بەرایی
کاتێک وشەی نوێژ دێتە مێشکی هەر موسڵمانێکەوە، یەکسەر دەزانێت باسی ئەو پێنج نوێژەیە کە حەڤدە ڕکاتە لە ماوەی پێنج کاتی شەو و ڕۆژێکدا، کە هەر ڕکاتە بریتییە لە ساتێک وەستان بەپێوە و خوێندنی فاتیحە سوورەتێکی تر، پاشان پشت چەماندنەوە و دواتر هەستانەوە و ئەمجارە چەمینەوە تا ناوچاوان لە زەوی دەدات بۆ دوو جار لەسەر یەک و پرۆسەکەش بە تەحیات لە ڕکاتی کۆتاییی دواتر سەلامدانەوە، کۆتایی دێت. هەموو ئەم کردارانە، لە قورئاندا نەهاتووە.
لە قورئاندا ئایەتێکتان بینیوە بڵێت: خوا لەگەڵ نوێژخوێنانە؟ (إن الله مع المصلین)نەخێر، کەچی ئەمانە لە قورئاندا هاتووە: خوا لەگەڵ ئارامگرانە (إن الله مع الصابرین)، خوا لەگەڵ ئەوانەیە کە لەخواترس و خۆگرەوەن و چاکەکارن (إن الله مع الذين اتقو والذين هم متقون). کەواتە ئەم نوێژەی بووە بە کۆڵەکەی دین و بە نەکردنی موسڵمان پێی کافر دەبێت و لای هەندێک مەزهەبیش دەکوژرێت، چۆن هاتووە؟
پوخت و ڕەوان
نوێژ بە مانای موناجات و پاڕانەوەی بڕوادار لەگەڵ پەرستراوەکەیدا، بنەمای سەرەکیی هەموو ئایینێکە. بڕوادار چۆن بیسەلمێنێت بڕوادارە، ئەگەر نوێژ بۆ خوا نەکات، بەو مانایەی لێی نەپاڕێتەوە و خوایەتیی خوا نەسەلمێنێت و بەندایەتیی خۆی دووپات نەکاتەوە؟ لە پێش جوو، کریستیان و ئیسلامیشەوە، لە پێش بوودایی و هیندۆسیشەوە، بڕوادار لە ڕێی نوێژەوە بڕواکەی خۆی سەلماندووە.
ڕیشەی وشەکە
وشەکانی: “صلات، صلاة، صلوات، صلی….” هەمان مانایان نییە و مانای جیاواز لەخۆ دەگرن. بناغەی وشەکە بەو مانایەی کە بۆ نوێژ بەکار هاتووە، عەرەبی نییە، بەڵکوو عیبرییە و عیبرییش لە ئارامیی کۆنەوە وەری گرتووە. “صلوتا” یان “صلاة” شوێنی نوێژە لە زمانی عیبری و ئایینی جوودا. سریانی و عەرەبییش هەمان وشە بەکار دەهێنن، بەوپێیەی هەموویان لە ئارامییەوە ڕیشەیان دەرهاتووە. لە قورئانیشدا وشەی “صلوات” بە شوێنی نوێژی جوو بەکار هاتووە نەوەک موسڵمان، بەڵکوو “مسجد” بۆ شوێنی نوێژی موسڵمان بەكار هاتووە: “الذين أخرجوا من ديارهم بغير حق إلا أن يقولوا ربنا الله ولولا دفع الله الناس بعضهم ببعض لهدمت صوامع وبيع وصلوات ومساجد يذکر فيها اسم الله کثيرا ولينصرن الله من ينصره إن الله لقوي عزيز” پەرژینی حەج: 40.
لە تەفسیری تەبەریدا، وشەکانی ئەم ئایەتەی بەم شیوەیە ڕاڤە کردووە: صوامع: شوێنی شەونوێژی ڕەبەن. بیع: کڵێسەی کریستیان. صلوات: کەنیستی جوو. مساجد: شوێنی نوێژی موسڵمان.
نوێژ لای جوو
- جوو ڕۆژی سێ نوێژ دەکەن. دووی گشتی (جەماعەت) لە بەیانی و ئێوارەدا، لەگەڵ نوێژێکی تاکەتاکیش لە دواینیوەڕۆ (عەسر)دا. دەشتوانیت نوێژی عەسر و ئێوارە کۆ بکەیتەوە.
