ئایا منداڵەکەت درۆزنە؟

ڕەنگە شۆک بیت کاتێک دەبینی منداڵەکەت چیرۆکێکی خۆیت بۆ دەگێڕێتەوە و تۆش دەزانی ئەوەی دەیڵێ سەرلەبەری درۆیە، خۆ ڕەنگە زۆر سەرسامی بیت ئەگەر نەزانی درۆیە، یان کاتێک باسی ئەوەت بۆ دەکات، یەکێک لە ھاوڕێکانی شەڕی لەگەڵ کردووە و ئەمیش ھەر پێی گوتووە نابێ شەڕ بکەین، تۆیش ھەڵدەچیت و سەرکۆنەی دایک و باوکی یان خۆدی ھاوڕێی منداڵەکەت دەکەی، دواتر بۆت دەردەکەوێ ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە. خۆ ڕەنگە ھەر ھیچ ڕووی نەدابێ.

بۆچی منداڵ درۆ دەکات؟

ھەموو منداڵێک درۆ دەکات، ئەوان کاتێک ئیدی وردە وردە فێری درۆ دەبن، زۆر چێژ لەم ھونەرە تازەیە دەکەن و حەز دەکەن زوو زوو دووبارەی بکەنەوە، ئەگەرچی باش نایزانن و دایک و باوکی ژیر بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێ. بۆ نموونە کاتێک زۆر سوورە لەسەر ئەوەی شتێکی کردووە و سوێندی لەسەر دەخوات، ئەوا دڵنیابە کردوویەتی. بەزۆری منداڵ بۆیە درۆ دەکات تا شتێکی دەست بکەوێ، یان لەکۆڵ شتێک ببێتەوە کە نایەوێ، یان بۆ ئەوەی چواردەوریان پێیان سەرسام بێت و بایەخ و سەرنجی چواردەور ڕابکێشن. ھەندێک جار دەبینی بۆ شتی زۆر سادە درۆ دەکەن، شتێکی شکاندووە و نایەوێ بیدرکێنێ کە خۆی بووە، تۆمەتەکە بۆ برایەکی بچووکتری یان ھەر کەسێکی تر دەگەڕێنێتەوە. خۆ ئەگەر پشیلەیەک لە ماڵەکە بێت، ھەرچی تۆمەتە تووشی ئەو داماوە دەکرێ.

لە کەیەوە دەست بە درۆ دەکات؟

منداڵ لە تەمەنی دوو بۆ سێ ساڵییەوە ھەنگاوەکانی بەرەو درۆکردن دەست پێ دەکات و زۆر جار بە درۆکانیان پێکەنینمان دێ، چونکە خۆیان وا دەزانن زۆر باوەڕپێکراوانە کردوویانە و نازانن گەورەکان بە تەواوی دەزانن کە ڕاست ناکات. لە تەمەنی چوار ساڵیدا، لەو درۆ سادەیە باوەڕ پێنەکراوانەوە قۆناغ دەبڕن و فێری ھونەری درۆکردن دەبن کە پێوەستە بە گەشەی مێشکیان. قۆناغی سێیەمیش لە تەمەنی حەوت یان ھەشت ساڵی دەست پێ دەکات، لێرەدا فەنتازیای درۆ بە جوانی دەزانن و بە ڕووداوی ڕۆژانەوە تێکەڵی دەکەن بەشێوەیەک ئەگەر دایک و باوکی ئاگەداری بابەتەکە نەبن بە تەواوی دەتوانێ فێڵیان لێ بکات.

درۆ نیشانەی زیرەکییە

ھەموومان دەزانین دەبێ منداڵ لەسەر ڕاستگۆیی پەروەردە بکەین و درۆیان لا ناشیرین بکەین، چونکە “پەتی درۆ کورتە” و ھەر دەبێ ڕاستییەکە ڕوون ببێتەوە، بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن، درۆکردن نیشانەی زیرەکیی منداڵە. جۆر و بەھێزیی درۆکەی لێھاتوویی ئەو دەردەخات و ئەوەش دەسەلمێنێ تا چەند ئاگای لە تایبەتمەندیی کەسەکانی چواردەورێتی، ئەوەتا ئەو درۆیەی بۆ باوکی دەکات، شێوازەکەی جیایە لەوەی بۆ دایکی دەکات، ئەوەی ئەویش جیایە لەوەی بۆ باپیری، نەنکی، پووری، ھاوڕیێیەکی و ھەر یەکەیان وەک خۆی مامەڵەی درۆی لەگەڵ دەکات. توێژینەوەکە دەڵێ: ئەو منداڵەی زوو فێری درۆ دەبێ، نیشانەی ئەوەیە زوو مێشکی گەشەی کردووە.

