پێش چەند ساڵێک لە کوردستان، خاتوونێکی پەرلەمانتار، دوای ئەوەی بڕیاری دا واز لە حیزبەکەی بھێنێ، ھەڕەشەی ئابڕووبەرانەی لێ کرا. ھەڵبەت ئەمەیش نە یەکەم قوربانی بوو، نە دواھەمینیشە، بەڵکوو ئەوە چەکێکی لاوازی دەستی ھەموو کۆمپانیا و گرووپێکی مافیایییە لە دونیادا و زۆرینەی جاریش توانیوانە بەو چەکە ئامانجەکانیان بپێکن، مەگەر کەسێک خۆی خاوەنی کەسایەتییەکی بەرز و ئیرادەیەکی پۆڵایین بێت، وەک ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە، بتوانێ بەڕوویدا بچێتەوە.
لەم بابەتەدا، لە چەند ڕوویەکەوە لەسەر ئەو چەکە بێ مۆڕاڵە دەدوێین.
ھەر کەس ئەگەری ھەیە بکەوێتە ژێر ئەو ھەڕەشانەوە، کە پێش ھەموو شتێک، یاریکردنە بە دەروونی کەسەکان و ئەوانەی ھەڕەشەکە دەکەن دەزانن بەچی دەیانگرن و ھەریەکەیان بەپێی کەسایەتی خۆی و بەگشتی بەپێی جۆری کۆمەڵگەکان شێوازی ھەڕەشە دەگۆِێن. جیاوازیی کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا لە ڕووی شێوازی ھەڕەشەکان جیاوازیی ھەیە. بۆ نموونە گرووپە مافیاییەکان ئیتر بەشێک بن لە کۆمپانیایەکی بازرگانی یان دەسەڵات و سیاسەت، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەم چەک کە بەکاری دەھێنن، ئابڕووبردنی سێکسییە، چونکە کاریگەریی لە ھەر شتێکی دی زیاترە و ئەو کەسەی بەو ھەڕەشەیە دەترسێندرێ، ھەر خۆی لەناو کۆمەڵگەدا بێناو نابێ، بەڵکوو تەواوی خانەوادەکەشی تووشی گرفت دەبن، ھەر بۆیە ئامادەن ھەموو شتێک بکەن بۆ ئەوەی لایەنی ھەڕەشەکەر وازیان لێ بێنێ.
لە ڕۆژئاوا، بابەتی ئابڕووبردنی سێکسی گرینگییەکی ئەوتۆ وەرناگرێ، بەو مەرجەی ئەگەر ڕاستیش بێت و بابەتێکی سێکسی ھەبێ، ھەردوو لا لەسەر ڕەزامەندی خۆیان بووبێ. لەوێ بابەتی دزی زۆرتر دەبێتە ئابڕووبەرانە. لە ڕۆژھەڵات نەوەک گرتەی سێکسی، ئەگەر کەسێک بۆخۆی لە ماڵی خۆشیدا تەنیا خۆی گۆڕی بێت، یان چووبێت بۆ تەوالێت، ئەگەری ھەیە ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر کەسەکە تا خۆی بە ناچار بزانێ، پابەندی ھەموو ئەو مەرجانە بێت کە لایەنی ھەڕەشەکەر تووشی دەکات.
ھەڕەشەکان چەند جۆرێکن، یەکێکیان خۆیان ھیچ ئامانجێکیان نییە، جگە لەوەی چەند گرتەیەکت لێ وەربگرن و دواتر بە زەبری پارە ڕایان بگری، ئەمەیش ڕەنگە ئاسانترینیان بێت، ئەوانی تر کە مەترسیدارترن، کاتێک ھەڕەشەکاران مافیای گرووپی سیاسی بن و بیانەوێ تۆ وەک چەکێک بۆ مەرامە سیاسییەکانیان بەکار بھێنن. ڕێک وەک ئەو خانمەی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەی خانمەکە کردی، وەک ھەر مرۆڤێکی ئازاد، کاتێک چووەتە ناو حیزبەکەوە پێی وا بووە ئەمان باشترن بۆ خەڵکی و بۆ ئاواتەکانی خۆیشی، بەڵام دواتر کاتێک دەرکی بەوە کردووە، ئەوە نەبوون کە پێی ھەڵخەڵەتابوو، وازی لێ ھێنان، ئەمەیش ئەوپەڕی ئازایەتی دەوێ، چونکە زەحمەتە لەناو ئەو گرووپە مافیاییانە، دوای ئەوەی دەتگەیەنن بە پۆستێک یان پارەیەکی زۆر، ئیدی ڕێگەت بدەن بە ئاسانی وازیان لێ بێنی، بۆیە یەکەم شت ھەوڵی ئابڕووبردنی سێکسیت دەدەن.
توێژەران باس لەوە دەکەن، پێویستە پێش ئەوەی تووشی ھەڕەشەکان ببیت، دەبێ بزانی ئەو گرووپە مافیاییانە، زۆر بە خێرا ھەنگاوەکانیانت لەگەڵ دەبەنە پێشەوە و ھەلی ژیانێکی باشتر و گۆڕانکاریی گەورە دەخە بەردەمت کە زۆر جار سەروو لۆژیکە.
