“خوویەک گرتت بە شیری، بەری نادەی بە پیری” یەکێکە لە پەندەکان، بەڵام زانست سەلماندوویەتی کە زۆر ھەڵەیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، مرۆڤ دەتوانێ بە خۆ کۆنتڕۆڵکردنەوە و هەردەم خوێندنەوەی ڕەفتارەکانی خۆت، دەتوانی بگۆڕێیت و ببیتە کەسێکی مەزنیش. ماڵپەڕی “entrepreneur” ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە کۆمەڵێ توێژەری کۆمەڵناس ئامادەیان کردووە، تێیدا تەواوی ڕەفتارە خراپەکانی ڕۆژانە پێوەی سەرقاڵ دەبین، بە نۆ خاڵ کورت کردووەتەوە، ھەر کەس بتوانێ بەسەریاندا زاڵ بێت، دەتوانێ کۆنتڕۆڵی باشتری خۆی بکات و بەرھەمیشی بە گشتی زیاتر بێت و لە مرۆڤێکی تەمبەڵەوە ببێتە کەسێکی چالاک.
یەکەم: بەکارھێنانی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی ھەڵەشە و بێ بەرنامە
ھەموو کەسێک، پێویستی بە ١٥ خولەکی پێویستە لە ھەر کارێکدا کە دەیکات، بۆ ئەوەی بە تەواوی ئاوێتەی کارەکەی ببێت و بە ئاستێکی بەرز سەرنجی بچێتە سەر ئەو ئەرکەی لەسەریەتی، تا بە باڵاترین کوالیتی بەرھەمی بھێنێ. دوای ئەو چارەکە، ئینجا عەقڵی مرۆڤ بە تەواوی دەچێتە نێو کارەکانەوە، بەڵام کاتێک لەو ماوەی چارەکە سەعاتەی کە داتناوە، سەرقاڵی کارێکی لابەلا بیت، یان بە نێو ماڵپەڕەکاندا بگەڕێی، یان بچیتە سەر فەیسبووک کە لە ھەمووی خراپتر ھزر پەرش و بڵاو دەکات، ئەوا سەرنجت بە تەواوی دەشێوێنێ و ئیتر ناتوانی بچیتە سەر ئەو دۆخەی پێویستە بۆ ئەوەی بەرھەمێکی باشت ھەبێ لە ڕۆژەکەتدا. لە کاتێکی ئاوادا، ناچاری یەک چارەکی تر دابنێی بۆ ئەوەی بچیتەوە سەر سەرنجی تەواو بۆ کارەکەت.
ئەوانەی لە کارەکانیان بەردەوام خەریکی فەیسبووکن، یان کردنەوەی ئەو ماڵپەڕانەی ھیچ پێوەندی بە کارەکانیانەوە نییە، ڕۆژەکەیان لێ دەڕوا بەبێ ئەوەی بەرھەمێکی ئەوتۆیان ھەبێ، دەبینی هەردەم لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکەیان دەمەقاڵێیانە چونکە بەباشی کاری نەکردووە.
دووەم: تۆکمەیی
“دەتوانی گۆڕانکاری بەسەر ئەو نووسینەدا بھێنی کە داتناوە، بەڵام ھیچ گۆڕانکارییەک دروست نابێ کە لە بنەڕەتدا ھەر نەتنووسیبێت” جودی بیکۆلت.
نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکان، چەندان سەعاتی کاتی خۆیان خەرج دەکەن بە نووسینی ھەندێ بابەت کە دەشزانن زۆربەی دەستکاری دەکەن و بڵاوی ناکەنەوە، بەڵام ئەوە پێشکەوتن بەسەر بیرۆکەکەیاندا دەھێنێ و وا دەکات بە شێوەیەکی تۆکمە بڵاو ببێتەوە. ئەمە باشترین وانەیە کە بزانین، بیرۆکەکانمان پێویستی بە پێشخستنە. ئەوانەی وا دەزانن پێویستیان بە جارێکی تر ڕاگەکردنەوەی ھزریان نییە و دەیانەوێ ھەر لە یەکەم بیرکردنەوە بەرھەمەکانیان دانێن، ناتوانن بابەتێکی باش پێشکەش بکەن. بۆ ئەوەی بەرھەمێکی باشت ھەبێ دەبێ زۆرترین تاقیکردنەوەت لەسەر کردبێ.
