نیوەی تەمەن، دەستەواژەیەکە بۆ تەمەنێکی دیاریکراوی مرۆڤ کە ئیدی ھەست دەکات خاڵی وەرچەرخان و قۆناغبڕییە، تێیدا زۆر کەس پێی دەڕووخێن و ھەندێکیش بە تەمەنی پێگەیشتن باسی دەکەن. ڤیکتۆر ھۆگۆ دەڵێ: “مرۆڤ لە چل ساڵیدا، گەنجی پیرە، لە پەنجا ساڵیدا دەبێتە پیری گەنج”.
ھەڵبەت دەستەواژەی نیوەی تەمەن، ڕێژەیییە و پێوەستە بە کەسەکانەوە و ئەگەری ھەیە نیوەی تەمەنی یەکێک ١٥ ساڵ بێت و یەکێکی تر ٥٠ ساڵ بێت، بەڵام بە گشتی کاتێک دەگوترێ نیوەی تەمەن، لە ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی دەگرێتەوە. ئەو تەمەنەی مرۆڤ ھەستی کۆتاییھاتنی لا دروست دەبێت و کۆمەڵێ داڕووخانی دەروونی یەخەی دەگرێ، ئەمەش شتێکە زۆرینەی خەڵکی بڕوایان پێیەتی و وا ھەست دەکەن ئیتر دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی، ئیتر بەرەو قۆناغی تەنگژەکان دەڕۆن. ئایا ئەمە لە ڕووی زانستییەوە ڕاستە؟
ئەوەی کە ڕاستە و حاشاھەڵنەگرە، لەو تەمەنەدا مرۆڤ ھەستی ڕازیبوون بە خۆی کەم دەبێتەوە.
لە توێژینەوەیەکی مەیدانیدا کە لێکۆڵینەوە لەسەر ژنان و پیاوان کراوە، ئەوە ئاشکرا بووە، لەو تەمەنەدا لە شتەکانیان ڕازی نین و ھەستی شانازیکردونیان بە تەواوی لاواز دەبێ. ڕاپرسییەکی ئوسترالیش دەری دەحات، ئەو تەمەنەی کە مرۆڤ بە تەواوی ھەست بە ڕازینەبوون و بێ توانایی خۆی دەکات، بریتییە لە ٤٥ ساڵی، ھەر بۆیە خەڵکی تەمەنەکانی ٤٥ بۆ ٥٤ ساڵی، لە خەڵکیی ھەر تەمەنێکی تر زیاتر شوێنکەوتەی ئایینن.
خەڵکی ئەو تەمەنە، خۆیان یەکتری دەترسێنن و وای کردووە ھەردەم لەو بێھیوایییەدا بن، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی بەھێزی زانستی ئەوە ناسەلمێنێ کە ئەو تەمەنە ئیتر مرۆڤ دەپوکێتەوە و شایستەی ئەو بێھیوایییە بێت. ئەگەر ھەندێ پاشەکشەش لە تواناکانی مرۆڤ ھەبێ، ئەوا بایی ئەو ھەموو داڕووخانە نییە کە بە گشتی خەڵکی لەو تەمەنەدا تووشی خۆیان دەکەن.
تەمەنی بێھیوایی لە کەیەوە دەست پێ دەکات؟
ھۆکار زۆرن وا لە مرۆڤ بکەن ھەست بە ناڕازیبوون لە ژیان و بێھیوایی بکات بکات بە تایبەتی کاتێک دەگاتە ئەو تەمەنانە، بەڵام ئایا ئەمە دەیکاتە تەنگژەیەکی ڕاستی؟ یان قۆناغێکە بە خەیاڵی خۆمان دروستی دەکەین و دواتر خۆمانی لێ دەرباز دەکەین؟ بەپێی توێژینەوەیەک، ئەوانەی تەمەنیان لە خوارترە، پێیان وایە نیوەی تەمەن لە ٣٠ ساڵی دەست پێ دەکات و تا ٥٠ ساڵی دەخایەنێ، بەڵام ئەوانەی تەمەنیان ھەڵکشاوە، پێیان وایە کۆتایییەکانی ٣٠ و نزیک لە ٤٠ ساڵی دەست پێ دەکات تا دەگاتە ٥٥ ساڵی و بۆ سەرەوە.