مرۆڤی ژیر دەبێ لەو کاتانەدا بزانێ، ئەوەی دەگوترێ ئەگەر ڕاستیش بێت باجی دەبێ، بۆیە باجەکەش بەپێی کەسەکە دەگۆڕێ. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک منداڵەکەی خۆش بوێ، بۆ ئەوەی بەردەوام وەک ئێستە پابەندی بکەن بە خۆیانەوە، ھەڕەشەی کوشتنی منداڵەکەی لێ دەکرێ، بەڵام ئاسانترین و باوترین ھەڕەشەکان ئەوانەن کە سەبارەت بە سێکس و ڕووتبوونەوە دەکرێن.
مرۆڤی ژیر کاتێک دەچێتە نێو گرووپێک یان حیزبێک کە ھیچ شتێکیان جارێ ڕوون نییە، دەبێ بزانی تا چەند بەشداریی ھەموو نھێنییەکانیان دەکەیت، ئایا ھەندێ شتیان ھەیە کە بەبێ تۆ بیکەن، لە دۆخی وادا دەبێ بزانی ئەو گرووپانە ئامانجێکی تر لە پشتی مامەڵەیان لەگەڵ تۆدا ھەیە و تەنیا بەکارت دەھێنن، بۆیە لە یەکەم ھەڵگەڕانەوە لێیان، ھەموو ئەو چەکانەی بەدەستیانەوەیە ئاشکرای دەکەن بۆ ئەوەی تووشی تۆقین ببێت و نەتوانی لێیان دەربارز بیت.
بە گشتی تەکنەلۆجیا ھۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بابەتی ھەڕەشە لەسەر کەسایەتی و ڕەوشتی تاکەکان پەرە بستێنێ و وای کرد لە گرووپی زۆر تۆکمەوە بگوازرێتەوە بۆ تیم و باندی زۆر بچووکیش. لە ماوەی ڕابردوودا، دەیان نموونە تۆمار کران کە لەلایەن چەند باندێکەوە خەڵکێکی زۆر خرانە ژێر ھەڕەشەوە، بۆ ئەوەی بگەن بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو. ئەگەر کەسەکە خۆی بە ناچار بزانیایە و زوو بەتەنگ داواکانیانەوە بچوایە، ئەوا بنمیچی داواکان بەرز دەبوونەوە تا وای لێ دەھات کەسی قوربانی دەکەوتە سەر ئیفلاس، ئەمە جگە لەوەی تووشی تۆقینێکی زۆر دەبوو، ھەردەم پێی وابوو لە ھەر کاتێکدا بێت ئەو بەڵگانەی لەسەرییەتی بڵاو دەبنەوە.
وەک توێژەرانی دەروونی دەڵێن، ھۆکار زۆرن وای کردووە تاکەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ھەرکەسێکی تر زیاتر تووشی ئەو ھەڕەشانە ببن و یەکێکیان بۆ تێگەیشتنی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە لە بابەتی سێکس و ھەردەم وەک عەیبەیەک مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بۆیە تاکەکان ھەردەم ھەوڵیان داوە ئەو عەیبەیەی خۆیان بشارنەوە.
لایەنێکی تر بریتییە لەو تێکەڵییە زۆرەی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا ھەیە، بە شێوەیەک ھیچ تاکێک ناتوانێ بە تەواوی خۆی بێت و دەبێ بەشێکی بۆ کۆمەڵگەکەی بێت، بۆیە ھەردەم دەیەوێ دیمەنێکی نموونەی لە خۆی نیشانی ئەو کۆمەڵگەیە بدات، کاتێک ئەو دیمەنە نموونەییە بەھۆی گرتەیەی سێکسی یان تەنانەت وێنەیەکی ڕووی ئەو کە بە دزییەوە گیراوە و زۆر بە ئاسایی چووە بۆ گەرماو، دەبێتە ھۆکاری ھەڕەشە، چونکە ئەو تاکە لە کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتیدا تەنیا موڵکی خۆی نییە و دەبێ بزانێ چۆن خۆی لە مەترسییەکانی سەر کۆمەڵگە بپارێزێ.
بۆ ئەوەی تاکەکان بەرپەرچی ئەو ھەڕەشانە بدەنەوە، پێویستە سەرەتا بگەڕێنەوە بۆ ڕاستگۆیی خۆیان و ئەوە لە ناخی خۆیاندا دروست بکەن کە ئەوان کەسایەتییەکی تایبەت بە خۆیانن و بەو جۆرە ھەڕەشانە کەسایەتییان نالەقێ، تەنانەت ئەگەر لە ناو کۆمەڵگەش تووشی گرفت بوونەوە، دەبێ لە ناخی خۆیاندا بڕوایان بە خۆیان نەمرێ و بەردەوام بن تا بە تەواوی کۆمەڵگە لە دۆخەکەیان تێ دەگات.