کاتێک ھیچ بژارەیەکی دروست لەبەردەممان نەبێ، چی بکەین؟

هەردەم مرۆڤ لە ھەوڵدایە بازنەی بژارەکانی فرەوان بکات، بۆ ئەوەی ھەرگیز لەبەر نەبوونی ھیچ بژارەیەک تووشی ناچاری نەبێت شتێک ھەڵبژێرێت کە نایەوێ و پێی خۆشە ھەردەم شتێکی تریش لەبەردەمدا ھەبێت، بەڵام ئەی چی دەبێت ئەگەر ھەموو بژارەکانی لە بەردەمماندان خراپ بوون، بە شێوەیەک لە دژی ھەموو بنەما ئەخلاقی و بڕواکانی خۆتەوە بوون؟ لەو کاتەدا ئێمە چی دەکەین، گریمان لەناو خراپتریندا ھێواشترینیانمان ھەڵبژارد، ئایا ھەر نابێتە ھەڕەشە بۆ سەر بڕوا و بەھاکانمان؟

ڕەنگە زۆریش باش نەبێ، هەردەم ھەلی بژارەت لەبەردەمدا بێت، ئاخر تۆ بەوە دەبێ ھەموو بەرپرسیارییەتییەک ھەڵبگری و ئەنجامی ھەڵبژاردنی خۆت دەبێ وەربگری، ئەمەیش بەگشتی لە زۆرینەی دۆخەکاندا بە باش تەماشا دەکرێ، بەڵام ئەی ئەگەر سەرجەم ئەو بژارانەی لەبەردەمتن، ھیچی لەگەڵ بەھا و بڕواکانی تۆ یەک نەگرنەوە، ئایا دەکەویتە دۆخی ناچارییەوە؟ ھەڵبەت ئەم نموونەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆرە، ئەمەیە کە دەڵێین ڕەنگە زۆریش باش نەبێ.

با بە نموونەیەک دەست پێ بکەین و بیھێنینە مێشکمانەوە، دوای ئەوەی لە سوپەرمارکێتێک ھاتینە دەر و ئۆتۆمبێلەکەت جووڵاند، لە دواوە بەر ئۆتۆمبێلێکی تر کەوت، ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی زیانێکی ئاشکرای تووش ببێ، کەسیش لەو ناوەدا نەبوو، دەشزانی کە کامێرای چاودێریی لێ نییە، تۆ لێرەدا لەنێوان دوو بژارەی، یان ئەوەتا بەبێ ئەوەی ھیچ ھەڵوەستەیەک بکەی، ئۆتۆمبێلەکەت لێ دەخوڕی و دەڕۆی، چونکە دەزانی کەس نەیبینیوی، یان تێبینییەک لەسەر جامی پێشیی ئۆتۆمبێلەکەی ئەو بە ژمارەی مۆبایلەکەتەوە دادەنێیت و ڕوونی دەکەیتەوە کە ئەو ڕووداوە تۆ بوویت تا ئەویش پێوەندیت پێوە بکات.

وەک لەم نموونەیەدا ڕوونە، بژارە دروستەکە ئەوەیە، تێبینیی خۆت بنووسیت و بەجامی ئۆتۆمبێلەکەیەوە بنێیت، خۆ ئەگەر ئەمەت نەکردن، ئەوات ڕێگەیەکی ھەڵەت ھەڵبژاردووە کە ڕەنگە لە داھاتوودا تووشی لێپێچینەوە ببیت لەسەری، خۆ ئەگەر تووشی نەبیت، ھەر لەوە دەرباز نابیت کە لەنێوان بژارێکی ڕاست و ھەڵە، ھەڵەکەت ھەڵبژاردووە، ئەگەرچی بژارە ڕاستەکە ناچارت دەکات ئەنجامی لێدانەکە بژمێری و قەرەبووی بکەیتەوە.

لەم نموونەیەدا ویستمان ئەوە ڕوون بکەینەوە، کاتێک بژارت لەبەردەمدا دەبێت، واتە ڕەنگە ھەندێک جار چەوتەکە ھەڵبژێری نەوەک ڕاست، ئەوە بۆیە مافی ھەڵبژاردن، بەرپرسیارییەتییەکی گرانی لەدوای خۆیدا بەجێ دەھێڵێ.

ئیمانوێل کانت، فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی دەڵێ، بۆ ئەوەی ھەر کارێک ببێتە ناچارییەکی ئەخلاقی، دەبێ توانای کردنی ھەبێ، شتی ئەستەم ھەرگیز بە بەشێک لە پێویستیی بەھای ئەخلاقی تەماشا ناکرێ. جیا لە کانت، هەردەم فەیلەسووفەکان ئەخلاق بە پێوەر دادەنێن کە مەبەستیان ئەو مۆڕاڵەیە کە بڕوای کەسەکانە و پێیان وایە، مرۆڤ تەنیا لەو کاتەدا ناچارە شتێک بکات کە ھیچ بژارێکی دیکەی لەبەردەمدا نەبێت، هەردەم لەکاتی بژاردا ناچاری نامێنێ و ڕۆڵی ئەخلاق دەردەکەوێ. دیسان دێینەوە سەر پرسیارەکە، ئەی ئەگەر سەرجەم بژارەکان ھەڵە بوون؟

ھەرگیز لۆمەی کەسێک ناکرێ کە پێچەوانەی بەھا ئەخلاقییەکانی کرد، لەکاتێکدا ھەرگیز نەیدەتوانی خۆی لێ لابدات و ئەوەندەی توانیویەتی ھەوڵی داوە باشترین بژار ھەڵبژێرێ، لۆمەکە دەکەوێتە سەر ئەوانەی کە دەیانتوانی ڕێگەیەکی تر ھەڵبژێرن جیا لەوەی ھەڵیان بژاردووە. وێڕای ئەمەیش، کاتێک لەناو کۆمەڵێ بژاری خراپدا دانەیەکیان کە لە ھەموویان ئاسانترە ھەڵدەبژێرین، ھێشتا خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین، چونکە ناخمان ھەست بەوە دەکات کە کارێکی پێچەوانەی مۆڕاڵی خۆمان کردووە و هەردەم بیرمان دەھێنێتەوە و دەڵێین، نەدەبوو بیکەین. زۆر جاریش لەوانەیە خۆمان لە ئەنجامی ئەو کارە کە ناچاریش بووین بە دوور لە بەھای بەرز تۆمەتبار بکەین و سەرکۆنەکانی خۆمان ناخمان بخوات.

مرۆڤ هەردەم بۆ ئەوەی تووشی دۆخێکی ئاوا ناچاری نەبێت کە شتێک نەکات دژی بەھاکانی خۆی، ھەوڵ دەدات ڕوو لە کاری ئەستەم بکات، بۆیە هەردەم بژار چەندە باشە، زۆریش ناخۆش و گرانە ئەگەر ھەردوو یان ھەموو بژارەکان ھەڵە بن، ئەمە بۆ ناخی ھەموو کەسێک گرانە و بە ئاسانی ناتوانێ ھەڵی بژێرێت.

error: Content is protected !!