داخۆ ڕۆژێک دێت نزیکبوونەوەی نێر و مێ ببێتە شتێکی نامۆ؟

بۆ ئەوەی زوو مانای ناونیشانەکە ڕوون بێت، مەبەستمان لە “سێکس”ـە. توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن، خەڵکی ئەم سەتەیە بە بەراورد بە سەتەکانی تر، کەمترین نزیکبوونەوەیان بەرەو سێکس ھەیە، وێڕای ئەوەی لە ھەموو سەردەمەکانی دیکەیش زیاتر باسی دەکەن و پێوەی سەرقاڵن.

بۆ ئەم دابەزینە، توێژەران ھۆکاری زۆریان خستووەتە ڕوو کە پێوەستە بە ئابووری، دەروونی، شێوەی ژیان، تەندروستی و زۆر ھۆکاری دیکە. ھەندێک پێیان وایە، ئیتر خەڵکی زەوی لە وەچەخستنەوە دەکەون، چونکە نێر و مێ، تا دێ لەڕووی سێکسییەوە لەیەک دوور دەکەونەوە.

بەپێی ئامار و بەدواداچوونێک بۆ ساڵانی نێوان ١٩٩١ تا ٢٠١٧ لەسەر ھەڵسوکەوتی گەنجان لە ئەمەریکا کە سەنتەری پارێزگاریی لە نەخۆشی پێی ھەستاون، دەرکەوتووە ڕێژەی نزیکبوونەوەی سێکسی لەناو قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی لە ٥٤% دابەزیوە بۆ ٤٠%، واتە ئێستە زۆرینەیان تا دەگەنە قۆناغی زانکۆ، بیریشیان لێی نەکردووەتەوە. (ھەڵبەت ئەم ڕێژەیە بۆ ئەوان زۆرە، بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵات کە بەھۆی ئایین و نەریتەکانەوە قەدەغەیە، ئاسایییە.)

جان ئێم توینجی، مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی سان دیێگۆ، توێژینەوەیەکی لەسەر ھۆکاری دابەزینی ئاستی سێکس لە ئەمەریکا کردووە، بۆی دەرکەوت ھاوسەرانی ئەمەریکی، ئێستە بە ڕێژەیەکی کەمتر لەچاو دوو نەوەی پێش خۆیان سێکس. بۆ نموونە ناوەندی نزیکبوونەوەی ژن و مێرد لە ساڵێکدا، تا ساڵانی نەوەتەکان، ٦٢ جار بووە، بەڵام ساڵی ٢٠١٤ لە ساڵێکدا بووە بە ٥٤ جار، واتە لە ھەفتەی جارێکیش کەمتر. بۆ ساڵی ٢٠١٦ ھێشتا لەوەش کەمتر بووەتەوە.

ھێلین فیشەر زانای ئەنترۆپۆلۆجیا دەڵێ، بەھۆی کەمبوونەوە ھەستی سێکسی لە نێوان نێر و مێدا، ڕێژەی ھاوسەرگیریش کەمی کردووە و ھەردوولا ژیانی تەنیایییان پێ پەسەندترە.

لە ماوەی ٢٥ ساڵدا، ڕێژەی ھاوسەرگیری لە تەواوی جیھاندا ڕووی لە کەمی کردووە و ھەندێک ھەر بڕوایان پێی نییە و ئەوانەیش کە دەخوازن ھاوسەرگیری بکەن، دوایان خستووە بۆ کاتی نادیار.

ھێلین دەڵێ، پێشتر خەڵک وایاندەزانی ھۆکاری کەمبوونەوەی ھاوسەرگیری، بۆ زۆربوونی پێوەندیی سێکسی دەرەوەی ھاوسەرگیری دەگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک دەبینین ئەویش بە شێوەیەکی زۆر فرەوان ڕووی لە کەمییە، بۆمان دەردەکەوێ ھۆکارەکە زۆر لەوە قووڵترە.

