ئایا ناودارانی سۆشیاڵ میدیا نەخۆشیی دەروونییان ھەیە؟

ھەریەکەمان کە ھەژماری تایبەتیمان لە زۆربەی تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا ھەیە، ئەگەر بەشوێن ناودارانی ناو تۆڕەکانیش نەگەڕێین، ھەر خۆیان بەھۆی زۆریی ئەو لایک و کۆمێنتانەی بۆیان دەکرێ دێنە بەردەممان. ئەگەر ئێمەیش لەوانە بین کە چێژ لەو شەڕەقسە و ململانێی و دواترین وێنە و چالاکییانەوە بین، ئەوا چێژی لێ دەکەین و بەئاسانی بەسەرماندا تێپەڕ دەبێ، بەڵام ئەگەر خۆمان لەو کەسانە نەبین کە گرینگی بەو دونیا سەیروسەمەرەیە دەدەین کە ئەو کەسانە بۆخۆیان دروست کردووە، لەخۆوە دەڵێین، ئەرێ بەڕاست ئەمانە تەواون؟ ئەی باشە ئەگەر تەواو نین، ئەم ھەموو شوێنکەوتەیە چییە ھەیانە؟ لێرەدا دەمانەوێ ئەو پرسیارە بە شێوەیەکی زانستی وەڵام بدەینەوە، ئایا ناودارانی سۆشیاڵ میدیا نەخۆشیی دەروونییان ھەیە؟
دەیان و سەتان توێژینەوە و ڕاپۆرت دووپاتی ڕاستییەک دەکەنەوە، ئەویش کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بەسەر ژیانی ڕۆژانە و ھەڵسوکەوتمانەوە و تەنانەت کەسایەتیشمان دەگۆڕێ، بەڵام بەدەگمەن لەسەر ئەوە گفتوگۆ کراوە، ئەی کاریگەری ئێمە بەسەر ئەوانەوە چییە؟ ئەوان، مەبەستمان لەو کۆمپانیا زەبەلاحانە نییە کە تۆڕەکانیان بەھۆکاری قازانج یان ئامانجی دیکە دروست کردووە، بەڵکوو مەبەستمان ئەو ناودارانەیە کە بەردەوام چالاکیی بڵاو دەکەنەوە و ئێمەیش بەردەوام بە لایک و کۆمێنت لەگەڵیان بەشدارین. ئایا ئێمە چ کاریگەرییەک بەسەر گۆڕانی ھەڵسوکەوتی ئەوان دروست دەکەین؟ ئەوان ئەگەر لاییککەران نەبێ، کەسێکی ئاسایین، بەڵام ئێستە بوونەتە پاڵەوان و لەپشت مۆبایل و لاپتۆپەکەیانەوە، خەریکی بەخەیاڵی خۆیان خەریکی شۆڕشن. گریمان ڕۆژێک ھەرچی ھەواداری ئەو کەسانە ھەیە، بڕیاریان دا لایک و کۆمێنتیان بۆ نەکەن، چییان لێ بەسەر دێ، ئایا شێت نابن؟ ئەی ئەوە نییە، کوڕێک لەپێناو لایک، ئامادەیە جنێو بە ھەموو کەس بدات، کچێک لەبەر فۆڵۆ ئامادەیە شتی سەیرسەیر لەبەر بکات، پیاوێکی پیر لەپێناو ڤیو، بیری تەمەنەکەی نەماوە، منداڵێک لەبەر ئەکتیڤی پەیجەکەی، خەریکە سنووری ھەموو بەھایەک دەبەزێنێ؟ ئایا ئەمە دۆخێکی دەروونیی ساغی پێ دەگوترێ کە ھەموویان لەبەر ئامانجێکی بچووک کە ناوبانگە، خەریکی لەدەستدانی کەسێتیی خۆیانن؟
بەپێی ئەو چاوپێکەوتنانەی توێژەرانی دونیا لەگەڵ یوتوبەر، بلۆگەر، خاوەنی پەیجی فەیسبووک، ئینستاگرام و ئەوانی تر کردوویانە دەرکەوتووە، ئەو کەسانە وێڕای ئەوەی بە ملیۆنان و سەتان ھەزار ھەوادار و شوێنکەوتەیان ھەیە، لە ئەزموونێکی خەمۆکیی خراپدان و سۆشیاڵ میدیا ژیانی لێ شێواندوون. نایشارنەوە، وێڕای ئەو ھەزاران دڵ و لایکەی بۆیان دێت، کاتێک کۆمێنتێکی جنێو یان ڕەخنەیەکیان بۆ دێت کە بەدڵیان نابێ، خەریکە لە قاوغی خۆیان دێنە دەرەوە و حەز دەکەن ئەو کەسە بکوژن و بە ئاشکرا ئەم قسەیەیان کردووە. ھەندێکی تریان لەبەر چوار کۆمێنت، لایڤێکی کردووەتەوە و دەستی بە جنێو بە کۆمێنتکاران کردووە، ھەشیانە پۆست لەسەر پۆست خەریکی ناشرینکردنی ئەوانە و وا دەری دەخات خۆی زۆر پێ گەورەیە و ھەرگیز ئەو گوتانە کاریگەریی لەسەر دروست نەکردووە، ھەروەھا ھەیانە ئامادەیە لەسەر کۆمێنێک ڕێگەی دادگە بگرێتە بەر. ئەوان هەردەم ئەم گوتەیە دووبارە دەکەنەوە: ئێمە ڕقمان لەکەس نییە و لەبەر خۆشەویستیی ئێوە بەردەوامین، نازانین بۆچی ئەوەندە دڵڕەقن و قسەی نەشیاومان پێ دەڵێن. ھەموو ئەم گوتانە ڕاستییەک دووپات دەکەنەوە ئەویش ئەوەیە، ئەو ناودارانە بە تەواوی گیرۆدەی ھەوادارەکانیان بوون و بۆیان بووەتە نەخۆشی، وەک چۆن ھەوادارەکانیان گیرۆدەی ئەوان بوون.
