بەختەوەریی ساختە چییە؟

کێمان ھەیە بچێتە یەکێک لە مۆڵ و سنەتەرەکانی بازرگانی و ھەست بە بەختەوەری نەکات؟ بەتایبەتی ئەگەر تازە مووچەی وەرگرتبێ و لەوێ بە حەزی خۆی بازاڕ بکات؟

لە کۆنگرەی کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی (WEF) لە داڤوس/ساڵی ٢٠١٤، ماتیۆ ریکارد، پیاوی ئایینیی بودایی فڕەنسی کە بە “بەختەوەرترین مرۆڤی دونیا” ناوبانگی دەرکردووە، بەشداری تێدا کرد، ئەمەش بۆ زۆرینەی خەڵک شتێکی سەیر بوو، چونکە لەو کۆنگرەیە ھەردەم  تەنیا بابەتی ئابووریی چڕ باس دەکرێ، بەڵام لەو ساڵەدا تەکنیکەکانی خۆھێورکردنەوە و کۆمەڵێ بابەتی تری تەندروستیی مێشک و قەڵەوی لە ناو کۆمەڵگەکان خرانە ڕوو. گفتوگۆ لەسەر بەختەوەری تەنیا بابەتێکی سەرپێیی نەبوو، بەڵکوو گرینگییەکی زۆری پێ درا و ٢٥ دانیشتی تەواوی بۆ دانرا و بووە کۆنگرەیەکی جیاواز لە ھەر ساڵێکی تر. پرسیار لای ھەموان دروست بوو، بۆچی کۆنگرەیەکی ئابووریی تایبەت، بایەخ بە بابەتە ھەستەوەرییەکانی وەک بەختەوەری دەدات؟

پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە و تێگەیشتن لە سەیروسەمەرەیی بابەتەکە، دەبێ سرووشتی گفتوگۆکانی نێو ئەو کۆڕبەندە لە یەکەم کۆنگرەیانەوە بزانین کە لە ساڵی ١٩٧١ دەستی پێ کردووە. ساڵانی حەفتای سەتەی ڕابردوو، کۆبوونەوەکان لەسەر چارەسەری ئەو دابەزینەی گەشەی وەبەرھێنانی ئەوروپای پێدا دەڕۆیشت دەکران. ساڵانی ھەشتا لەسەر لە لابردنی گرێیەکانی بازاڕ دەکرا بە تایبەتی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت. لە ساڵانی نەوەت گرینگی بە داھێنانەکان و ئینتەرنێت دەدرا. لە سەرەتاکانی سەتەی نوێ، بابەتەکان زیاتر بە دۆخی کۆمەڵایەتی دەبەسترانەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ و پێنج ساڵی دواتریش کە شکستە گەورەکەی بەر بانکەکانی ھەموو دونیا کەوت، بابەتەکان لەسەر ئەوە چڕ دەکرانەوە چۆن خۆیان لەو دۆخە ئابوورییە ڕۆچووە ڕزگار بکەن.

بەمانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێ، کۆنگرەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی، پێوەست بووە بە گرینگترین بابەتەکانی سەردەم بە ئابوورییەوە، بۆیە کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ بایەخەکان لەسەر بەختەوەری چڕ دەکرێتەوە، دەردەکەوێت گرینگیی ئەم سەردەمە لەسەر ئەو بابەتانە قەتیس بووە. بۆ نموونە ساڵی ٢٠١٠ حکوومەتی بریتانیا بڕیاری دا “یەکەی توێژینەوە ڕەفتارییەکان” بکەنەوە و تێیدا خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بۆ ھەموو گۆڕانکارییەکانی بەسەر ڕەفتاری ھاووڵاتیاندا دێت دەکرێ، ئامانجەکەشی بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر و دروستکردنی سیاسەتە لەناو حکوومەتی بریتانیا. ئەو یەکەیە ھێندە گرینگی پێ درا، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەکی زۆرینەی حکوومەتەکانی دونیا سوودی لێ بکەن. لە ساڵی ٢٠١٦ وەک بەشێک لەو ھەڵکشانی تەوژمەی ڕووی لە دونیا کردوە، وەزارەتی بەختەوەری دامەزراند کە ئامانجەکەی ھەمان ئەو ئامانجانەی سەنتەرەکەی حکوومەتی بریتانیایە تا توێژینەوە لەسەر ڕەفتارەکانی تاکی ئیماراتی بکەن بۆ ئەوەی ببێتە ھۆکارێک بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانیان.

ویلیام دیفینز لە کتێبی”دروستکردنی بەختەوەری” ڕوونی دەکاتەوە، چۆن حکوومەت و کۆمپانیا زلەکان، بەختەوەری و خۆشگوزەرانیمان پێ دەفرۆشن! لەوێدا دەیخاتە ڕوو، ھەموو پڕۆژە سیاسییەکان لە کڕۆکدا لەسەر یەک فکر دروست بوون: چۆن بتوانن ئاراستەی ڕەفتاری ھاووڵاتی و چالاکییەکانی بەرەو ئەو ئاڕاستە و ئامانجانە ببەن کە ھێزی نوخبە بۆی ھەڵبژاردوون، بەبێ ئەوەی ھیچ زۆرەملێیەکیان لێ بکرێ یان دیموکراتییان لێ بستێندرێتەوە.

