بۆچی بیری یەکتری دەکەین؟

ئایا بەڕاست مرۆڤ دەتوانێ بەرگەی لەدەستدانی کەسەکان و شتەکان بگرێ؟ ئایا ئێمە تەنیا ئەو شتانە و ئەو کەسانە لەدەست دەدەین کە بەلامانەوە گرینگن یان یادەوەریمان لەگەڵیاندا ھەیە؟ ڕەنگە لە یەکەم سەرنجدا، پێمان وا بێت ھەردوو پرسیارەکە یەک شتە، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆریان ھەیە.
ئەم پرسیارانەی سەرەوە، پێشەکیی وتارێکی پۆڵ ھادسن فەیلەسووفی و نووسەری ناودار بوو کە لە ڕۆژنامەیەکی بریتانی بڵاوی کردووەتەوە.
ئێمە لە بنەڕەتدا، توانای ئەوەمان نییە کەسێکمان خۆش بوێت، یان کەسێک لەدەست بدەین و بیری بکەین، تەنیا لەبەر کەسێتیی خۆی. تۆ لەبەر ئەوە بیری ناکەی کە سۆزێکی زۆرت بۆ ئەو کەسە ھەیە، نەخێر، بەڵکوو ئەو تێگەیشتنەی لەسەری ھەتبوو، لەدەست دەدەی، ھەروەھا ئەو گرینگییەی ھەیبوو لە ژیانتدا، ئیدی نامێنێ، بۆیە بیری دەکەی. ھەڵبەت ئەم باسە گرینگییەکی زۆری ھەیە، لە ھەمان کاتیشدا، بە شێوەیەک لە شێوەکان تێمان دەگەیەنێ چۆن ئەو ھەست و خۆشەویستییەی ھەمانە، لەوپەڕی لاوازیدایە کە مایەی سەرسووڕمانە.
پۆڵ ھادسن دەڵێ، ھەردەم مرۆڤ بەلای ئەوەدا دەڕۆن، شتەکان و کەسەکانی چواردەوریان بخەنە ژێر ڕکێفیانەوە و خۆیان بڕیاریان لەسەر بدەن، ئێمە وەک مرۆڤ ھەموومان لەسەر ئەوە پڕۆگرام کراوین و ناتوانین ھەرگیز بیگۆڕین. کاتێک ئەو ھەڵسوکەوتە دەکەین، لە ناخماندا کۆمەڵێ ئایدیا لەسەر کەسی بەرانبەر دروست دەکەین. ئەم پێوەندییە پەرە دەستێنێ، ئێمەیش لەگەڵیدا گەشە دەکەین و ڕەنگی یەکتری دەگرین.
ھەندێک جار، ئەو وێنەیەی بیری کەسێکی پێ دەکەین، ڕاستییە، یان ئەو کاتە وا بووە، بەڵام لە زۆرینەی دۆخەکاندا، ئێمە بەلای ئەوەدا دەچین بە شێوەیەکی ڕۆمانسی بیری بکەین، واتە وێنەیەکی خەیاڵی دروست دەکەین کە خۆی لە ڕاستیدا وا نەبووە. ھەردەم وامان پێ خۆشە، لە قاڵبێکی ڕۆمانسیی ئەفسووناویدا ئەو بێنینەوە بەر چاومان، بەو شێوەیەی حەز دەکەین بیبینین، ھەروەھا لەسەر بنەمای ئەو ھەستانەی ئێمە لەسەری بونیادمان ناوە، مامەڵە دەکەین، بەبێ گوێدانە ئەوەی لە ڕاستیدا چۆن بووە.
ئەوەش دەبێ بڵێین، زۆر جار ھەیە، ئێمە چۆن بیر لە کەسەکە دەکەینەوە، بە تەواوی وایە، بەڕاستیش بیری دەکەین، ھەموو ئەو خەیاڵانەی لەسەری ھەڵمانچنیوە، ڕێک پیشاندانی دیمەنە ڕاستییەکەیە، بەڵام لێرەشدا، تۆ بیری ئەو دیمەنانە ناکەیت، بیری ئەو کەسە ناکەیت، بیری ئەو ئایدیایانە دەکەیت کە لە مێشکدا بۆ پێناسەی ئەو دروستت کردووە. ئیتر پێناسەکە ڕاست بێت، یان خەون.
ھادنسن دەپرسێ، ئەگەر تەنیا کاتە خۆشەکان و ساتە ئاسوودەکانت لەبیرە، وێڕای ئەوەی چەندە بە خراپیش مامەڵەی لەگەڵ کردووە، کەواتە تۆ کێشەی سۆزداریت ھەیە، بۆشایییەک لە تۆدایە و بیری پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە دەکەی کە کەسێک لە تەنیشتتدا بوو، ئەگەرچی وەک پێویستیش نەبووە، ھەر لەوە باشترە کە ئێستە کەس نییە. ڕێک لێرەدا وابزانم بۆچوونەکە بە تەواوی ڕوون بووەوە: ئێمە نامانەوێ بەتەنیا بین.
بەڵێ، ھەندێک کەس بە شێوەیەکی ڕێژەیی، دەتوانێ کارەکانی بەبێ ئەوی تر، باشتر بەڕێوە ببات، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستی، ناچاری ئەوی تری دەکات. ھیچ کەسێک بە ویستی تایبەتیی خۆی تەنیایی ھەڵنابژێرێ، مەگەر کۆمەڵێ گرفتی دەروونی ھەبێت کە ناچاری دەکات ئەو بژارە بخاتە مێشکییەوە. ھەڵبەت نایشارینەوە، ھەموومان حەزمان لێیە ماوە نا ماوە تەنیا بین، بەڵام نەوەک بۆ ھەردەم . چونکە ھەر دەبێ لە خاڵێکدا ھەست بە تەنیایی بکەین و دەمانەوێ بگەین بە کەسێک بێتە ژیانمانەوە و بەھۆیەوە دەردەدڵ و خەمی خۆمان بەبا بکەین. ئەمە زۆر ئاسایییە لە ھەمووماندا و حاشای لێ ناکرێ و پێویست ناکات شەرمی لێ بکەی.
ئەوەی پێویستە شەرمی لێ بکەیت، بیرکردنی ئەو کەسانەیە کە لە ماوەیەکی ڕابردووی ژیانمان بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کردووین. ئەگەری ھەیە لە چەند دۆخێکی تایبەتدا بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ کردبی، بەڵام خۆ ژیان ھەمووی ئەو دۆخە تایبەتانە نەبووە. ئەگەر وا بوایە، پێی نەدەگوترا دۆخی تایبەت.
ئەگەر تۆ یەکێکی لەوانەی، بیری ئەو کەسانە دەکەی کە بە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کردووی، پێویستە لە ئێستەوە ھەنگاوێکی دەستپێشخەری بھاوێژی و بەرەو ڕێگە ڕاستەکە بڕۆی و جارێکی دیکە پێناسەی دۆخی ڕابردووی خۆت بکەیتەوە. پێویست ناکات ملکەچی ئەم دۆخە خراپەی خۆت بیت، ڕاستگۆ بە لەگەڵ خۆت و بڵێ، ئەو کەسە باش نەبووە، ئیدی بۆ بیری بکەم؟ کۆتایی پێ بێنە و بیری مەکە.

