانیان بە جوانی بەڕێوە نابەن. ئەوەی جێی سەرنجە، ھەموو ئایینەکانیش سوودیان لەم جۆرە بیرکردنەوەیە کردووە و چەندان دەقیان ھەیە کە باسی سزای خوایی دەکات بەسەر گەلانەوە لەڕێی ناردنی سەرکردە و دەسەڵاتداری خراپەوە.
لە تاقیکردنەوەیەکدا کە زانایانی دانیمارکی لەسەر چەند کەسێک کردبوویان، کۆمەڵی پرسیاریان سەبارەت بە وەرگرتنی دەسەڵا و سیاسەت لێ کردبوون. ھەندێک لەو کەسانە داوایان لێ کردبوون ماوەی چەند سەعاتێک نان نەخۆن بۆ ئەوەی کاتی تاقیکردنەوەکە برسی بن، ھەندێکیشیان ئاسایی بوون. ئەوەی بۆیان دەرکەوت سەرسووڕھێنەر بوو! ئەوانەی بە برسێتی بەشداری تاقیکردنەوەکەیان کردووە، لە وەڵامەکانیاندا داوای یەکسانی و مافی ھەژار و دابەشکردنی دادپەروەرییانەی سامانیان دەکرد، ئەوانی دیکە کە تێر بوون، کەمترین سۆز لە وەڵامەکانیاندا ھەبوو. ئەمەش ڕێک پەندە کوردەوارییەکە پشتڕاست دەکاتەوە: “تێر ئاگای لە برسی نییە.”
جیا لەم تاقیکردنەوەیە، زۆربەی توێژینەوە دەروونییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، دەسەڵات لە توانایدا نییە بە شێوەیەکی سۆزداری مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا بکات، بۆیە کاتێک ئەو گوتە زۆر دووبارەیەیان لێ دەبیسترێ: “ئێمە لە ھەستەکانتان تێ دەگەین” بە تەواوی جێی گومانە، چونکە زۆرینەی دەسەڵاتدار، لەڕووی دەروونییەوە ناتوانێ لە ھەستەکانی خەڵکی ئاسایی تێ بگات، ئاخر ئەوەی لەسەر ئەوانە، تێگەیشتن نییە لە ھەستی خەڵکی، بەڵکوو جێبەجێکردنی کۆمەڵێ یاسا و ڕێنمایی و بنەمایە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دەسەڵاتەی ھەیانە و پێویستە لێی لا نەدەن، بۆیە ھەرگیز ئەوان بەو پێوەرانە مامەڵە ناکەن کە تۆی ھاووڵاتی یان تۆی کارمەند و فەرمانبەر دەتەوێ پێی بزانێ. لە ڕووی دەروونییەوە، بەم خەسڵەتەی بەرپرسان دەگوترێ: “کوێریی سۆزداری” یان “کوێریی کۆمەڵایەتی”، زۆر جار کاریگەری ئەمە بەسەر ناو ماڵ و خێزانەکەشییەوە دەردەکەوێ و دەبینی کەسەکە تەنیا لەڕووی پێداویستی و خەرجییەوە ئاگای لە منداڵەکانییەتی، ناتوانێ ڕووە سۆزەکە ببەخشێ، چونکە تێیدا خاڵ بووەتەوە.
