ئایا زیرەکی ھۆکاری سەرکەوتنە؟

زۆر بە سادەیی، ئەوەی مرۆڤ ئەوداڵییەتی، بە ئاسانی بگات بە ھەلەکانی داھاتووی و ژیانێکی خۆشتر لە ئێستەی ھەبێ و ئیدی بگاتە دڵنیایی لەسەر ڕەوشی خۆی. لەم خاڵەدا، تاقیکردنەوەکانی زیرەکی دێنە ناو ژیانمانەوە و دەبینین لە ماوەی ساڵانێک چەندان تاقیکردنەوە بۆ گەیشتن بەو داھاتووە گەشە ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی بەھۆی ئەو زیرەکییەمانەوە، دەبین بەچی. بۆ نموونە ئەنجامی تاقیکردنەوەی دوایین ساڵەکانی خوێندن پێش بەکالۆریۆس، دیاری دەکات دەبینە پزیشک، ئەندازیار، نووسەر، مامۆستا یان ھەر شتێک. بەڵام ئایا، ئەوەی لە داھاتوودا پێی دەگەین، ئەنجامی زیرەکییەکەمانە؟

کاتێک بابەتی زیرەکی دەخرێتە ناو گفتوگۆوە، زۆر کەس پێیان وایە ئەمە شتێکە یەکلا بووەتەوە کە ھەرچەند زیرەک بیت، ئەوا سەرکەوتنت مسۆگەرتر دەبێت. ھەڵبەت ئێمە لێرە مەبەستمان لە پێوەری ئەنجامی خوێندن و بڕوانامەیە. ھەزاران ناوداری مێژوو ھەن، لە قوتابخانە شکستیان ھێناوە و دواتر شۆڕشی فیکریی گەورەشیان کردووە. ھەر لە شۆڕش دەرنەچین، غاندی، قووتابییەکی تەنبەڵ بوو، دواتر گەورەترین شۆڕشی ئاشتیخوازانەی لە مێژووی مرۆڤایەتی بەرپا کرد.

زیرەکی بە تەنیا دادت نادات

تیمێک لە زانکۆی ئیلینۆی، توێژینەوەیەکیان لەسەر ڕۆڵی تواناکانی نەستی مرۆڤ کرد، چ کاریگەرییەکیان بەسەر ڕەوشی کەسەکانەوە ھەیە. ئەم تیمەی ساڵی ١٩٦٠ بەشدارییان بە ٣٧٠ ھەزار قوتابیی ئەمەریکی لە قۆناغی ناوەندی کرد، تێیدا توانای زیرەکی و توانای نەستیان خستە ژێر پشکنینەوە، ھەروەھا پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی داوکانی قوتابخانە و پابەندبوون بە مانەوە لە پۆل و خوێندن و ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵکی و زۆری تر.

دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ، زانکۆی ئیلینۆی، ساڵی ٢٠١٨ تەواوی ئەوانەی پێشتر زانیاری لەسەر کۆ کردبوونەوە، داوای لێ کردن جارێکی دیکە بیانخاتەوە ژێر تاقیکردنەوە و بۆ ئەوەی دەربکەوێ، بەپێی ئەو ھەڵسوکەوتەی لە مێردمنداڵیدا کردوویانەوە، چەندە لەگەڵ داھاتوویاندا کاریگەری دروست کردووە. ھەڵبەت لە کۆی ئەو ھەموو بەشداربووەی یەکەمجار، تەنیا ١٩٥٢ کەس ئامادە بوون جارێکی تر بچنەوە ناو تاقیکردنەوەکەدا.

