حکوومەتی نھێنیی جیھان، واتە ئەو دەسەڵاتە ژێربەژێرەیە، پیلانی گۆڕانکارییەکانی دونیا دادەنێن و بڕیار دەدەن لەسەر ھەڵگیرسانی شەڕ لە پارچەیەکی زەوی، یان گرانکردنی نرخی نەوت، دروستکردنی داعش و قاعیدە، ھارکردنی ئێران بەسەر وڵاتانی سوننە، مۆڵەتدان بە کۆریای باکوور ئەتۆمی ھەبێ، یان تەنانەت شکستپێھێنانی مۆبایلی سامسۆنگ و پاشان ھەستانەوەی..
ئەم حکوومەتە پەنھانی و نھێنییە، ئامانجی ھێشتنەوەی زلھێزیی وڵاتە سەروەرەکانی جیھانە وەک خۆیان و نەھێشتنی ھەر ھەڕەشەیەک بۆ سەر شکۆیان لە ڕێی دروستکردنی کێشەی جۆراوجۆر ھەر جارە لە شوێنێک، بۆ ئەوەی ھەردەم وڵاتانی ناوەند و بچووک، خۆیان بخەنە پاڵیان، ھەریەکە بۆ پاڵ یەکێکیان کە لە ڕاستیدا خۆیان پێکەوە پیلانەکان دادەڕێژن.
بۆ یەکەم جار تیۆدۆر ڕۆزفێڵت (١٨٥٨-١٩١٩)، سەرۆکی بیستوشەشەمی ئەمەریکا ئەو نھێنییەی درکاند و ترسی خۆی نیشاندا لەوەی ئەو حکوومەتە نھێنییە، دەسەڵاتی خۆیان بەسەر تۆڕە ئابوورییەکانی وڵاتدا بە تەواوی بگرن، ئەمەش مانای ئەوەیە، مەرج نییە تەنانەت سەرۆکەکانیش بەشێک بن لەو حکوومەتە یان بەشێکی ڕاستیی بڕیاردان بن.
“شریب سپیریدۆفیچ”، نووسەری سکۆتلەندی، لە ساڵی ١٩٢٦ز، کتێبێکی لەسەر “حکوومەتی نھێنیی جیھان” نووسی، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی، لەناو ژوورەکەی خۆی لە ھۆتێلێکی واشنتن دەکوژرێ و کتێبەکەش لە ئەمەریکا کۆ دەکرێتەوە.
دوای ٣٢ ساڵ، “ویلیام گای کار” کتێبی “بەردەکانی سەر شەتڕەنج” دەنووسێ، بە ھەمان شێوە بە دەستێکی نادیار دەکوژرێ! کتێبەکەی ئەم، بە وردەکارییەکی زیاترەوە باسی ئەو دەوڵەتە نھێنییە دەکات کە وڵاتان و سەرکردەکانیان وەک داشی شەتڕەنج دەجووڵێنێ. ویلیام لە کتێبەکەیدا ئەوەش باس دەکات، تەنانەت بڕیاردان لەسەر جەنگە گەورەکانیش، بە ڕێککەوتنی ئەو حکوومەتە نھێنییە بووە.
ئەندامانی حکوومەتی نھێنیی جیھان، لە سێ توێژ پێک ھاتوون، سیاسی و سەرمایەدار و میدیای زەبەلاحی وڵاتە زلھێزەکان، وەک ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرکردایەتیی ماسۆنییەت، کۆڕبەندی سەھیۆنییەتی جیھانی، کۆڕبەندی داڤوس، کۆکاکۆلا، سی ئێن ئێن، ئێکسۆن مۆبێل، فەیسبووک و زۆری تر.
تێبینی/ من وەک ئامادەکاری ئەم بابەتە، مەرج نییە باوەڕم بەو پیلانگێڕییە جیھانییە ھەبێ، بەشێوەیەک ھەرچی ڕوو دەدات، پێشتر زلھێزەکان بڕیاریان لەسەر داوە، تەنیا بابەتێکم ورووژاندووە. خۆت بڕیار بدە.
چی لەبارەی “حکوومەتە نھێنییەکەی جیھان بەڕێوە دەبات” دەزانی؟

بڵاوی بکەرەوە لە