ئەو کەسەی لە دەسەڵاتە، سەرسامی دەنگ و ڕای خۆی دەبێ، بەشێوەیەک چیتر وەک جاران گوێ لە ڕای خەڵکیی ناگرێ و تووشی پەتایەک دەبێ کە ئیتر ھەر ئەوەی پێ ڕاستە کە خۆی دەیڵێ. بۆ نموونە لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەگەر زۆرینەش ڕایەکیان ھەبێ، لە بۆچوونەکەی خۆیدا بەتەنیاش بێت، ئەو ھەر ئەوانەی خۆی پەسەند دەکات. ئەم وێنە نەرێییە، ڕێک پێچەوانەی وێنەیەکی نەرێیی دیکەیە کە پێی دەگوترێ “وێنەی جەماوەر” گۆستاڤ لۆبۆن دەڵێ: مرۆڤ لەناو جەماوەردا، ھەموو تاکەکان دەبنە یەک ڕۆح و یەک ئامانج و یەک سۆز، پێکەوە دەنگ بەرز دەکەنەوە و ھاوار دەکەن، ئەمەش تا ئێرە خراپ نییە، خراپییەکەی لەوەدایە، ئیدی کەسەکان لەناو ئەو قەرەباڵغییەدا کە پێی دەگوترێ جەماوەر، تاکێتیی خۆیان لەدەست دەدەن و بیریان دەچێ بیر بکەنەوە، چونکە ھەموویان پێکەوە یەک بیرکردنەوەیان بەرەو یەک ئامانج ھەیە. بۆ نموونە جەماوەری دوو یانە لە یارییەکدا، وەک بڵێی لە یەک جەستەدا بن، بەرانبەر جەماوەری یانەکەی تر کە ئەوانیش لە یەک جەستەدا، ھاوار بەسەر یەکتریدا دەکەن. نموونەکە ئەوەیە: دەسەڵاتدار وا دەزانێ ھەر خۆی بیر دەکاتەوە، مرۆڤ لەناو جەماوەردا ھەر بیر ناکاتەوە.
ئایا ئەمانەی باسی دەکەین، خەتای دەسەڵاتە مرۆڤەکان دەگۆڕێ؟ میشێل ئۆباما، ھاوسەری باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەڵێ: “دەسەڵات کەس ناگۆڕێ، تەنیا شاراوەکانت ئاشکرا دەکات” لای زۆرێک لە زانایان، ئەمە گوتەیەکی زۆر زانستی و لۆژیکی و ڕاستە. یەکەم کاریگەریی دەسەڵات ئەوەیە، لەوانی دی دەمانپارێزێ؛ لە بەرکەوتن و کاریگەری، ئەمەش وا دەکات قووڵایی خۆمان بێنێتە دەرەوە و ڕا و بۆچوونەکانی خۆمان بەبێ بارگاوی بەوی تر ئاشکرا بکەین. ئەمەش وا دەکات گۆڕانکاری لە ھەڵوێستەکانمان دروست بکات کە خۆی لە ڕاستیدا گۆڕانکاری نییە، بەڵکوو لاچوونی ھەموو ئەو بارگاوییانەیە کە پێشتر پێوەمان بووە. تاکی دەسەڵاتدار، بەھۆی ئەو دەسەڵاتەی ھەیەتی، متمانەی تەواوی بەخۆی ھەیە و خۆی بە ناچار نازانێ بە ھیچ شتێکەوە بارگاوی بێت، ئەوەی پێشتر نەیبوو، متمانە بوو.
لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ٢٠١٤ بڵاو کراوەتەوە ئاشکرای دەکات، ھەستکردن بە ھێز، کاریگەری لەسەر مێشک و پێوەندییەکانی بە خەڵًکییەوە دەکات. سیستەمێک لە خانەکانی مێشکدا ھەیە پێی دەگوترێ “ئاوێنەی خانە دەمارییەکان”، بەرپرسە لە ھەڵسوکەوتمان بەرانبەر بە خەڵکی و نواندنی سۆزە لەگەڵیاندا. ئەم سیستەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان گاریگەری ئەو کۆمەڵەی بەسەرەوەیە کە تێیدایە و دەیەوێ لاسایی بکاتەوە، بۆیە پێی دەگوترێ ئاوێنە. بۆ کەسێک پێش ئەوەی بچێتە سەر تەختی دەسەڵاتەوە، لەناو کۆمەڵێکی ڕۆشنبیردا بووە، سەیری ماڵەکەی بکە، پڕی کردووە لە کتێب، چونکە کاریگەری کۆمەڵەکە بەسەر یەکترییەوە وای خواستووە. دوای ئەوەی دەسەڵاتی وەرگرتووە، بەپێی ئەو گرینگییانەی کۆمەڵە نوێیەکەی چووەتە ناوی، ھەر لە نەستییەوە بەسەرییەوە دیارە. ئا لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ، بۆچی نوخبەی سیاسی ھەردەم لەگەڵ کۆمەڵگە جیاوازن و ناتوانن ئاوێتەی یەکتری بن. چیتر کاریگەریی ھەڵسوکەوت و گوتەی خەڵکی بەسەر سیاسییەوە نابینی، ئەوە بۆیە ڕۆژانە ڕەخنەی توند و ڕەنگە جنێویشیان پێ بدرێ، زۆر بەلایانەوە ئاسایییە، بەڵام ڕۆشنبیرێک کە بەشێکە لە خەڵکی، ناتوانێ بەرگەی ڕەخنەیەکی توند بگرێ و ھەڵدەچێ.
