دوای نیو سەتە لە پێشکەوتنی زانستی ئەنترۆپۆلیجیا و دۆزینەوەی دەیان بەڵگەی نوێ لەسەر مرۆڤی سەرەتا، دەرکەوتووە ھێشتا ئەڵقەیەکی بازنەکە بزرە و زۆر شتی تر ماوە بە تایبەتی لە ڕوانگەی ڕەوشی ژیان و ھەڵسوکەوتیان. ئێستە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بەردەوام، ھەندێک لەو شاراوانە ئاشکرا بوون.
بەپێی زانستی مرۆڤناسی، ئەگەرچی مرۆڤ مێژووەکەی زۆر کۆنە، بەڵام ئەوەی توانیویانە خوێندنەوەی بۆ بکەن لە پێش ٣٠٠ ھەزار ساڵەوە دەست پێ دەکات و ئیتر سەرەتاکە چۆن بووە لە ڕوانگەی زانست و ئایینەوە دەگۆڕێ. ئایین دەڵێ: مرۆڤ یەکسەر بەو شێوەیە دروست بووە. زانستیش بۆچوونی جیاوازی ھەیە. ھەندێ بەڵگەش کە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئەندەنووسیا لەبارەی پاشماوەی ھۆبیتەکان دۆزرایەوە، دەرکەوتووە مرۆڤە سەرەتاییەکان بە ڕێکی ڕۆیشتوون و درێژییەکەیان لە چوار پێ کەمتر بووە و مێشکیان بچووکتر بووە لە مێشکی مرۆڤی ئێستە، تەمەنی ئەم جۆرە مرۆڤەش بۆ ٥٠ ھەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
میلفن کۆنر مامۆستای ئەنترۆپۆلیجیا (مرۆڤناسی) و بایلۆجیی کرداری لە زانکۆی ئیمۆریی ئەمەریکی دەڵێ، لەگەڵ زۆربوونی زانیارییەکان لەبارەی مرۆڤی سەرەتایی، سەرسووڕمانی زیاتر دروست دەبێ. پشکنینە مایکرۆسکۆبییەکان دەری دەخەن، ھەندێک لەو نیشانانەی لەسەر ئێسکەکان دەردەکەون کە تەمەنیان بۆ ٢.٥ ملیۆن ساڵ دەگەڕێتەوە، جێی بەرکەوتنی شتی تیژ دیارە، زاناکان پێشتر پێیان وا بووە ئەمانە دواتر دروست بوون، بەڵام دەبێ خوێندنەوەی تریان بۆ بکرێ.
بەپێی ئەو پاشماوانەی لەناو ددانی مرۆڤی نیاردەرتاڵ دۆزراونەتەوە، مرۆڤی بەھێز و ئێسک ئەستوور بوون و نانی جۆ و گۆشتیان خواردووە، وەک مرۆڤی ئێستەیش جگە لە گۆشت، ڕووەکیشیان خواردووە. بە پشکنینی NDA کە لەسەر پارچەی بچووکی ئێسکی کەمەر دۆزراوەتەوە کە بۆ ھەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، دەردەکەوێ جۆرە گیاندارێکی تری نزیک لە شێوەی مرۆڤ ژیاون، لەگەڵ مرۆڤدا تێکەڵ بوون.
ئێستە زانستی مرۆڤناسی لەوە دەرچووە تەنیا خوێندنەوە بۆ بەردێک و پارچە ئێسکێک بکات. ساڵی ١٩٦٥ کتێبێک بە ناوی “کۆمەڵەی ئیرفین دیفۆر لەبارەی ھەڵسوکەوتە سەرەکییەکان” دەرچوو، ئەوکات بە کۆمەڵێ قسەی ھەڵبەستراو و خەون و خەیاڵ تەماشا دەکران، تێیدا ھاتبوو: ئێمە ھەرگیز بنەچەی خۆمان وەک مرۆڤ تێ ناگەین، تا ئاژەڵە نزیکەکان لە خۆمان نەخوێنینەوە. ھەر بۆ ئەوەش چەندان زانای گەورەی مرۆڤناسی، خێوەتیان لە دارستانەکان دانا و چاودێریی شەمپازی، بابیون، ئەیپ و چەندان جۆری دیکەی ئاژەڵیان دەکرد، بەبێ ئەوەی ڕەوشی ژیانیان تێک بدەن، بۆ ئەوەی وەک خۆیان لێیان حاڵی بن و ھەموو ئەو زانیارییانەی دەستیان دەکەوت، تۆماریان کرد.
داروین ساڵی ١٨٣٨ لە یاداشتێکدا نووسیویەتی: بنەچەی مرۆڤ بە تەواوی سەلمێنراوە، ئەوەی لە مەیموونی بابیوون حاڵی بێت دەبێ زۆر ماندوو بێت تا لە میتافیزیکیا تێ بگات. داروین بەو قسانە دەیەوێ بە تەواوی بۆچوونی زانستی بەسەر بۆچوونی ئاینیدا زاڵ بکات و ئەمەش بەشێک بوو لەو سەرەتایانەی لەسەر مرۆڤی کۆن دۆزراونەتەوە.
