دۆستۆیڤسکی بۆ براکه‌ی: له‌گه‌ڵ خۆت قورئانێکم بۆ بێنه‌

که‌م که‌س هه‌یه‌ له‌ دونیادا ئه‌گه‌ر ڕۆمانێکی فیۆدۆر دۆستۆیڤیسکی گه‌وره‌ ڕۆماننووسی ڕووسیشی نه‌خوێندبێته‌وه‌، نه‌یناسێ و ئاشنای نه‌بێ، به‌ شێوه‌یه‌ک به‌لای به‌شێکی زۆر له‌ پسپۆڕانی ئه‌ده‌بی، ئه‌و ڕۆماننووسه‌ پله‌ی یه‌که‌می له‌ مێژووی هه‌موو ڕۆماننووسه‌کانی جیهان وه‌رگرتووه‌ و چه‌ند ڕۆمانێکیشی له‌ ڕیزبه‌ندی باشترین 25 ڕۆمانی مێژوودان. هه‌موو ئه‌م زانیارییانه‌ ئاسایین، ئه‌وه‌ی که‌ زۆر خه‌ڵک نایزانێ ئه‌وه‌یه‌، دۆستۆیفسکی هه‌موو قورئانی خوێندووه‌ته‌وه‌.

ده‌قی به‌شێک له‌ نامه‌یه‌کی فیۆدۆر بۆ براکه‌ی:

 “براکه‌م، به‌مزووانه‌ یه‌کتری ده‌بینین. هه‌ست ده‌که‌م له‌م ساته‌دا ڕۆحم به‌ ته‌واوی کراوه‌ته‌وه‌ و بێگه‌رده‌ و داهاتوو بۆ منه‌، هه‌موو داهاتوو بۆ منه‌، له‌ ئێسته‌وه‌ ده‌زانم له‌ داهاتوودا چی ده‌که‌م، وه‌ک بڵێی له‌ به‌رده‌ممدا ڕوویان دابێ. له‌باره‌ی ژیانم هه‌ست به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ته‌واو ده‌که‌م. تکایه‌ له‌گه‌ڵ خۆتدا ئه‌م کتێبانه‌م بۆ بێنه‌: قورئانێک و “ڕه‌خنه‌ له‌ عه‌قڵی په‌تی”ی کانت و “مێژووی فه‌لسه‌فه‌”ی هیگڵ”.

ئه‌و نامه‌یه‌، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی له‌ گرتووخانه‌دا ساڵی 1849 بۆ براکه‌ی ناردووه‌، له‌و کاته‌ی باش ده‌یزانی له‌ سێداره‌ ده‌درێ، چونکه‌ تۆمه‌تبار بوو به‌ ئه‌ندامبوون له‌ ده‌سته‌ی بیتراشیفسکی. لێره‌دا زیاتر له‌سه‌ر گرتنه‌که‌ی ناڕۆین، له‌ بابه‌تێکدا پێشتر له‌ژێر ناوی “مرۆڤ و خوا لای دۆستۆیڤسکی” باسم کردووه‌، له‌وێدا ئه‌وه‌یشت بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌، بۆچی له‌ناو ئه‌و هه‌موو کتێبه‌ی دونیادا، فیۆدۆر بایه‌خی به‌ بابه‌تی ئایینی داوه‌. هه‌ر خۆی ده‌ڵێ: “به‌لای منه‌وه‌ مرۆڤ نهێنییه‌، ئه‌م نهێنییه‌ش ده‌بێ شی بکرێته‌وه‌. هه‌موو ژیانم بۆ گه‌ڕان به‌شوێن ئه‌و نهێنییه‌ ته‌رخان ده‌که‌م. مرۆڤ له‌ کوێوه‌ هات؟ خۆی چییه‌؟ به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوا؟ بۆچی مرۆڤه‌کان سنووری برا مرۆڤه‌کانیان ده‌به‌زێنن؟ ئه‌ی بۆچی هه‌ندێک جار باشه‌ و هه‌ندێک جار خراپ؟”