ئەوانەی لە قۆناغی مێردمنداڵیدا، لە ھەڵسوکەوتنەکانیاندا ھەستیان بە بەرپرسیارییەتی کردووە، ھەروەھا لە خوێندنیشدا زۆرتر پابەند بوون، دەبینن لە داھاتووشدا، داھاتێکی باشیان ھەبووە و پارەی زۆرتریان کۆ کردووەتەوە، بە بەراورد بەو ھاوڕێیانەیان کە کەمتەرخەم بوون. لێرەدا لەوانەیە بپرسی: مادەم ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی لە منداڵییەوە، کاریگەری بۆ داھاتووش ھەبووە، ئایا ئەو ھەستکردنە بەشێک نییە لە زیرەکی؟

ئەمە پرسیارێکی گرینگە، بەڵام ئەگەر بیکەی، کەواتە ھێشتا لە مەبەستی ئەم توێژینەوەیە حاڵی نەبوو. دوو جۆر توانا لە مرۆڤدا ھەیە، یەکێکیان بۆماوەیییە و لەڕێی کڕۆمۆسۆمەکانەوە لە باوانەوە بۆ منداڵ دەمێنێتەوە و بە فێربوون ناگۆڕێ، ھەندێکی دیکەیش لە تواناکان، خۆمان دەتوانین بیگۆڕین و لەڕێی پابەندبوون بە سیستەمێکی ژیانەوە، خۆمان ڕابھێنین و پێویستی بە تواناییەکی زۆر نییە. لێرەدا با بە کورتی باسی بکەین، پێش ئەوەی بچینە سەر درێژە، ئەویش ئەوەیە: زیرەکی بە تەنیا مەرجی داھاتوویەکی گەش نییە.

ئایا خوێندنەوە داھاتوو دروست دەکات؟

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە گۆڤاری سۆسیۆلۆژی بڵاو بووەتەوە و کۆمەڵێ زانکۆی ئوسترالی و ئەمەریکی تێیدا بەشدارییان کردووە و ئەزموونی ١٦٠ ھەزار کەس وەرگیراوە، ھەموویان لەو کەسانەن لە ماڵێکدا پەروەردە بوون کە تێبخانەی تێدایە. دەرکەوتووە، توانای ئەمانە لە ڕووی زمان و تەکنەلۆژی و زۆر بواری دیکە، لە خەڵکی دیکە کە لەماڵێکدا گەورەبوون زیاتر بایەخیان بە تیڤی داوە، زۆر زیاتر بووە. ھەروەھا ژمارەی کتێبەکانیش وەک بەشێک لە پێوەر دانراون. بۆ نموونە ئەوانەی لە ماڵەکانیاندا ١١٥ کتێب زیاتری لێ بووبێ، تەنانەت ئەگەر خوێندنی زانکۆشیان تەواو نەکردبێ، ھەلەکانیان یەکسان بووە بەوانەی کە زانکۆیان تەواو کردووە و ڕەنگە باشتریش بووبێ. ئەمەش مانای وایە، تێکەڵبوونی مرۆڤ لە منداڵییەوە لەگەڵ کتێب، پشتیوانییەکیەگەورەیە بۆ ئەوەی تواناکانی گەشە بکات لە داھاتوویدا و ڕێک خۆی بەقەدەر بڕوانامەیەکی زانکۆیە.

لە توێژینەوەیەکی زانکۆی نیویۆرک ئاشکرای کردووە، خوێندنەوەی کتێب بۆ منداڵی ساوا (چوار بۆ شەش مانگ)، لە دوای تەمەنی چوار ساڵییەوە کاریگەرییەکەی دەردەکەوێ و ئەو منداڵانە زووتر فێری خوێندن دەبن و ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنەکانی داھاتووی ئەو کەسە ھەیە. بە کورتی، ئەوانەی زوو خۆیان فێری خوێندنەوەی کتێب کردووە، توانایەکی زیرەکیی زۆر زیاتریان ھەیە و ھەلی سەرکەوتنیشیان بەھێزترە.

کۆی گشتی ئەم توێژینەوانە پێمان دەڵێن، زیرەکی زۆر گرینگە و بە شێوەیەکی بەھێز گاریگەری لەسەر مرۆڤەکان دەکات و دەرگەیە بۆ داھاتوویەکی باشتر، بەڵام توانا نەستییەکان زیاتر دەبنە ھۆی سەرکەوتنی کەسەکان و دەبێ ھەوڵ بدرێ منداڵ لەسەر ئەو توانا نەستییانە ڕا بھێنرێن، وەک بەڕێوەبردنی کارەکانی خۆی، خوێندنەوە، پاککردنەوەی ژوور و جلەکانی، ڕێکوپێکی لە قسەکردن و زۆری تر.

error: Content is protected !!