سێیەم: کۆبوونەوە
ھیچ شتێک لە کاتی کارکردندا، ھێندەی کۆبوونەوەکان کات بەفیڕۆ نادات، ئەو کەسانەی کە حەزیان لە ئیشەکانیانە و بەرھەمیان زۆرە، تاقەتیان نییە لە کۆبوونەوەکان دانیشن. لە کاتێکیشدا زۆر پێویست بوو کۆبوونەوە بکرێ، دەبێ پێشتر کاتی دەستپێکردن و کاتی کۆتاھێنانی دیاری بکرێ و ناوونیشانی ئەو بابەتەش کە قسەی لەسەر دەکەن، بخرێتە ڕوو، تا پەل نەکێشێ بۆ کۆمەڵێ بابەت کە پێویست نین. ڕێگەیەکی سەرکەوتوو ھەیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان بەباشی ئەنجام بدرێن، ئەوەیە تەواوی بەشداران، بەپێوە بوەستن نەک بە چواردەوری مێزێکەوە دانیشن و قاوە و چاویان لە بەردەستدا بێت، ھەرکەسیش دەفتەرێکی بچووکی یاداشت و قەڵەمێکی بەدەستەوە بێت، تا بە زووترین کات کۆتای پێ بێت.
چوارەم: ھەر ئیمەیلێکت بۆ ھات یەکسەر وەڵامی بدەرەوە
یەکێک لە گرینگترین ڕەفتارەکانی کەسە پڕ بەرھەمەکان دەیکەن ئەوەیە، ھەر ئیمەیلێکی بۆیان دێ کە پێویستی بە وەڵامە، یەکسەر وەڵامی دەدەنەوە و نایەڵن نامەیەکی زۆریان بەسەردا بکەوێ، بەمەش ھەرگیز بەشێکی ھزریان لەسەر ئیمەیلەکانیان نابێ.
پێنجەم: یەک زەنگ بۆ ھەستان لە خەو دانێ
کاتێک مێشکت ڕادەھێنی بە کاتێکی دیاریکراو بۆ نوستن و کاتێکی دیاریکراو بۆ ھەستان لە خەو، دەبینی پێش ئەوەی مۆبایلەکەت زەنگ لێ بدات، تۆ خەبەرت بووەتەوە، چونکە مێشک کار لەسەر ئەو ڕەفتارانە دەکات کە خووت پێوە گرتووە، بەڵام کاتێک زەنگی مۆبایلەکەت کوژاندەوە، تا کەمێکی تر چێژ لە خەوەکەت بکەی، ئەوا ناچاری لە چەند کاتێکی جیاواز و نزیک لە یەک زەنگ دابنێی، لەم کاتەدا تۆ نەتھێشتووە مێشکت بەرنامەیەکی دیاریکراو دانێت، بەمەش تەواوی ڕۆژەکە مێشکت دەیەوێ کۆنتڕۆڵی خۆی بکات و ھەر پێی ناکرێ.
بۆیە ناچاری ھەرچەند ماندوو بوویت، کە زەنگی ھەستان لە خەو لێی دا، یەکسەر ھەستە و دەست بکە بە بەرنامەی ڕۆژەکەت.
شەشەم: فرە کاری
ئەوانەی لە یەک کاتدا خەریکی چەند کارێکن، ناتوانن بەرھەمی یەک کاریش بە باشی جێبەجێ بکەن، ئەوە پێی دەگوترێ تیرۆرکردنی بەرھەم. توێژەرانی زانکۆی “ستانفۆرد” ئاماژەیان پێ داوە کە ھەرگیز ئەوانەی فرە کارن، ناتوانن سەرنجیان بکەنە سەر ھیچ یەکێ لە کارەکان بە تەواوی، چونکە مێشک توانای لە دەست دەدات، بەمەش بەرھەمھێنان بە تەواوی کەم دەبێتەوە.
حەوتەم: دواخستنی کارە گرانەکان
توانای ھزری مرۆڤ دیاریکراوە، کاتێک تۆ کارە گرانەکان بە بیانووی ئەوەی لە کاتێکی باشتردا ئەنجامی بدەی، دوا دەخەی، ئەوا بزانە ھەرگیز ئەو کارەت وەک پێویست پێ ناکرێ، ئەو کاتەی تێیدای، زۆر باشترە لەو کاتەی کە داتناوە کارەکە بکەی، چونکە هەردەم ئەو کاتانە ھەڵدەبژێری کە مێشک ناتوانێ وەڵامی ھەموو فەرمانەکانت بداتەوە و پێویستی بە پشووە. باشترین ڕێگە ئەوەیە، کارە ھەرە گرانەکان لە بەیاناندا ئەنجام بدەیت و ئاسانەکان کە ھزری زۆری ناوێ، ھەڵگری بۆ کۆتای ڕۆژەکەت.