ولیام جێمس، فەیلەسووف و زانای دەروونناسی ئەمەریکی لەمێژە لەسەر ئەو جۆرە کەسانە گوتوویەتی، ئەوان ئەگەر بچنە شوێنێک و کەس ئاوڕیان لێ نەداتەوە، ئەگەر قسەیان کرد و کەس گوێی بۆ نەگرتن، کەس گرینگیی بە کارەکانیان نەدا، وەک ئەوەی ھەر نەبووبن، فەرامۆش بکرێن، لە ناخیاندا تووشی دڵتەنگییەکی وا دەبن، خەریکە دەخنکێن و بێزاری شێتیان دەکات، ئەمە گرانترین ئەشکەنجەیە بۆ ئەو جۆرە کەسانە.
وەک دەبینین، ناودارانی سۆشیاڵ میدیا، بەزۆری کەسانێک نین خە ناوەنی مەعریفەیەکی قووڵ یان داھێنان و بەھرەیەکی گەورە بن، کەسانێکن ھەر خەریکی قسەن و لەسەر ھەموو شتێک دەدوێن، یان کەسانێکن بەناوی کۆمێدیا شتی زۆر سادە و لاوەکی دەکەن، یان خەریکی ئەتارین و بەدیارییەوە قسەی لەسەر دەکەن، یان کۆمەڵێ کچن و خەریکی خۆگۆڕین و ماکیاجن کە شتێکی زۆر ئاسایییە، بەڵام ئەوان ئەو خۆگۆڕین و ماکیاجەیان ناو لێ ناوە مۆدێل و بەخۆیان دەڵێن مۆدێلست و چەندان جۆری تر، ئەمانە بەھۆی ئەوەی لە ناخێکی پڕ ڕۆشنبیریدا ھەڵنەقوڵاون، دەبینی زوو ھەڵدەچن، زوو کاریگەریی خەڵکیان بەسەرەوە دەردەکەوێ، ئەمەیش وای کردووە، ھەستیان بە نرخی خۆیان کەم دەبێتەوە، ئەم ھەستنەکردنەش بە کەسایەتییان ناچاریان دەکات بەردەوام شتی نوێ بڵاو بکەنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام دەستخۆشییان بۆ بێت و بۆشایییەکانیان بەو دەستخۆشییانە پڕ بکەنەوە. کاتێک لەناو سەتان دەستخۆشی، ڕەخنەیەکیان بۆ دێ، دێنەوە ژێر سفر و سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ دۆخە دەروونییە خراپەکەیان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەم ناودارانە سۆشیاڵ میدیا، دونیایان پڕ کردووە کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێ کەسی زۆر سادەی بێ بەھرەی ئاسایین و سۆشیاڵ میدیا ھەلی ناوبانگی پێ بەخشیون. ئەوان چونکە لە ناخیاندا دەزانن شایەنی ئەو ھەموو فۆڵۆ و لایکانە نین، هەردەم مۆتەکەیەک بەشوێنیانەوەیە و خەمۆکی و دڵەڕاوکێکانیان نایەڵێ شەو وەک ھەر مرۆڤێکی ئاسایی بخەون.
ئەگەر بڕوانینە ئەو کاریگەرییانەی ناودارانی سۆشیاڵ میدیا بەسەر خەڵکدا دروستی دەکەن و ئەو کاریگەرییەی خەڵک بەسەر ئەو ناودارانە دروستی دەکات، دەبینین کاریگەرییەکە پێچەوانەیە و ئەوان زیاتر بەھۆی خەڵکەوە تووشی گرفتی دەروونیی قووڵ بوون، ئەگەرچی لە ھەریەکەیان بپرسی لە خەونێکدایە، پێی وایە توانیویەتی کاریگەری بەسەر خەڵکەوە ھەبێت.

error: Content is protected !!