“ھەژاری، کێشەیەک دروست دەکات و کێشەیەکی دیکە بەشوێن خۆیدا دەھێنێ، ئەویش سەر بۆ دانەیەکی تر دەکێشێ، بەمەش زنجیرەیەک کێشەی لەسەر یەک دروست دەبێ و ئەنجامی وێرانکەری لێ دەکەوێتەوە”.
ئیریک جینسن، ھەوڵی دا بزانێ ئەو کێشانە چییە کە تووشی ھەژاران دەبێتەوە و دەڵێ: “نەمدەتوانی تێ بگەم بۆچی ھەژاران ناتوانن خۆیان لەو دۆخەیان ڕزگار بکەن. ھەردەم وامزانیبوو، ئەگەر ھەوڵێکی زیاتریان بدایە، وا نەدەبوون و دۆخیان دەگۆڕا و ھەلی زۆرتریان دەبوو تا ژیانێکی باشتریان ھەبێ” ئاخر ھەژاری خۆ نەخۆشییەکی بۆماوەیی نییە، لە ڕێی کڕۆمۆسۆمەوە بۆ نەوەی دوای خۆتی بەجێ بھێڵی. یان شەپۆلێک نییە ڕوو لە ھەندێ تاک و کۆمەڵگە یان ھەندێ وڵات بکات. کەواتە بۆچی ھەندێک کەس یان ھەندێک وڵات بۆ چەندان ساڵ بەدەست ھەژارییەوە دەتلێنەوە؟
توێژینەوەی زۆر کراوە بۆ ئەوەی لەم کێشەیە تێ بگەن و چارەسەری بکەن و لەو دۆخە ھەژاران دەربھێنن. دوایەمین توێژینەوە ئەوەمان پێ دەڵێ: “ھەژاری خۆی بەخێو دەکات” و وەک نەخۆشی ڕێ نادات ھەڵگرەکەی ڕزگاری بێت. مرۆڤێکی ھەژار، کاتێک سەرقاڵی گرفتە سەرەتاییەکانی ژیانیەتی وەک خواردن، کرێی خانوو، جلوبەرگ و زۆری تر، وا دەکات نەیەڵێ مێشک وەک پێویست ئیش بکات و ڕێژەی ھۆشیاری لاواز دەکات، ئەمانەش وا دەکەن کەسی ھەژار خراپترین بڕیارەکان بدات و لە بازنەی ھەژاری دەمێنێتەوە.
نموونەیەکی زیندوو
کەسێکی خاوەن بڕوانامەیەکی گرینگ کە بۆ کۆمپانیایەک زۆر پێویستە، سیڤیی خۆیان بۆ دەنێرێ و ئەوانیش داوای چاوپێکەوتنی لێ دەکەن. کەسێکیش کە تەنیا چەند ئەزموونێکی ھەیە و بڕوانامەی ئاوا بەرزی نییە، بە ھەمانشێوە سیڤی بۆ ئەو کۆمپانیایە دەنێرێ و چاوپێکەوتنیش لەگەڵ ئەو دەکرێ. لە ئەنجامدا، دەبینی ئەوەیان کە بڕوانامەی زۆر بەرزی ھەیە، دەبێتە کارمەند لەبەردەست ئەوەی تردا.. بۆ؟ چونکە کەسی یەکەم، لە دۆخێکی ھەژاریدا بووە و ئەوەی پەیدای دەکات زۆر کەمە، بۆیە ناچار بووە بەبێ ھیچ مەرجێک لەگەڵ کۆمپانیاکە کار بکات و بە ھەموو مەرجەکانی ئەوان ڕازی بووە. کەسی دووەم کە بووە بە بەڕێوەبەری بەش و ئەم خاوەن بڕوانامەیە کارمەندێتی، خۆی لە دۆخێکی ئابووریی باشدایە و ئەگەر لەو کۆمپانیایەش وەرنەگیرێ، ھیچ کێشەیەکی بۆ دروست نابێ، بۆیە ئامادە نەبووە ھەموو مەرجەکانی کۆمپانیا قبووڵ بکات و خۆیشی چەند مەرجێکی بەسەر ئیشەکەدا سەپاندووە، بۆ نموونە دەبێ مووچەکەی لەوەندە کەمتر نەبێ و دەبێ بەرپرسی بەشەکەی خۆی بێت.
بەم شێوەیە، ھەژاری دەبێتە دیوار و بەربەستێکی گەورە لەبەردەم کۆششەکانی ئەو کەسە و نایەڵێ بەسەریدا زاڵ بێت. ئەوە بۆیە ھەژارەکان زۆرتریش کۆشش دەکەن و ھەر ھەژاریشن. بەھۆی ئەم دۆخەوە کە وای کردووە بڕیاری ھەڵە بدەن، زۆر جار ھەژاران پارەیەکی زۆرتر لە دەوڵەمەندەکان خەرج دەکەن و ھیچ سوودێکیشی نییە، بۆ نموونە پارە بە کارتی یانسیب دەدەن، ئەمە شتێکە ھەرگیز دەوڵەمەند پێویستیان پێی نییە، یان کڕینی شتومەکی ماڵ بە شێوەی قست کە پارەیەکی زۆر زیاتری لە نرخی ئاسایی خۆی دەوێ، ھەروەھا وەرگرتنی قەرز لە بانک کە دەبێ پارەیەکی زۆرت بدەیتەوە و زۆر نموونەی تر و ھەموویان بڕیاری ھەڵەن و کەسێکی زیرەک نایانگرێتە بەر، بەڵام دۆخەکە ناچاریان دەکات بیکەن.
یەکێک لە ھۆکارەکانی ھەژاران ھەردەم لە دۆخەکانیان دەمێننەوە، مامەڵەنەکردنە لەگەڵ ئەو دۆخەی تێیدان وەک خۆی. بۆ نموونە ئەو پارەیەی ھەیانە، ئەگەر تەنیا بۆ بنەڕەتییەکان خەرجی بکەن، ئەو بنەڕەتییانەی بۆ ماڵی ئەوان گونجاوە، دەکرێ بەشیان بکات و ڕەنگە بتوانن شتێکیشی لێ پاشەکەوت بکەن. بەم شێویە لە ماوەیەکی داھاتوودا ئەگەری ھەیە قۆناغی ژیانیان بۆ باشتر بڕوات، بەڵام ئەوان بە بیانووی ئەوەی لە کۆمەڵگە دانەبڕێن، خۆیان پابەندی کۆمەڵێ شت دەکەن کە لەگەڵ مووچە و داھاتی ئەوان ناگونجێ. بۆ نموونە پێویست ناکات تاقمێک قەنەفەی نوێ بکڕن کە دەبێ سێ مووچەی پێ بدەن و ناچارن بە قست بیھێنن و دەبێتە پێنج بۆ شەش مووچە. ھەر بۆیە توێژەران دەڵێن، جۆری ژیان و کۆمەڵگەش کاریگەری لەسەر ھەژاری دەکات.
ھەژاری، کاریگەرییەکی زۆریش لەسەر منداڵانی خێزان لە ڕووی فیزیکییەوە دروست دەکات و ھەڵسوکەوتەمانیشی بە تەواوی دەستکاری دەکات. ڕێکخراوی تەندروستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای دەکات، ٤٠%ی ئەو منداڵانەی لە خێزانی ھەژاردا دەژین، لە وەرگرتنی زمان و ھەستەکانیان کێشەیان بۆ دروست دەبێ.