دیفینز ئاماژە بەوە دەکات، ھۆکاری یەکەمی خەمۆکی و دڵتەنگیی خەڵکی دونیا پێوەندی بە سرووشتی سەرمایەدارییەوە ھەیە و بۆ گەواھیی ئەوەش گوتەی یەکێک لە ئامادەبووانی کۆنگرەی کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی ساڵی ٢٠١٤ دەھێنێتەوە کاتێک تێبینییەکی خستە ڕوو، زۆرێک لە ڕاستی شاراوەی ئاشکرا کرد و گوتی: “ئێمە ئەو کێشەیەمان دروست کردووە کە ئێستە ھەوڵی چارەسەری دەدەین”. ئەو شێوازە ژیانەی خەڵکی ئێستە و دروستبوونی ئەو ھەموو گرفت و ئاڵۆزی و خەمۆکیی و ویستی دەستکەوتی زیاتر و ھەردەم  ناڕازیبوونە و ئەو ھەموو بەکارھێنانی کەرەستە و کاڵای نوێیە، ئەنجامی ئەو پەستانانەن کە دەکرێتە سەر مرۆڤی سەردەم. چۆن کۆمپانیا زەبەلاحەکان توانیان ئەو ھەموو تەنگژەیە لەناو گەلاندا دروست بکەن؟ چۆن توانیان فێڵ لە بەکارھێنەر بکەن و بەختەوەریی ساختەیان پێ نیشان بدەن و ھەوڵی دەستکەوتنی بدەن تا خۆیان زیاتر قازانج بکەن؟

ھەوەسی بازاڕکردن و کڕین

یەکەم سوپەرمارکێت لە دونیادا ساڵی ١٨٥٢ز لە شاری پاریس کرایەوە و ئەو چالاکییەی پێی دەگوترێ “بازاڕکردن” تێیدا گەشەی کرد. ڕەنگە وا دەرکەوێت، بازاڕکردن تەنیا چالاکییەکی چێژبەخش بێت یان بەفیڕۆبردنی کات بێت لە کۆمەڵگە بازرگانییەکاندا، بەڵام کاتێک ئەمە دەبێتە ئالوودەبوون، ئیتر مەترسییەکانی دەست پێ دەکات، وەک مەترسیی ئالوودەبوون بە قومار یان ئینتەرنێت. ئەم ئالوودەبوونە نوێیە، لە سەردەمی نیولیبرالییەوە سەری ھەڵداوە، واتە لە ساڵانی حەفتای سەتەی ڕابردووەوە گەشەی کردووە و پێی دەگوترێ “شڵەژانی ھەوەسی بازاڕکردن” کە بریتییە لە دووبارەکردنەوەی بەردەوامی بازاڕکردن و کڕینی کاڵا و کەرەستە بەبێ ئەوەی گوێی بدەیتێ ئەم ھەڵسوکەوتەت چ زیانێک بە باری داراییت دەدات و چ کێشەیەکی خێزانی لە ئەنجامدا دروست دەبێ.

تا ئێستە “شڵەژانی ھەوەسی بازاڕکردن” نەخراوەتە لیستی نەخۆشییە دەروونییەکانەوە و ھیچ کەسیش ھۆکارە ڕاستییەکەی پشتی ئەو ھەوەسە نازانێ، بەڵام بە دڵنیایییەوە ھۆکارێکی لۆژیکی نییە. ڕەنگە نەچوونی ئەو ھەوەسە بۆ لیستی نەخۆشییە دەروونییەکان لەبەر کۆمپانیا زەبەلاحەکان بێت، چونکە ئەوان زیانێکی زۆر دەکەن ئەگەر خەڵک بزانێ ئەو کارەی دەیکەن بەو ھەموو بازاڕکردن و کڕینی کاڵا و شتەومەکانەی زۆربەشی لە ڕاستیدا پێویست نین نەخۆشییە، ئەوە لەوانەیە بەخۆدا بچنەوە کەمی بکەنەوە. دەبێ بیرمان نەچێ، زانست و تەندروستیش وەک خۆی ناگەنە خەڵکی، بەڵکوو لۆبیی دەسەڵاتە ئابوورییە گەورەکان ڕۆڵیات تێیدا ھەیە. وەک چۆن ساڵانێکی زۆر لەبەر کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی شەکری سپی، لە ئەمەریکا ھیچ توێژینەوەیەک دژی شەکر بڵاو نەدەکرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بۆمان دەربکەوێ، چۆن کۆمپانیاکان دەستیان بەسەر مێشک و لایەنە سۆزدارییەکانی بەکارھێنەردا گرتووە.