لە توێژینەوەیەکی ئەمەریکیدا ھاتووە، سێیەکی ئەوانەی لەو وڵاتە تەمەنیا لە سەروو ٧٠ ساڵییە، پێیان وایە لە نیوەی تەمەنیاندان. ھەموو ئەمانەش ئەوە دەسەلمێنێ، بابەتی نیوەی تەمەن ڕێژەییە و پێوەستە بەو تەمەنەی مرۆڤ ھەست بە بێھیوایی و بێزاری دەکات و لە دۆخەکان ناڕازییە.
خەڵکی لە نیوەی تەمەن بیر لە چی دەکەنەوە؟
ئیلۆت جاک توێژەری دەروونی کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٥ دەستەواژەی “تەنگژەی نیوەی تەمەن”ـی دانا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: ئەو تەمەنە مرۆڤ تووشی ھەستی نزیکبوونەوەی مردن دەبێ و پێی وایە لە بەردەمیدایە، لە کاتێکدا ئەو تەمەنە لووتکەی گەیشتنە بە ژیان. ھەروەھا نووسیویەتی: ئێستە مردن بووە بە شتێکی کەسی، لەجێی ئەوەی دەستەواژەیەکی گشتی بێت.
جاک ڕوونی دەکاتەوە، مرۆڤ لەو تەمەنەدا، لە بۆچوونەکانیشیدا بێھیوایی و ڕەشبینی دەبینرێ و ھەست دەکەی خۆی بەدەستەوە داوە، بەڵام کاتێک ئەو قۆناغە دەبڕین و دەست بە بەرەنگاربوونەوەی ھەستی مردن دەکەین و چالاک دەبینەوە، لەو قۆناغە دەرباز دەبین.
کارل یۆنگ، زانای دەروونناسیی سویسری و دامەزرێنەی سایکۆلۆژیای شیکاری، بۆچوونێکی جیاوازی ھەیە و دەڵێ، نیوەی تەمەن ئەو کاتەیە کە مرۆڤ ھەموو لایەنەکانی دەروونی بە تەواوی پێ دەگات و درکی بۆ شتەکانی چواردەوری دەگاتە لووتکە، پیاو دەتوانێ لایەنی ژنانە لە نەستی خۆیدا بگەڕێنێتەوە کاتێک لە گەنجێتیدا پێی سەرسام بووە و ژنانیش دەتوانن خۆیان لەلایەنی پیاوانەی شاراوە تیایاندا بزر بکەن.
بەپێی بۆچوونی ئایینەکانیش، مرۆڤ لە تەمەنی سەروو ٤٠ ساڵیدا ئینجا بە تەواوی گەشە دەکات و تواناکانی ھزریان دەگاتە لووتکە، ھەر بۆیە پەیامھێنەکانیش لە دوای ئەو تەمەنەوە نزایان بۆ ھاتووە و توانیویانە بانگەشەی بڕواکەیان بدەن بە گوێی خەڵکیدا.
ئەم ڕایەی ئایین، زانستیش پشتڕاستی کردووەتەوە و لە توێژینەوەیەکدا دەیسەلمێنێ، ئەو ژنانەی تەمەنیان لە نێوان ٤٣ بۆ ٥٢ ساڵە، حەز دەکەن کەمترین پشتبەستیان بە خەڵکی بێت و کەمترین ڕەخنەش لە خۆیان بگرن و زۆرتر ھەست بە متمانە و بەرپرسیارییەتی دەکەن.
لە توێژینەوەیەکی تریشدا ئەوە ھاتووە، گۆڕانکارییەکانی لە نیوەی تەمەندا بەسەر مرۆڤدا دێ، ئەرێیین نەوەک نەرێیی، چونکە زیاتر مرۆڤ درک بە دەوروپشتی دەکات و باڵانسی خۆی دەپارێزێ و لە شڵەژاویی گەنجێتی دوور دەکەوێتەوە و لۆژیکییانەتر بیر لە ھەموو شتێک دەکاتەوە و بۆچوونەکانی سەبارەت بە ژیان ڕاستترن.
بۆ ڕزگاربوون لە گرفتەکانی نیوەی تەمەن و ئەو ھەستانەی مرۆڤ تووشی خۆی دەکات، پێویستە سەرەتا ڕازیبوون بگەڕێنێتەوە و خۆشەویستیی بۆ ژیان ھەبێ و کۆتاییش ھەر بە گوتەیەکی ڤیکتۆر ھۆگۆ دەھێنین، دەڵێ: زۆر جوانە کاتێک کەشخەیی و چرچیی پێست پێکەوە لە کەسێکدا دەبینی.