ھەشتەم: بەکارھێنانی ئامێرە ھۆشمەندەکان لەسەر جێگەدا
یەکێک لە خراپترین خووەکان ئەوەیە، لەسەرە جێگەی نوستن پێش ئەوەی خەومان لێ بکەوێ، مۆبایل و ئامێرە ھۆشمەندەکان بەکار بھێنین. زۆر کەس نازانێ کە ئەوە چ زیانێک بە بەرھەمی رۆژمان دەدات، بەوەی خەو پێویستی بەوەیە بە ئاستێکی باڵای پشووەوە خۆتی بۆ تەرخان بکەیت، ئەو شەپۆلی تیشکانەی کە چاوت ماندوو بووە و خەریکە خەوت لێ دەکەوێ لە ڕێگەی ئامێرەکەی دەستتەوە دەینێری بۆ مێشکت، تەواوی خەوەکەت دەشێوێنێ و بەمەش کاتێک ھەڵدەستی، تەواوی ڕۆژەکە ھەست بە بێزاری و ماندوێتی دەکەی.
مرۆڤ لە ڕۆژدا پێویستی بەو تیشکە ڕاستەوخۆیانە ھەیە، کاتێک ھەڵدەستیت لە خەو، بە تیشکی خۆر ئەو پێویستییەت دەست دەکەوێ کە ھەستی خەوھاتنت کەم بکاتەوە، کاتێک شەو دێت، مێشک وا ڕاھاتووە کە ئەوەندە بە ڕاستەوخۆیی ئەو تیشکانەی نەدەیتێ تا ھەستی خەو کەم نەبێتەوە، کاتێک لە ڕێی مۆبایلەکەتەوە تیشکی بۆ دەنێری، بزانە چ زیانێک لە بەرنامەی مێشکت دەدەی؟.
نۆیەم: خواردنی شیرینی
شەکری گلوکۆز کە وەک بەنزینە بۆ مێشک، ئۆتۆمبێلێک بەنزینی تێدا نەبێ ناڕوات، هەردەم پێ بە بەنزینیشدا بنێیت، خێرا دەڕۆیت و ناتوانی کۆنتڕۆڵی خۆت بکەیت تا خۆت دەکێشتی بە شتێکدا. مێشک و گلوکۆز ڕێک ئاوایە، هەردەم مرۆڤ پێویستی پێیەتی تا کار بکات، بەڵام کاتێک زۆری دەدەیتێ، ھەست بە ھەڵچوون دەکات و ناتوانێ سەرنجەکانی کۆ بکاتەوە.
بەپێی توێژینەوەکان، ڕۆژانە مێشکی مرۆڤ پێویستی بە ٢٥ گرام شەکری گلوکۆز ھەیە تا بەباشی ھزری بجووڵێ، بۆ ئەمەش دەتوانی ھەر سەرچاوەیەک بەکار بھێنی، بەڵام بۆ نموونە ئەگەر بە خواردنەوە وزەبەخشەکان، یان کۆلا بیدەیت بە مێشک، ئەوا دوای ٢٠ خولەک کاری خۆی دەکات و زوو کۆتای دێ، بەڵام ئەگەر لە ڕێگەی خواردنە سروشتییەکان بێت، درەنگ کاری خۆی دەکات، درەنگیش خەرج دەبێ. واتە ئەگەر شیرینی دەستکرد بخۆیت و بخۆیتەوە، هەردەم مێشک داوای زیاتر دەکات و تووشی ماندووبوون دەبێ، ئەمە جگە لە زیانە تەندروستییەکانی تر کە تووشی تەواوی جەستەی دەکەن.
چی دەبێ واز لەم نۆ ڕەفتارە بھێنی؟
بیر بکەرەوە کە تۆ کەسێکیت ھەموو ئەو ڕەفتارانەت تێدایە، یان بەشێکی زۆری و ئێستە بڕیارت داوە وازیان لێ بێنی، بزانە دەبیتە چ کەسێکی بەرھەمھێن و چۆن دەتوانی قۆناغبڕی بەسەر ئەرکەکانتدا بکەی.