ڕەنگە ئیدی پێناسەی خۆشگوزەرانی بگۆڕێ، ئەمە نەمێنێ کە بەشێک لە کۆمەڵناسان بە بەختەوەریی ساختە یان بەختەوەریی سوپەرمارکێت ناوی دەبەن. ئیدی ناچار نەبین ھەموومان وەک یەک بژین. گڵوباڵیزەیشن بەناوی دەرفەتی خۆشگوزەرانی بۆ ھەموو، ناچاری کردین ھەموومان دەست لەوە ھەڵبگرین کە لەسەری بووین، بۆ شتێک کە وامان دەزانی ئەگەر دەستی پێوە بگرین، دەبینە جیھانی. جا ئەم بەجیھانیبوونە بۆ کورد زۆرتر لە نەخۆشیش دەچێ، جیھان ھێشتا قبووڵی نییە خاکەکەمان بەشێک بێت لە نەخشەکەی، خۆمان وەک تاک و وەک کۆمەڵی بچووک بچووک، ھەردەم ویستوومانە شتەکانمان جیھانی بێت.
ڕەنگە لایەنی باشی ئەم خۆشگوزەرانییە ساختەیە ئەوە بێت، ڕەوشی ژیان (لایف ستایل)ـی ھەموو خێزانەکانی لە یەکتری نزیک کردبێتەوە. ئەوەی لە ماڵێکی زەنگیندا ھەیە، لە ماڵێکی ئاساییدا ھەیە، وەک: ئۆتۆمبێل، قەنەفە و دیکۆری ژووری میوان، سیسەم و تاخمی ژووری نوستن، کەوانتەر و کورسی و مێزی ژووری چێشتلێنان، تەلەڤزیۆنی شاشە گەورە، ئینتەرنێت و مۆبایل و ئامێرە ھۆشمەندەکان… ھەروەھا ئەوەی ماڵێکی زەنگین و ماڵێکی ئاسایی دەیخۆن، ھەر یەکە، ھەردووکیشیان بەھەمان شێوە، وازیان لەو خواردنانە ھێناوە یان خەریکە بەرەو وازھێنان دەچن، لەپێناو ئەوەی ببن بە جیھانی. کفتە، دۆڵمە، سەروپێ، ساوەر و بریانی فەرامۆش دەکەن، بۆ پیتزا، کێنتاکی، ھەمبەرگر، سپایگێتی، سووشی…
لایەنی باشی ئەمە وەک گوتمان ئەگەر دروستبوونی یەکسانیی لایف ستایل بێت، لایەنە خراپەکەی ئەوەیە، مرۆڤی کردووە بە ئامێرێکی ئیشکردنی بەردەوام بۆ ئەوەی بگات بەو خۆشگوزەرانییە ساختەیە.
خێزانێک کە لە گوندێکی دوورەدەستدا بژین، ڕەنگە داھاتی مانگانەیان نەگاتە ٢٠٠ دۆلار، بەڵام لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدان، بەپێی ئەو بنەمایەی خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی بڕوایان پێیەتی. واتە ئەو ناچار نییە ژووری میوان بەو ستایلە بڕازێنێتەوە کە ئەورووپییەک و ئەمەریکییەک دەیکەن، تۆ خۆت بەناچار زانیوە، ئاخر دراوسێکەیشت وای کردووە، بە تەنیا لەناویاندا ئەگەر وا نەکەیت نامۆ دەبیت. ئەو بە لباد و بەڕە و چنینە کوردەوارییان دەزانێ چۆن ژوورەکەی بڕازێنێتەوە و زۆریش لەوەی تۆ بەلایەوە جوانترە. تۆ گاڵتەت لێ دێ، ئەو بە دواکەوتوو دەزانیت، بەڵام ئەو ئامادە نییە لەسەر ئەو ٢٠٠ دۆلارەی خۆی، سێ ئەوەندەی بۆ قەرز بکات تا ژووری میوانەکەی وەک کابرایەکی سکۆتلەندی لێ بکات، تۆ خۆت بە ناچار زانیوە، بە قەرزیش نەبێ، بە قیست دیکۆری ماڵەکەت تەواو بکەی، ھێشتا پارەی قستەکەت تەواو نەکردووە، مۆدیلی بەسەر دەچێ و ناچاری جارێکی تر خۆت تووش بکەیتەوە. بەم شێوەیە، تۆ کە ٤٠٠ دۆلار یان تەنانەت ١٠٠٠ دۆلاریش وەربگری، فریای پێداویستییەکانی ژیانت ناکەوی، ھاوسەرەکەشت دەبێ ئیش بکات. زۆربەی ماڵەکانی ئێستە کە ژنانیشیان داوەتە بەر ئیش، لەبەر ئەوە نییە کە بڕوایان بە یەکسانی ھەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێداویستیی لایف ستایلەکەیان بە ئیشی یەک کەس پڕ نابێتەوە. ئەگینا ژنەکە کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ھەمان تاس و حەمامە و ھەر ئەو ئیشەکانی ماڵەوە دەکات و ھیچ نەگۆڕاوە.