تۆ ھەر لەو کاتانەدا بیری ئەو دەکەی کە تەنیای
پێویستە خۆشەویستیی ڕاستی و ئەوەی پێت وایە خۆشەویستییە، لەیەکی جیا بکەیتەوە. یەکەم ھەنگاو، پێویستە ھەستەکانت لە کاتی تەنیاییدا چارە بکەیت و نەیەڵی لەو دۆخە ناسکەی ناختدا، ھزرت بۆ لای ئەو کەسە بڕوات کە نابێ بۆ لای بڕوات، لەو ڕابردووە وەرە دەرەوە، تەنانەت لەو کاتەشدا کە تەنیایت.
ئەو فەیلەسووفە دەڵێ، لە کاتی تەنیاییدا، لاپەڕەکانی ڕابردوومان ھەڵدەدەینەوە و بۆ کەسێک دەگەڕێین پشتی پێ ببەستین، لەو کاتەی کە زۆر پێویستیمان بە کەسێکە، بەڵام نابینین کەس گوێی لێمان بێت. ھەموو ئەم ھەستانە پێی ناگوترێ خۆشەویستی بۆ ئەو کەسە، بەڵکوو وەک کەسێک وایە نغرۆی دەریا بووبێ و بە ئومێدی ڕزگاری، پەلاماری چڵەپووشێک بدات. ھەمووی بە کورتی ئەوەیە، نامانەوێ لەو کاتەی ژیان لەسەرمان زۆر قورسە، بەتەنیا بین، ھەردەم حەز دەکەین یەکێک لەلامان ھەبێ، چونکە پێمان وایە ئاوا ژیان ئاسانترە. ھەڵبەت ھەر واشە، ژیان بە تەنیایی قورسە، ئەوە بۆیە ھەردەم پاڵنەرێک ڕامان دەکێشێ بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسان بەڕێوە ببەین.
تۆ بیر بکەرەوە، ژیان بە تەنیا گرانە، پێویستیت بە کەسێکە، کەسەکەش نییە، ھەموو ئەوەی دێتە خەیاڵت، کەسێکە کە شایەنی ئەوە نییە لە تەنگانەدا فریات بکەوێ. کەواتە ئەوە خۆتی پێویستیت بە کەسێکە، بەبێ ئەوەی گرینگ بێت کەسەکە کێیە و ھەرگیز پێی ناگوترێ خۆشەیوستی، چونکە تەنیایی یاری بە یادەوەرییەکانت دەکات و زۆر جار ئەو خەیاڵە جوانانەی لەسەر کەسەکان و شوێنەکان دروستت کردووە، لێت دەکات بە ڕاستی.
ئینجا با وێنەیەکی دیکە وەربگرین، تۆ ئێستە لە خۆشترین ساتەکانی ژیانتدای، کەچی بیری کەسێک دەکەی کە لەم ساتەدا لە ژیانتدا نییە. ئەمەیان جیایە لە وێنەکەی تر و بەڕاستی خۆشەویستییە، چونکە تەنیایی و نەھامەتی ناچاری نەکردووی. لەم کاتەشدا، پێویست ناکات زێدەڕۆیی لەو بیرکردنە بکەیت و پێویستە خەیاڵەکانت ببەیتە لایەک و خەریکی پابەندبوون بیت بەو دۆخەی تێیدای.
پۆل ھادسن لە کۆتاییدا دەڵێ: بە شێوەیەکی بەردەوام، ئێمە ھەردەم بەلای ئەوەدا دەڕۆین کە خۆمان ماندوو بکەین و لایەنی سۆزداریمان بخەینە سەر ئەوانەی شایەنی نین. پێویستە فێر بین، جیاوازی لە نێوان خۆشەویستیی ڕاستی بکەین کە ھەردەم دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەو دۆخەی لە ساتە ئاڵۆزەکاندا تووشمان دەبێ، بۆ ئەوەی ژیانمان بەردەوام بێت. چونکە ژیان ناوەستێ، پێویستە تۆیش نەوەستی.

error: Content is protected !!