ھاوڕێی ڕاستی کێیە؟

ھاوڕێیەتی، پێوەندییەکی کۆمەڵایەتیی نێوان دوو کەس یان زیاترە، کە لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ھاوبەش دروست دەبێت و ئەو دوو کەسە وێڕای ئەوەی برا و خزم نین، یان بەرژەوەندییەکی ئابووری لە نێوانیاندا نییە، کەچی بە تەواوی لەیەک تێ دەگەن و دەتوانن ناخیان بۆ یەکتری بکەنەوە. ھەڵبەت ڕەنگە ئەو دوو کەسە پێوەەدی خزمایەتی یان کاریش لە نێوانیاندا ھەبێ، بەڵام کاتێک دەبنە ھاوڕێ، ئەم خاڵە پێش تەواوی خاڵەکانی تر دەکەوێ. ئەوەی لێرە پرسیارە، ھاوڕێی ڕاستیی کێیە؟

ئەگەر لێت بپرسم ھاوڕێکەت کەسێکی چۆنە، دەتەوێ پێم بڵێی چی؟ پێش ئەوەی وەڵام بدەیتەوە، ئایا باش بیرت لێ کردووەتەوە، ئایا ئەو وەڵامە دوورە لە ھەموو بارگاویبوونێک و کاریگەرییەک و دادپەروەرانەیە؟

لە ڕاپۆرتێکدا کە “سۆزان کراوس ویتبۆرن” پرۆفیسۆری بواری سایکۆلۆژی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، مرۆڤ لە بڕیاردان لەسەر ئەوی تر لایەنگیری دەکات و بەپێی پاڵنەرەکانی ئەو ھەڵسەنگاندنانە دەگۆڕێ، ھەر بۆیە ئەو پسپۆڕە، کۆمەڵێ ڕێنمایی خستووەتە ڕوو، وا دەکات ھەڵسەنگاندنەکان زیاتر دادپەروەرانە بن.

دکتۆر سۆزان کە مامۆستایە لە زانکۆی “ماساچۆستس ئەمھرست” دەیخاتە ڕوو، ئەوە روونە لە دوای چەند چرکەی یەکەم لە بینینی بەرانبەر، بۆچوونەکانمان لەسەری درووست دەبێ، بەپێی ڕۆیشتنی کات، ئەو بۆچوونانە گەڵاڵە دەبێ و گۆڕانکاری بەردەوامیان بەسەردا دێ، بەڵام ھەردەم  مرۆڤ مەیلی بۆ لای یەکەم بۆچوونێتی کە لە یەکەم بینیندا لەسەر کەسەکە ھەیبووە. ھەڵسەنگاندنی کەسانی چواردەورمان، گرینگیی خۆی ھەیە، چونکە دەبێتە ھۆی دیاریکردنی جۆری پێوەندییەکان لە داھاتوودا، ھەر بۆیە زۆر جار ئەم ھەڵسەنگاندنە درێژە دەکێشێ تا بە تەواوی دەتوانی کەسەکە بناسی و تایبەتمەندییەکانی لە ڕووی پابەندبوونەکانی، کرانەوە، جێگیربوونی بڕیار و سۆزداریی کەسەکەت بۆ دەردەکەوێ.

ئەم ڕاپۆرتە کە لە گۆڤاری “سایکۆلۆژی تودەی”ی ئەمەریکی بڵاو کراوەتەوە، توێژینەوەیەکی نوێیە لەسەر بەراودکاریی ھەڵسەنگاندنی مرۆڤ بۆ خۆی و بۆ چواردەوری و بیرۆکەی باشتر بە کەسەکان دەبەخشێ تا بتوانن بە گونجاوتر ئەو ھەڵسەنگاندنانە ئەنجام بدەن.

ھەڵسەنگاندن بۆ دۆزینەوەی ھاوڕێی ڕاستی پێویستی بە پێوەرە

گرینگیی ھەڵسەنگاندنی خەڵکی

لە توێژینەوەیەکی تردا کە ئەم خانمە پرۆفیسۆرە پشتی پێ بەستووە، بە وردی نزیکیی ھەڵسەنگاندنی مرۆڤ بۆ ئەوی تر و بۆ خودی خۆی باس کردووە، ئایا تا چەند ئەو دوو ھەڵسەنگاندنە لەیەک نزیکن. بۆ نموونە، دەتەوێ لە شوێنێک کار بکەیت، لە چاوپێکەتنەکەتدا پێویستە ھەڵسەنگاندن بۆ خۆت بکەی، دواتر خاوەنکار بەپێی قسەکانت و ئەو سیڤییەی لەبەردەستیدایە، شوێنی کارەکەت بۆ دیاری دەکات، ئەم ھەڵسەنگاندنە ڕۆڵی دەبێت لە داھاتوودا، بۆ نموونە سەرپەرشتیارەکەت دەگۆڕێ، کاتێک سەرپەرشتیاری نوێ داوا لەوەی پێشوو دەکات ھەڵسەنگاندنت لەسەر بکات، ئەھەر ئەوەی ئەو نزیک بوو لەوەی خۆت لە یەکەم چوونت کردووتە، ئەوە تۆ کەسێکی دادپەروەر بوویت لە ھەڵسەنگاندنی خۆت، ھەروەھا ئەوەش دەسەلمێ کە سەرپەرشتیارەکەشت بە باشی تۆی ھەڵسەنگاندووە. لێرەدا دوو جۆر ھەڵسەنگاندن دەردەکەوێ، ھەڵسەنگاندنێکی مرۆڤ بۆ خۆی، ئەوی تریش کە سەرپەرشتیارەکە کردوویەتی، بریتییە لە ھەڵسەنگاندنی مرۆڤ بۆ ئەوی تر.

