ئایا تەنبەڵی دەبێتە ھۆی سەرکەوتن؟

تەنبەڵی و ھیچنەکردن، لە مێژوودا دژایەتی کراوە و لە بەرانبەردا ئەوانەی بایەخ بە گەشەپێدانی مرۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی تاک دەدەن، ھانی کۆششی بەردەوام و نەوەستان بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان کردووەتە ھەوێنی وتار و پەندە نەبڕاوەکانیان، لە کاتێکدا دیوێکی دیکەی تەنبەڵی، بەتەواوی پێوەستە بە ئینسانبوونمانەوە. مرۆڤ، تاکە ئاژەڵە دەتوانێت تەنبەڵ بێت و ھیچ نەکات. پێش ئەوەی خوێنەر بڵێت، نەخێر، ئاژەڵی “کوالا” بە تەنبەڵی و ھیچنەکردن بەناوبانگە، پێویستە ئەوە دەربخەین، ئێمە باسی تەنبەڵییەک دەکەین کە بەپێی ھەموو پێناسە مرۆیییەکان، جێی سەرکۆنە و شەرمەزارییە. ئاژەڵی کوالا، بەبێ ئەوەی خۆی بە شەرمەزار بزانێت، وەک تایبەتمەندییەکی گشتیی ھەموو ڕەچەڵەکەکە، تەنبەڵن.

وەک چۆن ھەموو چەمک و ھەر ناونیشانێک لە ژیاندا دێنە بەر دیدە، ناتوانین بە یەک پێناسەی ڕوون کە ھیچی دیکە ھەڵنەگرێت، کۆ بکەینەوە، مەسەلەی تەنبەڵیش ئاوایە و ڕێژەیییە. لەبەر ئەوەی بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ تەنبەڵە و کێ گورجە و کۆششی بەردەوام دەکات، کۆمەڵێک پێناسەی مرۆیین، ئەوا بەردەوام لە گۆڕاندان. لە پێناسە گشتییەکەی تەنبەڵ لە سەردەمی گڵوباڵیزەیشن و جەنجاڵیی شاردا، بۆ ئەوەی لە کێبەرکێی ڕەوشی ژیان دانەبڕێین، ناچارین جووڵەکانمان ھاوشێوەی ئەوانە بکەین کە بەردەوام لە کۆششدان، ئەگینا وێڕای نادادیی ھەلەکان، ئەمەیشی دەچیتە سەر و ئیدی تەنبەڵی دەرگەی ھەموو دەروویەکمان لێ دادەخات. بۆ نموونە، لە فۆڕمێکی نوێدا، کەسێک بەیانیان دەمژمێر شەش و نیو  بۆ حەوت ھەڵنەستێت، بەلایەنی کەمەوە ھەشت دەمژمێر کار نەکات، جیا لە پیشە سەرەکییەکەی، لەو شانزە دەمژمێرەی شەو و ڕۆژ کە ماوە، کارێک، خولیایەک یان بۆگەڕانێکی دیکەی لەگەڵدا جێ نەکاتەوە، ئەوا دەچێتە خانەی مرۆڤی تەنبەڵەوە.

وەک ئاشکرایە، چوستی، پابەندبوون بە کات، پلانداڕشتن و نەوەستان لە کۆشش، ھۆکاری سەرەکیی گەیشتنی ھەر مرۆڤێکن بە ئامانجەکانی، بەڵام ڕەنگە پێمان سەیر بێت ئەگەر بڵێین، لە بەرانبەریشدا تەنبەڵی، ھەمان ھێز و کاریگەری بۆ گەیشتن بە ئامانج ھەیە و ھەندێک جار، زیاتر لە چوستی دەیپێکێت. گوتەیەک زۆر بڵاوە، بەناوی بیل گەیتس، خاوەنی مایکرۆسۆفتەوە دەکرێت، دەڵێت: پۆست و پلەکانی ناو کۆمپانیا دەدەم بە تەنبەڵەکان کە ھەردەم کەمێک لە ھاتن بۆ دەوام دوادەکەون و خواخوایانە زوو بڕۆنەوە ماڵەوە و تاقەتی کاری زیاتریان نییە، ئەگەرچی دەمژمێری زیاتری دەوام، دەچێتە سەر مووچەکانیان. ھێزێکی شاراوە لەم تەنبەڵانەدا ھەیە، ھەرگیز لە چوستەکاندا نییە، ئەویش کۆششکردنە لەپێناو زوو لەکۆڵبوونەوەی کارەکەی پێیان سپێدراوە. ئەمەش واتە، ھێزێکی پاڵنەر لەپشت مرۆڤە تەنبەڵەکانەوە ھەیە، جیایە لە ھێزە پاڵنەرەکەی مرۆڤە چوستەکان و ئەویش بە ئەندازەی خۆی کاریگەریی بۆ گەیشتن بە باشترین کوالیتیی کار دروست دەکات.  جان جیۆنۆ، نووسەری فڕەنسایی دەبێژێ: “کاتێک ھیچ ناکەین، خەونی پێوە دەبینین، کاتێک خەون دەبینین، دەست بە کردنی دەکەین.” ئەمەیش مانای وایە، ھەنگاوێک لە شێوازی کردنەکە لەگەڵ کەسێکی چوستدا کەم کراوەتەوە. ئەم بۆ ئەوەی شتێک بکات، خەون دەبینێت، خێرا دەگاتە قۆناغی پلان و دەست بە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردن دەکات و دواتر تاقی دەکاتەوە. مرۆڤی تەنبەڵ، ھیچ ناکات+خەون دەبینێ+ دەیکات.

