لە نێوان تووڕەیی و شڵەژاویی دۆناڵد ترەمپ و ھێوری و لەسەرخۆیی ماندێلا، کامیان ڕێگە سەرکەوتووەکەیە؟ ھەڵبەت ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیشەوە لێی نەڕوانین، لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکەشەوە ئەوەی ماندێلا ژیرانەترە و بە گاڵتە نییە بووەتە کەسێکی مێژوویی. کەواتە چۆن خۆمان لەدەست تووڕەیی لە ھەڵسوکەتەکانمان ڕزگار بکەین؟
فەیلەسووفە کۆنەکان، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە قوتابخانەی “ستۆیسزمـ”*ـن، پێیان وایە تووڕەیی شێتێتیی کاتییە، بەشێوەیەک ئیدی مرۆڤ لەو ساتە پڕ ھەستە ورووژاوە نائەقڵانییەدا ژیرێتی لەدەست دەدات. خەڵکی بە گشتی لەبەر چەندان ھۆکاری گرینگ و نا گرینگ تووڕە دەبن و زۆر جاریش ھۆکارەکە زۆر لاوەکی و بێ مانایە، بۆ نموونە شۆفێرێک دەبینێ ئۆتۆمبێلەکەی پێش خۆی خاو دەڕوات و ئەم پەلەیەتی. ھەندێک جاریش بۆ ھۆکاری گەورە مرۆڤ تووڕە دەبێ و شایەنێتی، وەک ئەوەی کاتێک لە ھەواڵەکان کارەساتی خنکاندنی زیاتر لە ١٥٠ کەس لە بەلەمەکەی مووسڵ دەبینی یان ھەر ڕووداوێکی نەخوازراوی مرۆڤیی تر. بەڵام بەزۆری ھۆکاری تووڕەبوونەکان بۆ شتی ناگرینگ و بێ بایەخ دەگەڕێنەوە: میسی ویستی گۆڵ بکات، یاریزانی بەرانبەر فاوڵی لێ گرت و ناوبژیوانیش ھیچی نەگوت..
کۆمەڵگەی سایکۆلۆژیی** ئەمەریکی بەشێکی لە ماڵپەڕەکەیان بە ناوی “بەڕێوەبردنی تووڕەیی” کردووەتەوە و ئەوەی جێی سەرنجە، زۆر نزیکە لە تەمان ئەو بابەتە فەلسەفییە کۆنەی پێشتر لۆکیۆس ئەنایۆس سینیکا فەیلەسووفی ستۆیسزم لە سەتەی یەکەمی زایین سەبارەت بە تووڕەیی نووسیویەتی. سینیکا پێی وا بوو، تووڕەیی شتێتیی کاتییە، تەنانەت ئەگەر بیانووشی ھەبێ، نابێ ھەرگیز لەسەر ئەو بنەمایە بجووڵێینەوە، چونکە بەھۆی ئەو بەدکارییەوە “کە تووڕەیی خۆی بەدکارییە” ڕەنگە تووشی بەدی تر ببینەوە و بەسەر داناییماندا زاڵ دەبێ و کاریگەری بەسەر ھۆشیاریمانەوە دروست دەکات. زۆر جار بەھۆی توروِەییەوە بەدکارییەکانی تر بە ھێواشی دێن بەبێ ئەوەی ھەستی پێ بکەین و جامی تووڕەییەکە بە تەواوی پڕمان دەکات. جیڕبوونەوە لە تووڕەیی ھەرگیز لەگەڵ ھۆکارەکەی ناگونجێ، ھۆکار ھەرچی بێت، زۆر جار تووڕەییەکە بەرزتر دەبێتەوە کە ئەمەش سەرەتایی بەدکارییە.
لە ژینگەی نوێدا، بەشێکی بەڕێوەبردنی تووڕەیی بریتییە لە ئینتەرنێت. ئەگەر ھەژمارت لە توویتەر یان فەیسبووک ھەبێ و بە نووسین و خوێندنەوە و کۆمێنت تێیاندا چالاک بیت، دەزانی مەبەستی ئەم گوتەیە چییە. بۆ نموونە تووڕەیی بەھۆی توویتەرەوە، گەیشتووەتە خراپترین ئاست، بەشێکی ھۆکارەکەش بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە کە لەوەتەی مێژووی ئەو وڵاتە ھەیە، سەرۆکی ئاوا بوغزن و تووڕەیان نەبووە.
ئەبکتیتۆس فەیلەسووفێکی تری ستۆیسزمە لە سەتەی دووەمی زایینی ژیاوە، پێش ئەوەی ببێتە ئەو پیاوە مەزنە، کۆیلە بووە و ھەموو ڕووەکانی تووڕەیی بینیوە، بە قوتابییەکانی دەگوت: بیرتان بێت، ئەوە خۆمانین ئەشکەنجەی خۆمان دەدەین و ڕێگەی لێ گران دەکەین، یان زۆر جار بەھۆی بۆچوونەکانمانەوە کە لە کاتی تووڕەییدا دەری دەبڕین، خۆمان تووشی ناڕەحەتی دەکەین. ئەگەر تووشی سووکایەتی ھاتین، چ مانایەکی تێدایە ئەگەر وەڵام بدەینەوە؟ ڕوو بکەرە تلەبەردێک و تا دەکرێ جنێوی پێ بدە، تۆ چیت دەست دەکەوێ و ئەو چی دەکات؟ ئەگەر خەڵکی وەک ئەو بەردە وەڵامی تووڕەیی بدەنەوە، کەسی جنێودەر چی بۆ دەمێنێتەوە؟
ھەڵبەت کاتێکی زۆر و ئەزموونێکی قووڵی دەوێ بۆ ئەوەی بتوانین بەو شێوازەی ئەبکتیتۆس بەرانبەر سووکایەتی و جنێو وەک تلەبەردمان لێ بێت. ئەنجامێک کە پێوەندی بە کەسی بەرانبەرەوەیە بەم شێوەیەیە: بابەتێکت لە فەیسبووک نووسیوە، کەسێک بە زمانێکی سووکایەتییەوە کۆمێنتت بۆ دەنووسێ، تۆیش بەبێ ئەوەی گرینگی بە سووکایەتییەکەی بدەی، ئەگەر لەناو کۆمێنتەکەیدا پرسیارێکی تێدا بێت، تەنیا وەڵامی پرسیارەکە بدەرەوە. دەبینی ئەو لەوە زیاتر تووڕە بووە کە یەکەم جار دەری بڕی. خۆ ئەگەر بەھۆی ئەو ھێورییەی تۆوە، ئەو لە سووکایەتییەکەی پەشیمان بووەوە، ئەوە ھەنگاوێکی باشی بەڕێوەبردنی تووڕەییت بڕیوە.
ڕەنگە زۆر کەس بڵێن، تووڕەیی ئەنجامێکی دروستی دۆخێکی دیاریکراوە، وەک ڕەتدانەوەی ستەم و تووڕەیی گونجاو دەتوانێ ببێتە ھێزی پاڵنەر بۆ کار. بەڵام سینیکا فەیلەسووفی باسکراو وەڵامی ئەمە دەداتەوە و دەڵێ: تووڕەیی گونجاو ئەستەمە و ھیچ شتێک بەو ناوە لە گەردووندا نییە. سەبارەت بە پاڵنەری کاریش بە گشتی ھەڵوێستی ستۆیسزمەکان ئەوەیە، ئێمە تەنیا بە ھەستە ئەرێییەکان بەرەو کار ھان دەدرێین، وەک ھەستکردن بە بێزاری کاتێک ستەمێک دەبینین. ھەستی بێزاری جیایە لە ھەستی تووڕەیی. ئەوان پێیان وایە لە ھیچ دۆخێکدا پێویست نییە مرۆڤ تووڕە بێت و بۆ ھەموو نموونەکانی کاتی تووڕەیی، مرۆڤ دەتوانێ بە ھەستێکی تر پڕی بکاتەوە.
مارتا نۆسباوم فەیلەسووف و کۆمەڵناس گوتەیەکی بەناوبانگی لەسەر نیسلسۆن ماندێلا ھەیە، دەڵێ: کاتێک ماندێلا بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ لەلایەن ڕژێمی جیاکاریی ڕەگەزیی باشووری ئەفەریقا خرایە گرتووخانەوە، لەوپەڕی تووڕەییدا بوو، ھۆکارەکانیشی ھەمووی لەجێ بوون. ھەر ستەمێک نەبوو تەنیا لەو بکرێ، بەڵکوو ستەم لە ھەموو گەلەکەی دەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا ماندێلا باش بۆی دەرکەوتبوو، دنەدانی ئەو تووڕەییە و سووربوون لەسەر بیرکردنەوە لە نەیارە سیاسییەکانی و سەیرکردونیان بە دڕەندە، ھیچ ئەنجامێکی نابێ. پێویستی بەوە بوو بەسەر ئەو ھەستە وێرانکەرەدا زاڵ بێت، بۆ ئەوەی بگاتە لایەکی تر، ئەویش دروستکردنی متمانە بوو. سەرەتا ھاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو پاسەوانە بەست کە تایبەت لەبەردەم ژوورەکەی ئەو لە گرتووخانەکەدا دانراوە و بەم شێویە ئەوەی لەو گرتووخانەیە بوو بە گیراو و پاسەوانەوە، ھەموویان بوونە دۆستی و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە کۆمەڵگەیەکی باشتری دروست کرد کە بە ڕووداوێکی دەگمەنی مێژوو ھەژمار دەکرێ.
خاڵێکی وەرچەرخان بەسەر کەسایەتیی ماندێلا بریتییە لە کتێبی فەیلەسووفێکی ستۆیسزم بەناوی “مارکۆس ئۆریلیۆس” لەو کتێبەدا مارکۆس پێی وایە ئەگەر خەڵکی ھەڵە بکەن، تۆ ئەوەی لەسەرتە ڕێیان پیشان بدەیت بەبێ ئەوەی تووڕە بیت. ڕێک ماندێلا بەو شێوەیەی کرد و سەرکەوتوو بوو.
گریمان دەمەوێ واز لە تووڕەیی بێنم و ئیدی بەو شێوەیە مامەڵە بکەم کە ماندێلا و گاندی و پیاوە مەزنەکان شۆڕشیان پێ کرد و گۆڕانکاریی گەورەیان دروست کرد، چۆن ئەو ھەنگاوە بگرمە بەر و چ پێوەر و ھەنگاوێک بەکار بھێنم؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، سینیکا کۆمەڵێ ڕێنمایی داناوە، لێرەدا دەیخەینە ڕوو:
١- بە شێوەیەکی پارێزراوانە بیر لەو ھەڵسوکەوتانە بکەرەوە کە تووڕەت دەکەن، بڕیار بدە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەی.
٢- بەبێ ئەوەی ھەست بە دەرئەنجامی تووڕەییەکە بکەی، قووتی بدە و سەیری دواوە مەکە، چونکە وا نەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵت دێتە دەرەوە و ھەستەکانت بڕیاری لەسەر دەدەن.
٣- لەگەڵ ئەو کەسانە ھاوڕێیەتی بکە کە بە ھێمن و لەسەرخۆ ناسراون، لەوانەش خۆت بەدوور بگرە کە خێرا تووڕە دەبن و ھەڵەشەن.
٤- خۆت فێری ژەنینی ئامێرێکی میوزیک بکە، یان ھەر چالاکییەکی تر کە مێشکت ھێور دەکاتەوە. ئەوانەی مێشکیان ھێورە، ھەرگیز تووڕە نابن.
