سپیکردنەوەی پارە چییە؟

کابرایەک، مارکێتێکی لە گەڕەکێک داناوە، پاش ماوەیەک دەبینی خۆی ڕەنج ڕۆڤەری پێیە و کوڕەکەی جاگوار. تۆیش زەوییەکت ھەیە، دەیفرۆشی و سوپەرمارکێتێکی پێ دەکەیتەوە. دوای چەند مانگ لە کارکردن، دەبینی بە ماست و شەربەت و ئەندۆمی، ناتوانی ڕەنج ڕۆڤەر بکرێ. کەواتە لێرە شتێک ھەیە تۆ نایزانی. ئەو کابرایەی تر، خەریکی سپیکردنەوەی پارەیە، بە فرۆشتنی ئاو، بەنزینی ئۆتۆمبێلی پێ ناکڕدرێ.
پارە سپیکردنەوە، بریتییە لە بەکارھێنانی پارە بە شێوەیەک، بۆ ئەوەی سەرچاوە ڕاستییەکەی بشاریتەوە. یان، بریتییە لە کۆمەڵێ چالاکیی بازرگانیی یاسایی، بۆ شاردنەوەی کۆمەڵێ چالاکیی پارە پەیداکردنی نایاسایی، بۆ ئەوەی تاوانەکەی لەسەر نەمێنێ و بشاردرێتەوە.
ئەوانەی پێویستییان بەم کارەیە، بریتین لە بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر، بازرگانانی چەک، گەندەڵە زەبەلاحەکانی ناو حکوومەت و دەسەڵاتەکان، بازرگانانی باندی لەشفرۆشی و مامەڵەکردن بە مرۆڤەوە و چەندان شێوەی دی.
قۆناغەکانی سپیکردنەوەی پارە:
یەکەم: قۆناغی حەڵاڵکردنی پێ دەگوترێ. ئەو پارەیەی کە لە ڕێگەیەکی نایاسایی پەیدا بووە و ھەرکات چاودێرە دارایییەکان بیزانن، دەستی بەسەردا دەگرن، پێویستە تا زووە شتی گرانبەھای پێ بکڕی، یان لە بانکێک بیخەوێنی، یاخوود بیکەیتە پشک لە کۆمپانیایەکی بازرگانیی پشدارەوە، یاخود یەکسەر بیگۆڕی بۆ دراوێکی تر. زۆر جار ئۆتۆمبێل و کۆپتەر و ڤێلای گرانبەھای پێ دەکڕن، بۆ ئەوەی دواتر بە ئاسانی بفرۆشرێتەوە و سەرچاوەی پارەکە بزر بێت. ئەم قۆناغە لە ھەموویان گرانترە، چونکە ئێشتا پارەکە پیسە و ئەگەر زیرەکانە نەکرێ ئاشکرا دەبێ، بەڵام ئەگەر ئەمە نەجاتی بوو، ئیتر ئاشکرابوونی زۆر ئەستەمە.
دووەم: قۆناغی سەرلێشێواندنی پێ دەگوترێ. دوای ئەوەی پارەکە بەپێی یەکێک لەو ڕێگانەی پێشتر پاک کرایەوە، ئینجا ئەم قۆناغە دەست پێ دەکات، ئەویش گواستنەوی پارەکەیە بۆ چەند بانکێک، ئامانجەکەشی ئەوەیە، بە تەواوی سەرچاوەکەی بزر ببێ.
قۆناغی سێیەم: تێکەڵکردنە بە کاری ئاسایییەوە. دوای ئەوەی ھیچ گومانێک لەسەر پارەکە نەما، ئێستە دەتوانی وشکی بکەیتەوە، ئاخر سپیکردنەوەی پارە، شۆردنەوەشی پێ دەگوترێ. لەم قۆناغی وشکردنەوەیەدا، ئیتر دەتوانن سوپەرمارکێت دانێن وەک دراوسێی ھاوڕێکەمان کە لەسەرەتاوە باسمان کرد و ئێستە حاڵی شڕە، یان کۆمپانیا دامەزرێنن، وەبەرھێنان بکەن. ھەڵبەت ھەموو ئەوانەش لای کەسی سپیکەرەوە گرینگییەکەی تەنیا بۆ شاردنەوەیە، واتە بەلایەوە جێی بایەخ نییە، ئەگەر ئەو بازرگانییە چەواشەکارییەی دەیکات، قازانجی ھەبێ یان زیان.
بۆ ئەوەی باشتر لە جۆرەکانی سپیکردنەوەی پارە شارەزا بیت، دەتوانی تەماشای فیلمی سینەمایی بکەیت، دەیان و ڕەنگە سەتان فیلمی ھۆڵیوود لەسەر ئەم بابەتە دروست کراوە، چونکە لەو وڵاتە، بە ھەزاران جۆر دەکرێ.
لە کوردستان جۆری کەمە، ھەرە باوەکەیان، گەندەڵییە.

error: Content is protected !!