بۆ گەنج بنووسم یان پیر؟

 لە كۆڕێكدا لە سلێمانی، سەتان كچ و كوڕی جوان و ژیر دانیشتبوون، سوپاسیان دەكەم، لە نێویاندا ژمارەیەک نووسەر و كەسانی بەتەمەن تەشریفیان هێنابوو. یەكێک لەو بەڕێزانە گوتی: ئێمەش سوود لە بەرهەمەكانت دەبینین، قەڵەمی تۆ هەر بۆ گەنج نییە، بۆ ئێمەشە. لە کۆڕەکەدا گوتبووم: “من بۆ گەنج دەنووسم.” ڕێک لەو كاتەدا، ناو كتێبخانەیەكی هەولێرم بیر هاتەوە. چوومە خزمەت یەكێک لە مامۆستایانم كە لە قۆناغی ئامادەیی وانەی پێ گوتووم. بەوپەڕی ڕێز و شەرمەوە گفتوگۆم لەگەڵیدا كرد، ئەویش بە هەمان شێوە بوو. چەند جارێک پێمی گوت: “مامۆستا!” شەرمم كرد، گوتم: مامۆستا گیان تكایە وا مەڵێ، من هێشتا خوێندكاری ئێوەم. سەری كەمێک بردە پاش و بەلایەكدا خستی و نێوچاوانی چڕ كردەوە. بە زەردەخەنەیەک ئەم پرۆسەی گەڕانەی تەواو كرد، منی ناسییەوە، شانازیی خۆی دەربڕی و گوتی: خوێنەری بەردەوامی نووسینەکانتم.

لەم ڕۆژانەی ڕابردووشدا، لە ماڵی وەفایی بووم. پیاوێكی پیر و ژنێكی هاوتەمەنی كە هاوسەر بوون، دەنێو كتێبخانەدا دەگەڕان. پاش كەمێک، خانم كە جلێكی كوردیی جوانی لەبەردا بوو، ملوانكەیەكی مێخەكی بە ملیدا شۆڕ كردبووەوە، ڕووی لە كاک سۆران كرد و گوتی: “پڕ بە پێست”ـی كوردۆ شابان هەیە؟ پێش ئەوەی وەڵام بداتەوە، مێردەكەی دەنگی بەرز كردەوە: “وەرە ئافرەت، ئەوە هەموو كتێبەكانی كوردۆ شابان لێرەیە، دیتمەوە.” هیچیان منیان بە شێوە نەدەناسی، بۆیە سەرنجیان نەچووە سەر خۆم، تەنیا من بە چێژ و شانازییەوە سەیری ئەوانم دەكرد. پاشان پیاوەکە پرسی: “کەی ڕاستنووسی لە چاپخانە دێتەوە؟” هێشتا نەهاتبووەوە.

بەهۆی كارەكەمەوە، لە ڕێوڕەسمێكی فەرمیی میریدا بووم، یەكێک لە بەرپرسە بەشداربووەكان منی دیت، بە پێكەنینەوە گوتی: “نووسەری گەورەی گەلەكەمان” مەبەستی لەوە بوو پێم بڵێت، كۆمەڵەچیرۆكی “نە دەستی پێ كرد، نە تەواو دەبێ”ـم هەیە و ئەو چیرۆكەشم خوێندووەتەوە. ئینجا گوتی: “بەلای تۆوە من كام جۆرەی بەرپرسانم؟” (تەنیا خوێنەرانی ئەو كتێبە تێی دەگەن.) هەر لەوێدا بووین، یەكێكی دیكە هاتە ناو گفتوگۆكەمانەوە و بە پێكەنینەوە گوتی: “ئێستە پێت بڵێن شێتە، دەزانیت جیای بكەیتەوە؟” (ئەمیش هەر خوێنەرانی كتێبەكە تێی دەگەن.)

زۆر جار پێم دەڵێن، خوێنەرانی تۆ زیاتر خانمانن. خۆم بە خۆم دەڵێم، خوێنەرانی من گەنجانن، چونكە بۆ گەنج دەنووسم. كاتێک ئەم نموونانە دێنە یادمەوە، هەست دەكەم بازنەكە فرەوانترە.

شەوی ڕابردوو، خوشكێكم كە لە زانكۆیە، گوتی: گوێم لە د. عومەر نوورەددینی بوو، بە مامۆستایەكی دیكەی گوت: “#ڕاستنووسی” بخوێنەوە، بۆ ئەوەی نووسینەکانت ڕاست بکەیتەوە.

سوپاس بۆ قەڵەم.

error: Content is protected !!