پاداشت و سزا لە پەروەردەی منداڵدا، شێوەیەکی کلاسیک و کۆنە و ھەزاران ساڵە دایکان و باوکان لەسەری دەڕۆن و وەک تاکە ڕێگەی فێربوون بەکاریان ھێناوە، بەھۆی ئەو لایەنە نەرێییانەی لەپاش خۆی بەجێی دەھێڵێ و کاریگەری لەسەر کەسایەتیی منداڵ دروست دەکات، لە ساڵانی بیستی سەتەی ڕابردوو، ڕێگەی نوێ بۆ پەروەردە و فێرکردن ھاتنە ئاراوە و دواتر لە ساڵانی ھەشتا گەشەی کرد کە ئێستە بە فەرمی چەندان وڵات لە وەزارەتی پەروەردەدا پێڕەوی دەکەن کە پێی دەگوترێ “پەروەردەی ئەرێیی” و لەسەر بنەمای ھاوکاری و ڕێز و بەشداریی منداڵ بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیارییەتییەکان دامەزراوە.
بنەمای سەرەکی ئەم شێوازە تازەیەی پەروەردەی منداڵ بریتییە لە پێدانی متمانە، بە شێوەیەک خۆی بەرپرسیارییەتیی کارەکەکانی خۆی بگرێتە ئەستۆی، بەم شێوەیە خۆی دەبێ ئاگای لە تەندروستی و پاکوخاوێنی و ڕێکپۆشی و نەشێواندنی ژوورەکەی بێت، بەبێ ئەوەی ھەست بکات ناچارە بۆ ئەم کارانە، بەڵکوو خۆی لە ناخیدا ئەو ھەستەی بۆ دروست ببێ، بە ھەمان ڕێژەی ئەو ھەستەی گەورەیەک ھەیەتی. ئەمەش مانای وایە، ھەر لەو تەمەنەوە کەسایەتییەکی سەربەخۆی پێ دەبەخشێ و تەنیا خۆی بەرپرسە لە بەختەوەری و نابەختەوەرییەکانیدا، تەنانەت کاتێک لە قوتابخانە نمرەیەکی بەرز یان نزم دەھێنێ.
ئەلفرێد ئەدلەر و ڕۆدۆڵف دریکەرز، دوو پسپۆڕی سایکۆلۆژیی تاکەکان بوون لە ساڵانی بیستی سەتەی ڕابردوو، یەکەم بنەمای ئەم جۆرە سیستەمە نوێیەی پەروەردەی منداڵیان داھێنا، دواتر جین نیڵسن و لین لووت، لە ساڵانی ھەشتای ھەمان سەتە، نۆژەندیان کردەوە و ھەندێ وردەکارییان بۆ زیاد کرد بە گۆڕانی سەردەمەکان تێبینی نوێیان بۆ خستە ناوی.
لە سیستەمی پەروەردەی ئەرێییدا، بە تەواوی ترساندن و سزا لە پەروەردەی منداڵ دەھێندرێتە دەرەوە، لە جێی ئەوە، دوو شتی تر جێی دەگرنەوە کە بریتییە لە نەرمونیانی و سووربوون لەسەر ھەر کارێک دەیکەی. ئەمەش پێویستی بەوەیە، لەپێشا کار لەسەر خۆمان بکەین چۆن بتوانین سۆزدارانەتر مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکەین، ئەمەش بۆخۆی ئاڵنگارییەکی گەورەیە. لە ھەمان کاتدا، ئەم ڕێگەیە زۆر ئاسانترە، چونکە لەجێی ئەوەی تۆ وەک دایک یان باوک ھەموو بەرپرسیارییەتییەکی ھەڵبگریت و ھەردەم لەسەر لادانی یاساکان سەرکۆنەی بکەیت، ھەردەم فێری دەکەیت چۆن بەرپرسیارییەتیی شتەکان بگرێتە ئەستۆ و چۆن خۆی بەڕێوە ببات. بۆ نموونە، خانەوادەیەک کە پێک ھاتووە لە دایک، باوک، کچێکی ١١ ساڵ و کوڕێکی ھەشت ساڵ، گەشتێک دەکەن بۆ وڵاتێکی تر، کاتێک دەچنە ئەو ھۆتێلەی گرتوویانە کە بریتییە لە دوو ژوور، ژوورێک بۆ دایک و باوک و ژوورێک بۆ منداڵ. ئەگەر بەم سیستەمە نوێیە پەروەردە کرا بن، چۆن یەکسەر دایک و باوک دەچنە ژووری خۆیان، منداڵەکانیش بەو شێوەیە، دەچنە ژووری خۆیان، جانتاکانیان دەکەنەوە، جلەکانیان دەخەنە ناو کەنتۆری ژوورەکە، فڵچە و ھەویری پاککرەوەی ددانیان دەردەھێنن، ڕوو لە گەرماو و تەوالێت دەکەن.. ھتد.