- نوێژەکە بە پێوە دەکرێت و دەبێت ملت بۆ زەوی کەچ بکەیت وەک نیشانەی سەلماندنی بەندایەتی و بچووکی مرۆڤ بەرانبەر خوا. هەڵبەت پێشتر ڕکووع و سجوودیان هەبووە؛ ئەمەی ئیسلام، ڕێک لەوەی ئەوان وەرگیراوە، بەڵام زانایانیان فەتوایان داوە کە هەر خۆچەمینەوە بەپێوە ئاسایییە، تەنیا لە نوێژی سەری ساڵ و نوێژی ڕۆژی لێخۆشبوون (یۆم کیپۆ) سوجدە ماوە.
- پێویستە بڕوادار جلی پاک بێت، جەستەی پاک بێت، پاش سەرجێی دەبێت غوسڵی دەرکردبێت، ئینجا بۆ هەر نوێژێک دەبێت دەستنوێژ بشوات کە بریتییە لە شۆردنی دەستەکان، دەموچاو و پێیەکان، لەگەڵیدا جۆرە زیکرێک بخوێنێت. ئێستە زانایان فەتوایان داوە کە دەکرێت پێیەکان نەشۆرێن، بەو مەرجەی پێڵاو و گۆرەیی لەپێ بێت و پێیەکانی پیس نەبووبن.
- لە کاتی نەبوونی ئاودا، دەتوانیت تەیەمموم بکەیت.
- لە کەنیست بۆ نوێژەکان بانگ دەدرێت. بانگی جوو بە کەڕەنا (بووق)ـە کە لە شاغی بەران دروست دەکرێت، ئەمیش بۆ نوێژی ڕۆژی شەموو و نوێژی بەیانیانە.
- کاتی نوێژ ئەگەر بڕواداران پێکەوە ژمارەیان گەیشتە دە کەس، دەبێت بە جەماعەت نوێژ بکەن و یەکێکیان کە لە هەموویان گەورەتر و دیندارترە، پێشنوێژییان بۆ دەکات و هەر ئەویش ئایەتەکان بە دەنگی بەرز دەخوێنێتەوە و بڕوادارانی تر لە دوایەوە بە دەنگی نزم و لەدڵیاندا دەیڵێنەوە. پێویستیشە ئیمام بە دەنگێکی خۆش و تەجویدەوە ئایەتەکان بخوێنێتەوە.
- بۆ ئاسانکاری، دەکرێت بڕوادار بە دانیشتنانیشەوە نوێژەکەی بکات و دەشکرێت پێڵاوەکانی دانەکەنێت.
- دەکرێت ژنانیش لەپشت پیاوانەوە نوێژ بکەن، لای هەندێ مەزهەب نەبێت کە نابێت تێکەڵ بن بە هیچ شێوەیەک.
- پێویستە ژنان لە کاتی نوێژدا سەرپۆش بن.
- لەناو کەنیستدا نابێت هیچ پەیکەر و وێنەیەکی لێ بێت. لە هەر ژوورێک و شوێنێکی تریشدا کە نوێژ کرا، نابێت پەیکەر و وێنەی تێدا بێت.
پرسیار: هەستتان کرد نوێژی ئیسلام چەندە سوودی لە نوێژی جوو وەرگرتووە؟
نوێژ لای کریستیان
- ئایینی کریستیان، هەموو جۆرە ئاسانکارییەکی بۆ بڕوادار کردووە تا نوێژ و بڕواکەی بۆی نەبێتە ئەکرێکی ئەوەندە گران نەتوانێت جێبەجێی بکات یان تەنبەڵی تێدا بکات. جیاواز لە جوو و ئیسلام کە پڕن لە مەرج و نەریتی گران.
- دوو جۆر نوێژ لە کریستیاندا هەیە، نوێژی تاک و نوێژی جەماعەت. لە نوێژی تاکدا، بڕوادار ئازادە چۆن دەیکات، لە کوێ دەیکات، بە بێ هیچ خۆئامادەکردنێکی پێشوەختە و هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی تایبەتی نییە و مەرجیشی لەسەر دانەنراوە جۆرە ئایەت و سرووتێکی دیاریکراو بخوێنێت. ئەمەش لەبەر ڕوانگەیەکی عیرفانی کە خوا سەیری ناخەکانمان دەکات نەوەک شێوە؛ بە هەر جۆرە وشەیەک سەلماندنی خوا بنوێنین، لە نییەتەکانمان شارەزایە و تێی دەگات.
- کریستیان زۆر پێبەندی ئەم ئایەتەی ئینجیلی مەتتان: “کاتێک نوێژ دەکەیت، وەک ئەوانە مەبە کە دەیانەوێت ببینرێن، ئەوانەی حەز دەکەن لە شوێنی قەرەباڵغ و سووچی شەقامەکاندا نمایشی نوێژەکەیان بۆ خەڵکی بکەن. ڕاستیتان پێ بڵێم، ئەوانە پاداشتەکەیان لەدەست چووە. تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆرە کونجی خۆت و دەرگە لەسەر خۆت دابخە و پێوەندی بە پەروەردگارەوە بکە کە لە کونجی تاریکیشدا دەتبینێت. کاتێک نوێژ دەکەیت، هەمان ئەو وشانە دووبارە مەکەوە کە پێشتر گوتووتە، وەک ئەو ئوممەتانەی وا دەزانن بە زۆر دووپاتکردنەوەی سرووشەکان، خوا لێیان وەردەگرێت، ئێوە لەوان مەچن، چونکە پەروەردگار دەزانێت چیتان دەوێت و داوای چی دەکەن.”
- کریستیان دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت، شەو بێت یان ڕۆژ، پێش نانخواردن و لە ر شوێنێک نوێژەکەی بکات.
- وێڕای ئەوەی لە ئینجیلدا هیچ کاتێک بۆ نوێژ دیاری نەکراوە، هەندێک لە کریستیانەکان پێنج نوێژ دەکەن. لە دەمژمێرەکانی شەو تا بەیانی: سێ و شەش و نۆ، نوێژ دەکەن، لەگەڵ نوێژێکیش کاتی خۆرئاوابوون و نوێژی خەوتنان.
- بڕوادار ئازادە لە کاتی نوێژدا بچێتە ڕکووع و سجوودە یان نا.
- پێبەندبوون بە نوێژ بە شێوەیەکی ڕۆژانە، تەنیا ئەرکە لەسەر ئەوانەی خۆیان بۆ پەرستنی خوا یەکلا کردووەتەوە و لە کەنیسەدا کار دەکەن، بڕوادارانی تر ئازادن کەی دەیکەن و چۆن دەیکەن، چونکە نابێت نوێژ لە سەرقاڵیی ژیانیان بشێوێنێت.
- ڕۆژانی یەکشەم و جەژنەکان نوێژی جەماعەت لە کەنیسەدا دەکەن.
- ئاسایییە ژنان و پیاوان پێکەوە بۆ نوێژەکانیان لەسەر کورسیی تەختەی سادەی کەنیسەدا دابنیشن و هیچ جۆرە بەرگێکیش بە مەرج نەگیراوە، بەڵام باشترە خانمان پۆشتە بن.
نوێژ لە قورئاندا
لە قورئاندا نزیکی سەت جار وشە “صلاة” بە دەربڕینی جیاواز بەکار هاتووە و ماناکەشیان بەپێی ئایەتەکان جیاوازە، چەند نموونەیەک:
- بە مانای نزا: ” ولا تجهر بصلاتک” پەرژینی ئیسرا: 110 هەڵبەت زۆرێک لە ڕاڤەکەران بە مانای نوێژ لێکی دەدەنەوە.
- بە مانای ستایش: “إن الله وملائکته يصلون على النبي” پەرژینی ئەحزاب: 35.
- بە مانای نوێژکردن: “وأقم الصلاة طرفي النهار وزلفا من الليل إن الحسنات يذهبن السيئات ذلک ذکرى للذاکرين.” پەرژینی هوود: 114.
کاتی نوێژ کەیە؟
ڕۆژانە موسڵمان لە چەند کاتدا نوێژ بکات؟ ئایا ئەو پێنج کاتە: بەیانی، نیوەڕۆ، دواینیوەڕۆ (عەسر) ئێوارە و خەوتنان، لە قورئاندا هاتووە؟ نەخێر. لە قورئاندا ئاوا هاتووە:
- لە قورئاندا، کاتەکانی ڕۆژ بۆ کارکردن و ژیانە، نەوەک نوێژکردن: ئێمە ڕۆژمان بژێوی تەرخان کردووە. “وجعلنا النهار معاشا” پەرژینی نەبەئـ: 11.
- لە قورئاندا بە دیاریکراوەی بەیانیان و عیشا بۆ نوێژ دیاری کراوە: “وَأَقِمِ الصَّلاَةَ طَرَفَيِ النَّهَارِ.” پەرژینی هوود: 114. واتە لەمسەر و ئەوسەری ڕۆژدا نوێژ بکەن.
- نوێژێک لە ناوەڕاستی ڕۆژدا: “أَقِمِ الصَّلَاةَ لِدُلُوک الشَّمْسِ إِلَى غَسَقِ اللَّيْلِ وَقُرْآَنَ الفَجْرِ إِنَّ قُرْآَنَ الفَجْرِ کانَ مَشْهُودًا” ڕاڤەکەران ئەو “دلوک الشمس”ـە بە نوێژی نیوەڕۆ لێکیان داوەتەوە.