مرۆڤە چوستەکان، بەردەوام بیر دەکەنەوە و پلان دادەڕێژن. تەنبەڵ مێش میوانی نییە و تواناکانی مێشکی لە ڕێکخستنی ھیچ کارێکدا خەرج ناکات، ئەمەیش ئەگەرێکی بەھێزی ھەیە بیانکات بە داھێنەر. زۆربەی داھێنەرەکان، شاعیران، ڕۆماننووسان و ھەر بوارێکی دیکە، ئەوانەن بەبێ ئەوەی پلانیان بۆ شتێک داڕشتبێت، لە گەشتێکدا لەژێر سێبەری دار و فێنکیی سروشت دانیشتوون و خەیاڵ بردوونییەتەوە، لەپڕ بیرۆکەیەک بە مێشکیاندا دێت. بەلاتەوە سەیر نەبێت، داھێنانی مرۆڤە تەنبەڵەکان، زۆربەی لە تەوالێتدا چەکەرەی کردووە. مرۆڤی تەنبەڵ، ئەوانەی کاتیان زۆرە، خەیاڵیان بۆ کونوکەلەبەری وا دەڕوات، ھەرگیز چوستەکان کاتی ئەوەندەیان نەبووە بیریشی لێ بکەنەوە.

پێش ئەوەی ئەم ڕستانە بۆ ھاندانی تەنبەڵی لێک بدرێنەوە، توێژینەوەیەک دەخەینە ڕوو کە دوکتۆر جۆناسان سکۆلەر، مامۆستای بەشی دەروونشیکاری و زانستەکانی مێشک لە زانکۆی کالیفۆرنیا کردوویەتی، دەری خستووە، مێشکی مرۆڤ لە کاتە پشووەکانیدا، ٤٨%ی بۆ بیرکردنەوە لە داھاتوو دەڕوات، ٢٨% بۆ بیرکردنەوە لە ئێستە و ١٢% بۆ بیرکردنەوە لە ڕابردوو خەرج دەبێت، ئەوی دیکەیشی بۆ شتی پڕوپوچ دەڕوات.

بەم توێژینەوەیە بۆمان دەردەکەوێت، نزیکی نیوەی ئەو کاتانەی بەتاڵین و ھیچ ناکەین، بیر لە داھاتوو دەکەینەوە. تەنبەڵەکان کە کاتی بەتاڵیان زۆرە، مانای وایە باشتر دەتوانن بیر لە داھاتوو بکەنەوە. ھەڵبەت ئەمە جۆرە تەنبەڵییەکەیە کە پێشتر بە شێوەیەک باسمان کرد، ئەوانەی بۆیان بووە بە ھەوێنی داھێنان. جۆرە کوشندەکەی تەنبەڵی، ئەو مرۆڤانە دەگرێتەوە کە ھیچ ناکەن لەپێناو ھیچنەکردندا. نە خەونیان ھەیە بیبینن، نە بۆیان گرینگە بیر لە داھاتوو بکەنەوە. ئەمانە دەکرێت بخرێنە خانەی نەخۆشەوە و پزیشکانی دەروونی چارەیان بۆ بدۆزنەوە.

error: Content is protected !!