زۆربەی وڵاتانی دونیا، گرینگی بەوە نادەن چاودێری باری سێکسیی ھاووڵاتیان بکەن، لەکاتێکدا ئەو بوار زۆر گرینگە و پێوەستە بە داھاتوو وڵاتەکانەوە. لە توێژینەوەیەکی بریتانیدا ئاشکرا بووە، خەڵکی ئەو وڵاتە لە تەمەنەکانی ١٦ بۆ ٤٤ لە ساڵی ٢٠٠١ لە مانگێکدا شەش جار نزیکی یەکتر بوونەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ چوار جار لە مانگێکدا کەم بووەتەوە. ئەم کەمبوونەوەیەش لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا بە ڕێژەی جیاواز تۆمار کراوە.

یەکێک لە گەورەترین ھەڕەشەکانی سەر نزیکبوونەوەی نێر و مێ، بریتییە لە زۆربوونی خۆخاڵیکردنەوەی ئەو دوو ڕەگەزە بە تەنیا، بەبێ دوور لەوەی ھانا بۆ پێوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر ببەن. وڵاتی ژاپۆن پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە بەدەست ئەو ژیانە تاکگەراییەوە دەناڵێنێ و دەیەوێ ھەرچۆنێک بێت خەڵکی ڕزگاریان ببێ و توانای پیتاندن بەرز بکاتەوە، لە کاتێکدا خەریکە توانای پیاوی ئەو وڵاتە بە تەواوی لاواز دەبێ. بۆ ئەمەش حکوومەت خۆی شوێنی سێکسکردنی دروست کردووە و پارە دەدات بە ھەرکەسێک بچێت بەشداری بکات، بەڵام ھێشتا خەڵکی ئەوەیان پێ باشترە، بووکەڵەیەک بکڕن و نزیکی ڕەگەزی بەرانبەر نەبنەوە. ئەمەش کارەساتێکی گەورەی بۆ وڵاتەکە دروست کردووە و خەریکە منداڵ و گەنجی تێدا نامێنێ و بووەتە وڵاتی پیران.

لەوێ نزیکی نیوەی گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٤ ساڵ، یەک جاریش لە تەمەنیاندا سێکسیان نەکردووە. ھەروەھا ڕێژەی نزیکبوونەوەی ھاوسەرانیش لە مانگێکدا بۆ کەمتر لە یەک جاریش دابەزیوە.

لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەردەم  ڕێژەکە بەراورد بە ڕۆژئاوا باشتر بووە. پێناسەیەک بۆ خەڵکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کراوە، دەڵێن: “ئەوان ھەردەم  باسی تۆپی پێ دەکەن و ناشیکەن، کەمترین باسی سێکس دەکەن و دەشیکەن.” بەڵام ئایا ئەو ڕێژەیە لەم ناوچانەش دانەبەزیوە؟

کێشەی گەورەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەو جیاوازییەیە لە نێوان نێر و مێ. ڕەگەزی نێر ئازادە باسی سێکس بکات، تەنانەت ئازادترە لەوەی بتوانێ پێش ھاوسەرگیری بیکات بەبێ ئەوەی کەس تۆمەتی خراپی بەسەردا بدات و بگرە خۆیشی شانازییی پێوە دەکات. لە بەرانبەردا کچ بۆی نییە باسی بکات تا شوو دەکات، بۆی نییە نزیکی ببێتەوە. ئەگەر خۆشەویستێکی ھەبوو، پێکەوە نزیکی بوونەوە و دواتر جیا بوونەوە، کوڕەکە ڕەنگە حەیای ببات و ئیتر ئەو کچە بۆ ھەردەم  پەڵەیەک بەسەرییەوە دەبێ و ڕەنگە ھەرگیز کەس ئامادە نەبێ بیخوازێ. کوڕەکە لەپێش چاوی ئەو کە بەشێکی کردارەکە بووە، ژن دەھێنێ.

ئەم ھۆکارانەی سەرەوە وای کردووە، ھەردەم  کاتێک ڕاپرسی دەکرێ، کوڕ وەک بەشێک لە شازانی ئەگەر سێکسیشی نەکردبێ دەڵێ کردوومە، کچ ئەگەر کردبێتیشی دەڵێ نەمکردووە، بۆیە ھیچ پێوەرێک بۆ کوڕان و کچانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێش ھاوسەرگیری ڕاست نییە. وێڕای ئەوەش، ئەگەر تەنیا ڕێژەی نزیکبوونەوەی نێوان ژن و مێردیش بپێورێ، ھەر ڕووی لە کەمبوونە و کارەساتەکە ئەم ناوچەیەشی گرتووەتەوە.