کەواتە بەپێی قورئان، نوێژ یان دوو جارە، یەکێک لە بەیانی و یەکێک لە ئێوارە، یان نوێژێکی تریش لەو نێوانەدا هەیە. کەواتە کاتەکانی تر چۆن هاتن؟
کاتەکانی تر بەپێی بەڵگەی فەرموودەی پەیامهێن هاتوون، نموونە:
وَقْتُ الظُّهْرِ إِذَا زَالَتْ الشَّمْسُ وَکانَ ظِلُّ الرَّجُلِ کطُولِهِ مَا لَمْ يَحْضُرْ الْعَصْرُ وَوَقْتُ الْعَصْرِ مَا لَمْ تَصْفَرَّ الشَّمْسُ وَوَقْتُ صَلَاةِ الْمَغْرِبِ مَا لَمْ يَغِبْ الشَّفَقُ وَوَقْتُ صَلَاةِ الْعِشَاءِ إِلَى نِصْفِ اللَّيْلِ الأَوْسَطِ وَوَقْتُ صَلاةِ الصُّبْحِ مِنْ طُلُوعِ الْفَجْرِ مَا لَمْ تَطْلُعْ الشَّمْسُ فَإِذَا طَلَعَتْ الشَّمْسُ فَأَمْسِک عَنْ الصَّلَاةِ فَإِنَّهَا تَطْلُعُ بَيْنَ قَرْنَيْ شَيْطَانٍ.” رواه مسلم (612).
مەزهەبی شیعە، لەگەڵ قورئاندا دەڕۆن نەوەک فەرموودەیەکی پەیامهێن کە بە ڕاستی نازانن و لە سێ کاتدا نوێژ دەکەن، وەک لە ئایەتەکەی خاڵی سێیەمدا هێنامەوە: نوێژی بەیانی لەگەڵ گزنگدا، نوێژی نیوەڕۆ و عەسر پێکەوە لە کاتی دووەم کە قورئان بە “دلوك الشمس” ناوی بردووە کە دەکاتە تەواوی ئەو سەعاتانەی خۆر بە ئاسمانەوەیە. شەوانیش نوێژی ئێوارە و عیشا پێکەوە دەکەن، بەم شێوەیە پێنج نوێژەکەیان لەسەر لا دەچێت.
لێرەدا پرسیارێک دەکەم و لە خاڵەکانی تریشدا دووبارەی دەکەمەوە: ئایا نوێژ کە کۆڵەکەی بڕوا بێت، دەبێت کاتەکەی لە قورئاندا دیاری نەکرابێت؟ یان ئەوەی قورئان دیاری کردووە، بەیانی، ناوەڕاستی ڕۆژ و کاتی خۆرئاوابوون، ئەو کاتەیە کە موسڵمان دەبێت پێوەی بەند بێت و کاتەکانی تر کە لە قورئاندا نەهاتوون، گومانی لێ بکات، لە کاتێکدا هیچ فەرموودەیەکی تەواتوری لەفزی و مەعنەوی لەسەر پێنج کاتەکەی نوێژ نەهاتووە. باشە موسڵمان چۆن ئەوەندە دڵنیا بوو لەسەر ئەم پێنج کاتە بۆ پەرستنێک کە لە هەموو پەرستنەکانی تر گەورەترە، بەبێ ئەوەی نە لە قورئان هاتبێت، نە فەرموودەیەکی تەواتوری لەسەر بێت؟
ئاوڕ: فەرموودەی تەواتوری لەفزی و مەعنەوی، واتە کۆمەڵێک پێکەوە فەرموودەیەکیان بە هەمان وشە و دەربڕین لە پەیامهێنەوە وەرگرتبێت، پاش ئەوانەیش کۆمەڵێک و دواتریش کۆمەڵێ (جمع عن جمع) گێڕابێتیانەوە، تا گەیشتووە بە ڕاوییەکان و ئەوانیش لەسەری کۆک بن. فەرموودەی نوێژ نەوەک لە سەنەدەکەی تەواتور نییە، لە ڕوایەتەکەشی کۆدەنگی نییە. باشترین کۆدەنگی ئەوەیە، لە کتێبی شەش گێڕەرەوە سەرەکییەوە هاتبێت: بوخاری، موسلیم، ئەبووداوود، نەساحئی، ئەحمەد و ئیبن حیببان. پاشان هەر نەبوو، موتەفەق عەلەیهی بێت، واتە بوخاری و موسلیم کە باشترین گێڕەرەوەن لای موسڵمانی سوننی، هاتبێت. فەرموودەکانی کاتەکانی نوێژ، ئەم کۆدەنگیانەی هیچی نییە.
پێنج نوێژ
لە قورئاندا چەند جۆر نوێژ باس کراوە کە بریتین لە:
- سێ نوێژەکەی لە خاڵی پێشوودا باسمان کرد.
- شەونوێژێکی تایبەت بە پەیامهێن: ” إن ربک يعلم أنک تقوم أدنى من ثلثي الليل ونصفه وثلثه وطائفة من اللذين معک”. پەرژینی موددەثير: 20 ئەمەش بارگرانییەکی زۆر بوو تەنانەت بۆ پەیامهێنیش، بۆیە ئاسانکاری بۆ کرا بە ئایەتی: ” علم أن لن تحصوه فتاب عليکم فاقرءوا ما تيسر من الْقرآن”.
- نوێژی هەینی. ڕاستییەکەی تاکە نوێژە لە قورئاندا کە زۆر بە ڕوونی و دیاریکراوی باس کرابێت. تەنانەت تاکە نوێژە داوا لە بڕواداران دەکات لەبەر خاتری نوێژەکە دەست لە کار و کەسابەت هەڵبگرن، چونکە لە ئایەتی “وجعلنا النهار معاشا” خوا بە بڕواداری گوتووە بە ڕۆژ خەریکی ئیش بن نەوەک نوێژ، تەنیا لە کاتی نوێژی جومعەدا نەبێت، دەبێت دەست هەڵبگرن، ئەمەش بەم سێ ئایەتەی پەرژینی جومعە: “يا أيها الذين آمنوا إذا نودي للصلاة من يوم الجمعة فاسعوا إلى ذکر الله وذروا البيع ذلکم خير لکم إن کنتم تعلمون (9) فإذا قضيت الصلاة فانتشروا في الأرض وابتغوا من فضل الله واذکروا الله کثيرا لعلکم تفلحون (10) وإذا رأوا تجارة أو لهوا انفضّوا إليها وترکوک قائما قل ما عند الله خير من اللهو ومن التجارة والله خير الرازقين (11)”
لە قورئاندا، هیچ ئایەتێک باسی پێنج نوێژی نەکردووە، تەنیا باسی سێ کات و سی نوێژ کراوە. تەنانەت لە قورئاندا هاتووە: “إن الصلاة کانت على المؤمنين کتابا موقوتا” پەرژینی نیسائـ: 103 واتە لای خوا بڕاوەتەوە کە سێ کاتی دیاریکراوە و تەواو. ئەو پێنج نوێژە، بە چەند بەڵگەیەکی فەرموودەی پەیامهێن هاتووە کە بەهێزترینیان بریتییە لە میعراج کە ئەویش مشتومڕێکی زۆر هەڵدەگرێت و لە بابەتی تردا باسم کردووە.
هەر خۆی ئەو چیرۆکە بێڕێزییە بەرانبەر خوا، تێیدا مووسا لە خوا زیاتر ئاگای لە مرۆڤەکانە، چونکە خوا بە پەیامهێنی ئیسلام دەڵێت بڕۆرەوە بۆ لای ئوممەتەکەت و پێیان بڵێ، دەبێت ڕۆژی پەنجا نوێژ بکەن، دواتر دێتەوە بۆ لای مووسا، دەڵێت ها موحەممەد خوا چی پێ گوتی؟ ئەویش بۆی دەگێڕێتەوە، دەڵێ: بەقسەم بکە زۆر قورسە، بڕۆرەوە بۆ لای خوا و داشکانێکی بۆ بکە، دەچێتەوە و خوا بۆی دەکات بە بیست و پێنج نوێژ. دێتەوە بۆ لای مووسا، دەڵێ عالەم فەقیرە، بیهێنە خوارەوە. دەچێتەوە بۆ لای خوا، بۆی دەکات بە پێنج نوێژ. ئەمجار مووسا دیسان بە موحەممەد دەڵێت، بڕۆرەوە، هێشتا زۆرە. ئیدی پەیامهێنی ئیسلامیش دەڵێ بەخوا مووسای برام شەرم دەکەم و لەوە زیاترم پێ ناکرێت بچمەوە لای خوا و کەمی بکەمەوە. هەر بەجددی ئەوە بێڕێزی نییە بەرانبەر زاتی خوا؟ دوو بەندەی خەریکی مشتومڕ بن لەسەر بەرژەوەندیی مرۆڤ و خوا خۆی نەیزانیبێت؟
حەڤدە ڕکات
- لە قورئاند هیچ وردەکارییەک باسی پێهاتەی نوێژ نەکراوە تا باسی پێکهاتەی هەر ڕکاتێک کرابێت، ئینجا هەر نوێژە چەند ڕکات بێت. هەموو ئەمانە لەو فەرموودانەوە هاتوون کە پاش 170 ساڵ لە کۆچی دوایی پەیامهێنەوە نووسراون.