دۆستۆیڤسکی له‌ ساڵی 1821 له‌ مۆسکۆ له‌ دایک بووه‌، له‌ خێزانێکی کریستیانی ئه‌رسۆزسکی بووه‌ که‌ پابه‌ندی بنه‌ما ئایینییه‌کان بوون، بۆیه‌ له‌ ته‌مه‌نی زۆر منداڵییه‌وه‌ ئینجیلی خوێندووه‌ و خۆیشی زۆر په‌رۆشی سه‌ردانیکردنی که‌نیسه‌ بووه‌ و به‌رده‌وام له‌ نوێژه‌کانی هه‌فته‌ له‌وێ بووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وای کردووه‌ بایه‌خێکی زۆری بۆ بابه‌تی ئایینی هه‌بووه‌ و حه‌زی کردووه‌ خۆی شاره‌زای ئایینه‌کانی تریش بکات.

فیۆدۆر پله‌ی یه‌که‌می هه‌موو ڕۆماننووسه‌کانی جیهانی پێ بڕاوه‌ و خاوه‌نی شاکاره‌کانی وه‌ک “تاوان و سزا”، برایانی کارامازۆف”، “گه‌مژه‌”، “هه‌ژاران” و ده‌یان به‌رهه‌می تره‌ و به‌ یه‌کێکیش له‌ گه‌وره‌ پسپۆڕانی ده‌روونناسی هه‌ژمار ده‌کرێ و کاره‌کانی بۆ زیاتر له‌ 170 زمانی جیهانی هاتوونه‌ته‌ وه‌رگێڕان، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، وه‌ک “ڕانگل”ی هاوڕێی ده‌ڵێ، هه‌میشه‌ حه‌زی کردووه‌ له‌ ئاسمان ورد ببێته‌وه‌ و ئه‌ودیو شاراوه‌کانی بۆ ده‌ربکه‌وێ، وه‌ک بابه‌ته‌ میتافیزیکییه‌کان.

فیۆدۆر و ئیسلام

ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆماننووسه‌ گه‌وره‌یه‌ زۆر که‌س نایزانێ، له‌میانه‌ی بایه‌خه‌کانی به‌ هه‌موو ئایینه‌ ئاسمانییه‌کان، بایه‌خێکی تایبه‌تیشی به‌ ئیسلام داوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ ڕێی نووسینه‌کانیشییه‌وه‌ نه‌یشاردووه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌رسامی که‌سایه‌تیی موحه‌ممه‌د په‌یامهێنی ئیسلام بووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ وای کردووه‌، له‌و وه‌خته‌وه‌ی له‌ گرتووخانه‌ ئازاد کراوه‌، هه‌میشه‌ له‌ کتێبخانه‌که‌یدا کۆپییه‌کی قورئانی وه‌رگێڕدراو بۆ سه‌ر زمانی فڕه‌نسی هه‌بووه‌.

فیۆدۆر جیا له‌ زمانی ڕووسی، زمانی ئه‌ڵمانی زۆر به‌ باشی زانیوه‌. زانینی ئه‌ڵمانی بۆ خه‌ڵکی ڕووسیای ئه‌و سه‌رده‌مه‌، زۆر شتێکی گه‌وره‌ نه‌بووه‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵکی زانیویانه‌. به‌ڵام ئه‌و جیا له‌و دوو زمانه‌، فڕه‌نسی و ئینگلیزیشی زانیوه‌.

دۆستۆیڤسکی نایشارێته‌وه‌ ئێره‌یی به‌ تۆلیستۆی و بوشکین، هه‌ردوو گه‌وره‌ ئه‌دیبی وڵاته‌که‌ی بردووه‌، چونکه‌ زۆر شاره‌زای قورئان و ئیسلام بوون و حه‌زی کردووه‌ ئه‌ویش وه‌ک ئه‌وان لێی قووڵ ببێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی زیاتر وای لێ کردووه‌ سه‌رنجی بۆ قورئان ڕابکێشرێ، شیعری “په‌یامهێن”ی ئه‌لێکسه‌نده‌ر بوشکین بووه‌ که‌ سوودی له‌ قورئان وه‌رگرتووه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسامی بووه‌، فیۆدۆر ساڵی 1880 به‌ ده‌نگی به‌رز له‌ شوێنێکی گشتیدا ده‌یخوێنێته‌وه‌.