گۆڤاری “ئەتلانتیک” ساڵی ٢٠١٨ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە “کیت جۆلیان” ئامادەی کردووە، تێیدا گرینگترین ھۆکارەکانی دابەزینی ڕێژەی سێکس لە جیھاندا دەخاتە ڕوو:

یەکەم: دایکان و باوکان ھەردەم  لە ئامۆژگارییەکانیان بۆ مێردمنداڵەکانیان ئەوەیە، خەریکی خوێندن بن و دوور بکەونەوە لە پێوەندی خۆشەویستی. ئەم ھەستی ڕقە لە ڕۆمانسییەت، زۆر جار کاریگەریی لەسەر ئەو ھەرزەکارە دروست دەکات و بۆ قۆناغی زۆر دواتر بەردەوام دەبێ.

دووەم: سەردەمی تەکنەلۆجیا، گەورەترین زیانی بە کوڕ و کچ گەیاندووە، ئەمەش بە چەندان شێوە. بۆ نموونە ئێستە خەڵکی زیاتر لەودیو شاشەوە لە ڕێی وێبسایتەکانەوە دەورووژێ، یان پێوەندیی کوڕان و کچان لەودیو شاشەوە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بووە. یان وای کردووە بەھۆی ئەو فیلمە پۆڕنۆیانەی دەیبینن و کاتێک تەماشای جەستەی خۆیان دەکەن و بەراوردی دەکەن بەو ئەکتەرانە، تووشی نائومێدی دەبن و نایانەوێ خۆیان پێشان بدەن. ئەمە جگە لەوەی ھەر مانەوە خۆی بەدیار شاشە و ھۆکارەکانی تری تەکنەلۆجییەوە، باری تەندروستیی سێکسی لاواز دەکات.

سێیەم: ئاسانیی نزیکبوونەوەی کچ و کوڕ لە یەکتر، لەجیاتی ئەوەی پرۆسەکە زیاتر بکات، خاوی کردووەتەوە و بەرەو نەمانی دەبات. توێژینەوە بەریتانییەکان سەلماندوویانە، تێکەڵبوونی ئێجگار نزیکی کچ و کوڕ لە یەکتر، وا دەکات ھەست بە جیاوازییە ڕەگەزییەکان نەکەن و ئیتر ھەستە ڕەگەزییەکانیش بەرەو نەمان دەبات. بۆیە ئێستە ئەوان خەریکی پڕۆژەیەکن بۆ ئەوەی جارێکی تر کچان و کوڕان لە قۆناغی ئامادەییدا لەیەک دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی حەزیان بۆ یەکتر بگەڕێتەوە.

چوارەم: توێژەرە دەروونییەکان لەسەر ئەوە کۆکن، گەنجانی ئەم سەردەمە، لە ھەموو سەردەمەکان زیاتر تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بوون، ئەمانەش ھۆکارێکی سەرەکین بۆ دوورکەوتنەوە لە سێکس.

پێنجەم: گۆشەگیری و حەزی مانەوە لە ماڵەوە، یەکێکە لە گەورەترین کارەساتەکانی گەنجی ئەم سەردەمە. ھەردەم  حەز دەکەن بەدیار ئامێرەکانیانەوە، لە کونی ژوورێکی تەسکی خۆیان بن، زۆر زیاتر چێژی لێ دەکەن لەوەی لەگەڵ خێزان یان ھاوڕێکانیان بچنە دەرەوە.

شەشەم: کەمبوونەوەی جووڵە و زۆر دووبارەکردنەوەی چەند جۆرێک خواردنی چڕ و چەور، بەبێ بایەخدان بە خواردنە ڕووەکی و میوەکان، ھۆکارێکی تری دابەزینی توانای پیتاندنە.

error: Content is protected !!