ساڵی ٢٠١٣ دەستەی ئەمەریکی بۆ دەروونناسی ویستی توێژینەوەیەکی گەورە بڵاو بکاتەوە، لەسەر ئەوەی چۆن کۆمپانیا و سیاسەتە گەورەکان کاریگەرییان لەسەر مێشکی خەڵکی کردووە و ناچاریان کردوون بەبێ ئەوەی زۆریان لێ بکەن، پابەندی ھەموو ئەوانە بن کە خۆیان دەیخوازن؟ لەو ساڵەدا دەستەکە ھاوکارییەکی گەورەی بە ٥٠ ملیۆن دۆلار پێ گەیشت، نیوەی ئەو ھاوکارییە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمانەوە بوون و لەو ١١ کەسەی دەستەکە، ھەشتیان خۆیان بەشێک بوون لە دامەزراوەکانی بەرھەمھێنانی دەرمان. ئەمەش مانای ئەوەیە، ھەرگیز ڕاپۆرتێک بڵاو نەکرایەوە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکان تێک بدات.

پێش دروستبوونی سوپەرمارکێت، ئەوە دروست نەبووبوو کە کاڵا و بەرھەمھێنەرەکەی لێک جیا ببنەوە و لە شوێنێکی تر بفرۆشرێن. پێشتر ھەر بەرھەمھێنەرە کاڵاکەی لای خۆیەوە دەفرۆشت، ئێستە تۆ لە سوپەرمارکێت، دەگەیت بە کاڵای ھەموو بەرھەمھێنەرەکانی لە وڵاتەکەدا ھەن. ھەر بۆیە بە ھاتنی ئەم جۆرە بازاڕە سەرمایەدارییە، ئەرکی بازاڕکردنی لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی مرۆڤ گۆڕی بۆ ھەنگاوێکی تر و دۆزینەوەی ئەوەی چۆن کڕیار ناچار بکرێ ئەوەی دەیەوێ یان ناشیەوەێ بیکڕێ. لێرەوە سەرمایەداری چووە ناو بواری ئەزموونی دەروونی و دۆزینەوەی حەزی کەسەکان و ئیتر کاڵاکان لەوە دەرچوون پێداویستی ماڵ بن، بەڵکوو بوون بە بەشێک لە بەرھەمھێنانی ھەستەکانی تاک و دۆزینەوەی چەمکی “کاڵا بەپێی باڵا” و مرۆڤ لە ڕێی بازاڕکردنەوە دەیەوێ چێژەکانی دەست بکەوێ و ئازارەکانی لەبیر بباتەوە.

ئێستە کەمێک ڕوون بووەوە، بۆچی لە کۆنگرەی کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی (WEF) لە داڤوس ساڵی ٢٠١٤، بەختەوەریی تاکەکانی کۆمەڵگە کرایە بەشێکی گرینگ لە بابەتەکانیان!

بازاڕکردن لەم چوارچێوە تازەیەدا، یەکەم ئامانجی دۆزینەوەی حەزەکانی ژنە، چونکە دەرکەوت ئەو ڕەگەزە زیاتر یاریکردن بە ھەستەکان کاریگەرییان لێ دەکات و ٩٠%ی کڕیارانی ئەو بازاڕ و سوپەرمارکێتانە ژنن. بەپێی یەکێک لە توێژینەوەکان لەسەر ژنانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا، دەرکەوتووە ٨٠%ی داھاتەکانیان دەدەن بە بەرگ و کەرەستە و جوانکاری و زۆر بواری تر کە زۆربەیان لە ماوەیەکی نزیکدا بەکار ناھێنن و ڕەنگە ھەرگیز ھەر بەکاریشی نەھێنن.

فرەوانکردنی بوارەکانی بازاڕ لە دونیادا، لە ساڵانی نەوەتی سەتەی ڕابردووەوە دەستی پێ کرد زیاتر مۆڵ و سەنتەری بازاڕکردن دروست کران کە واڵتەر بنجامین فەیلەسووفی ئەڵمانی پێیان دەڵێ “شاری خەونەکانی سەرمایەداری”. ھەروەھا ئەنکا بۆسکا، توێژەری زانکۆی لەندەن دەڵێ، ئەو سەنتەرە بازرگانییانە لەوپەڕی ئەزمووندان بۆ ئەوەی وا لە مرۆڤ بکەن ببێتە بوونەوەرێکی “سەیر” چونکە ھەموو ئەگەرێک دەخەنە بەردەم بازاڕکەر تا نەتوانێ بێتە دەر بەبێ ئەوەی شتێک بکڕێ.

سەنتەرە بازرگانی و مۆڵە گەورەکان، بە دیمەنە دڵڕفێن و دیکۆرە کەشخە و دووکانە سەرنجڕاکێشەکان، ئینجا بە زۆریی و جیاوازیی ئەو کاڵایانەی ھەیانە، کولتووری بازاڕکردونیان لە کۆمەڵگەکان دروست کردووە و ھەلێکی زێڕین دەدەن بە خەڵک بۆ ئەوەی ھەست بە بەختەوەری بکەن، بەڵام بەختەوەرییەکی ساختە کە کۆمپانیا و وڵاتە زلھێزەکان دروستیان کردووە و بە ویستی خۆیان بۆ ئەو شوێنەت دەبەن کە دەخوان و دەشبێ تۆ ھەموو یان زۆربەی داھاتەکەشتیان لەسەر دابنێی.

error: Content is protected !!