ھەردەم  مرۆڤ لە ھەڵسەنگاندنی خۆیدا، ھەوڵ دەدات ئەو کەموکوڕیانەی ھەیەتی بیشارێتەوە، ھەر بۆیە دەرکەوتووە، سەرپەرشتیاری یەکەمی ئەو کارمەندە، کاریگەریی ئەو ھەڵسەنگاندنانەی کەسەکە بۆخۆی بەسەرەوەیە، بەڵام سەرپەرشتیاری دووەم، بە دادپەروەرتر بەبێ شاردنەوەی ھیچ زانیارییەک، باشتر توانیویانە ھەڵسەنگاندن بۆ تواناکانی کەسەکە بکەن.

ھەردەم  لایەنی سۆزداری کاریگەری لەسەر ھەڵسەنگاندنەکان بۆ کەسی بەرانبەر دروست دەکات، بۆ نموونە، ئەگەر بێت و ئەو کەسەی ھەڵی دەسەنگێنی، خۆشت بوێ، ھەوڵ دەدەی کەموکوڕییەکان و لایەنە نەرێییەکانی بشاریتەوە. لە کاتێکیشدا ھەڵسەنگاندن بۆ کەسێک دەکەی کە بە باشی نایناسی، ئەوا لایەنی ڕووکەش و ڕواڵەت کاریگەری خۆی دروست دەکات، وەک سەرنجڕاکێشی و جۆری پۆشین و زمانی جەستە و زۆر لایەنی تر، ھەر بۆیە لە زۆربەی کاتەکاندا، ئەم ھەڵسەنگاندنە ھەڵە دەردەچێ.

بۆچی ھەڵسەنگاندنەکەمان لایەنگیری پێوەیە

لە دوو تاقیکردنەوەدا کە توێژەران بۆ کۆمپانیایەکی سوویسرایی کردوویانە، داوایان لە سەرپەرشتیاران کرد، ھەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ کەسایەتیی کارمەندان بخەنە ڕوو. لە تاقیکرنەوەی یەکەم، بە سەرپەرشتیارانیان گوت، وا بێنە بەرچاوی خۆت، لەبەر ھۆکاری کەسیی تایبەت، کارمەندەکان واز لە کارەکەیان دەھێنن، بۆیە پێویستە ھەڵیان بسەنگێنن. دوای دوو ھەفتە، جارێکی تر داوا لەو سەرپەرشتیارانە کرا بەبێ ئەوەی پێیان بگوترێ کە کارمەندەکان واز دەھێنن، چۆن بینیویانن ئاوا ھەڵسەنگاندونیان بۆ بکەن.

وەک پسپۆڕان پێشبینییان دەکرد وا بوو، لە جاری یەکەمدا، باشتر توانیان ھەڵسەنگاندن بۆ کەسەکان بکەن، بۆیان دەرکەوت، سەرپەرشتیاران وەک چۆن کەسێک لە ھەڵسەنگاندنی خۆی یاری بە زانیارییەکان دەکات، لە ھەڵسەنگاندونیان بۆ کارمەندەکانیشیان بەو شێوەیەیان کردووە، بەڵام کاتێک زانیویانە دەڕۆن، باشتر ھەڵیان سەنگاندوون.

لە کۆی توێژینەوەکان ئەوە دەرکەوتووە، ھەردەم  ھەڵسەنگاندنی مرۆڤ بۆ خۆی یان بۆ بەرانبەرەکەی، پێوەستە بە پاڵنەرەکانییەوە.

بۆ ئەوەی مرۆڤ بە شێوەیەکی دادپەروەر ھەڵسەنگاندن بۆ کەسەکان بکات، پێویستە خۆت لەو پاڵنەرانە بھێنیتە دەرەوە و مێشکت بە تەواوی لەسەر خودی کەسەکە بێت، چونکە ھەردەم  پاڵنەر زێدەڕۆیی تێدایە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، پێویستە ھەردەم  لە ھەڵسەنگاندنەکانتدا، بیر لەو شتانە بکەیتەوە کە کەسەکە کردوویەتی بە ڕاستی، بەبێ ھیچ بارگاویبوونێک بە ھۆکاری دەرەکی.

توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بۆ ئەوەی پێوەندییەکی باشمان لەگەڵ کەسانی چواردەورمان ھەبێت، پێویستە کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی بۆ کەسایەتیی ئەوی تر دیاری بکەین و بە پێی ئەو تایبەتمەندییانە ھەڵسەنگاندنەکانمان بکەین، نەوەک لەسەر بنەمای سۆز یان ھەر پاڵنەرێکی تر.

error: Content is protected !!