گرفتی ساڵنامه‌ی کۆچی له‌وه‌دایه، پێوه‌ستی به سه‌ره‌تای بینینی مانگە و ده‌بێ هه‌موو سه‌ری مانگێک به جیا ته‌ماشا بکرێت، به‌ڵام ئه‌م گرفته ساڵی سێ جار له‌لایه‌ن خه‌ڵکییه‌وه هه‌ستی پێ ده‌کرێ؛ سه‌ره‌تای مانگی ڕه‌مه‌زان، یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و کاتی حه‌ج.
له ساڵنامه‌ی زایینی‌دا که پشتی به خۆر به‌ستووه و خۆیش له شوێنی خۆی وه‌ستاوه، وای کردووه له ئێسته‌وه بۆ نموونه بزانی ڕۆژی 25ی ئاداری دوای 100 ساڵی تر، چه‌ند شه‌م ده‌بێ، له به‌رانبه‌ردا چونکه مانگ به ده‌وره‌ی زه‌ویدا ده‌سووڕێته‌وه و و پێکه‌وه‌ش به ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێنه‌وه، ئه‌و جیاوازییه‌ی دروست کردووه.
سه‌ره‌تای مانگی کۆچی له‌و کاته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات که مانگ وه‌ک ده‌زووله‌یه‌ک ده‌رده‌که‌وێ، دوای ئه‌وه‌ی مانگ له سووڕانه 30 ڕۆژییه‌که‌یدا به ده‌وری زه‌وی، ده‌که‌وێته ته‌نیشت خۆره‌وه، چونکه کاتێک مانگ به‌رانبه‌ر خۆر ده‌بێ، ناتوانی بیبینی، چونکه ڕووناکیی خۆر تاریکی ده‌کات، به‌ڵام فه‌له‌کناسه‌کان ده‌توانن ئه‌وه به وردی بپێون.
سووڕانی مانگ له‌گه‌ڵ ساڵنامه‌ی کۆچی جیاوازییه‌که‌ی له‌وه‌دایه، یه‌که‌م به ساتی ته‌ریبی خۆر و مانگ له ئاسمان ده‌پێورێ و دووه‌م به ده‌رکه‌وتنی مانگ دوای ساتی ته‌ریبوونه‌که ده‌پێورێت. هه‌ر ئه‌مه‌یه کێشه‌که‌ی دروست کردووه.
ئه‌مساڵ ساتی ته‌ریببوونی مانگ و خۆر ده‌که‌وێته سه‌عات 13:02 به‌پێی کاتی هه‌ولێر، ده‌رکه‌وتنی مانگیش دوای شه‌ش سه‌عات له‌و ته‌ریببوونه ده‌بێت و مانگ زۆر له خۆر دوور ناکه‌وێته‌وه و جیاوازیی ده‌رکه‌وتنی مانگ و خۆرئاوابوون (بانگی ئێواره) ته‌نیا چه‌ند خووله‌کێکه.
کێشه‌ی بینینی مانگ له‌وه‌دایه، له‌م سه‌ره‌تای مانگه، مانگ و خۆر ته‌ریب ده‌بن و خۆر نایه‌ڵێ مانگ دیار بێت، ته‌نیا ئه‌و ده‌زووله‌یه نه‌بێت که به چاو نابینرێ و زۆر جار به تیلیسکۆپی وردیش نابینرێ، چونکه ڕێژه‌ی ده‌رکه‌وتنه‌که‌ی ته‌نیا 0.1% ده‌بێت. له‌م کاته‌دا ناکرێ بگوترێ ئه‌و ڕۆژه بخرێته سه‌ر مانگی پێشوو، ناشبینرێ به ئاسانی چونکه ته‌نیا چه‌ند خووله‌کێکیش ده‌بێ، به‌ڵام فه‌له‌کناسه‌کان وه‌ک سه‌ره‌تای مانگی نوێ ته‌ماشای ده‌که‌ن.