- بەپێی گێڕانەوەی عائیشە، سەرەتا نوێژەکان دوو ڕکات دوو ڕکات بوون، ئیدی کە چوونە مەدینە، یەکی دوو ڕکاتی تریشی بۆ زیاد بوو، نوێژی ئێوارە نەبێت دانەیەکی بۆ زیاد کرا. عن عائشة زوج النبي صلى الله عليه وسلم أنها قالت: فرضت الصلاة رکعتين رکعتين في الحضر والسفر، فأقرت صلاة السفر وزيد في صلاة الحضر.
- هیچ فەرموودەیەکی پەیامهێن نییە، بڵێت لەسەرتانە ڕۆژی حەڤدە ڕکات بکەن، بەیانی ئەوەندە، نیوەڕۆ ئەوەندە و بەم شێوە. بەڵکوو تاکە تاکە هەر فەرموودەیە یەکی گێڕاوێتییەوە کە باسی یەکێ لە نوێژەکاند دەکات، بەم شیوەیە کۆکراوەتەوە تا بووە بە حەڤدە دانە.
لێرەدا دیسان دەپرسینەوە: چۆن دەبێت نوێژ کە کۆڵەکەی دینە، لە قورئاندا هیچ گرینگییەکی ئەوتۆی بە وردەکارییەکەی نەدابێت؟ ئەی باشە بۆچی بەوپەڕی وردەکارییەوە باسی زەکات کراوە کێ چەند بەشی بەردەکەوێت؟ ئەی باشە بۆ بەوپەڕی وردەکارییەوە باسی جۆرەکانی گۆشت و حەڵاڵ و حرامییەکەی باس کراوە؟ ئەی باشە بۆ بە وردی باسی حوکمی چەتە کراوە؟ هەر لەباسی نوێژدا، بۆ بە وردی باسی دەستنوێژ کراوە، باسی نوێژ نەکراوە؟
بڕواننە ئەم ئایەتە کە لەبارەی دەستنوێژدا هیچی نەهێشتووەتەوە بۆ گومان: “يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلَاةِ فَاغْسِلُوا وُجُوهَکمْ وَأَيْدِيَکمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُءُوسِکمْ وَأَرْجُلَکمْ إِلَى الْکعْبَيْنِ وَإِن کنتُمْ جُنُبًا فَاطَّهَّرُوا وَإِن کنتُم مَّرْضَى أَوْ عَلَى سَفَرٍ أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِّنکم مِّنَ الْغَائِطِ أَوْ لَامَسْتُمُ النِّسَاءَ فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُوا بِوُجُوهِکمْ وَأَيْدِيکم مِّنْهُ مَا يُرِيدُ اللَّهُ لِيَجْعَلَ عَلَيْکم مِّنْ حَرَجٍ وَلَکن يُرِيدُ لِيُطَهِّرَکمْ وَلِيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْکمْ لَعَلَّکمْ تَشْکرُونَ.” پەرژینی مائیدە: 6
لێرەدا بۆ نەپرسین، داخۆ نوێژ کە موسڵمانان بەو شێوەیەی لەسەری ڕاهاتوون، ڕۆژی پێنج دانە لە پێنج کاتی جیاواز و حەڤدە ڕکات، هیچ پێوەندییەکی بە قورئانەوە هەیە، یان لە سەردەمی ئەمەوییەکاندا، بۆ ئەوەی ئایینی ئیسلام لای ئەو میللەتانەی پێشتر ئایینیان هەبووە، بڕواپێکراو بێت، بە سوودوەرگرتن لە شێوازی نوێژ و ڕۆژوو و پەرستنەکانی جوو و کریستیان، کۆمەڵێک نەریت و شێواز بۆ پەرستنەکانی ئیسلامیش زیاد کرابێت و بەناوی پەیامهێنەوە ئیشەکە کرابێت؟ ڕێکەوتێکی مێژوویی سەیرە، ڕێک لەو سەردەمە مێژوویییەی ئایینەکانی جوو و کریستیان دەستیان بە ڕیفۆرم بەرەو ئاسانکاری لە ئاییندا کرد، هاوکاتە بۆ ئەو سەردەمەی مەزهەبە ئایینییەکانی ئیسلام پەیدا بوون و دەستیان بە قورسکردنی ئیسلام کرد!