کەس مووچەکەی بەشی ناکات، ھەمووی دەبێ ئیشێکی دیکەیشی لەگەڵدا بکات، کەسی ڕازی نییە، ھەمووی دەیەوێ بگات بەو تۆپەی کە دراوسێکەی پێی گەیشتووە. ئەو ئۆتۆمبێلی ھەیە، تۆیش ھەتە، ھەردووکیشی ھەمان کار دەکەن بەبێ زیاد و کەم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ئەو لاند کرۆزەرە، ئەوەی تۆ تیدایە، ھەموو ژیانت دەفەوتێنی، دەبیتە مەکینەی پارەپەیداکردن، بۆ ئەوەی بگەی بە “وەنەوشە” وەک بڵێی گەیشتن بە وەنەوشە، گەیشتنە بە لووتکە. تۆیش وەک ئەو دیکۆری ماڵت پڕ کردووتەوە، بەڵام ئەوەی تۆ چینی یان تورکییە، ئەوەی ئەو ئیتاڵییە، ئیدی ھەر کە سەیری ماڵی خۆت دەکەی، پێت وایە لە خراپترین ژیاندای. لە کاتێکدا ئەوەی ئاساییترین ماڵی ئێستەی کورد ھەیەتی، پێش سەت ساڵ، دەسەڵاتدارترین ئاغا نەیبووە، پێش پەنجا ساڵ، زەنگینترین سەرمایەداری شار نەیبووە، بەڵام تۆ ھەر ناڕازیت.
ئەم ھەموو ناڕازییە، یەخەی کێ دەگرێ؟ لە ماڵەوە ھاوسەرەکەت یەخەی تۆ دەگرێ، تۆیش یەخەی ئەو دەگری، منداڵ ھەر داوا دەکات، ئای پادەکەی کۆن بووە، دەبێ تازە بکرێتەوە، لە کاتێکدا کۆنەکە و تازەکە تەنیا جیاوازیی چەند گێگابایتێکە، ئینجا بەرز دەبێتەوە، یەخەی خاوەنکارەکەت دەگرێ، یەخەی حکوومەت دەگرێ، بە شێویەک کۆمەڵگە ھەمووی لە شڵەژان و سترێسێکی بەردەوامدایە و کەسی ڕازی نییە و ھەمووی دەیەوێ بگات بەو خۆشگوزەرانییە ساختەیەی سوپەرمارکێت بۆی دروست کردووە.
لە ماڵەوە دێتە دەر، کیلۆیەک تەماتە و نیو کیلۆ کوولەکە بکڕێ، بەڵام لە مارکێتەکە تا دەگاتە تەماتە و کوولەکە، ھەموو ئەو شتانەی لێیە کە پێی وایە ئەگەر بیباتەوە بۆ ماڵەوە، دەبێتە بەشێک لە خۆشگوزەرانی، بۆیە ئەو مووچەیەی وەری دەگرێ، بەشی سێ چوار سەردای مارکێت دەکەوێ.
ئایا دەزانی کابرایەکی ژاپۆنی، تا ئێستەیش وەک من و تۆ تووشی ئەم خۆشگوزەرانییە ساختەیە نەبووە؟ پێش پێنج سەتە، باپیرانی چۆن ژووری میوانی ڕازاندبووەوە، ئێستەیش ئەو ئاوا دەیڕازێنێتەوە! ئەو کێیە؟ کەسێکی نەدار نییە، لەوانەیە بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای تۆیۆتا یان پاناسۆنیک بێت، ژیانی خۆی نەگۆڕیوە. ئەو خواردنەی لەوەتەی ئەو میللەتە ھەن و لەسەری ڕاھاتوون، ھەر ئەوە دەخوات، ناگۆڕێتەوە بەو مەکدۆناڵدەی تۆ پێت وایە ئەگەر بیخۆیت، ئیتر وەک کابرایەکی ئەمەریکیت لێ دێ.
بگەڕێینەوە بۆ خۆمان، خۆمانی پێش ئەم سەردەمی بەختەوەرییە ساختەیە، دەبینین ژیان لەوە ئاسانترە کە لەخۆمان کردووە بە مۆتەکە، دەبینین ئەو داھاتەی ھەمانە، بە دڵنیایییەوە بەشمان دەکات بە زیادەوە، بەو مەرجەی خۆمان ناچار نەکەین، ئەوەی لە درامایەکی تورکی دەیبینین، بیکڕین، ئەوەی دراوسێ زەنگینەکەمان ھەیەتی، ھەوڵ بدەین بە قەرز و قیست و ھەرچی بێت پەیدای بکەین. ئا بەم ژیانە، دەبینین کات بەشی خێزان و لایەنی کۆمەڵایەتیش دەکات، ئێستە باوک فریای بینینی منداڵەکانیشی ناکەوێ، کات بەشی خوێندنەوەیش دەکات، بەشی خۆسەرقاڵکردن بە حەزە تایبەتەکانیشمانەوە دەکات.
کۆرۆنا جیھانی گۆڕی، ڕەنگە کەرەنتینە بتوانێ تاک و خێزانەکانیش بگۆڕێ و واز لە بەختەوەریی ساختە بێنن، بگەڕێنەوە بۆ خۆشگوزەرانیی ڕاستی.