له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه، به‌پێی دیاریکردنه فه‌له‌کییه‌که بێت، ده‌بێ ڕۆژی سێشه‌می داهاتووتر (چواری حوزه‌یران) یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژن بێت، چونکه یه‌که‌م ڕۆژی ساتی لادانی ته‌ریبوونی خۆر و مانگه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا به‌پێی فه‌توای زانایانی ئیسلامی ئه‌م پێوانه فه‌له‌کییه ناکرێته مه‌رجی سه‌ره‌کی و ده‌بێ به چاو ببینرێ، ئه‌گه‌ر بێت و ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌م (سێی حوزه‌یران) به چاوی ئاسایی یان تیلیسکۆب مانگ نه‌بینرا، ئه‌وا ڕۆژی سێشه‌م ده‌بێته ته‌واوکه‌ری مانگی ڕه‌مه‌زان و ڕۆژی چوارشه‌م (پێنجی حوزه‌یران) ده‌بێته یه‌که‌م ڕۆژی مانگی شه‌وال، واته یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژن.
پێشتر ناوه‌ندی فه‌له‌کناسیی نێوده‌وڵه‌تی، له به‌یاننامه‌یه‌کدا له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆیان به فه‌رمی بڵاویان کرده‌وه، مانگی ڕه‌مه‌زانی ئه‌مساڵ 29 ڕۆژ ده‌بێ، ئه‌گه‌ر به‌پێی پێوه‌ره فه‌له‌کییه‌کان هه‌ژمار بکرێ، ئه‌گه‌ر به‌پێی بینینی مانگیش به چاو هه‌ژمار بکرێ، ئه‌وا ده‌بێته 30 ڕۆژ، چونکه ئه‌سته‌مه له ڕۆژی دووی حوزه‌یران، مانگ ببینرێ.
ئه‌و سه‌نته‌ره دووپاتی ده‌کاته‌وه، رۆژی دووی حوزه‌یران له هیچ شوێنێکی جیهانی ئیسلامی و ده‌ره‌وه‌ی جیهانی ئیسلامیش نابینرێ، نه به چاوی ئاسایی و نه به به‌کارهێنانی ئامێری تیلسکۆب و هیچ ته‌کنیکێنی وێنه‌یی فه‌له‌کی، هه‌رچه‌ند پێشکه‌وتوو و به‌هێز بێت. ته‌نیا له هه‌ردوو هه‌ساره‌ی ئه‌مه‌ریکا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئاسمان به ته‌واوی ساماڵ بێت و هیچ ته‌مێکی لێ نه‌بێ، ئه‌گه‌رێکی لاواز هه‌یه به تیلیسکۆب مانگ ببینرێ.
ئه‌و وڵاتانه‌ی له ڕۆژی دووشه‌م (شه‌شی ئایار) یه‌که‌م ڕۆژی ڕۆژووگرتنیان بووه، ئه‌وا ئه‌مساڵ 30 ڕۆژ به‌ڕۆژوو ده‌بن و ڕۆژی چوارشه‌می داهاتووتر (پێنجی حوزه‌یران) ده‌بێته یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژنیان. ئه‌گه‌ر وڵاتانێکی ئیسلامی هه‌بن، پابه‌ندی بینینی مانگ نه‌بن و ئاماده بن به‌پێی پێوه‌ره فه‌له‌کییه‌کان بڕیار له‌سه‌ر سه‌ره‌تای مانگی نوێ بده‌ن، ئه‌وا ڕه‌مه‌زان له‌و وڵاتانه ده‌بێته 29 ڕۆژ و ڕۆژی سێشه‌می داهاتووتر (چواری حوزه‌یران) ده‌بێته یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژنیان.
وه‌ک هه‌موو ساڵێک، ئه‌مساڵیش له جیهانی ئیسلامی‌دا جیاوازی دروست ده‌بێ، چونکه هه‌ندێک وڵات به ته‌واوی پابه‌ندی فه‌توا کۆنه‌کانن که ده‌بێ مانگ به چاو ببینرێ و هه‌ندێکی دیکه‌ش ئاماده‌ن به‌پێی پێوه‌ری فه‌له‌کی بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن.