نزیکی نیوەی خەڵکی گۆی زەوی، جگە لەو زمانەی خۆیان، زمانێکی تریش دەزانن و بۆ کارەکانی ڕۆژانەیان بەکاری دەھێنن، ھەندێ وڵاتی جیھانیش وەک سویسرا و سەنگافورە، بە فەرمی زمانی وڵاتەکە دوو دانەیە و ھەموو خەڵکەکەی ھەردووکی دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا نەزانینی زمانی تر، کێشەیەکی گەورەیە، بۆ نموونە لە شارێکی گەورەی وەک نیویۆرک، زۆرینەی خەڵکەکەی جگە لە زمانی ئینگلیزی، ھیچ زمانێکی تر نازانن تا قسەی پێ بکەن لەگەڵ ھاوڕێ و دۆستەکانیان. ئایا بە فێربوونی زمانێکی تر، ھۆشمان باشتر دەکاتەوە و دەبێتە ھۆی زیاتربوونی ژیریمان؟
پرۆفیسۆر دێڤید لودن لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی “سایکۆلۆجی تودەی” بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ، ئەو بۆچوونەی باوە لەناو خەڵکیدا کە گوایە ئەوەی زمانێکی تر ھاوشێوەی زمانی دایکی بزانێ ژیرتر دەبێ، بۆچوونێکی گەمژانەیە، چونکە لە بنەڕەتدا بە دەگمەن خەڵکی ھەبن خاوەنی دوو زمان بن بە ھەمان توانا و سەلیقە و شارەزایی، بە زۆری زمانێک زاڵە بەسەر ئەوی تردا، بۆیە ھەردەم کە بە زمانی دووەم قسە دەکەین، پێویستیمان بە توانایەکی زیاترە، جیاوازە لەو قسەکردنەی بە زمانی دایک قسەی پێ دەکەین.
پێشتر ئەلبێر کۆستا زانای دەروونناسیی ئیسپانی توێژینەوەیەکی لەسەر خەڵکی کەتەلۆنیا کردبوو کە زۆرینەیان بە ھەردوو زمانی کەتەلۆنی و ئیسپانی دەدوێن، ئامانجی ئەو کارەیان ئەوە بوو، ئایا ئەوانەی دوو زمان بە ڕەوانی دەزانن، کاریگەری لەسەر تواناکانیان دروست کردووە، بەتایبەتی لە کاتی بڕیارداندا. زۆر کەس پێی وایە، ئەوانەی دوو زمان دەزانن، لە کاتی بڕیارداندا پێویستیان بە کۆششی زیاترە و زەحمەت دەتوانن بگەنە بڕیار، بەڵام ئەوەی کۆستا و ھاوڕێکانی پێی گەیشتن، جیاوازە لەم بۆچوونە.
پرۆفیسۆر لودن دەڵێ، با جارێ باس لەوە نەکەین چۆن زمانێکی تر کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە دەکات، چونکە پێشتر زانایانی دەروونناسی پێیان وابوو، بیرکردنەوە تەنیا کۆمەڵە قسەیەکە لە مێشکماندا دەخولێتەوە. ڕەنگە ھەر زمانە بە شێوەیەک لە دونیا بڕوانێ، بۆیە وایان دەزانی، ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەین، شێوازی بیرکردنەوەمان دیاری دەکات، ئەم بیرۆکەیەش پێی دەگوترێ “پێداگیریی زمان بەسەر فکردا” بەڵام بە تەواوی ئەم جۆرە تێگەیشتنە ھەڵوەشایەوە، ئەگەرچی ھێشتا لەناو خەڵکی بڵاوە و ھێشتا بە تەواوی نەسڕاوەتەوە.
گوایە خەڵکی ئەسکیمۆ تەنیا بۆ وشەی “سەھۆڵ” ٢٠٠ بەکارھێنانیان ھەیە، ئەمە زانیارییەکی باوە بەڵام دوورە لە ڕاستی، تەنیا لەبەر ئەوە کراوە کە خەڵکی ئەوێ لەناو سەھۆڵدا دەژین. لێرەوە ھەندێک لەو زانیارییە ھەڵانە دەردەکەوێ.
ئەو پرۆفیسۆرە پێی وایە، پێویستە لەجیاتی ئەوە، بزانین کەسەکان لە کاتی بەکارھێنانی زمانی دووەمدا، چۆن بڕیار دەدەن، بۆیە پرسیاری توێژینەوە ئەوەیە: ئایا ھەوڵدانی کەسەکان بە قسەکردن بە زمانێکی تر، کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان دەکات؟ وەڵامی پرسیارەکەش ئەوەیە: بەڵێ، بەڵام بە چەند ڕێگەی جیاواز.
توێژەران لەو بڕیارانەیان کۆڵیوەتەوە کە خەڵکی لە زمانی دووەم و سێیەمدا دەری دەکەن، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە دۆڕان و بردەوە و سەرکێشییەکانن، ھەروەھا دەرئەنجام و ھۆکار و بابەتە ڕەوشتییەکانیان خستووەتە ناو تاقیکردنەوەکەیان، پێشتریش زانیویانە ئەو کەسانە لەسەر ئەو بابەتانە چۆن بیر دەکەنەوە، بۆیە کاتێک ویستوویانە بە زمانی دووەم و سێیەم لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن، توانیویانە بە ئاسانی جیاوازییەکە بدۆزنەوە.
بردنەوە و دۆڕان و سەرکێشی
گریمان ئێستە دۆلارێکت دەدەمێ بۆ خۆت و یاریی “شێر و خەت” دەکەین، ئەگەر دۆڕاندت پارەکەم دەدەیەوە و برتەوە پارەکە و نیو دۆلاری تریشت دەدەمێ بۆ خۆت، دەشتوانی نەیکەیت و یەک دۆلارەکەت دەستکەوێ، ئایا ئەم سەرکێشییەم لەگەڵ دەکەی؟ ھەڵبەت زۆرینەی خەڵکی نایەوێ قومار لەسەر ئەوە بکات کە ھەیەتێ، دەڵێن نەخێر یەک دۆلاری مسۆگەرمان پێ بێت باشترە لە دۆلار و نیوێکی گوماناوی.
زۆرینەی خەڵکی، ھێندەی دۆڕاندنەکە لە مێشکیان گەورەیە، ھێندە بیر لە بردنەوەکە ناکەنەوە، بۆیە ھەردەم لە سەرکێشی ڕا دەکەن. لەکاتێکدا ئەگەر بە چاوێکی وەرزشی تەماشای بکەین، ئەمە گرەوێکی باشە، کەواتە ئەو مەترسییە لە سەرکێشی، خۆڕسکە لە مێشکی کەسەکاندا و کاریگەری بەسەر بڕیارەکانەوە ھەیە.
کاتێک کۆستا و ھاوڕێکانی ئەو کێشەیەیان لە بەردەم بەشداربوانیان تاقی کردەوە کە بە دوو زمان دەدوێن، دەرکەوت ئەو ترسەی لە زمانی دایک بۆ سەرکێشی ھەیان بووە، لە زمانی دووەمدا نیانە، بۆیە بە ئاسانی سەرکێشییەکەیان قبووڵ کرد. کەواتە بەکارھێنانی زمانی دووەم قازانجی پێ گەیاندن، چونکە بەو نەستە خۆڕسکییە کاریان نەکرد کە بە زمانی سەرەکیی خۆیان لەسەری دەڕۆن، بۆیە بڕیارێکی باشتریان دا لەو بڕیارانەی بە زمانی دایک دەدرێ.
ھۆکار و ئەنجام
ئێمەی مرۆڤ ھەردەم دەمانەوێ ھۆکارێک بۆ ئەو ڕووداوانە بدۆزینەوە کە دێنە بەردەممان، بۆیە ھەردەم ڕاڤەی ھۆکاریی بۆ دەکەین، تەنانەت ئەگەر ھیچ پێوەندییەکیشی بە ڕووداوەکەوە نەبێ. خورافات و بیرە نادروستەکان لێرە سەرچاوەیان گرتووە. یاریزانێکی بایسبۆڵ کە پانتۆڵەکەی بەرز دەکاتەوە و دوای تۆزێ جوین بنێشتەکەی فڕێ دەدا و بە دەستی نیشانەی خاچ دروست دەکات پێش ئەوەی تۆپەکەی ھەڵدا، وا دەزانێ ئەگەر تەواوی ئەم شتانە بکات، ھەلی لێدانە باشەکەی زیاترە لەوەی ڕاستەوخۆ تۆپەکەی ھەڵدا، لە کاتێکدا ئەم بۆچوونە لۆژیک نییە.
فێربوونی زمانی دووەم وامان لێ دەکات، تەنیا بە بیرکردنەوە بڕیارەکان بدەین بەبێ بارگاویبوون بەو ئەرشیڤە زانیارییەی لە منداڵییەوە لە مێشکماندا کەڵەکە بووە، بۆیە بڕیارەکان بە زمانێکی تر سەرکەوتوو دەبن.