شیعره‌که‌ی بوشکین

ئه‌لێکسه‌نده‌ر بوشکین (1799-1837) به‌ میری شاعیرانی ڕووس هه‌ژمار ده‌کرێ و به‌ یه‌کێک له‌ مه‌زنترین ئه‌دیبه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان هه‌ژمار ده‌کرێ، وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌نیا 36 ساڵ ژیاوه‌، به‌ڵام جێپه‌نجه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی جیهانیدا به‌ ته‌واوی دیاره‌. ئه‌و شاره‌زای ئایینی ئیسلام بووه‌ و به‌ باشی شاره‌زای قورئان بووه‌، ته‌نانه‌ت سه‌رسامی زمانی ده‌ربڕینه‌کانی بووه‌ و نۆ قه‌سیده‌ی نووسیوه‌ که‌ ئیلهامه‌که‌ی له‌ ئایه‌ته‌کانی قورئان وه‌رگرتووه‌. یه‌کێک له‌و قه‌سیدانه‌ به‌ناوی “په‌یامهێن” بووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌که‌یه‌تی: له‌به‌ر تینوێتیی ڕۆحم به‌هیلاک که‌وتم، له‌ بیابانێکی کاکیبه‌کاکی ئازارم چه‌شت، له‌پڕ فریشته‌یه‌ک هاته‌ سه‌ر ڕێم، په‌نجه‌یه‌کی نه‌رمی وه‌ک خه‌ون به‌ گلێنه‌ی چاومدا هێنا، ئینجا په‌نجه‌ی له‌ گوێم دا و پڕی کرد له‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئیتر گوێم له‌ هه‌وره‌ برووسکه‌ی ئاسمان بوو، فڕینی فریشته‌که‌م به‌ره‌و ئاسمان بینی، فریشته‌که‌ هاته‌ خوار و سنگمی شه‌ق کرد، ده‌نگێک بانگی کردم، هه‌سته‌ کوڕم و چاو بکه‌ره‌وه‌ و به‌ده‌نگ ویستی و خۆشه‌ویستیی منه‌وه‌ بێ و ده‌ریا و زه‌وی پێ پڕ بکه‌، به‌ گوته‌کانت دڵی خه‌ڵکی بفڕێنه‌، هه‌سته‌، تۆ په‌یامهێنی”.

یه‌کێک له‌ بایه‌خه‌کانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی ئه‌وه‌ بووه‌، هه‌ر ئه‌دیب و نووسه‌رێک شاره‌زایی له‌ قورئان و ئیسلام هه‌بووبێ، ئه‌و هه‌وڵی داوه‌ بیخوێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی له‌سه‌ر په‌یدا بکات. له‌وانه‌ زۆر سه‌رسامی بۆچوونه‌کانی تۆماس کارلیل بووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ کتێبی” پاڵه‌وانان و ئایینی پاڵه‌وانان” تێیدا به‌ ته‌واوی سه‌رسامیی خۆی بۆ په‌یامهێنی ئیسلام ده‌رده‌بڕێ و ده‌ڵێ: ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ی خوا فێری زانست و دانایی کردووه‌. به‌ سوودوه‌رگرتن له‌و زانیارییانه‌ی تۆماس کارلیل له‌ ڕۆمانی “نموونه‌ی باڵا” که‌ باسی په‌یامهێنی ئیسلامه‌، له‌ ڕۆمانی “تاوان و سزا” وه‌ک نموونه‌یه‌کی باڵا باسی موحه‌ممه‌د ده‌کات و له‌ ڕیزی قه‌یسه‌ر و ناپلیۆن ناوی ده‌هێنێ.

error: Content is protected !!