لە دەمژمێرێکدا ماڵەکەتان کەسی لێ نییە و بە تەنیایت، شێوەت چۆنە؟ چۆن هەڵسوکەوت دەکەیت؟ ئەگەر کامێرایەکی چاودێری هەبێت و ئەو دیمەنەمان بۆ بگوازێتەوە، ئەوا ڕاستترین کاتی تۆیە تا بتوانین باشتر بتبینین. تۆ، هەمان ئەو تۆیە نیت کە چاوی کەسێکت بەسەرەوەیە. من، هەمان ئەم منە نیم، کاتێک لەگەڵ کەسێدا دەدوێم، یان هەست دەکەم یەکێک سەیرم دەکات. مرۆڤ بەردەوام خەریکی نمایشە، هەر کە دیتی چاوێکی بەسەرەوەیە، دەیەوێت خۆی بکات بە شتێک و شێوەیەک کە تەواو تەواو خۆی نییە. ئەگەر ئەو کڵاولارە جرپنە کەوڕەفتارەی دۆستی گۆران، پێش ئەوەی بڕوات، ئاوڕێکی بدایەتەوە، ئەوا مامۆستا جوانترین شێوەی خۆی پیشان دەدا و ناچار نەدەبوو “تیری ئاهی ناکامی” تێ بگرێت. نیگای ڕووبەڕوو، زۆر جیایە لە تیری پشتەملە. ڕاستە دووەم ڕاستگۆترە، بەڵام یەکەم هەردەم جوانترە.
جان پۆڵ سارتەر، فەیلەسووفی بوونگەرا لەمەڕ ئەم خۆنمایشکردنە کە دەزانین یەکێک سەیرمان دەکات، دەڵێت: هەر خۆی بوونمان هەمووی دۆخێکی نمایشکارانەیە؛ ئێمە تەنیا ئەو کاتە نمایش ناکەین کە پێمان وایە هیچ چاوێکمان لەسەر نییە. (قسەکەی منە، ئەها گوتم مەگەر لە کامێرایەکی چاودێرییەوە ڕووی ڕاستیی یەکدی ببینین!) سارتەر دڵنیایە لەوەی مرۆڤ هەمووی بێ جیاوازی، لەپێناو ئەوی تردا دەژی نەوەک خۆی.
با بێینەوە سەر کامێرای چاودێرییەکە و گریمان لە هەموو ساتەکانتدا لەگەڵتدایە، بەڵام ڕووی لە خۆتە. شەو سەیرێکی خۆت بکە، بزانە کاتێک دەچیت بۆ کڕینی جگەرەیەک لە دوکانەکەی دراوسێتان، شێوەی دەموچات چۆنە، کاتێک دێیتەوە و کچەکەی دراوسێتان دەبینیت کە بەردەرگە دەشوات و چاوت چووەتە سەر چاوی، کاتێک دەچیتە دەوام و بەڕێوەبەرەکەت دەبینی، کاتێک لەگەڵ دایکتدا دەدوێیت، کاتێک بەرانبەر باوکت وەستاویت، لەگەڵ هاوڕێکانت، لەگەڵ هاوکارەکانی دەوام… ڕەنگە ئەمانە هەمووی ببینیت، شۆک ببیت، ئاخر لە هیچیاندا شێوەت لەوەی دیکە ناچێت، هیچیشیان هەمان ئەو شێوەیە نییە کە لە ماڵەوە بەتەنیایت و کامێرەکە تۆماری کردوویت!
سیمۆن دی بوڤوار، خانمە فەیلەسووف، هەمان بڕوای سارتەری هاوڕێی هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی دۆخی مێ لێکۆڵینەوەی لەسەردا کردووە و دەڵێت: هەر لە منداڵییەوە مێ فێری ئەوە کراوە دەبێت هەردەم ئامادە بێت کە بەردەوام سەیر دەکرێت. واتە دۆخەکە بۆ ژن هێشتا نمایشەکە شێوەیەکی دیکەیە. خانمان لەبەر ئەوەی هەردەم لەژێر چاودێریدان، پێویستە ئاگەداری چاوەکان بن و ئەو دۆخە نمایشە بەردەوامەی سارتەر باسی دەکات، ئەمان زۆرتر دەبێت خۆنواندنی تێدا بکەن. هەڵبەت دی بوڤوار ئەمەشی خستووەتە خانەی ئەو مەینەتییانەی مرۆڤ هەر کە بە مێیی لەدایک بوو، دەبێت فێری مێبوون بکرێت و پێی وایە زۆرترین ئەو دۆخانەی ناچاری کردووە وەک مێ بیکات، پێوەندییان بە لایەنە بایەلۆجییەکەوە نییە. بۆ نموونە هەر لە منداڵییەوە کە پێی گوتراوە دەبێت حەز لە بووکەشووشە بکات نەوەک ئۆتۆمبێل، ساندرێلا و فوللـە نەوەک سپایدەرمان و باتمان، پەمبەیی نەوەک شین، دروستکردنی ژینگەی مێیەتین و هیچ پێوەندییان بە مێیەتی خۆیەوە نییە. (بۆ ئەم بابەتە پێم خۆشە بگەڕینەوە بۆ کتێبی: “ڕەگەزی دووەم”ـی نووسەر خۆی.)