وێنە گشتییەکەی موسڵمان لەسەری ڕاهاتووە
بەگشتی موسڵمان فێر کراوە، ئەو نوێژەی لە قورئان باس کراوە، خوا وردەکارییەکەی بۆ پەیامهێن بەجێ هێشتووە کە بریتییە لە ڕۆژی 17 ڕکات لە پێنج کاتدا کە نوێژە فەرزەکانی پێ دەگوترێت، لەگەڵ 12 ڕکاتی تر کە لە پێش و پاشی ئەم نوێژە فەرزانە دەکرێت و پێی دەگوترێت سوننەتی موئەککەدە، هەشت ڕکاتی تر لە شەواندا و سێ ڕکاتی ویتریش. لەگەڵ جەژن، نوێشی خۆرگیران و مانگگیران، نوێژی جەنازە، نوێژی تۆبەکردن، نوێژی ئیستیخارە و چەند جۆرێکی تر.
هەر موسڵمانێک نوێژە فەرزەکە نەکات و بڕوای پێی نەبێت، ئەوە کافرە بە ئیجماعی ئوممەت. ئەگەر بڕوای پێی هەبێت بەڵام نەیکات، لەسەر دوو ڕان، هەندێک دەڵێن کافر نییە، بەڵام دەبێت تەئدیب بکرێت، هەندێکیش دەڵێن کافرە، بە بەڵگەی فەرموودەی: “العهد الذي بيننا وبينهم الصلاة فمن ترکها فقد کفر”، هەروەها فەرموودەی: “بين الرجل وبين الکفر والشرک ترک الصلاة” ئیمامی شافیعی و زۆری تر لەسەر ئەم ڕایەن. ئینجا جگە لە حوکمی ئاخیرەتەکەی، لە دونیادا چی لێ بکرێت؟ ئەمیش هەندێک دەڵێن دەبێت بکوژرێت و هەندێکی تریش دەڵێن ناکوژرێت، بەڵام دروست نییە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و کە مردیش لە گۆڕستانی موسڵمانان نانێژرێت.
ڕاڤە بۆ بەكاهێنانەكانی وشەی “صلاة” لە قورئاندا
- وشەی “صلات” لە قورئاندا، بە مانای جیاواز هاتووە، بەزۆری لەو ئایەتانەی وشەی “إقامة”ی لەگەڵ هاتووە، بە مانای نوێژ دێت: نموونەکان:
- “الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنفِقُونَ” پەرژینی بەقەرە: 3
- ” وَإِذْ أَخَذْنَا مِيثَاقَ بَنِي إِسْرَائِيلَ لَا تَعْبُدُونَ إِلَّا اللَّهَ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَذِي الْقُرْبَىٰ وَالْيَتَامَىٰ وَالْمَسَاکينِ وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّکاةَ ثُمَّ تَوَلَّيْتُمْ إِلَّا قَلِيلًا مِّنکمْ وَأَنتُم مُّعْرِضُونَ” پەرژینی بەقەرە: 83
- ” وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّکاة وَمَا تُقَدِّمُوا لِأَنفُسِکم مِّنْ خَيْرٍ تَجِدُوهُ عِندَ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ” پەرژینی بەقەرە: 110
- لە زۆر شوێندا کە بە هەڵە بە مانای نوێژ بەکار هاتووە، مەبەستەکە نزا و پێوەندییە لەگەڵ خوادا. نموونە:
- “فَلَا صَدَّقَ وَلَا صَلَّى” پەرژینی قیامە: 31 واتە: نە خێرێکی کردووە نە پێوەندی بە خوای خۆیەوە بەستووە.
- “قَالُوا يَا شُعَيْبُ أَصَلَاتُک تَأْمُرُک أَن نَّتْرُک مَا يَعْبُدُ آبَاؤُنَا أَوْ أَن نَّفْعَلَ فِي أَمْوَالِنَا مَا نَشَاءُ” پەرژینی هوود: 87. واتە: ئەی شوعەیب، لە کاتی پێوەندییەکانت لەگەڵ خوادا، پێت دەڵێت واز بهێنین لەوانەی باپیرانمان دەیانپەرست و…
- “وَلَا تَجْهَرْ بِصَلَاتِک وَلَا تُخَافِتْ بِهَا وَابْتَغِ بَيْنَ ذَٰلِک سَبِيلًا” پەرژینی ئیسرا: 110. واتە: لە کاتی دوعاکردندا، نە دەنگت بڵند بکە نە بێدەنگ، لەو نێوەندەدا…
- ” قَدْ أَفْلَحَ مَن تَزَکىٰ (14) وَذَکرَ اسْمَ رَبِّهِ فَصَلَّىٰ (15)” پەرژینی غاشییە. واتە: چاکی کردووە ئەوەی زەکات دەدات، ناوی خوا دەهێنێت و نزای بۆ دەکات.