ڕۆڵف دریکۆرز دەڵێ: نابێ ھەردەم دایک و باوک و مامۆستایان، خەریکی بەڕێوەبردنی وردەکارییەکانی ژیانی منداڵ بن، دەبێ فێریان بکەن، توانای بەڕێوەبردونیان ھەبێ و ڕێگەشیان بدرێ بە ئازادی لە نێوان ڕێگەچارەکاندا، خۆیان ئەوەی پێیان وایە باشترە بۆ ھەر دۆخێک بێت ھەڵی بژێرن، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەڵەشیان کرد، بزانن ئەوە ئەنجامی بۆچوونی خۆیانە و پێویستە لە داھاتوودا باشتر بیری لێ بکەنەوە، یان داوای ڕاوێژ لە سەروو خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لە جۆری بیرکردنەوە لەسەر شتەکان ھاوکارییان بکەن، نەوەک ڕێنمانیی.
بۆچی منداڵ کاری خراپ دەکات؟
دایک و باوک، زۆر ھەست بە دڵەڕاوکێ و ترس دەکەن، کاتێک دەبینن منداڵەکانیان لە فەرمانیان دەردەچن، یان لە کارێک کە پێیان گوتوون بیکەن، شکست دەھێنن، یان شتێکیان پێ گوتوون و نایزانن، لەم کاتەدا یەکسەر بیر لە تۆڵەسەندنەوە و سزا دەدەن، یان سەرکۆنە و گاڵتەپێکردن، ئەمانەش بەڕاستی گاریگەرییان ھەیە.. بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت و دواتر دەگەڕێنەوە سەر ھەمان ئەو ھەڵەیە، ئەمجارە دایک یان باوک زیاتر شێتگیر دەبن. بۆ؟
ئەدلەر دەڵێ: چەوساندنەوە و سزا، ژینگەیەکی وا لە منداڵدا دروست ناکەن، ھەست بکات ھەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێ. منداڵ پێویستی بە سیستەمێکی ترە، بۆ ئەوەی ھەست بە ھەڵە بکات و بەرپرسیارییەتی بگرێتە ئەستۆ، ئەویش ئازادیی بەکارھێنانی ھەڵە و ڕاستە و بزانن بژاردەیان لەبەردەمدایە. لەم کاتەدا، بەبێ ئەوەی پێی بڵێی، لە زۆربەی جارەکاندا ڕێگە ڕاستەکە ھەڵدەبژێرن، زۆر لەوە زیاتر کە بە ڕێگە توندەکە پێی دەڵێی و ئەگەر ھەڵەیەکیشی کرد، کاتێک تۆ سەرکۆنەی ناکەیت و دوایی بۆی پینە و چاک ناکەیتەوە، بەڵکوو ڕێی دەدەیتێ ھەم خۆی بەسەر خۆیدا بشکێتەوە و ھەم ھەوڵی چاککردنەوەشی دات، ئەوا بۆ ھەردەم ئەو ھەڵەیە بۆی دەبێتە وانە.
ھەندێ تەکنیک بۆ ئەوەی ڕێگەی سزا و ئامۆژگاری بگۆڕی بۆ پەروەردەی ئەرێیی:
یەکەم: ھەردەم سەیەری داھاتوو بکە، لەجیاتی ڕابردوو، بەشەوێن چارە بگەڕێ نەوەک سزا.
بۆ نموونە: منداڵەکەت دەڵێی، ئەو قاپە لەسەر مێزەکە دانێ، کاتێک دایدەنێ، دەیخاتە سەر لەسەر لێواری مێزەکە و دەکەوێتە خوارەوە و دەشکێ. ھاواری بەسەردا دەکەی: کوێر بیت، نەموت لەسەر مێزەکە داینێ، تۆ ھیچ فێر نابیت، ئێستە چی بکەین؟ بڕۆ لەم ناوە مەبێنە، بێزارت کردم.