لە ڕووی زانستیشەوە شیکردنەوەی بۆ کراوە. چونکە بواری من نییە، نازانم چۆن بۆتان بگێڕمەوە. هێزێک لە دیتندا هەیە کە وا لە مرۆڤ دەکات هەردەم لەو کاتەی چاوی لەسەرە، ئاگەدار بێت بۆ ئەوەی نمایش بکات. بۆ نموونە لە شەقامێکدا بە ڕێگەدا دەڕۆیت، کوڕێک لە قاتی سێیەمی ئەپارتمانێکی سەر ئەو شەقامە، پەردەی هەڵداوەتەوە و سەیری لەنجەولارت دەکات. نازانم ئەو هێزە فیزیایییە چۆنە، بەڵام یەکسەر هەستی پێ دەکەیت و خێرا خۆت بۆ دۆخی نواندن دەگۆڕیتەوە و ئەو ساتە کەمەی ئازاد بوویت، لەدەست دەدەیت. ڕەنگە بەپەلە لێوەکانیشت بەیەکدا بنێیت بۆ ئەوەی سووراوەکەت زیاتر ڕەنگ بداتەوە و جۆری ڕۆیشتنەکەشت دەبێتەوە ئەو ئەتەکێتەی هەردەم لە کاتی چاودێریی کوڕاندا هەڵت بژاردووە. ئەو کوڕەی قاتی سێیەمی ئەپارتمانەکە، هەرچەند خێرا خۆی وا نیشان بدات کە تۆی نەبینیوە تا نەشڵەژێیت، سوودی نییە.
سارتەر دەڵێت: کاتێک تەماشا دەکرێین، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ خۆمان، ئەو خۆمانەی دەمانەوێت نیشانی بدەین، نەوەک خۆمانی ناخ و لەو دۆخەی تێیداین دەمانگۆڕێت. واتە کاتێک سەیر دەکرێین، ناچارین خۆمان خۆمان ببینین، وەک بڵێی خۆمانێکی دیکە سەیری خۆمان دەکات. تەنانەت سارتەر دەڵێت: “خۆم دەبینم، چونکە کەسێک دەمبینێت.” سەیری کەسێک بکە کە سێ مانگە گیراوە، بزانە چی لێ هاتووە؟ هەمووی لەبەر تێکشکانی لایەنی دەروونی نییە، بەڵکوو بەشێکی زۆری لەبەر ئەوەیە کە ڕاهاتووە چیتر نەبینرێت، ئیدی واز لەوە دەهێنێت خۆی ببینێت و دەبێتە مرۆڤێک کە هەرگیز نەیویستووە بەو شێوەیە ببینرێت. دوور مەڕۆ، هەموومان کە لە کەرەنتینی کۆرۆنا بووین، چۆن بووین؟ بۆچی هەموو ڕۆژێک ڕیشمان نەدەتراشی، بایەخمان بە ڕێکپۆشی نەدەدا، قەڵەو بووبووین…هتد؟ هەر لەبەر ئەوەی ئیتر نەدەبینراین. بە ڕوویەکی دیکە، ئەو هەستەی کە پێمان دەڵێت بەردەوام سەیر دەکرێین، خۆمانێکی ڕێکترمان پێ دەبەخشێت، ئەگەرچی بریتییە لە نواندن.
گۆران لەو شیعرەدا، پێشوەختە بە خانم دەڵێت، تۆ لەلایەن من بینراویت، بەشێوەیەک وردەکاریی جوانییەکەت شارەزام: “کڵاولار! گورجی کەوڕەفتار!” ئەمە خۆی تابلۆیە. خانمیش بۆ ئەوەی ببینرێت، کڵاوێکی بە لاری خستووەتە سەری و لە لایەکی دیکەوە قژی بەرداوەتەوە، کەچی ئەو بێویژدانە ئامادە نییە سەیری ئەو کەسە بکات کە ئاوا جوان سەیری کردووە، بۆیە گۆران گلەیییەکەی خۆی پێ دەڵێت: “نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟”. مرۆڤ ئەگەر بزانێت نابینرێت، حەسرەت دەیکوژێت. ئەو هەستەی باس کردووە: “بە دووتا ئەشکی حەسرەت خوێن ئەبارێنێ بەسەر دەشتا، تەماشای لالەزاری ڕاگوزەر ناکەی، ئەڕۆی ئۆغر؟”