- هەرگیز لە قورئاندا ئایەتێکی تێدا نییە باسی ئەوە بکات، هەر کەس نوێژ نەکات کافرە و دەچێتە دۆزەخەوە. بەڵکوو تەنیا باسی ئەوانە کراوە کە بێبڕوان و پێوەندییان لەگەڵ خوادا پچڕاندووە و نایناسن. بەڵگە:
- “مَا سَلَککمْ فِي سَقَرَ (42) قَالُوا لَمْ نَک مِنَ الْمُصَلِّينَ (43) وَلَمْ نَک نُطْعِمُ الْمِسْکينَ (44) وَکنَّا نَخُوضُ مَعَ الْخَائِضِينَ (45) وَکنَّا نُکذِّبُ بِيَوْمِ الدِّينِ (46)” پەرژینی موددەثير.
ئەم ئایەتە لەلایەن زانایانی ئیسلامەوە بە بەڵگەی ئاگری دۆزەخ بۆ نوێژنەکەر دانراوە، لە کاتێکدا ئایەتەکە لە کاتێکدا هاتووەتە خوار کە نوێژ هەر نەبووە و پەیامهێن خۆشی نوێژی نەکردووە. ئایەتەکە باسی ئەوانەیە کە پێوەندییان لەگەڵ خوادا پچڕاندووە و ئاگایان لە هەژار نییە و بێ زانست قسەیان فڕێ داوە و بڕوایان بە ڕۆژی دوایی نەبووە.
كێ دەتوانێت نوێژ نەكات؟
ئامانجی نوێژكردن ئەوەیە، موسڵمان لە كرداری و گوتاری خراپ دوور بخاتەوە و لە هەموو ئەو شتانە دوور بكەوێتەوە كە خوا پێی ناوخۆشە، بە بەڵگەی ئایەتی 45 لە پەرژینی عەنكەبووت: “اتْلُ مَا أُوحِيَ إِلَيْكَ مِنَ الْكِتَابِ وَأَقِمِ الصَّلَاةَ إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ وَلَذِكْرُ اللَّهِ أَكْبَرُ وَاللَّهُ يَعْلَمُ مَا تَصْنَعُونَ (45)” واتە هەر كەس نوێژ بكات لەم شتانە دووری نەكردەوە، ئەوە نوێژەكەی بەتاڵە و هیچی بۆ نانووسێت. لە بەرانبەردا، ئەوەی لای خوا مەزنە و لەسەری لێی خۆش نابێت، كەسێكە پێوەندی لەگەڵ خوا بپچڕاندبێت و ئاگای لە هەژار نەبیت و تاوان بەرانبەر مرۆڤەكان بكات، چونكە فەرمانی خوا بریتییە لە: دادپەروەری، چاكەكاری، ئاگابوون لە نزیكەكان و ڕێگری لە تاوان و بەدكاری، نەوەك نوێژ. بە بەڵگەی ئایەتی 90 لە پەرژینی نەحل:” إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَىٰ وَيَنْهَىٰ عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ”.
ئەگەر ئەگەر وشەی “صلات” لای تۆ نوێژە، ئەوە زۆر جیاوازە لەوەی لە قورئاندا هاتووە، چونكە لەوێ ئەوانە دەگرێتەوە كە خواناسن. خواناس و نوێژخوێن جیاوازە. خواناس بریتییە لە بڕوای بە ڕۆژی دوایی هەبیت، بەزەیی بە هەتیودا بێتەوە و مافی بدات، ئاگای لە هەژاران بێت. ئەگەر وا نەكەیت، هەرچەند خۆشت بە خواناس بزانیت، بەر نەفرینی خوا دەكەویت، چونكە لە پێوەندیت لەگەڵ خوادا، بەهەڵدا چوویت. بەڵگەش پەرژینی ماعوونە: أَرَأَيْتَ الَّذِي يُكَذِّبُ بِالدِّينِ (1) فَذَٰلِكَ الَّذِي يَدُعُّ الْيَتِيمَ (2) وَلَا يَحُضُّ عَلَىٰ طَعَامِ الْمِسْكِينِ (3) فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ (4) الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ (5) الَّذِينَ هُمْ يُرَاءُونَ (6) وَيَمْنَعُونَ الْمَاعُونَ (7). لەم ئایەتەدا زۆر ڕوون دیارە، وشەی “صلات” مەبەستی لە خواناسییە نەوەك ڕۆژی حەڤدە ڕكات نوێژ.