چۆن بتوانین پێوەندی لە نێوان توندوتیژی و ھاوکاریی ھەڵسوکەوتی مرۆڤ بدۆزینەوە؟
لە کتێبی ” The Goodness Paradox: The Strange Relationship Between Virtue and Violence in Human Evolution” ھاتووە: چۆن دەتوانین لە نێوان ھەڵسوکەوتی توندوتیژی و ھەڵسوکەوتی ھاوکاریی، پێوەندی بدۆزینەوە و بۆچی مرۆڤی ئێستە بە بەراورد بە مرۆڤی کۆن توندوتیژ نییە و بە بەراورد بە نزیکترین خزممان کە مەیموونی شەمبازییە لە توندوتیژییەوە دوورین؟ ئەی باشە بۆچی توندوتیژیی مرۆڤ بەرانبەر کۆمەڵێکی دژ بە خۆمان ئێجگار وێرانکەرە؟
جۆدال و دیڤۆر ھەردوو زانای مرۆڤناسی پرسیاریان لە رانگام کرد کە خەریکی خوێندنی ئەنترۆپۆلیجیا بووە لە زانکۆی ھارڤارد و خەریکی کار بووە بۆ کتێبێکی نوێی لەسەر ھەڵسوکەوتی مرۆڤە کۆنەکان و دەرئەنجام بۆی سەلماندن، مەیموونی شەمپازی زۆر دڕەندەیە، بەشێوەیەک دایک و منداڵەکانی، دایک و منداڵی ھاوڕەگەزی خۆیان دەکوژن.
ئەم توێژینەوانە لەسەر شەمپازی بۆیە دەکرێ، چونکە ھەموو زانایانی ئەناترۆپۆلیجی کۆکن لەسەر بۆچوونەکانی داروین، بۆیە پێیان وایە باشترین ڕێ بۆ دۆزینەوەی ھەڵسوکەوتی مرۆڤە سەرەتاییەکان، وردبوونەوەیە لە ھەڵسوکەوتی مەیموونی شەمپازی.
مەیموونی شەمپازی بەپێی توێژینەوەکان، نێرەکان بە ناچاری مێیەکانیان تووشی گوێڕایەڵیی فەرمانەکان دەکەن و بەشێوەی گرووپ ھێرش دەکەنە سەر گرووپی تری ھاوڕەگەزی خۆیان و وێرانیان دەکەن، ئەمەش ھەمان ئەو ھەڵسوکەوتانەیە کە لە مرۆڤیشدا تا ئێستە بەردەوامە و ماوە و ھەردەم زانست دەخرێتە زمەتی دۆزینەوە چەکی نوێ بۆ لە ناوبردنی گرووپی تری مرۆڤ.
یەکێک لەو ڕەفتارانەی لە مەیموونی شەمپازیدا ھەیە، بەشێوەی گرووپ و باند، دزە دەکەنە سەر یەکێک لە ھاوڕەگەزەکانی خۆیان و بە ھەموویان لێی دەدەن تا دەیکوژن و شەوان پاسەوانی دەکەن بۆ ئەوەی ھێرشیان نەکرێتە سەر و لەلایەن گرووپ و ھۆزی تری شەمپازی ھەڵنەکوتنە سەریان.
لە کتێبی نێرەکانی شەیتان (Demonic Males) ڕانگام کە ساڵی ١٩٩٦ بڵاوی کردووەتەوە، وێنەیەکی زۆر تۆقێنەری مێژووی مرۆڤایەتی نیشان دەدات و دەیسەلمێنێ، ئەو ھەستە دڕندەییەی لە مرۆڤدا ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ بنەچەکەی کە پێش ئەوەی ببێ بە مرۆڤ تێیدا دروست بووە و ھێشتا بەردەوامە تێیدا و نەیتوانیوە بە تەواوی لێی دەرباز بێت و ھەموو ئەو بیردۆزانەی ھۆبز لەسەر بۆماوەیی خووڕەوشتی مرۆڤ کردوویەتی، پشتڕاست دەکاتەوە.
لە کتێبی “ئاگرکردن: چۆن چێشتلێنان کردووینی بە مرۆڤ؟” کە ھەر ڕیچارد ڕانگام ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ: یەکەم دەرکەوتنی گۆڕانی جیابوونەوەی کرۆمۆسۆمی مرۆڤ لەگەڵ شەمپازی، دەستی بە ئاگرکردنەوە کردووە و ئەوە ڕاست نییە کە پێش ٨٠٠ ھەزار ساڵ فێری ئاگرکردنەوە بووە، بەڵکو پێش دوو ملیۆن ساڵ فێری بووە، واتە لەگەڵ سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ.
بەھۆی ئاگرەوە، مرۆڤ فێر بووە گۆشت بە خاوی نەخوات و ئیتر وردە وردە سیستەمی بۆ چێشتلێنان داناوە و ھەر بەو ھۆیەوە توانیویەتی شەویش ڕووناک بکاتەوە و ڕاوچییەکانیش ھەر بەھۆی ئاگرەوە ھەوڵیان داوە گەشە بە زمان بدەن و فێری قسەکردن ببن.
ئەم ئەنجامانە دەری دەخەن مرۆڤ ھەر لە سەرەتای بوونیەوە، دڕندە و شەڕانگێز بووە، نێر ھەوڵی خۆسەپاندنی بەسەر مێ داوە و وردە وردە ئەو ھەوڵانە کەم بووەتەوە. بۆیە کاتێک مرۆڤێکی دڕندە و دژ بە ژن دەبینی، ئەوە نزیکترە لە بنەچە ئاژەڵییە شەمپازییەکەی و کاتێکی مرۆڤێکی تەواو ئاشتیخواز دەبینی ئەوە بە تەواوی لەو نەریتە کۆنانەی ڕەچەڵەکی سەرەتای مرۆڤ دوور کەوتووەتەوە.