خۆویستی کە تایبەتمەندییەکی خەڵکی دەسەڵاتدارە، ھێشتا زانایان لەسەر ئەوە کۆک نین، ئەوە دەسەڵاتە تووشی کردووە یان ئاشکراکردنی ناخی مرۆڤەکان خۆیانە! ھەندێک لە پسپۆڕان ھەوڵیان داوە لە ڕێگەی تاقیکردنەوەیەکەوە بیسەلمێنن، ھەرگیز دەسەڵات کەسەکان ناگۆڕێ، بەڵکوو ناخیان ئاشکرا دەکات، جیا لەو بەڵگەیەی کە لە بەرانبەردا چەندان نموونەش ھەیە کە خەڵکانێکی بەرپرس دەبینین، ھێشتا پابەندن بە بنەما کۆمەڵایەتییەکان و بەشێکن لە خەڵکی.
تاقیکردنەوەکەیان بریتی بوو لە دۆزینەوە خاسییەتی خۆپەرستی کە بە تایبەتمەندییەکی دەسەڵاتدار دەبینرێ. ھەندێک بەڕێوەبەریان خستە ژێر چاودێریی خۆیانەوە، لەگەڵ ھەندێک گیراو کە بە تۆمەتی گەندەڵی و بابەتی پارەوە گیراون و زەنگینن. دەرکەوت، ئەو خویستی و لووتبەرزییەی ناو گیراوەکان زۆر زیاتر بوو لە بەڕێوەبەرەکان، بەمەش بۆیان سەلما، ھەرگیز دەسەڵات کەسەکان ناگۆڕێ، بەڵکوو وەک میشێل ئۆباما گوتی: “دەسەڵات کەس ناگۆڕێ، تەنیا شاراوەکانت ئاشکرا دەکات.”
سۆکفیندەر ئۆبیھی، زانای دەمار لە زانکۆی ماکماستر دەڵێ: “دەسەڵات بریتییە لە گۆڕانی ڕیشەیی کاری مێشک”، لە توێژینەوەیەکیشدا کە خۆی ئەنجامی داوە بۆی دەرکەوتووە، دەسەڵاتدار توانای ھەستکردنی بە بەرانبەر کەم دەبێتەوە.
لەو تاقیکردنەوانەی بۆ جیاوازیی ھەڵسوکەوتی کەسانی بەرپرس و کەسانی ئاسایی کراون، زۆر شتی دیکەیش ڕوون بووەتەوە، بۆ نموونە، ئەوانەی کە لە دەسەڵاتن، بۆ ئەوەی بڕیار بدەن، بە کەمترین زانیاری و خێراترین کات، بڕیارەکانیان دەدەن، بەڵام خەڵکی ئاسایی ھەوڵ دەدەن کاتێکی زۆرتری بۆ تەرخان بکەن تا زۆرترین زانیاری لەسەر کۆ بکەنەوە.
کاریگەریی دەسەڵات بەسەر مێشکەوە، ھەمان کاریگەریی کۆکایینی ھەیە، چونکە ڕێژەی تستۆستیرۆن لە پیاوان و ژناندا زیاد دەکات و دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دۆپامین لە مێشکدا. ئەمەش وا دەکات، مرۆڤ ھەستی ئارامگرتن لەدەست بدات و زیاتر تووڕە بێت.