درۆ و زۆرزانی

درۆ دیاردەیەکی تەندروستە لە منداڵدا، نیشانەی ئەوەیە مێشکی بە تەواوی گەشەی کردووە. بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی تۆرینتۆ کە پرۆفیسۆر “کانج لی” سەرپەرشتی کردووە، کاتێک منداڵ فێری فێڵبازی و درۆ دەبێ، توانا مەعریفییەکانی بە تەواوی گەشە دەکات. ئەو منداڵەی لە تەمەنی چوار ساڵییەوە بە لێھاتوویی درۆ دەکات، تواناکانی زۆرترە لەو منداڵەی لە تەمەنێکی دواتردا فێری بووە.

لە تەمەنی شەش و حەوت ساڵیدا کاتێک مێشک بە گشتی گەشە دەکات، توانای درۆکردنیش بەھێز دەبێ و زانیارییەکانی منداڵ بۆ درۆکەی پێویستی پێیەتی ھەمووی دێنەوە بەرچاوی و ھەتا بەشی یاداشتەکانی ناو مێشکی بەھێز بێت، درۆکانی ھێندە لۆجیکی دەبن.

ئەی ئەگەر لەسەر درۆ بەردەوام بوو؟

زانیمان کە درۆ نیشانەی زیرەکیی منداڵە و نابێ وەک کارەسات مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، ئەی باشە مادەم وایە بیەڵین بەردەوام بێت؟ ھەڵبەت نەخێر ئەوە ڕاست نییە و ئێمە وێڕای ئەوەی بەپێی درۆکانی بۆمان دەردەکەوێ ڕادەی زیرەکی چەندە، دەبێ لەسەر ئەوە پەروەردەی بکەین کە درۆ نەکات.

چی بکەین بۆ ئەوەی واز لە درۆ بێنێ؟

-بەکارھێنانی شێوازی پاداشت لە ئەنجامی ڕاستگۆیی لەجیاتی ڕێی لێدان و سەرکۆنە و توندی. توێژینەوەکان دەری دەخەن، لێدان و ترساندنی منداڵ ناچاری دەکات بەردەوام بێت لە درۆ.

-ستایشکردنی لە کاتێکدا شتێکی ڕاست دەڵێ و وەک خۆی دەیگێڕێتەوە.

-بەپێی توێژینەوەیەکیش دەرکەوتووە، ئەو ڕێیە شکستی ھێنا کە چیرۆک و ئەنیمەیشنەکان دەیگرنە بەر، کەسی درۆزن لە کۆتادا تووشی نەھامەتی دەبێ. دەرکەوتووە منداڵ ھێندەی سوود لە شێوازی درۆی پاڵەوانەکە دەکات، ھەرگیز گرینگی بە ئەنجامەکەی نادا، چونکە ھەردەم  درۆزن بەھۆی ھەڵەیەکەوە تێدەکەوێ، ئەوان فێر دەبن کاتێک درۆکە دەکەن ئەو ھەڵەیە دووبارە ناکەنەوە. باشتر لەوە، گۆڕینی بۆ ئەو چیرۆکانەی لەسەر سەرکەوتنی ڕاستگۆکان نووسراوە.

-ھەردەم  پیشانی بدە چەندە ھەست بە نائومێدی دەکەی کاتێک درۆیەکی ئەوت بۆ دەردەکەوێ و چەندە لەبەرچاوی بێزراو بوویت.

-ھەرگیز بە “درۆزن” ناوی مەبە، ئەمە یەکێکە لەو ھۆکارانەی وای لێ دەکات ڕاستی نەڵێ، چونکە بۆی دەردەکەوێ تازە ئەوە بووە بە پێناسەی.


سەرنجەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


error: Content is protected !!