ئەوەی لاقێكی لەدەست دابێت، پەلەش بكات، هێواش ڕێگاكە دەبڕێت

خەریكە وای لێ دێت، مانگ نەبێت چەند ڕۆمانێک بڵاو نەبێتەوە، ئەمەش شتێكی ئەرێی و باشە؛ هیوادارم وای لێ بێت، ڕۆژی ڕۆمانێک بڵاو ببێتەوە، كەچی لەناویاندا، كاتێک ڕۆمانی “بنووسە خوێن”ـی مامۆستا جەبار جەمال غەریب بڵاو بووەوە، یەكسەر بووە جێی باس و گفتوگۆ. هۆكارەكەی ئەوەیە، مامۆستا خۆی ناوێكی گەورەیە و هەردەم چاوەڕێی كاری مەزنی لێ دەكرێت.
ئەم ڕۆمانە قسە زۆر هەڵدەگرێت، منیش نامەوێت ئێستە هیچی بڵێم، پۆستەكەم بۆ ئەوە داناوە، سەرنجتان ڕابكێشم بیخوێننەوە. ئێرە تا ماڵی خوا، شایەنی ستایشە؛ لە بەرانبەردا، ئێرە تا ماڵی شەیتان، جێی ڕەخنەیە. لێرە تەنیا باسی زمان دەكەم، بەداخەوە لەو ڕوانگەیەوە لە خوار ئاستی مامۆستا خۆی و بەرهەمەكانی ڕابردوویەتی. هەموو خەتاكەش بۆ خۆی ناگەڕێنمەوە. لە دونیادا كەس داوای لە ڕۆماننووس نەكردووە، ڕاستنووس بێت، ئەوە ئەركی دەزگەی چاپە. نووسەری “بنووسە خوێن” كە ڕاستنووس نییە، یەكێكە لە جواننووسترین نووسەرانی كورد. بریا سەد بریا پێش ناردنی بۆ چاپ، بۆ لای هەڵەگرێکی بناردایە.
ئەمانەی خوارەوە، بەشێكن لەو سەدان ڕستە جوانەی لەو ڕۆمانەدا سەرنجی منیان ڕاكێشاوە:

  • فرمێسک تێكەڵی ئاوی دەریاش ببێت، هەر دەناسرێتەوە.
  • نیشتمان ئەو شوێنە نییە كە تێیدا لەدایک دەبیت و هەڵدەپەڕیت، نیشتمان ئەو شوێنەیە كە خوێنتی لێ دەڕژێ و تەمەنتی لێ دەبێتە كا.
  • كێشەی ئینسان لەوكاتەوە دەست پێ دەكات كە دێتە ناو ڕووناكییەوە.
  • كەسێک كە هەڵدەستێتەوە، هەرگیز كەسی پێش كەوتنەكە نییە.
  • تەنیا گڵ، تاوان و برینی مرۆڤ، ناشرینی و پیسییەكانی دەشارێتەوە.
  • دایک هەرگیز منداڵ لە دەرەوەی خۆی نابینێت، تا بەڵێنی پێ بدات.
  • ئەو كاتەی موجیزە دەستی خۆی دەوەشێنێت، جیهان تەنیا ئەوەی لەدەست دێت، لە سەرسامییان دەم بكاتەوە.
  • ئەو كاتە دونیا تاریک دادێت و ماڵ دەبێتە هۆتێل كە ژن و مێرد بەرانبەر یەكتر و لە باوەشی یەكدا چاو دادەخەن.
  • زۆر جار مردن لە ئینسان نیانترە، لە مێرد و منداڵ نەرمتر دێتە سەردانی ژن.
  • كوولەكەیەک كە ڕۆحی ماڵەكەیانی تێدا پاراستبوو، شكاوە. كچ ئەو كوولەكەیەیە كە دایک دڵی ماڵەكەی لەناودا دادەنێت.
  • تەنیا قسەی كچ بۆ دایک، جێی متمانەیە.
  • تەنانەت كۆتری ئەم گەڕەكە، حەزیان لە خواردنەوەی خوێنە نەک ئاو.
  • مەرگ مۆڵەتی دابوو، بەڵام هەمیشە وەک كەوایەک لەدووی دەخشا.
  • تەنیا دۆست دەتوانێت نهێنیی دڵی ژن بزانێت.
  • هەر مێردێک كە دۆستی ژنەكەی خۆی نەما، كە ڕیتمی دڵی لێ تێک چوو، با باش بزانێت، كەسێک هەیە بە وردی دڵی ژنەكەی دەخوێنێتەوە.
  • ئەو پیاوەی ژنی هەر لە ڕێگەی جنسەوە ناسی، هەرگیز ناگاتە ژنی دڵخوازی خۆی؛ ئەو پیاوەی ژن تەنیا وەک بووكەڵەی سێكسی تاقی بكاتەوە، هەرگیز ناگاتە شابووكی خۆی؛ ئەو پیاوە بەهۆی جنسەوە دەژی و هەر بەهۆی جنسەوە دەمرێت.
  • سەگیش ئەوەندەی پیاوی قەرەج بە بۆن نییە.
  • ژنێک بوو لە قوڕی بەهەشت، بەڵام شەیتان شێلابووی.
  • ئەوەی لاقێكی لەدەست دابێت، هەرچەند پەلە بكات، هەر هێواش ڕێگاكە دەبڕێت.
  • وەک جاڵجاڵۆكە بە عەرزەكەیانەوە نووساندبوو. زۆر سەختە، نەبووە ژنێک مێردەكەی بە عەرزیدا بدات و خزمەكانی پێی لێ نەنێن، بەڵام ئەو هەر وەک جاڵجاڵۆكەیەكیش نیازی نەبوو تاهەتایە بەو عەرزەوە بنووسێت. زۆری مابوو بۆ ئەوەی بكەوێت. ژنێک منداڵەكانی لە تاریكیدا بن، ناتوانێت بكەوێت، ناتوانێت بمرێت؛ هەر وەک جاڵجاڵۆكە، تاڵێكی هەڵدابوو، تاڵێكی بەهێز و باریكی تەونەكەی هەڵدابوو، بە بنمیچی ئاسمانەوەی نووساندبوو؛ دەستی بەو تاڵە تەونە گرتبوو تا هەستێتەوە.
error: Content is protected !!