کاتێک تاقیکردنەوە لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا دەست پێ دەکات، ئیتر لە ماڵەکاندا دۆخی لەناکاو ڕادەگەیەندرێ، وەک ئەوەی لافاوێکی سەخت بەڕێوە بێت، زەنگی مەترسی لێ دەدات و ھەموو سەردانیکردنێک و میواندارییەک و کۆبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕادەگیرێ، ئەو ھۆکارەکانی پێوەندی بە دەرەوە نامێنێ، تەلەڤزیۆن و مۆبایلەکان بە ڕووی قوتابیانی ماڵەکەدا دادەخرێن، تۆڕی کۆمەڵایەتی قەدەغە دەکرێ، گفتوگۆی نێوان دایک و باوکیش دەبێتە چرپە. دایک وەک شێرێک چۆن بێچووەکانی کۆ دەکاتەوە و خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات، ئاوا ماڵەکەی دەکاتە سەنگەر بەڕووی ھەر کەسێک بەبێ بەرنامە باوک بیکاتە ماڵەوە و ڕەزایەکی تاڵی پیشان دەدات تا تێ بگات ئێستە کاتی ماڵداری نییە و ھەستە بڕۆرە دەرەوە، منداڵەکانمان دەیانەوێ بخوێنن.
ھەموو ھۆکاری ئەم شڵەژانەی دەکەوێتە نێو ماڵەکانەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاقیکردنەوە تاکە کەرەستەی پێوانی ئاستی زانینی قوتابیەکەیە سەبارەت بەو زانستانەی خوێندوونی، ئیتر بووەتە ناسنامەی کەسەکە و ڕادەی زیرەکی و ئاستی تواناکانی لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوانە دەردەکەوێ، ئیتر لەجیاتی ئەوەی تەنیا پێوەرێک بێت بۆ بابەتێکی دیاریکراو لە کاتێکی دیاریکراودا، دەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر کەسایەتی و کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی و قووڵایییەکانیشی دەکات، بۆیە قوتابی بخوازێ یان نەخوازێ، ھەر دەبێ لەو تاقیکردنەوانە بەو ڕێژەیە سەرکەوتوو بێت کە کۆمەڵگە پێی وایە سەرکەوتووە، وەک بڵێی تاقیکردنەوە بۆ ئەوە نییە کە بزانرێ تا چەند لەو وانەیە تێ گەیشتووە، بۆ ئەوەیە تا چەند مرۆڤە، تا چەند خاوەنی بەھایە!
بۆ ئەوەی تۆقین لە تاقیکردنەوە، ئەم دۆخە تێپەڕێنێت، هەردەم پسپۆڕانی پەروەردەیی، ڕێنمایی و ئامۆژگاریی جۆراوجۆر دەخەنە ڕوو تا خوێندکار لەو کەشە ڕزگار بکەن، ھەروەھا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا شێوازی تاقیکردنەوەیان گۆڕیوە و بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دەھێنن بۆ ئەوەی ئەو ھەموو ترسەی لەگەڵ خۆی دەیھێنێ، نەیمێنێ. ئەگەر تەماشای ڕێگەی نوێی تاقیکردنەوە بکەی کە زیاتر بە ڕێگەی ئەمەریکی ناسراوە و پشتی بە ھەڵبژاردن بەستووە، ڕەنگە ھۆکارێکی باش بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو ھەموو ترسە، بەڵام ھێشتا ناتوانێ بیڕەوێنێتەوە.
جیا لەوەی مامۆستایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی هەردەم دەیانەوێ ڕێگەی نوێی تاقیکردنەوە بھێننە کایەوە، بیرمەندان و فەیلەسووفەکان زۆر بە جیاوازتر بیر لە تاقیکردنەوە دەکەن و دەڵێن، خۆی لە بنەڕەتدا تاقیکردنەوە بۆ ھەبێت؟ میشێل فۆکۆ فەیلەسووفی مەزنی فڕەنسی، یەکێکە لەو بیرمەندانەی قسەی زۆری لەو بارەیەوە کردووە و بە ڕاشکاوی دەڵێ، ئەوە یەکێکە لە کەرەستە نەرمەکانی دەسەڵات بۆ زاڵبوون بەسەر خەڵکیدا.
