ئایا فەیسبووک ڕیشەی کۆمەڵایەتی شێواندووە؟

فەیسبووک، لە جیاتی ئەوەی تۆڕێکی پێوەندیی کۆمەڵایەتی بێت وەک چۆن مارک زۆکربێرگ خاوەنی فەیسبووک بانگەشەی بۆ دەکات، بووەتە ھۆی “پەرتەوازەکردنی ڕیشەی کۆمەڵایەتی” وەک چامس بالمیتیبی جێگری سەرۆکی بەشی زیادکردنی گەشەی بەکارھێنانی پێشووی فەیسبووک ئاماژەی پێ کردووە. دەڵێ، ڕێ بە منداڵەکانی نادات بەشداری لە فەیسبووک بکەن، چونکە نایەوێ ببنە کۆیلەی ئەو گرێبەستە کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی مادەی “دوبامین” لەسەر مێشک. ئەمە یەکەم بەرپرسی ئەو تۆڕە نییە کە ڕەخنەبارانی دەکات، پێشتر سین پارکەر یەکەم سەرۆکی فەیسبووک گوتبووی: ئەم تۆڕە بووەتە ھۆی گۆڕانی پێوەندیمان بە کۆمەڵگەوە، پێوەندی خەڵک بە یەکترەوە، خوا خۆی دەزانێ چی بەسەر مێشکی منداڵان دەھێنێ.

ھەموو وەڵامی فەرمیی فەیسبووک ئەوەبوو، بالمیتیبی زۆر کاری لامان نەکردووە و لە ساڵی ٢٠١١ بەجێی ھێشتووە، بۆیە ئاگەداری وردەکارییە نوێیەکانی فەیسبووک نییە و پێمان وایە ئەم تۆمەتانە کاریگەری لەسەر بەکارھێنەرانی تۆڕەکە ناکات.

بەلای ئەوانەی تۆڕەکە باش ناناسن و بەلای خۆشیانەوە، سەرچاوەی خۆشییەکی کاتییە لە بوارێکی گرینگدا و بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، بەڵام لە بەرانبەردا دەبێ بیرمان نەچێ، خراپ بەکارھێنانی فەیسبووک و دژایەتیی بەرانبەر زۆر بە ئاسانی لەم تۆڕەدا دەکرێ، وەک چۆن لیژنەی بەریتانی بۆ پێوەری ژیانی گشتی ئاماژەیان پێ کردووە و لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیاندا خستوویانەتە ڕوو. خۆی ئەم ئاماژە زەقانە، بەھێزترین زەنگی ھۆشیارکردنەوەن لە بواری میدیای کۆمەڵایەتی بە گشتی. لە راپۆرتەکەدا داوا لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەکات پشتیوانی پڕۆژەیاسایەک بکات، بۆ ئەوەی بەرپرسیارییەتیی یاسایی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو دامەزراوانەی تۆڕی کۆمەڵایەتی توند بکات.

ئەگەرچی ھێشتا فەیسبووک یەکەم پێگەی کۆمەڵایەتی ھەیە، بەڵام خەریکە گووگڵ و تویتەریش دەکەونە پەستانی جۆراوجۆری حکوومەتەوە لە ئەمەریکا و ئەوروپا. ئەڵمانیا یاسایەکی دەرکردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، ھەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی کینە بڵاو بکاتەوە ڕاستەوخۆ دێتە سڕینەوە یان تووشی باج دەبێت. لە ئەمەریکاش بەھۆی ئەو ھەڵمەتەی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئەنجامیان دا، بووە ھۆی زۆرتربوونی ڕۆتینی تەناھی لەسەر ڕێکلامەکان و ئەگەری ھەیە یاسای توندتریش دەربکرێ.

فەیسبووک و گووگڵ، تەواوی ئەو قازانجەی لە دەرەوەی ئەمەریکا دەستیان دەکەوێ، لە ئێرلەندا ھەڵی دەگرن، چونکە لەوێ ڕێژەی باجدان کەمترینە، بۆیە زۆرینە وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێ دەست بەسەر ئەو باجدانەشدا بگرن و بیگەیەننە ١٠.١٪ و ئەگەری ھەیە لەگەڵ ساڵی نوێ زیاتریش بێت.

ئەمساڵ وڵاتە زلھێزەکانی ئەوروپا، لە پێشەنگیشیان فڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئیسپانیا، داوایان کرد باجی زیاتر بخرێنە سەر کۆمپانیا تەکنەلۆجییە ئەمەریکییەکان، بۆ ئەوەی ببێتە پشتیوانیی سیستەمی گومرگی وڵات، بەڵام نەتوانرا ئەو داوایە جێبەجێ بکرێ، چونکە ئێرلەندا بەشێک نەبوو لە داواکان و ئەوانیش تەواوی پارەکانیان لەوێ داناوە، ھەروەھا ھەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا دژی بوون، ھەر بۆیە ھەندێک لەو وڵاتە گەورانە بڕیاری تاکلایەنیان دا و حزبی دەسەڵاتداری ئیتاڵیا پلانی نوێی خستە کار کە ھەموو ڕێکلامێکی ئەلیکترۆنی دەبێ ٦٪ باج بە حکوومەت بدات.

ھەفتەی ڕابردوو، فەیسبووک ڕای گەیاند، جگە لە ئێرلەندا تەواوی ئەو پارانەی باجانەی لە وڵاتە گەورەکانەوە خراوەتە سەری ڕای دەگرێ کە وەک پەستانێک لە دژی وڵاتەکان بەکاریان ھێنا، بەڵام کۆمپانیای فەیسبووک و گووگڵ لەم ھەوڵەیاندا کە پێشتر لە بەریتانیا کردیان نەیانتوانی سوودێکی گەورە بەدەست بھێنن.

فەیسبووک دەیەوێ بۆ ئەوەی لەم کێشانە ڕزگاری بێت کە بە ھۆی ڕێکلامەکانەوە تووشی بووە، ھەزار کەسی نوێ لە کۆمپانیاکەی وەربگرێ، بەڵام ئەگەر ١٠٠ ھەزار کارمەندیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە دانێ، ناتوانێ چارەسەری بکات. ئەو کارمەندانە ئەرکیان ئەوەیە نەھێڵن ھیچ بابەتێکی کینە و توندوتیژی بڵاو بێتەوە، بۆیە شەو و ڕۆژ لەسەر ئەوە کار دەکەن تا بەھۆی ئەو جۆرە بابەتانەوە تووشی سزا نەبن لە وڵاتانی دونیاوە، بەڵام ئایا دەتوانن نزیکی دوو ملیار بەکارھێنەر چاودێری بکەن و نەیەڵن ھیچ شتێکی لادان بڵاو نەکەنەوە؟

تاکە چارەسەری فەیسبووک ئەوەیە، سیستەمێک بەکار بھێنێ کە نەیەڵێ کەس بە ناوی ساختەوە فەیسبووک بەکار بھێنێ، ئەگەر ھەر کەس بە ناوی ڕاستیی خۆیەوە داینا، ئەو کاتە ھەرکەس بەرپرس دەبێ لە لاپەڕەی خۆی، بەڵام ئەمەش ژمارەی ھەژمارەکانی فەیسبووک کەم دەکاتەوە و زەنگی ھۆشیارکردنەوەیە بۆ سەرمایەداران.

error: Content is protected !!