٥- لە ژینگە و ماڵێکدا بە کە ڕەنگەکانی ھێورن و بێزارکەر نین. ڕێکخستنی ئەو ژینگەیەی تێیدای کاریگەری لەسەر مەزاج دروست دەکات.
٦- کاتێک ماندووی، لە گفتوگۆدا بەشداری مەکە، چونکە زیاتر ئەگەری ھەڵچوونت لەسەر دەبێ و ئەگەری ھەیە تووڕە ببیت.
٧- بەھەمان شێوە کاتێک برسیتە یان تینووتە، مەچۆرە ھیچ ئاڵنگاری و گفتوگۆیەکەوە، ئەمەش لەبەر ھەمان ھۆکاری پێشوو.
٨- نوکتە و گاڵتە لەسەر خۆت دروست بکە، ئەمە قەڵغانێکە بۆ ئەوەی خەڵکی نەتوانن لە ھیچ شتێکدا گاڵتەت پێ بکەن و تۆش تووشی تووڕەیی بیت.
٩- ئەگەر ھەڵوێستێکی تووڕەیی ھەبوو، دەتوانیی بە ڕۆیشتن یان چوونە گەرماو لەخۆتی دوور بخەیتەوە، ئەمەش پێی دەگوترێ ڕێگەی دواخستنی تووڕەیی و خۆی ئەو دوو کارەش (ڕۆیشتن و گەرماو) باشترین ڕێگەی ھێوربوونەوەن.
١٠- جەستەت بگۆڕە، بۆچوونەکەشت دەگۆڕێ. بۆ نموونە کاتێک لە گفتوگۆیەکدایت و ھەستی تووڕەییت بۆ ھاتووە، ھەوڵ بدە شێوەی دانیشتنەکەت بگۆڕی، بەرزیی دەنگت نزم بکەرەوە، ئەگەر بە ڕێگەوەی، ڕۆیشتنەکەت خاو بکەرەوە و بە گشتی ھەموو شتێکی جەستت ھێواش بکەرەوە.
لە پێش ئەمانەشەوە ھەوڵ بدە بە گشتی لە ژیاندا کەسێکی ئەرێیی بیت، چاکەکار بە بەرانبەر خەڵکی و بیکەرە ڕێچکەی خۆت بۆ ژیان. ئەم ڕێگەیەی سینیکا لە سەتەی یەکی زاینی داینوە، تا ئێستە زانستی دەروونناسی کاری لەسەر دەکات و سوودی بۆ ھەموو سەردەمەکان ھەبووە.
* ستۆیسیزم “toicism” وەکوو ڕەوتێکی زیندووی خاوەن ھێڵی دیاریکراو، نزیکەی پێنج سەتە بەردەوام بوو. ستۆیسیزم پێی وایە بەدەر لەعەقڵ ھیچ دەسەڵاتێکی بەرزتر بوونی نییە. لە ھەڵێنجانی سەرەنجام لە بۆچوونەوە، دەگەینە ئەوەی بنەمای ھەرە گرینگ لە فەلەسەفەی ستۆیسیزمدا بریتییە لەوەی؛ جیھان ئەوەیە کە عەقڵ بۆمان دەردەخات. واتە جیھانی سرووشتی، ھەموو ڕاستییەک کە بوونیان ھەیە. ھیچ شتێکی بەرزتر نییە و خودی سرووشتیش ئەو پرەنسیپانە بەڕێوە دەبات کە عەقڵ دەتوانێت پەیان پێ بەرێت. ئێمە خودی خۆمان بەشێکین لە سرووشت. ئەو چوارچێوە عەقڵییەی ئێمەی تێدا دەژین و ھەموو شتێکیشی گرتووەتەوە، بریتییە لەوەی بە خودا ناسراوە. بەم جۆرە تێگەیشتنە بێت، خودا لەدەرەوەی جیھان نییە و لێی دابڕاو نییە، بەڵکوو ھەموو جیھانی تەنیوەتەوە، وەک بگووترێت، خودا عەقڵ و ئاگامەندی جیھانە.