دەسەڵات و مەعریفە لای فۆکۆ
پێوەندیی مەعریفە و دەسەڵات، یەکێکە لە گەورەترین کتێبەکانی فۆکۆ، تێگەیشتن لە مەعریفە و دەسەڵات لای ئەو، جیاوازە لە ھەر کەسێکی تر و وەک ئەوە نییە کە زانست و سیاسەت بەراورد دەکرێ یان زانستە و زاڵبوون، بەڵکو زۆر بە وردی لەسەری دەدوێ و ڕژدە لە بەکارھێنانی چەمکەکان تێیدا. فۆکۆ تەنانەت ڕەخنەی توند لە ڕۆشنبیر و بیرمەندەکانیش دەگرێ و دەڵێ، “ئەوان ناسنامە و تایبەتمەندی و نوخبەویەکەی خۆیان بە پاساو دادەنێن بۆ ئەوەی ببێتە بەربەرست لە نێوان جیھانی مەعریفەی خۆیان کە پێیان وایە جیھانی حەقیقەت و ئازادییە، لەگەڵ ئەو جیھانەی دەسەڵات دروستی کردووە و پێڕەوی دەکات، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام لە ماوەی لێکۆڵینەوەم بۆ زانستە مرۆیییەکان ئەوەیە، ھەرگیز ناتوانین جیاوازی لە بناغەی دروستبوونی ئەو مەعریفانە لەگەڵ پێڕەوکردنەکانی دەسەڵات بکەین.” لێرەدا زۆر بە ڕوونی پێمان دەڵێ، خودی ئەو نوخبەیە بەشێکن لە کارەکانی دەسەڵات کە بوونەتە ھۆی دروستبوونی جیاکاریی نوخبە و عەوام.
لێرەدا بە کورتی ڕوون دەبێتەوە، ئەو بڕیارەی نوخبە داویانە کە خۆیان پێ نوخبەیە چونکە وەک عەوام نەکەوتوونەتە ژێر فریوی دەسەڵات، لای فۆکۆ ڕێک شتێکی ترە و ئەو ھەردووکیانی لە چەمێکدا بەناوی مەعریفە-دەسەڵات کۆ کردووەتەوە، ئەم کۆکردنەوەیەش ئەنجامێکی بنەڕەتی لێ دروست بووە، ئەویش ئەوەیە، کەڵەکەبوونی زانیاری و مەعریفە دەبێتە ھۆی بەکارھێنانی دەسەڵات، ئەمەیش واتە ھەر لە بنەڕەتدا، مەعریفە بریتییە لە دەسەڵات.
تاقیکردنەوە لای فۆکۆ
لە ڕوانگەی مەعریفە و دەسەڵاتەوە، فۆکۆ لەسەر تاقیکردنەوەیش ھەڵوێستی خۆی دەربڕیوە و بەگشتی پێی وایە، ئەو سیستەم و ڕێککاریانەی لە کۆمەڵگە نوێیەکاندا پێڕەو دەکرێن کە پیشاندانێکی تۆکمەی دەسەڵاتی دەوڵەتە، تا ئەگاتە ھەر لووتکەکەی توندوتیژیی دەسەڵات کە بریتییە لە سێدارەدانی سەر شەقامەکان و مانۆڕە سەربازییەکان و زۆر وێنەی دی، ھیچی تر نین جگە لە سیستەمێک کە بەرھەمی مەعریفە و نوخبەی مەعریفین.
دەسەڵات بۆ ئەوەی بوونی خۆی بسەلمێنێ، پێویستی بە وردەکاریی بچووکیشە کە زۆرتر بڵاو دەبنەوە بەناو خەڵکیدا. یەکێک لەو وردەکارییانە، ھەستی پێویستیی گەیشتن بە مەعریفە بۆ ئەوەی لە عەوامێتی ڕزگارت ببێت و ببیت بە نوختە، ھەروەھا بۆ ئەوەی توێژەکانی خەڵک جیا بکرێنەوە، وەک دروستکردنی گرتووخانە، نەخۆشخانە، قوتابخانە، کۆمەڵگەی دەروونی و زۆری تر. ئەمانە بۆچوونی فۆکۆن. ھەروەھا دەڵێ، چاودێریی پەروەردەیی و سزای بە سیستەم، بۆ ئامرازن وەک ئایدیا دەخرێنە نێو کۆمەڵگە کە بە تاقیکردنەکان جێبەجێ دەبێ و ھیچی تر نین جگە لە تەکنیکی ھێزی دەسەڵات بۆ دیاریکردنی چینەکان.