چی لەسەر “تەکنۆکرات” دەزانی؟

سەرچاوەی دارایی ھەر وڵاتێک تەنیا سامانی سرووشتی بێت، ھەرگیز لە تەکنۆکرات نزیک نابێتەوە، ئاخر یەکێک لە مەرجەکانی ئەو جۆرە دەوڵەتە ئەوەیە، بەکارھێنەر نەبێ، دروستکەر بێت. لە ڕێی پیشەسازی، کشتوکاڵ، زانست و داھێنانەوە، بژێویی ھاووڵاتیان پەیدا ببێ، نەوەک حکوومەتێک بێت، بەھۆی ئەوەی نەوتی زۆرە، ھەموو یان زۆربەی ھاووڵاتیانی بکاتە مووچەخۆر و کەس ھیچ سنعەت و تواناییەکی نەبێ. دەوڵەتی تەکنۆکرات، دەبێ ھەناردەکردنی لە ھاوردەکردنی زۆرتر بێت.

تەکنۆکرات، لە دوو وشەی یۆنانی پێکھاتووە، بە مانای “دەسەڵاتی پیشەیی” واتە پێکھێنانی حکوومەت لە کەسانی پسپۆڕ، بە شێوەیەک ئەوەی دەبێتە وەزیری کارەبا، دەبێ ئەزموونی چەندان ساڵەی لەو بوارە یان دکتۆرای تێدا ھەبێ، بە ھەمان شێوە وەزیری کشتوکاڵ، نەوت، خوێندنی باڵا و ئەوانی تر.

لە دەوڵەتی تەکنۆکراتدا، ئینتیمای حزبایەتی، نەتەوە، ئایین و مەزھەب ڕۆڵی تێدا نابێ. دەسەڵاتی عێراق کە ھەرگیز کاریان بۆ ئەوە نەکردووە لە وڵاتێکی ھاوردەکەرەوە بیکەنە بەرھەمھێن، ئەم بانگەشەیە بۆ ئەوە دەکەن، بە ناوی تەکنۆکراتەوە، ئەگەر شیعەیەکی خاوەن بڕوانامە ھەبێت، بیکەن بە کاندید بۆ پۆستێک کە لە بنەڕەتدا بۆ کورد یان سوننە دانراوە. لەبەر ئەوەی کورد و سوننە کەسی خاوەنبڕوانامە و شارەزا ناخەنە پێشەوە، ئەوان دەتوانن بەو بیانووە، پۆستەکانیان لێ بستێنن.

لە ھەر وڵاتێک کە نەتەوە و ئایینی جیای تێدایە، نابێ ببێتە بیانوو بۆ ئەوەی حکوومەتەکە تەکنۆکرات نەبێ. دەکرێ بە یاسا مەرجی گران بۆ لایەنەکان دابنرێ، تاوەکوو کەسی شیاو بخەنە شوێنی شیاو، پەرلەمانیش یەک یەک تەماشای وەزیرەکانی کابینەکە بکات، پێش ئەوەی متمانەیان پێ بدات.

لەم دەوڵەتە، ئەوانەی پۆستە باڵاکان وەردەگرن، بە ھەڵبژاردن نەچوونەتە ئەو پۆستانە، بەڵکوو ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی لایەنەکەیان، لە ناو نوخبەی خەڵکدا پۆلێنی کردوون و خۆیان ھیچ لە ململانێی سیاسی نازانن. حزبی ئاقڵ، ئەوە نییە کە زۆرترین نوخبەی کردووە بە ئەندامی خۆی، ئەوەیە کە ھەوڵ دەدات زۆرترین نوخبە کار بۆ بەرنامەکەی بکەن، بەبێ ئەوەی داوای حزبایەتییان لێ بکات. ئاوا تەکنۆکرات دروست دەبێ.

سۆسیالستەکان لە یەکێتی سۆڤێت، سیاسەتیان دایە دەست پرۆلیتارییەکان و کاری بەڕێوەبردن و سیستەمی حکوومەتیشیان دایە دەست نوخبە تەکنۆکراتەکان، ئەمە باشترین کاری شیوعییەت بوو، تا ئێستەیش سیستەمی سەرمایەداری سوودی لێ دەکات و ئەو نەریتەی ھەڵگرتوونەتەوە.

لە حکوومەتی تەکنۆکرات، ئاسایییە سەرۆک وەزیران ئەندامی حزب بێت، بەڵام وەزیرەکان نابێ حزبی بن. بەو مانایە نا کە ئینتیمای حزبییان نەبێ، بەو مانایەی نابێ ھیچ کارێکی حزبی بکەن. 

error: Content is protected !!