منداڵ بەمە چی فێر بوو؟ ھیچ
نموونەیەکی تر: دەست بە ھەڵگرتنی شتەکان دەکەیت بۆ سەر مێزەکە، بەبێ ئەوەی بە منداڵەکەت بڵێی، ئەویش دەیکات. بەڵام قاپەکە لەدەستی دەکەوێ و دەشکێ. تۆ لەم کاتەدا، یەکسەر دەست بۆ قاپەکە دەبەیت بزانی دەتوانی چاکی بکەیتەوە، نەخێر چاک نابێتەوە. بەپێکەنینەوە سەیرێکی منداڵەکەت دەکەیت: ناچارین فڕێی بدەین، تا من کۆی دەکەمەوە، بزانە چ قاپێکی تر باشە بیھێنە لەجێی داینێ. دایە ئەمە باشە؟ کچم بە کەیفی خۆت، ئەگەر دەزانی باشە، بیھێنە.
لەمە منداڵەکە چی فێر بوو؟ زۆر شت.
دووەم: ھەوڵ بدە منداڵەکەت بناسی. چۆن بیر دەکاتەوە، ھەڵسوکەوتەکانی، پاشان ئایا تۆ بڕوات پێیەتی، پێت وایە کەسێکی ژیکەڵەیە؟ ھەموو ئەمانە بە ئەرێیی، کاریگەری لەسەر ئەرێیی منداڵەکەت دەکات. منداڵ کاتێک دەبینێ دایک و باوکی بڕوایان پێیەتی و ھەردەم چاوەڕێی زیاتری لێ دەکەن بەبێ ئەوەی زۆری لێ بکەن، خۆی بە ناچار دەزانێ کە ئەو زیاترە پێشکەش بکات، چونکە دەزانێ گەورەکان باشتر دەزانن منداڵ چ توانایییەکی تێدایە.
سێیەم: ھەڵە نرخی خۆی ھەیە
کاتێک منداڵ بووین، ھەڵەمان دەکرد، سەرکۆنە دەکراین و بە کەسی فاشیل و نەزان تەماشایان دەکردین. ڕێگەی دروست ئەوەیە، فێری بکەیت جوان بیر بکاتەوە تا ھەڵە نەکات، ئەگەر کردی، دەبێ خۆی باجەکەی بدات و ھەوڵ بدات چاکی بکاتەوە. بۆ نموونە ئەگەر ھەڵەی بەرانبەر کەسێک کرد، دەبێ خۆی بە ناچار بزانێ داواوی لێبوردنی لێ بکات. ئەگەر ھەڵەکەی لەبەر ئەوە بوو سەربەخۆ شتێکی کردبوو، فێر دەبێ ئەم جارە بەبێ ھاوکاری ئەو ئیشە نەکات. ئەمانە باجی جوانتری ھەڵەن نەوەک سەرکۆنەکانی سیسەمی کۆن.
چوارەم: پرسیار بکە، فەرمان مەدە
منداڵ لە فەرماندان بێزارە، زۆر ئاسانە بیکەیت بە پرسیارکردن. بۆ نموونە: کوڕم ھەسە بڕۆ بایی ٥٠٠ دینار سەموون بێنە. بیگۆڕە بۆ ئەمە: کوڕم دەچی بایی ٥٠٠ دینار سەموون بێنی یان خۆم بچم؟ دڵنیابە لە زۆربەی جارەکاندا دەڵێ خۆم دەچم. کوڕم بە کەیفی خۆت نان دەھێنی یان سەموون.. بەم شێویە. ئەمەش ڕامان دەکێشێ بۆ خاڵی پێنجەم، ھەردەم بژاری لەبەردەمدا دانێ. منداڵ کاتێک دەبینێ لەبەردەم چەند بژارێکدایە، باشتر بیر دەکاتەوە.
شەشەم: ئەو شتەی کە جێی سەرنجتە، ستایشی بکە
وەک چۆن گەورەش پێویستی بە ستایشە، منداڵ زۆر زیاتر بە ستایش کاریگەریی گەورەی لێ دەکات. باشترین ڕێگە بۆ برەودان بە تواناکانی منداڵ، ھاندانە. کوڕەکەت لە وانەی ئینگلیزی ٨٠ی ھێناوە. کوڕم یانی چی ھەشتا، دلاوەری ھاوڕێت ٩٥ی ھێناوە، چۆن دەبێ؟ ئەمە ڕێگە ھەڵەکەیە. ڕاستییەکە: کوڕم تۆ خۆت لە ئینگلیزی زۆر باشتری، لە دایک و باوکیشت باشتر قسەی پێ دەکەیت، حەیفە ئەو ھەموو باشییە، ئەو نمرەیە بێنیت، تۆ شایەنی ئەوەی بەلایەنی کەمەوە ٩٥ بێنی.